نەوزادى موهەندیس: گڕکانەکان، سووتێنەر و داخکەرى زەوى و مرۆڤایەتى!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناسە:
گڕکانەکان بریتین لە درزى هەبوو لە توێکڵ یان بەرگى ئەستێرەکاندا، وەکو زەوى،کە ڕێگە بە دەرچوونى پشکۆى گڕکانى یان خۆڵەمێشى گڕکانى دەدات یان دەرچوونى هەڵم و گازەکان لە ژوورە توێنەرەوەکان لە قوڵایى توێکڵى زەویدا ئەوەش ڕوودەدات لە دەرچەکان یان درزەکاندا.
کەرەسە تواوەکان بەهۆى شلیانەوە دەجوڵێن بە پێى جۆرەکانى و شێوەى جیاواز لەسەر زەوى دروستدەکەن وەک گردۆڵکە قوچەکیەکان یان شاخە گڕکانیە بەرزەکان.
لە جیهاندا نزیکەى 500 گڕکانى چالاک هەن کە 3/4یان پێیان دەوترێت بازنەى ئاگر لە زەریاى هندیدا،و بەرزترین شاخى چالاکیش لە کیشوەرى ئەمریکادا بریتیە لە شاخى ئاکونکاگوا لە ئەرجەنتین کە بەرزییەکەى دەگاتە 7 هەزار مەتر.

ناوى گڕکان Vulcano
ڕەنگە لە وشەى Vulcano ى ئیتالیەوە هاتبێت کە بەماناى ((شاخى گڕگرتوو)) یان وشەى Vulcanusى لاتینیەوە هاتبێت کە بەماناى ((خوداى ئاگر))ى ڕۆمانى دێت.

بەشە سەرەکیەکانى گڕکانەکان:
1. قوچەکى گڕکانى: بریتیە لە لاتەنیشتە داخوراوەکان لە ئەنجامى ژیلەمۆى گڕکانیەوە دروست بوون.
2. دەرچە یان دەم: دەمى گڕکانە،کە ئاستى نزمترە لە سەر ڕووى زەوى و لە شێوەى دەفرێکدایە لەسەر ڕووى ئەستێرەکان لە کۆمەڵەى ڕۆژدا.
3. دوکەڵکێش : بریتیە لەو بۆریە یان ڕێچکەیە لە نێوان ژوورى توێنەرەوە لە ژێر زەویدا و دەرچەى سەر ڕووى زەوى.توخمە تواوەکانى لێوە بەرزدەبێتەوە.
4. هەورە گازیەکان: بریتیە لە هەورى هەڵمەکان و گاز و خۆڵەمێشى گڕکانەکان.

توخمە گڕکانیەکان:
لەکاتى تەقینەوەى گڕکانەکاندا،پاشماوەى بەردى ڕەق و توخمى تواوە و گازەکان دەردەچن:-
1. پاشماوەى بەردى: لە ئەنجامى تەقینەوەى گڕکانى دەردەچێت لەسەر شێوە و قەبارەى جیاوازى ڕەق لە سەرەتاى تەقینەوەى گڕکانەکاندا.و دووجۆرن،پیرۆکلاسیکى شکاوە و پیرۆکلاسیکى نەشکاوە.
2. گازەکان : لەکاتى چالاکبوونى گڕکانەکاندا گازى هەڵمى ئاو دەردەچێت بەبڕى زۆر و جۆرە هەورێک دروست دەکات و دواتر ئەم هەورە چڕ دەبێتەوە و بارانێکى بەخوڕ دەبارێنێت لە چوار دەورى گڕکانەکە.
3. پشکۆ: بریتیە لە بارستەى شل کە گڕکانەکان دەریدەکات ، کە پلەى گەرمیەکەى لە نێوان 800-1200 پلەى سەدیدایە،زۆر چڕ و خەستن و جوڵەیان کەمە،و کۆدەبێتەوە و گردۆڵکە و شاخى بەرز دروست دەکەن.دوو جۆرى هەیە:
• پشکۆى سووکى ڕەنگ کراوە
• پشکۆى قورسى ڕەنگ تۆخ
• توخمە گڕکانیەکانیش 3 جۆرن:
1. ڕەق: بریتین لە بەشە بەردیەکان کە لە هەریەکە لە فڕێدراوە گڕکانیەکان و بەردى سووک و خۆڵەمێشى گڕکانى لەخۆدەگرێت.
2. شل : بریتیە لە بەشە شلەکەى و دەجوڵێت لە دەرچەى گڕکانەکەوە بۆ ماوەى دوور.
3. گاز : گرنگترین گازە دەرچوەکان،هەڵمى ئاو و پێکهاتە هایدرۆکاربۆنیەکان و دووەم ئۆکسیدى کبریتن.

دابەشبوونى جوگرافیاى گڕکانەکان:
دوو جۆر دابەشبوونى سەرەکى هەن بۆ گڕکانەکان:
1. بەسەر دورگەى ئازور و کەنارى تێپەڕ دەبێت و دواتر پێچ دەکاتەوە بۆ شاخى خۆرئاوا لە ئەمریکا و هەندێک لەو گڕکانانە:
• مەکسیک: 10 گڕکانى تیادایە.
• ئەمریکاى باشوور: 2 گڕکانى تیادایە.
• نیوزلەندا: 6 گڕکانى تیادایە.
• جواناى نوێ: 30 گڕکانى تیادایە.
• فلیپین: 20 گڕکانى تیادایە.
• یابان: 40 گڕکانى تیادایە.
2. ناوچەى تەوەرى دەریاى سپى ناوەڕاست:
لەخۆرئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات:
1. ئازور: 5 گڕکانى تیادایە
2. کەنارى: 3 گڕکانى تیادایە
3. ئیتالیا: 15 گڕکانى تیادایە
4. ناوچەى ئەدریاتیک:9 گڕکانى تیادایە
5. ناوچەى عەرەبى و ئاسیاى بچوک: 6 گڕکانى تیادایە.
3. ناوچەى قەڕنى ئەفریقى :
1. هاواى:5 گڕکان
2. دورگەکانى گالاباگۆس:3 گڕکان
3. ئایسلەندا:27 گڕکان
4. ئەفریقیاى ناوەڕاست:5 گڕکان
5. ئەفریقیاى خۆرهەڵات:19 گڕکان
5.ناوچەى زەریاى هندى:
1. ئالاسکا:20 گڕکان
کەنەدا:5 گڕکان
ئەمریکا:8 گڕکان

شێوەى گڕکانەکان :
1. گڕکانى پاشماوە بەردیەکان
2. گڕکانە گردۆڵکەییەکان
3. گڕکانە چین چینەکان

پۆلێنکردنى گڕکانەکان: زاناکان گڕکانەکان دابەشدەکەن بۆ دوو جۆر:
1. گڕکانە زیندوەکان: ئەوانەن کە ڕەنگە لە ئایندەدا بتەقنەوە.
2. گڕکانە مردوەکان: ئەوانەن کە جارێکى تر بە هیچ شێوەیەک ناتەقنەوە.
بەشێوەیەکى گشتیش لە ناوچە گڕکانیەکاندا و لە ئەنجامى تەقینەوەى گڕکانەکاندا بوومەلەرزە دروست دەبێت لە ئەنجامى هەڵچوون و تەقینەوە و لەرینەوەى توخمە تواوەکانى گڕکانەکان.

تەقینەوە گڕکانیەکان:
زاناکان تەقینەوە گڕکانیەکان دابەشدەکەن بۆ 3 جۆر:
1. تەقینەوەى هاواى: توخمە تواوەکان تەنک و شلن.
2. تەقینەوەى سترۆمپولى: توخمە تواوەکان ئەستورترە لە جۆرى هاواى.
3. تەقینەوەى پلینى: توخمە تواوەکان زۆر ئەستورن.

پێشبینیکردنى ڕوودانى گڕکانەکان:
بەپێچەوانەى بوومەلەرزەوە دەتوانرێت پێشبینى تەقینەوەى گڕکانەکان بکرێت پێش ڕوودانى بەهۆى:
1. بەرزبونەوەى پلەى گەرماى جێگەى گڕکانەکە.
2. دەرچوونى گاز و هەڵمى ئاو.
3. دروستبوونى هەورى تۆز و خۆڵ.

هەربۆیە دەکرێت کە ئامادەسازى بکرێت بۆ خۆپارێزى لە ڕێگەى:
1. چۆڵکردنى ناوچەکە لە مرۆڤ و زیندەوەران.
2. دروستکردن و دانانى دیوارى ڕاگر و ڕێگریەکانى تر لەبەردەم هاتنە پێشى توخمە تواوە گڕکانیەکان.

ئاسەوارە زیانبەخشەکانى گڕکانەکان:
گڕکانەکان زیان نەک هەر بە ناوچەکەى خۆیان دەگەیەنن بەڵکو زیانەکانیان دەگاتە ناوچە دوورەکانیش لەخۆیان کە بریتین لە:
1. لەناوبردنى مرۆڤەکان: گڕکانەکان بەشێوەیەکى گشتى لەناوبەرن،ئەوەتا گڕکانى کراکانۆ لە نێوان جاوا و سۆمەترەى ئەندەنوسیادا 36 هەزار کەسى کردۆتە قوربانى.
2. وێرانکردنى ئاوەدانى: هەموو ئاوەدانیەک لە گوند و شارۆچکە و شارە گەورەکانیش دادەپۆشێت و لەناویان دەبات بەتەواوەتى وەک ئەوەى لە شارى بۆمبى ئیتالیا لەساڵى 1979دا ڕوویدا و شارەکەى بەتەواوەتى داپۆشى.
3. گۆڕینى سیماى سروشت: گڕکانێک لە کۆلۆمبیا پێش 15 ملیۆن ساڵ لافاوێکى گڕکانى دروستکرد کە گردۆڵکەیەکى بازلى دروستکرد کە ڕووبەرەکەى 500 هەزار کم2 بوو. لە هندستانیش هەمان شت ڕوویداوە.
4. تێکدانى کەشوهەوا: دەبێتە هۆى دابەزینى پلەى گەرمى ناوچەکە بەهۆى بەرگرتنى تیشکى ڕۆژ بەهۆى هەورە تۆز و خۆڵیەکەوە.

سوودى گڕکانەکان:
گڕکانەکان لە هەندێک کاتدا هەندێک سوودیان هەیە،بەڵام بەرامبەر زەرەر و زیانە مەترسیدار و گەورەکانیان سوودەکانى زۆر بچوکن کە بریتین لە:
1. توخمە گڕکانیەکان دەوڵەمەندن بە کانزاکان کە دەچنە بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ وەک توخمەکانى پۆتاسیۆم و ئاسن و کبریت،هەروەها ئەو خاکەى کە دەوڵەمەندە بە پاشماوە گڕکانیەکان بە پیتترینى خاکن.
2. ئەو کانیاوە گەرمانەى کە لە ئەنجامى گڕکانەوە دەتەقن سوودبەخشن بۆ تەندروستى و لایەنى پزیشکى و نەخۆشییەکانى پێست و ڕۆماتیزم.
3. ئەو ئاو یان گازانەى کە لە گڕکانەکانەوە دەردەچن وەکو وزە دەتوانرێت بەکاربهێنرێن.
4. دەرچە و دەمى گڕکانەکان دەبنە دەریاچەى ئاو کە تیرەکانیان دەگاتە 3کم یان دەبنە دەریاچە ترشەکان کە وەک سەرچاوەیەکى سروشتیان لێدێت.
5. دروستکردنى گردۆڵکەکان.
6. لە توخمە گرنگە دەرچوەکانى گڕکانەکان بریتیە لە توخمى کبریت.

بەناوبانگترین کارەساتە گڕکانیەکان:
1. گڕکانى فیرۆڤ: لە بۆمباى هیرکۆلانیۆم لە ساڵى 79 پ.ز و قوربانیەکانى 16000 کەس بوون.
2. گڕکانى ئیتنا: لە سەقلییە لە ساڵى 1169 و 15-20 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
3. گڕکانى هیکلا : لە ئایسلەندا لە ساڵى 1783 و 9 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
4. گڕکانى باڕۆڵى: لە ئەندەنوسیا لەساڵى 1815 و 90هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
5. گڕکانى کراکانۆ لە ئەندەنوسیا لە ساڵى 1883 و 40 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
6. گڕکانى مۆنت پیلییە: لە مارتینگ لە ساڵى 1902 و 40هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
7. گڕکانى شاخى کیلۆد: لە جاوە لە ساڵى 1919 و 3 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.

گرنگى گڕکانەکان:
1. زانینى پێکهاتەى بەشى ناوەوەى توێکڵى زەوى و بەشى دەرەوەش لە بەرگى زەوى.چونکە توخمە دەرچوەکان لە 450 کم وە دەردەچن.
2. ئاماژەدەر و دەرخەرى جێگەى فشارن لە بەرگى زەویدا.
3. سەرچاوەى دروستبوونى هەندێک توخمى کانزایى بە سوودن.
4. خۆڵەمێشى گڕکانەکان دەبنە هۆى بە پیتبوونى خاک.
5. دەتوانرێت گەرمیەکەى بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا.

هەندێک زانیارى هەمەجۆر و سەرنج ڕاکێش دەربارەى گڕکانەکان:
1. گڕکانى تامۆمسیف لەساڵى 2013 دۆزرایەوە کە زاناکان ڕایانگەیاند کە گەورەترینە لە جیهاندا و ڕەنگە لەهەموو کۆمەڵەى خۆریشدا هەر گەورەترین بێت.کە 60 جار گەورەترە لە گڕکانى مونالوا بەڕووبەرى 120هەزار میلى چوارگۆشە کە بەهێندەى قەبارەى ولایەتى نیومەکسیکۆى ئەمریکا دەبێت.
2. دوورترین ماوە کە پشکۆ و خۆڵەمێشى گڕکانى بڕیویانە گەیشتۆتە 70 کم کە گڕکانى لاکى بوە لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئایسلەندا لە ساڵى 1873دا.
3. گەورەترین تەقینەوەى گڕکانى لە 27/8/1883دا لە دورگەى کراکانۆ لە نێوان جاوا و سۆمەترەى ئەندەنوسیادا ڕوویداوە،کە 163 گوندى لەناوبرد و 40هەزار کەسى کردە قوربانى و پشکۆ ئاگرینەکانى بۆ بەرزایى 55کم هاویشتوە و ماوەى 10 ڕۆژى خایاندوە و تەپوتۆزەکەشى دوورى 5330کم بڕیوە.
4. فراوانترین دەمى گڕکانى بریتیە لە گڕکانى توبا لە دورگەى سۆمەترە کە ڕووبەرەکەى 1775کم2.
لەکۆتاییدا،گڕکانەکان دیاردەیەکى سروشتى توڕە و بێئامانن و لەدێر زەمانەوە ڕوویانداوە و سەرنجى مرۆڤى بۆ خۆى ڕاکێشاوە و کاریگەرى گەورەى کردۆتە سەر کردارى جیۆلۆجیا و پێشکەوتنى بەرگى زەوى و لەڕێگەى گڕکانیشەوە دەتوانرێت چەق و چاوگى بومەلەرزەکان دیاریبکرێن و لە ئێستادا زانستى گڕکانەکان بۆتە یەکێک لە لقە سەربەخۆکانى زانستى جیۆلۆجى بەناوى Volcanology.
خۆشبەختانە لە کوردستاندا تائێستا گڕکان و تەقینەوەکانى ڕوویاننەداوە ، بەو هیوایەى هەموو مرۆڤایەتى و شارستانێتیە پێشکەوتوەکەشى سەلامەت و پارێزراوبن لە مەترسى و کاولکاریەکانى گڕکانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت