بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردن و نەتەوەیەکگرتووەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرۆسەى هەڵبژاردن کۆڵەکەیەکى گرنگ و بنەڕەتى ژیانى دیموکراسیەتە لە جیهاندا، سەرەڕاى بوونى زۆر تێبینى لە سەر دیموکراسیەت لە دێر زەمانەوە، بەڵام تائێستاش گونجاوترین میکانیزمە بۆ دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵات ،ئەڵتەرناتیفێکى باشتر بەردەست نیە.
هەرلەبەر ئەو گرنگیەشە نەتەوەیەکگرتووەکان وەکو ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى کۆمەک و هاوکارى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان دەکات لە زۆر شوێنى جیهان، بەڵام بەمەرج گەلێک لەوانە:
1. داواکارى لەلایەن ئەو دەوڵەتەى کە هەڵبژاردنەکەى تێدا بەڕێوە دەچێت کە ئەندامى نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
2. داخوازى و پێشنیارى ئەنجومەنى ئاسایش یان خودى نەتەوەیەکگرتووەکان.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێش بڕیاردان لە سەر کۆمەک و هاریکارى پرۆسەکە لە هەر وڵاتێک بێت، سەرەتا تواناى ئەندامانى خۆی هەڵدەسەنگێنێت ئایا تاچەند دەتوانێت بچێتە ژێربارى ئەوەى کە دەتوانێت پێداویستیەکانیان دابین بکات و پرۆسیسەکە بە سەرکەوتوویى ئەنجام بدات، دواتر بڕیار دەدات.
کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر بۆنەى جیاوازدا پێداگیرى لەسەرئەوە کردووە، ئەو کۆمەک و هاریکارییانەى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى دەکات دەبێت زۆر بابەتیانەو بێلایەنانەو پاک و بێگەردوسەربەخۆیانە بێت، لە هەمانکاتدا سەروەرى دەوڵەتى دیاریکراو بپارێزێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕواى تەواوى بەوە هەیە کە بەرپرسیارێتى و ئەرکى ڕێکخستنى هەڵبژاردنەکە لەسەر وڵاتانى ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکانە.
هەربۆیە لە ساڵى 1991 ەوە تا ئێستا زیاتر لە (100) دەوڵەت داواى کۆمەک و هاریکارى هەڵبژاردنیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، ئەو دەوڵەتانەش ئەو کۆمەک و یارمەتیانەیان وەرگرتووە، نەتەوەیەکگرتووەکان قەوارەو دامەزراوەى زۆرى تایبەتمەندى بە هەڵبژاردن هەیە کە پشتیوانى چالاکیەکانى هەڵبژاردن دەکەن بە شێوازى جۆراوجۆر ،کە لایەنى کاریگەرو بەتوانا لە خۆدەگرێت.
هەرلەبەرئەوەشە کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان پێداگرى زۆر لە سەر هەماهەنگى تەواو دەکات لە ژێر چاودێرى ڕێکخەرى گشتى تایبەت بە هەڵبژاردن لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئەو بنەمایەشە کە تاکە لایەنى بەرپرسى هەماهەنگى دارێژەرى سیاسەتى پشتیوانى هەڵبژاردنە، کە هەموو پێوەرەکانى پێشکەشکردنى هاریکارى دیارى دەکات بە ڕاوێژ، بۆ ئەو وڵاتانەى کە خوازیارى کۆمەکن.
لەلایەکى ترەوە هۆبەى پشتیوانى هەڵبژاردن سەربە ئیدارەى کاروبارى سیاسى وبنیتنانى ئاشتى سەربە ئەمیندارێتى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان هاریکارى ناوەندى هەماهەنگى هەڵبژاردن دەکات، هەروەها پێشنیارو ڕاوێژى پێویستیان دەداتێ لە سەر چۆنێتى و پێدانى ئەو کۆمەک و هاریکارییانە بۆ ئەو وڵاتانەى کە داوایان کردووە، ئەم هۆبە گرنگەى ڕێکخراوەکە سەرەڕاى داڕشتنى سیاسەتى هەڵبژاردن لە جیاتى ناوەندى هەماهەنگى ڕێنمایى سیاسى و تەکنیکى پێویستیش بە هەموو قەوارەکانى نەتەوەیکگرتووەکان دەدات کە بەشدارن لە کۆمەک و هاریکارى پرۆسەى هەڵبژاردندا ، هەروەها لە کاتى پێویستیشدا هاوکارى ئەمیندارى گشتى و هەموو نێردەکان و نوێنەرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات لە بوارى سیاسى و نێردەکانى ئاشتى پارێز و لە بوارەکانى بەرگرتن بە سەرهەڵدانى قەیرانى هەڵبژاردن و هەروەها هاریکارى تەواوى هەموو ڕێکخراوە ئیقلیمى و حکومیەکان کە لە بوارى هەڵبژاردندا چالاکن و هەوڵى بەرزکردنەوەى تواناکانیان دەدات.

شوێن و کاتەکانى کۆمەکى نەتەوە یەکگرتووەکان
مێژووى نەتەوەیەکگرتووەکان پەیوەستە بە پرۆسەى هەڵبژاردنەکانەوە، بە تایبەتى لە کۆتایى سەردەمەکانى کۆلیانالیزمى و ژێردەستى میللەتاندا چاودێرى و سەرپەرشتى زۆرێک لە پرۆسەکانى ڕاپرسى و ڕاوێژکارى و هەڵبژاردنەکانیان دەکرد لە هەموو جیهاندا.
بە تایبەتى لە ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتى ڕاپرسى و هەڵبژاردنى کرد لە تەیمورى خۆرهەڵات و باشوورى ئەفریقیا و موزامبیق و سلڤادۆر و کمبودیا، لەم ساڵانەى دواییشدا نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەکى تەکنیکى لۆجستى پێویستى زۆر گرنگى پێشکەشى هەڵبژاردنى چارەنووسسازلە زۆر لە وڵاتانى جیهان کرد لەوانە ئەفغانستان و عێراق و سودان و کۆمارى ئەفریقیاى ناوەڕاست و کۆمارى کۆنگۆى دیموکراسى و سیرالیۆن و نیپاڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت