پشکۆ ئەمین: پاش ئەفگانستان چی روودەدات؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمریکا کاتێک لەئەفگانستان کشایەوە وتی: چاو دەخەینە سەر چین، کە دوژمنیکی سەرسەختی ئێمەیە.
رۆژی چوارشەمە 15- 09- 2021 سەرۆکانی هەرسێ وڵات جۆبایدنی ئەمریکاو بۆریس جۆنسنی بەریتانیاو سکۆت مۆریسۆنی ئوسترالیا، لە هەر سێ پایتەختی وڵاتەکانیانەوە بەڤیدۆ رێکەوتنێک و پەیماننامەیەکی ستراتیژیان واژۆکرد. گەرچی لەو کۆبونەوەیەدا بەهیچ شێوەیەک باسی چینیان نەکرد. بەڵام دەزانرێت کەئەم رێکەتنە بۆ بەرگرتن و دژایەتیکردنی هێزی سەربازی و بڵاوبونەوەی دەسەڵاتی چینە لەناوچەکەدا.
لەم هاوپەیمانیەتیەدا بریاردرا، هاوکاریی ئوسترالیا بکەن بۆ دروستکردنی کەشتی ژێردەریا کە بەوزەی ئەتۆم کاربکات. هەروەها هاوکاری بکەن لە بەرپەرچ دانەوەی هەموو دەست درێژیەکدا، کە دەکەرێتە سەریی لەو ناوچەیەی نزیک هەردوو دەریای هێمن و هندیدا.
ئەمریکا بڵاوی کردەوە کە لە پێناو ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکانی دەریای هادی و هێمندا،کە ماوەیەکە نا ئارامی ناوچەی دەریای هندی و هیمنی گرتۆتەوەو لە لەلایەن چینەوە هێرشی نارەوا دەکرێتە سەر ئوسترالیا،کە ئەمەش جێگەی قبوڵنیە. بۆیە بریارماندا لەگەڵ ئوسترالیاو بەریتانیادا پێکەوە لەو ناوچەیەدا کاربکەین و هاوکاری ئۆسترالیابین بۆ ئەمە ئەم هاوپەیمانیەتیە سێ قۆڵیەمان بەست.
سەفارەی چینی لە واشنتۆن رایگەیاند کەدەوڵەتان نابێت لە ناوچەکەدا هاوپەیمانیەک دروستبکەن کەدژایەتی بەرژەوەندی وڵاتی سێهەمبیت.
بایدن پاش ئەوەی دەسەڵاتی گرتەدەست لە پاش ترەمپ، باسی لە سەردەمێکی تازەی هاوکاری دەکرد لەگەڵ ئەمبەری دەریای ئەتڵەسیدا، بەڵام کارەکانی ئێستای پێچەوانەی ئەو قسەیەتی، لە کشانەوەیدا لە ئەفگانستان هیچ پرس و رایەکی لەگەڵ ئەوروپیەکان نەکرد، وابڕیاری دانانی کۆت و بەندی تازە دەدات، لەسەر سەفەرکردنی ئەوروپیەکان بۆ ئەمریکا.
ئەم رێکەوتنە خزمەتێکی گەورە بەئوسترالیا دەکات، دەیخاتە ریزی بەریتانیاو وڵاتە گەورەکانی دنیاو دەیکاتە شەریکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا دوای بەریتانیا تاکە وڵاتێکە تا ئێستا هاوکاری تەکنۆلۆجی ئەتۆمی ئەمریکی کرابێت، یان لەم کەشتیەی پێدرابێت.لە کاتێکدا بایدن لە کۆبونەوەی بەستنی ئەم هاوپەیمانیەتیەدا، ناوی سەرۆک وەزیرانەکەی بیرچووبوەوە یان نەیدەزانی.
رێکەوتننامەکە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەو نامەیەکە بۆ چینیەکان، پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفگانستان، ئەمریکا بەچینیەکان دەڵێت: ئێمە پاڵپشتی هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەکەین و هاوکاریان دەبین و دژی هەڕەشەین بۆسەریان و دەوەستینەوە.
ئەم رێکەوتنە سێ قۆڵیە، تەنها هەر رووسیاو چینی تووڕە نەکرد، بەڵکوو هاوپەیمان و هاوڕیکانی ئەمریکاشی توڕەکرد، بە تایبەتی هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ناو ناتۆ. جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەربارەی ریکەوتنەکە دەڵێت: ئەم رێکەوتنە خەنجەرێکە لەپشتەوە لەفرەنسا درا، جان لۆدریان دەڵێت، واشنتۆن زۆر هەژارە لە یەکگرتن و سیاسەتی ستراتیژیدا، بۆیە دەبینین، پاریس دوور دەخرێتەوە لەم هاوپەیمانیەتیە تازەیە، ئەم کارەی بایدن، هیچ جیاوازنیە لەکارە نەزانەکانی ترەمپ.
لە راستیدا فەرەنسا هەرچی بڵێت ناهەقی نیە، لە ساڵی 2014 وە فەرەنساو ئۆسترالیا گفتوگۆو رێکەوتنیان کردوە لەسەر کڕین و پێدانی 12 کەشتی ژێردەریای بەنرخی 56 ملیار یۆرۆ ئەم دەسکەوتە بۆ پاریس زۆرە، لە فرۆشتنی چەکدا.
ئەم گریبەستەی ئەمریکا بۆ ئوسترالیا بە پێدانی کەشتی ژیر دەریا کە بە وزەی ئەتۆم کاربکات زۆرباشترە لەوەی فەرەنسا، بۆیە گرێبەستەکەی فەرەنسای ژێرەو ژوور کردو هەڵیوەشاندەوە. ئەمە لێدان بوو لە بەرژەوەندی ئابوری فەرەنسا. دوای ئەو هاوپەیمانیەتیە نوێیە، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا مۆریسۆن وتی:گرێبەستەکەمان لەگەڵ فەرەنسادا هەڵدەوەشینینەوە.
لای خۆیەوە سەفیری پێشووتری فەرەنسا لە واشنتۆن جیرار ئرۆ لە سەر ئەم رێکەوتنە وتی:گرنگ ئەوەیە حوکمەتەکەی بایدن کارێکی نەکرد، ئەو لێدانە بە مەبەستەی لە پاریسیدا کەمێک هیواشتربێت، نە مشتومڕیک و نەشەراکەتێک و نەهاوکاریەکی کرد.
لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، پاریس و ئەڵمانیاو زوربەی وڵاتانی تری ئەوروپا، پشتگیری بایدنیان کرد لە هەڵبژاردندا دژی ترەمپ. ئەم رێکەوتنە سێ قۆڵیە،بەبیر یەکیەتی ئەوروپای هێنایەوە بەزوویی، هەوڵی پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بەخۆیان بدەن.
دەمێکە وڵاتە بەهێزەکانی ناو یەکیەتیەکە بیر لەهێزیکی هاوبەشی یەکگرتووی سەربەخۆی ئەوروپی دەکەنەوە، لەدەرەوەی ناتۆدا تابتوانێت، پارێزگاری لە ئەوروپا بکات و ئامادەبێت بۆ بەرەنگار بوونەوە لە کاتی روودانی هەر هێرشێکی ناوەخت و لاوەکی لە دژیان و خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن. یەکیەتی ئەوروپا زیاتر لە 450 ملێۆن کەس دەبێت. خاوەنی سێهەم هێزی ئابوری جیهانە دوای ئەمریکاو چین. داواکردنی ئەم هێزە سەربەخۆیەی یەکیەتی ئەوروپا لەو سەردەمانەدا باسی لێوە کرا کە ترەمپ جار بە جارێک باس و نیازی کشانەوەی دەردەبڕی لە ناتۆ و بە ئاشکرا دەری دەبڕی. ئەو لێدوانانەی ترەمپ ئەوسا ئەوروپیەکانی هێنایە سەر ئەو بیرە کە هەوڵی دروستکردنی هێزێکی سەربەخۆی ئەوروپی بدەن، بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە جوڵێنەری سەرەکی ئەوروپان، وە بەهێزترین ئابووریان هەیە و فەرەنسا خاوەنی چەکی ئەتۆمە لەئەوروپادا.
ئەمریکا بە کشانەوەی لە ئەفگانستان بە ئەوروپیەکانی وت: هەوڵدەن زیاتر خۆتان سەربەست کەن لە کار کردن لە ناو یەکیەتیەکەتاندا. لە وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکیەتی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دەرلاین دەرباری یەکیەتیەکە وتی: ئەوەی کە ئەمرۆ یەکیەتی ئەوروپا پیویستی پێیەتی هێزێکی سیاسی هاوبەشە، کە بریتیە لە هێزێکی پاریزەری یەکگرتووی ئەوروپی، تا ئەوروپا ئامادەبێت و بتوانێت کاری زیاتر و بەهێزتر بکات. ئێستا دەبێت کۆبونەوەی بەپەلە بکەین بۆ دروستکردنی ئەم هیزەو پارێزگاریکردن لەخۆمان، ئەم هێزە دەبێت ئەوروپایبێت وە سەربەخۆی تەوامان هەبێت، نابێت کە نە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، نە نەتەوە یەکگرتوەکان دەست بخەنە ناو کاروبارە سەربازیەکانمان و نەبەشداربن لە کۆبونەکانماندا. ئەم هێزە لە 6000 کەس پێکدێت ئەمە نابێتە جێگرەوەی ناتۆ، بەڵکوو هاوکارو پاڵپشتی دەبێت و پەیوەندیەکی بەهێزیان پێکەوە دەبێت، ئەم هێزە لەپێشدا لە هێزی ئەرزی و ئاسمانی و دەریای پێکدێت، وردە وردە زیاد دەکرێت بۆ کاریی تر. شوێنی نیشتەجێی سەرۆکایەتی ئەم هێزەش دیسانەوە لە برۆکسل دەبێت، هێزەکەش لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی یەکیەتی ئەوروپادا دەبێت. سەرکردایەتیەکەی هەر شەش مانگ جارێک یەک بە دوای یەکدا دەگوڕڕێت.
لای خۆیەوە رۆژنامەو میدیا چینیەکان دەربارەی هاوپەیمانیەتیە هاو بەشەکە رایانگەیاند کە ئوسترالیا دەبێتە نیشانەیەکی دانراو ئاشکرا بۆ لێدان بەئەتۆم، پاش ئەوەی کەشتی ژێر دەریای ئەتۆمی بەدەستبهێنێت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین تساو لیجیان رایگەیاند کە ئەم رێکەوتنە زیان بە ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەگەیەنێت، بەمە هەوڵی زیاتر خۆ پرچەک کردن بە ئەتۆم دەدرێت. وتە بێژی حوکمەتی چینیش رایگەیاند، ئەم رێکەوتنە سی قۆڵیە دەبێتە هۆی لێدانی هێرشی نەوەویی بۆ سەر ئوسترالیا، پاشە رۆژیکی خراپی دەبێت بۆ ئوسترالیا، ناوچەکەش تێکدەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت