‏ عه‌ بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: پێشمه‌رگه‌ و جاش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد، ئه‌وه‌نده‌ داد په‌ره‌رن، له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه جیاوازی نێوان (پێشمه‌رگه‌و جاش ) یان، ‏له‌ لیستی شه‌هیدان و خانه‌ نشینان دا نه‌هێشت. گه‌ر به‌ وردی و قوڵی بڕوانینه‌ ئه‌م وێنه‌ پڕ له‌ تراژیدیایه‌، گه‌ر چیرۆکی مه‌رگه‌ساتی روداوه‌که بۆ هه‌ر که‌سێک له‌ هه‌ر ‏نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر، نیشتمانێکی تر باس بکه‌ین، بڕوا ناکه‌م هه‌ستی مرۆیانه‌ی بتوانێت له‌ ئاستی ‏ئه‌و خیانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌دا، نوقمی شه‌رمه‌زاریی نه‌بێ و بێ ده‌نگ بێ. له‌ ناخ و ویژدانی خۆی دا، هه‌ست به‌ ئازارێکی ئاڵۆزی ده‌رونی و رسوایی قوڵ نه‌کات. ته‌نیا ‏سه‌رکرده‌کانی کوردی نه‌بێ. شانازی به‌م تراژیدیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌ سه‌رکه‌وتن و داستانی سه‌روه‌ری ‏و شکۆ ده‌زانن.
ئه‌م سه‌رکردانه‌ هه‌ر وه‌ک سه‌دام مه‌دالیای ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی به‌و جاش و مسته‌شارو خائین و جاسوسانه‌ ‏ده‌به‌خشن، که‌ به‌پاڵپشتی ئیستیخباراتی عه‌سکه‌ری سوپای عێراق، توانیویانه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌و ‏فه‌رماندانه‌ له‌ ناو به‌رن، له‌وسه‌رده‌مه‌ دژواره‌دا. ئه‌وان روو به‌ رووی پڕۆسه‌ی ته‌عریب و ته‌بعیس و خاپورکرنی گونده‌کان ‏بوونه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پلان و نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی دروست کردنی ئۆردگاکان تێک بشکێنن.
هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد ئاوا خه‌ت مائیل بوون، فایله‌کانیان به‌ڵگه‌ی ته‌واون. دۆکۆمینتێکن هیچ ده‌ستوورو یاساو رێسایه‌ک ناتوانێ وشه‌و رسته‌و، راپۆرت و بڕیاره‌کانی ناو ئه‌و فایلانه‌ بسڕێته‌وه‌،کاڵی بکاته‌وه‌.
هه‌ندێ له‌ سه‌رکرده‌کان به‌م نه‌خشه‌و پیلانه‌ یان ، پێش راپه‌ڕین، ئاوا ‏شۆڕشیان کردووه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌یان جاش و مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ و ره‌فیق حیزبی و ره‌فیق سه‌دام و نه‌سیر موته‌قه‌دیم و خائین، وه‌ک له‌ ‏ وێنه‌که‌دا ده‌یبینین، به‌ جیهازی تایبه‌تی ئیستیخباراتی عه‌سکه‌ری سوپای عێراق، سه‌ر ‏به‌ فه‌وج و لیواکانی فه‌یله‌قی یه‌ک و فه‌یله‌قی پێنج، له‌ که‌رکوک و هه‌ولێر، به‌ ئوتۆمۆبیلی تایبه‌تی به‌ هاوکاری هێزه‌کانی سوپا ی عێراق و ‏کۆپته‌ر، تاریک و لێڵی به‌یانیان خۆیان ده‌گه‌یانده‌ ناو گوندو شوێنه‌ چه‌په‌که‌کانی نێو ‏گردۆڵکه‌و دامێنی کێوه‌کان، به‌دوای پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان/ که‌رت و هه‌رێمه‌کان دا ده‌گه‌ڕان، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌دیلی ده‌سگیر بکه‌ن‏، یا گوله‌ بارانی بکه‌ن، بۆ مشتێ پاره‌ و ئافه‌رینێک بیانفرۆشن.
دوای راپه‌رین ئه‌م سه‌رکردانه‌، ده‌یان ته‌لاری باڵاو و کۆمپانیای جۆراو جۆرو به‌نزیخانه‌و گرێ به‌ستی نه‌وتیان، له‌ ‏سه‌ر خوێنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌و فه‌رماندانه‌ و ئه‌نفاله‌کان دامه‌زراند.
ئێستا ئه‌و جاش و مسته‌شارانه‌، ئه‌و ره‌فیق حیزبی و نه‌سیر موته‌قه‌دیمانه‌، هاورێ ی گیان به‌ گیانی زۆر له‌ ‏سه‌رکرده‌ کانی کوردن، پێکه‌وه‌ پێکی ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌کان هه‌ڵده‌ده‌ن. ئیستا ناوی ئه‌و جاشانه‌ی به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ کوژراوه‌، له‌ ناو لیستی شه‌هیدانی کوردستان دا، به‌ پله‌ی باڵای جیا جیا تۆمارکراوه‌، ناویان له‌ لیستی خانه‌نشینی ‏پێشمه‌رگه‌ دا به‌ جۆرێکه‌، پله‌کانیان زۆر له‌ شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان باڵاتره‌.‏
ئه‌مه‌یه‌ مێژووی شانازی کۆمیدیای پڕ له‌ تراژیدیای کورد. ئه‌مه‌یه‌ شکۆی سایکۆلۆژی عه‌قڵی سه‌رکردایه‌تی خه‌باتی رزگاری خوازی ‏کورد، ته‌واو که‌ری پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی کۆمه‌ڵ کوژیی کورده‌.
بروانه‌ ئه‌م سه‌رکردانه‌ی کورد، چه‌ند دادپه‌ره‌رن، چه‌ند به‌ به‌رنامه‌و پلان و نه‌خشه‌ ی چڕ پڕ، له‌ دوای راپه‌رین ‏و په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردی، هه‌موو توانای مادی و مه‌عنه‌ویی و یاسایی و میدیاییان خستوه‌ته‌ گه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان پێشمه‌رگه‌و جاش وخائین نه‌هێڵن.‏
شه‌وی 29 / 4 / 1979سیروان تاڵه‌بانی فه‌رماندی هه‌رێمی 5 قه‌ره‌داغ و حه‌سه‌ن خاوێی و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین و نه‌جات که‌رکوکی و محه‌مه‌د که‌ریم و هه‌ژار، به‌ تراکتۆرێک پڕ له‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی یه‌وه‌، له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ سه‌کردایه‌تی یه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ، له‌ گوندی زێڕین جۆی شاره‌زوور ده‌که‌ونه‌ که‌مینێکی جاشه‌کانه‌وه‌، به‌ ئاربی جی و دە‌سڕێژیی چه‌که‌کانیان دایان ده‌گرنه‌وه‌، جه‌سته‌یان ده‌که‌ن به‌ خه‌ڵوز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت