شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: خێڵی درۆی کوردایەتی دیوەخان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەر دەورەیێکی مێژویی دا کەسانی وەک مەلای خەتێ، حەسەن خەیری، عەلی قەرەداغی، عەلی جەوانمەردی،حامید گەوهەری و… بۆ هەڵخەڵتاندن و گەوجاندنی جەماوەر ئەرکدار کراون تا ئاغایەتی و سەروەری هەلپەرەستان و ستەمکاران لە جلی پیرۆزی دین،نەتەوە و … دا بڕازێننەوە.
پێش‌نیازی داسەپاندنی ستەمکاری، ئامادە کردنی فکر و باوەڕی ناو کۆمەڵگایە.
هەر وەک چۆن ئاغاوات بۆ درێژە دان بە ئاغایەتی، جیا لە نۆکەر و گۆپاڵبەدەست، نیازیان بە مەلا، شایەر، قۆشمە، دەڵاڵ و گاڵتەچی هەبوە؛ بنەماڵەی بارزانی بۆ ڕەوایتیدان بە ئاغایەتی خۆیان پێویستیان بە لەشکرێک لۆمپەن‌قەڵەم، ڕۆژنامە نوسی خۆفرۆش، هەواڵنێری ساختەچی، مێژوونوسی مێژوو فرۆش، وتارخوێنی ئایینی نەفس نزم و شایەری دیوەخان هەیە.
زۆرینەی لۆمپەنی سیاسی کوردستان لە ژێر چەتری بنەماڵەی بارزانی دا خەریکی پوچەڵکردنی مێشکی جەماوەی کوردن. بە گشتی دەکرێ ئەمانە وەک خێڵی درۆی دیوەخانی بارزانی پێناسە بکەین. خێڵی درۆ خاوەن 90٪ی میکڕۆفۆن، سۆسیال مێدیا و تەلەویزیۆنی وەک کوردستان24 و ڕووداون.
ناو دڵی تاریکایی هەرچەند سامناک بێت، بە شەمعێک ڕووناک دەبێتەوە. بۆ بێکارگەر کردنی خێڵی درۆی بارزانی، پێویستە سروشت، کەسایەتی و سایکۆلۆژی(ڕەوانشناسی) ئەم خێڵە بناسین. ئەمانە سەرەڕای جیاوازیەکانیان، هەڵگری فەرهەنگ و ڕێبازی هاوبەشن.

تایبەتمەندیەکانی خێڵی درۆی دیوەخان
A- خەتی فکری سیاسی (ڕاستی سوننەتی)
خێڵی درۆی کوردایەتی بە گشتی هەڵگری خەتی فکری ڕاستی سوننەتین و لە ناو هێز و حیزبی ڕاستگەرا و سونەتی جێ دەگرن. دژی چەپ و نوێخوازین.
زۆرینەیان لە باشور سەر بە بنەماڵەی بارزانین و لە ڕۆژهەڵات سەر بە دێموکڕاتن و لە ڕۆژئاوا سەر بە ئە.نە.کەسە و لە باکور سەر بە ئا.کە.پە و پارتی دیموکڕاتی تورکیا و هاکپارتین. هەمو ئەم هێزانە لە یەک بەرەی فکری و کەلتوری و سیاسی دان و یەکتر ساپۆرت دەکەن.

B- پێگەی چینایەتی ( بەرماوخۆری چینی سەردەستی کوردستان)
هیچ کام لە حیزبە سوننەتیەکانی کورد کە خۆیان بە ناسیۆناڵیست(نەتەوەیی) پێناسە دەکەن، ناسیۆناڵیست نین. چونکە ناسیۆناڵیسم لە بەستێنێکی تایبەت دا ساز دەبێ. ناسیۆناڵیسم ئیدئۆلۆژی بورژوازی بەرهەمهێنەری ناوخۆیە.
بە هۆی دەبەشکرانی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی دواکەوتو، بورژوازی بەرهەمهێنەری کورد مەیدانی گەشەکردنی پێنەدراوە.
حیزبە سونەتیەکان نوێنەری چینی سەردەستی کوردن(پاشماوەکانی ئاغاوات و دەرەبەگەکان ، بنەماڵە دەست ڕۆییشتوەکان، بازەرگان و سەوداگەرەکان، ڕانتخۆر و دەڵاڵەکان)
خێڵی درۆی بارزانی لەشکرێک لۆمپەن و بێعار و بێکارەن؛ تامەزرۆی کاسبی پڕ داهات و کەم زەحمەتن. وەک لایەنگر. هەڵسوڕاو، کادری پارتی دێموکڕاتی بارزانی یان حیزبێکی سوننەتی پارچەیێکی دیکەی کوردستان دەبیندرێن.

C – باوەڕ و فکری مەزهەبی (سوننی‌گەری)
حیزبایەتی فێئۆداڵی، دوای شەڕی جیهانی دوهەم لە بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی ناەندی لە دیوەخانەکانی موکریان و بارزان دا لە دایک بو.(١٩٤٦-١٩٤٥) دانیشتوانی ئەم دو شوێنە بە گشتی سونی مەزهەب بون. لە ئاکامدا دێموکڕاتەکانی هەردوک لا سوننی دەرهاتن. سوننی‌گەری بەشێکی گرینگی پێناسەیانە. تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت حیزبی سێکۆلاریش بن.
ئێستاش ئەم دێموکڕاتانە بۆ ناوزڕاندن و دەمکوتکردنی لایەنی سیاسی بەرانبەریان تۆمەتی شیعە گەری دەخەنە پاڵی. لێرە دا لەبیریان دەچێتەوە کە خۆیان بە حیزبی نەتەوەیی ناساندوە.
بە گشتی یەک لە سەر سێی کوردی دونیا و زیاتر لە نیوەی کوردی ڕۆژهەڵات (بەشی زۆری کوردەکانی کرماشان + ئیلام، بەختیاری، کوردانی خوڕاسان، لەک و لوڕ) شیعە مەزهەبن.
هێزە کوردیەکانی دیکە تۆمەتبار بە گرێدراوی بەرەی شیعە و ئێران و سپای قودس و قاسم سلێمانی و سەحراڕودی و… هتد، دەکەن. بەڵام لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە ئاغاکانی ئەمڕۆیان(بنەماڵەی بارزانی) لە ژێر فەرمانی سپای قودس و قەرارگای حەمزە و ڕەمەزان پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵەیان قەتڵ و عام دەکردن و ورمێ، شنۆ، خانێ و مەریوانیان بۆ سپای پاسدارانی ئێران پاکسازی دەکرد (1979- 1984)

D- سەفسەتە و ڕاستی گۆڕی
خێڵی درۆ لە شرۆڤە و بیری زانستی و منتقی دا کورتەباڵان. سەرەڕای زۆر‌وێژی، نەیانتوانیوە تەنانەت یەک کتێب یان وتار لە چوارچێوەی مێتۆدۆلۆژی زانستی دا بەرهەم بێنن و بیخەنە بەر دەستی خوێنەران.
بەڵام لە زەلکاوی سەفسەتە بازی و عەوامفریوی دا بە توانان. ئەگەر بە میتۆدۆلۆژی زانستی وتارەکانی خێڵی درۆ ئانالیز و شڕۆڤە بکرێن، دەبینین کە ٩٥٪ی وتەکانیان لە چوارچێوەی بەشەجۆراوجۆرەکانی سەفسەتە دا جێ دەگرن.
کەمتر هەڵدەکەوێ یەک لاپەڕەی نوسراوی خۆیان و ئاغا و سەرۆکەکانیان بەتاڵ بێت لە یەکێک لە بەشەکانی سەفسەتە. وەک: دژبە یەک وێژی (پاڕادۆکس)، گشتی وێژی(کلی گویی)، داشکان‌گەری(تقلیل¬گرایی) گشتاندنی ناڕەوا(تعمیم ناروا)، ڕەش‌کردنی لایەنی بەرانبەر بە کەڵک وەرگرتن لە بوختان، قسەبۆهەڵبەستن، ناووناتۆرە، ناوزڕاندن، سووکایەتی، دروست کردنی شوبهە، خەبەرسازی درۆیینەی بێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو، جەوسازی، شایعەسازی، زمان بازی، چەواشەگەری، ڕاستی‌گۆڕی و…
سەفسەتە ڕێکاری فریودان و گەوجاندنی جەماوەرە کە بە درێژایی مێژوو لە گشت کۆمەڵگایەک کاری پێ‌کراوە. لە یونانی کۆن دا لە لایەن فیلسوفانی سوفستایی پێش سوقڕات لە 17 خال دا تیئۆریزە کراوە.
ئاسانترین بەشی سەفسەتە ڕێکارێکە بە ناوی “خەراپ و خەتابار کردنی لایەنی بەرانبەر، لە جیاتی نەقد و شڕۆڤەی فکر، کردار و بەرنامەکەی”. ئەم ڕێکارە لە ناو خێڵی درۆ زۆرترین بەکارهێنەری هەیە.
مەلا مستەفای بێسەواد لە فەلسەفە و زانست دا کۆڵەوار بو، بەڵام لە مەیدانی زمانشڕی و سەفسەتە دا توانایی زۆری هەبو . بە جۆرێک ئێستاش چل ساڵ دوای مەرگی، قۆڕیات و دەستەواژە کورتەکانی نەقڵی مەجلیسانن. بۆ نموە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە شۆڕش دا دەیکوت:
“ژن دەبێ شێوێ خۆ بکا، قاپێ خۆ بشوا، نانێ خۆ بکا و گانێ خۆ بدا”
ئەم وتانەی تەنیا بۆ پێکەنین و بزەی سەر لێوی گوێگرانی نەبوە. مەبەستی سەرەکی تێک شکاندنی کەسایەتی ژنان بوە تا لە سیستمە دەرەبەگیەکەی ئەو دا هیچ ڕۆڵێک بە ژنان نەدرێ.

E- موخاتەب و گوێگریان (جەماەری عەوام و ساویکە)
موخاتەبەکانیان خەڵکانی بیرکۆڵ و هەژاری فکرین کە ناتوانن زانست و خوڕافە، مەنتق و سەفسەتە، خەبەر و تەبلیغات، ڕووداو و شایەعە، شاعیر و شایەر، باسەواد و شەییاد، زانستی عەقڵی و نەقڵی، بیری ئازاد و بیری کۆیلە، ژنی ئازادبیر و ژنی خۆفرۆش لێک جیا بکەنەوە.
کەسانی ساویلکەی کۆمەڵگا کە بەهرەی هۆشیان لە مام ناوەند بۆ خوارێیە و توانای لێک دانەوە و بیرکردنەوەیێکی ڕەخنەگرانەیان نیە و بە بیستنی هێندێک دروشم و سەفسەتەبازی کوردایەتی بە تام و بۆنی سونیگەری وە چەقڵە سەما دەکەون.
گوێگرەکانیان، چەنەبازی و سەفسەتەی شەیادەکان باشتر قەبوڵ دەکەن تا مەنتق و زانستی ڕوناکبیر و ئازادیخوازەکان. کەسانیک لە چەشنی ئەو خەڵکە ساویلکەیەی کە وێنەی مار لە جیاتی نوسینی مار بە سەواد تێدەگەن.
گوستاڤ لوبۆن ڕەوانشناسی فەڕانسەوی دەڵێ: “جەماوەر نە عەقڵی هەیە و نە بیریش دەکاتەوە چوونکە یان بە یەکجاری بیروبۆچوونەکان پەسەند دەکات، یانیش بە یەکجاری ڕەتیان دەکاتەوە، بە بێ ئەوەی بەرگەی گفتوگۆکردن لە سەر ئەو بیر و ڕایانە بگرێت . ئەوەی سەرکردە و ڕێبەرەکان بە گوێیدا دەچرپێنن ، بە خێرایی مێشکی داگیردەکەن و جەماوەریش یەکسەر دەیانکاتە کردار و جوڵە “

F- شڵتاغ، زمان‌شڕی و چەواشەکاری
خێڵی درۆ کەم ئاگاهی و کەم خوێندنەوەی خۆیان، لە پشتی زمان شڕێ و چەواشەکاری دا دەشارنەوە. درۆ، جوێن، بوختان و بێشەرمی ئامرازی هەمیشەییانە. بە ڕووحی مەلا مستەفا سیاسەت دەکەن.
مەلا بە کوردە سۆرانیەکانی دەکوت “سۆرەی قوندەر” جیابیرەکانی بە جاش ناوزەد دەکردن. لە حاڵێکدا بۆخۆی جاش و گوێ لە مستی ساواکی ئێران، میتی تورک و موسادی ئیسڕائیل بو.
باوکی ڕووحی خێڵی درۆ (مەلامستەفا) 55 شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی ڕادەستی ساواکی ئێران کردەوە و ڕێبەرەکانیشی (کاک سلێمانی موعینی، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، خەلیل شەوباش، مەلا ڕەحیم وێردی، قادر شەریف و دڵشاد ڕەسوڵی ) کوشت و بە دەستوری میتی تورک ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کورستانی تورکیای (سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) تیرۆر و ئیعدام کردن.
نەوشیروان مستەفا دەڵێ: «مەلا مستەفا پیاوێکی جنێوفرۆش ودەم پیس بوو، وشەی”قوندەر”ی لە قسەکان دا بە زۆری بەکار ئەهێنا، لای وابوە لە ناو کوردا توهمەی دزی و داوێن پیسی کاریگەرترە لە توهمەی سیاسی. بۆ شکاندنی دوژمنەکانی ئەم ڕێگایەی بەکار ئەهێنا.
کە باسی ناکۆکیەکانی خۆی ئەکرد لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی لە ناو خەڵکا تاوانباری ئەکردن بەوە” سواری ژنی خەلک ئەبن، سواری پێشمەرگە ئەبن و سواری یەکتر ئەبن”.
هەندێ کەسی نزیک کە پێی ئەلێن ئەم قسانە نەکا، مەلا مستەفا ئەڵی” کورد لەوە تێناگا کە بڵێم من ناکۆکی سیاسیم لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد هەیە، بەلام لەوە تێئەگا کە بڵێم دزیان کردوە و خەڵکیان گاوە و گانیان داوە… من دوژمنەکانی خۆم بەم ڕێگایە ئەشکێنم “.
خێڵی درۆ لە بێحەیایی دا هەمو سنورێکی ئەخلاقی دەبەزێنن. تا ڕادەیێک کە قوڕبانی لە جیاتی جەللاد تاوانبار دەکەن. دەبینین کەسانی وەک “حامیدی گەوهەری” کۆنە ساواکی، وەک فاحیشەی سیاسی لە جیاتی قاتڵ(مەلا مستەفا)، شەهیدانی دەستی پاراستن (کاک سلێمان موعینی و دوکتور شوان و هاوڕێکانیان) تاوانبار دەکات.
خێڵی درۆ بێشەرمانە دەورەی قیادە موەقەتەی مەسعود و ئیدریس و جاشایەتی و پاکسازی لە ڕۆژهەڵات و کوشتاری بە کۆمەڵی پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵە لە ورمێ و شنۆ و خانێ بە کوردایەتی ڕەسەنی بارزانیەکان نیشان دەدەن.
کارەساتی هەکاری( 1978)، 31ی ئابی( 1996)، پەلکێشکردنی لەشکری تورک بۆ قەندیل (1992 تا ئێستا)، داخستنی دەروازەی سیمالکا بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوا، دروست کردنی پێشمەرگەی ڕۆژ بە هاوکاری تورکیا بۆ تێکدانی شۆڕشی ئەودیو و بە سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی دەناسێنن.
بۆ هەڵاتنی 15.000 پێشمەرگەی پارتی دێموکڕاتی بارزانی لە بەرانبەر 500 داعش، بێ تەقاندنی یەک فیشەک لە شەنگالی 2014 پاساو دێننەوە. بەڵام دو مانگ بەرگری جەبهەیی لە کێوی جاسوسانی 2011 بە فرۆشتنی قەندیل پێناسە دەکەن.
بۆ دیتنی 80 پایگای تورکیا لە زۆنی زەرد کوێرن؛ کە نە لە ئاکامی شەڕ و بەرگری، بەڵکە لە درێژەی خەیانەتی ئاغاکانیان پەلکێشی بادینان کراون!!!

J- نەبونی رۆئیای ئینسانی
بەتاڵ بون لە رۆئیاکانی گەورەی ئینسانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سۆسیالیزم، یەکسانی ژن و پیاو. ئازادی و دێموکڕاسی تایبەتمەندی دیکەی ئەم توێژەیە، گەورەترین ڕۆیایان ئەوەیە ئاغاکانیان( بنەماڵەی بارزانی و سەرانی حیزبە ڕاستگەرا و سونەتیەکان) ببن بە خاوەن دەسەڵات و ئاغا و میری کورد. خۆیان ببن بە نۆکەر، ڕاوێژکار، دەمڕاست، کارمەند، ئەندام و بەرپرسی حیزب، پۆستێکی ئیداری یان ئابوریان پێ بدرێ و سواری خەڵک بن و لە ڕانتی کوردایەتی بۆخۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بەشدار بن.

H- بەتاڵ بوون لە هەست و سۆز و عاتیفەی مرۆڤایەتی
سەدان ڕووداوی تراژدی هەیە کە لە ئاکامی سیاسەتەتی بارزانی دا خوڵقاون. وەک کارەساتی3ی ئابی 2014 شەنگال و ڕاکردنی بە پەلە و بێ هیچ بەرگریەکی 15.000 پێشمەرگەی پارتی لە بەرانبەر کەمتر لە 500 چەتەی داعش کە بو بە هۆی ئەنفالی ئیزەدیەکان، بە کۆیلە چونی 6300 کچ و ژن و قەتڵ و عامی 5000 پیاوی ئیزەد.
ئەم کارەساتە (بێجگە لە خێڵی درۆی بارزانی) ناخی هەمو مرۆڤێکی ڕاستەقینەی هێنایە جۆش.
ڕۆژی یەکەم هەشت گریلا کە بە قاچاغی لە شەنگال بون، بە هاوکاری کۆمەڵێک لاوی ئیزەدی لە سەر چیای شەنگال بەرگریان کرد. داعش نەیتوانی ئەم کێوە داگیر بکات. ئەگەر ئەم بەرگریە نەکرابایە، سەد و هەشتا هەزار( 180.000) ئیزەدی هەڵاتوو بۆ ئەم کێوەش ئەنفال دەکران.
شایەرانی بێشەرمی دیوەخان، ئەم سەرشۆڕیەیان کردە حیکمەتی مەسعود بارزانی کە توانیویەتی بە کارەساتی ئاوا هەست و سۆزی جیهانیان بۆ لای کێشەی کورد ڕابکێشێ و زلهێزەکانی دونیا بێن کورد بپارێزن و دەوڵەتی کوردیشی بۆ ساز کەن!

I- بەرماوخۆری دەسەڵات
لە هەمو شوێنێکی دونیا تێکۆشان لە ڕێگای ئازادی، بەرابەری یان ڕزگاری نەتەوەیی بۆتە هۆی بێکاری، برسیەتی، زیندان و تەنانەت لە دەست¬دانی ماڵ و گیان.
بەڵام لە دوای شۆڕشی دەرەبەگایەتی ئەیلولی 1961ی مەلامستەفا کە سازکراوی دەستی ساواکی ئێران بو، ئەم قاعیدەیە گۆڕانێکی بنەڕەتی بە سەر دا هات. ئەم جارە تێکۆشان لە پێناو کوردایەتی! ئاو، نان و نەوای باشی تێدا بو.
ئێستا خێڵی درۆی کوردایەتی ڕزقی خۆیان زۆرتر لە سەرگوێلکی دیوەخانەی پارتی دێموکڕاتی بارزانی و حیزبە کلاسیکەکانی پاشکۆی ئەم پارتە دا دۆزیوەتەوە.
دوای ڕاپەڕینی 1991 و بە ئاکام گەییشتنی پیلانی دگیرکەرانی کوردستان بۆ داسەپاندنی بنەماڵەی بارزانی وەک ئاغای یەکەمی باشوری کوردستان، هەزاران قەل و داڵی باشور، باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات گەییشتنە بەر دەرگای دیوەخانی بارزانی. لە تەختە پەینی کوردایەتی دیوەخان خۆیان دەگەوزێنن و سڵاوات لە دیداری بارزانی لێدەدەن و لە دژی نەیارانی بنەماڵە دەقیڕێنن.
لۆمپەنەکانی ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاواش وەک قالۆچە بۆ سەر تەرس و تەپاڵە بەرەو دیوەخانی بادینان و هەولێر ڕێچکەیان گرت….
شایەر، ڕەقاسە، بەیت بێژ، مێژوو نووس(مێژوو ساز)، فاڵگیر، ڕۆژنامەوانی خۆفرۆش کۆنە سیاسی برسی، پاشماوەی ئاغاوات و مڵکدار، سەید، شێخ، مەلا و تەنانەت هێندێک حیزبیش( وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ، حیزبی شیوعی کوردستانی عێراق، حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی ئێراق، پارتی ئازادی کوردستانی حوسێنی یەزانپەناه ) بە خڕی چونە سەر خوانی دیوەخانی کوردایەتی بارزانی. بونە بەشێک لە دەستگای تەبلیغاتی بنەماڵەی بارزانی بۆ سپیکردنەوەی کارنامەی ڕەشی ئەم بنەماڵەیە و گەوجاندنی خەڵکی کورد.
ئەرکی دیاریکراوی خێڵی درۆی بارزانی لەخشتەبردن و هەڵخەلەتاندنی جەماوەری ساویلکەی کوردە بۆ ڕەوایەتیدان بە ئاژاوەگێڕی، فیتنە و شەڕی بنەماڵەی بارزانی بەرانبەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی کوردی چوار پارچەی کوردستانە

کرۆنۆلۆژی(خەتی زەمان) هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان
بە پێچەوانەی ڕوانگەی خۆشبینانەی زۆربەی حیزب، جەماوەر و تەنانەت ڕووناکبیرانی کوردستان، هاوکاری بنەماڵی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان بە هیچ جۆرێک تاکتیکی و کورت ماوە نەبوە، نیە و نابێ. بەڵکە ئیستڕاتژیەکی نەگۆڕە.
“مێژوو گەورەترین مامۆستای مرۆڤ و کۆمەڵگایە. گەلێک مێژوو نەخوێنێتەوە یان لەبیر خۆی بەرێتەوە، ناچارە هەڵەکانی پێشینیانی دوپات بکاتەوە”
بنەماڵەی بارزانی لە مێژووی شێست ساڵی ڕابردو دا، بێ چەتری یەک یان دوو داگیرکەری کوردستان، یەک ڕۆژیش ژیانیان تێنەپەڕاندوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت