چێنەر عەوڵا: ڕێگە مەدەن بەرزانی هەولێر بکا بە دوبەی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسانی پارتی زۆر باسدەکەن هەولێرمان بۆ کردن بە دوبەی وەرن باسلێمانیشتان بۆ بکەین بە دوبەی، سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بەدەستمان بێ عێراقیش دەکەین بە دوبەی!
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە هەولێر و سلێمانی و عێراق پێویستیان بەوەیە ببن بە دوبەی؟
ئایا بوون بەدوبەی چۆنە؟ ئایە دوبەی خێری بۆ کێ هەیە، تا لاسایی بکەینەوە؟ بەراست پارتی دەزانێ لە دوبەی چ دەگوزەرێ؟ بە بینای بەرز و شاری بێ روح تێ مەکەون راپۆرتەکان لەبارەی دوبەی باس لە کارەسات دەکەن!
– دوبەی لای رۆژئاوایەکان شاریکی بێ Identity و وە بە شاری پیسایی ناوبانگی دەرکردوە (city of poop). ئەمەش، چونکە شاری دوبەی سیستەمی زێرابی نیە، بورج خەلیفە کە رەمزی دوبەیە زێرابی بۆ نەکراوە بۆیە مانگانە بە هەزاران تەن پیسایی بە تانکەر بە ناو شاردا لە بورج خەلیفەوە دەگوازنەوە بۆ دەرەوەی شار. ( وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە) ئەم کێشەیە سەرەتا لەوەوە دروست بوو کە حاکمی دوبەی گوێی لە موهەندیسەکانی نەگرت و وەکو شێخێکی خۆسەپێن خۆی پێ لەوان ئاقلتر بوو، گوتی دەبێ دەست بەدروستکردنی بوجەکە بکرێ بەر لە دروستکردنی سیستەمی ئاو ئاوەرۆی بورجەکە! دواتر دەرکەوت ئەو شوێنە هەر بەکەڵکی سیستەمی ئاوئاوەرۆ دروستکرن نایەت و ملیاران دۆلار تێچونیەتی.
– بەدەیان پرۆژەی بەناوبانگی زەویوزار و بیناسازی لە دوبەی فەشەلیان هێناوە کە زەرەری ملیاران دۆلاریان هەبوە، وەکو پرۆژەی دورگەکانی جیهان کە 300 دورگەن لە دووری 4کلم لە کەنارەکانی شاری دوبەی بریاربوو لە شێوەی نەخشەی جیهان بنیاد بنرێ بەهەزاران تەن لم و بەردیان لە ژێر دەریا دەرهێنا، دواتر ناسا ئاگاداری کردنەوە کە ئەو شوێنە لەژێرەوە دادەڕمی جیۆلۆجیەن بەکەڵکی دورگە دروستکردن نایە ساڵانە 6 ئینج ژێر ئاو دەکەوێ بۆیە بە نیوەچڵی جێ هێشترا دوای ئەوەی 13 ملیار دۆلاری تێدا بە هەدەر درا.
– موهەندیسەکان پێشنیاریان کردبوو کە دورگەکانی شاری خورما لە بری ئەوەی لە ئاودا دروستبکرێن دەتوانرێ ئاوەکە بهێنرێتە ناو زەوی و دەریاچەی دەستکرد دروستبکرێ، هەم بۆ پاراستنی ژینگەی دەیان گیانداری ئاوی هەروەها سەدان ملیۆن دۆلاریش کەمتری تێ دەچێ، چونکە پێویست ناکا بەردەوام چاودێری بکەن تا خانوەکانی دورگەکە ژێر ئاو نەکەون. بەڵام گۆرانی کەشو هەوا بوەتە هۆی کە ئەم ناوچەیە زوتر ژێر ئاو بکەوێ. لەوەشیاندا دیکتاتۆرەکەی بنەماڵەی دوبەی قسەی خۆی بەسەر موهەندیسەکان فەرز کرد کە بوەتە هۆی کارەساتی ژینگەیی!
– چونکە دوبەی هیچ گرنگی بە مافی کرێکاران نادات بۆیە بوەتە شاری Modern slavery (کۆیلەتی مۆدێرن)، بەتایبەت بۆ کرێکارانی هیند و بەنگلادیش و فلیپین و تایلەندی. ئەوان بەهیوای کۆکردنەوەی پارە دێن بۆ دوبەی، بەڵام لە لایەن خاوەن کارەکان عقدیکی نا دادیان بەسەردا فەرز دەکرێت و پاسپۆرتەکانیان وەکو بارمتە لێ زەوت دەکەن. تا رانەکەن لە دەستیان بەو شێوەیە بە دەیان هەزار کرێکار دوور لە خواستی خۆیان بە پارەیەکی کەم کە بەشی ژیانیان ناکا بە دەیان ساڵ لە ژیانێکی کولەمەرگیدا گیر دەخۆن. هەر بەو هۆیەوە سەرۆکی فلیپین کێشەی لەگەل ئیمارات و زۆرێک لە ولاتانی خەلیج هەیە بەهۆی ئەوەی مافی زۆرێک لە کرێکارە فلیپینیەکان پێشێل کراوە، بە دەرەجەیەک کێشەکە گەورەیە، فلیپین بیر لەوە دەکاتەوە رێگە بگرێ خەلکی وڵاتەکە کە بۆ کار کردن بچنە ئەو وڵاتانە، (لینکی لە خوارەوەیە).
– یەکێکی تر لە کێشەکانی دوبەی کەم ئاویە، ئەوەش بەهۆی زیاد بوونی بەردەوامی رێژەی دانشتوانیان بەبێ بەرنامەیی ئەو ئاوەی کە لە ئاوی سوێری دەریاوە بەرهەمی دەهێنن بۆ خواردنەوە بەش ناکا، وە سەدا 90 ی ئاوی ژێر زەوی کە بۆ خواردنەوە دەست دەدا سەرف کرادوە. بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی بتڵ دەبەسترێ کە لەدەرەوە وارد دەکرێ، ئەمەش بارگرانیەکی ئابوری زیاترە لەسەر خەلکی ئاسایی وە کێشەی ژینگەیی دروستکردوە، چونکە رێژەی لە رادەبەدەر زبل و پلاستیک واردی وڵاتەکە دەکرێ.
– کێشەیەکی تری بەرچاوی دوبەی مەسەلەی ئازادیە، تەنانەت ئەم کێشەیە خودی ئەندامان و بنەماڵەی شيخی دوبەی گرتۆتەوە، یەکێک لەوانەی کە کێشەی نەبوونی ئازادی هەبوو، ژنی شێخی دوبەیە کە کچی مەلیک حسێنی ئوردنە، لەبەر نەبونی هیچ ئازادیەک رایکردۆتە لەندەن و لەوێ دەژی و وڵاتی جێ هێشتوە، تەنانەت بۆئەوەی کێشە لە نێوان ئوردون و ئیمارات دروست نەبێ، نەیتوانیوە بگەرێتەوە ئوردنیش، رایکردوە بۆ لەندەن.
یەکێکی تر کە چەندین ساڵە لە ژورێکدا زیندانی کراوە، مافی سەفەر و چونە دەرەوەی نیە (شازادە لەتیفەی) کچی حاکمی دوبەیە، پێشتر رایکردە چەند وڵاتێک، بەڵام ئەو وڵاتانە لەبەر هۆکاری دروست نەبونی کێشە لەگەل دوبەی، دیپۆرتی دەکەنەوە. لە مانگی دووی ئەمساڵ شازادە لەتیفە لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ (بی بی سی) ناردوە، باس دەکات کە لە ژورێکدا سجنە و هیچ مافێکی نیە، ناتوانێ بچێتە دەرەوە. ترس لە سەر ژیانی هەیە کە لەوانەیە لەلایەن حاکمی وڵات کە باوکیەتی لەناو ببرێ. (لینکی ڤیدیۆکە لە خوارەوەیە)
– بە پێی راپۆرتێکی ڤیدیۆی کەنالێکی فارسی، دوبەی بوەتە سەنتەرێکی ئارام بۆ خەلکانی دز و دیکتاتۆرە راکردوەکانی وڵاتان و خێزانەکانیان. وە شوێنێکە بۆ خەلکانی فاسد و گەندەڵ. بەهەشتیکە بۆ پارە سپیکردنەوە. شوێنی بەیەک گەیاندنی بازرگانی ناقانونیە نێودەوڵەتیەکانە. مەرکەزێکە بۆ کۆمپانیا وەهمیەکان.
– قەرزەکانی سەر دوبەی بە رێژەیەکە کە سەدا 77 ی کۆی داهاتی گشتی تێپەڕاندوە. بە پێی راپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی IMF لە 2008 بانکی مەرکەزی ئیمارات نزیکەی 40 ملیار دۆلاری قەرزی بۆ دوبەی داوەتەوە. لەئێستادا 2021 دوبەی نزیکەی 80 ملیار دۆلار قەرزدارە، پسپۆران پێیان وایە ئەگەر بانکی ناوەندی ئیمارات ئەمجارەش فریای دوبەی نەکەوێ تا دوو ساڵی تر، قەرزەکانی لەسەر سوک نەکەن ئەوا شارەکە روبەڕووی داڕمانێکی چاوەروان کراو دەبێ لەرووی ئابوریەوە.

لە کۆتایدا؛ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەر دەتانەوێ
* تا دوساڵی تر قەرزەکانی سەر هەرێم دوو ئەوەندە زیاد نەکات.
* ماف و ئازادیتان بە تەواوی لێ زەوت نەکرێ وەکو کچانی بنەماڵەی شێخەکانی دوبەی.
* سەرباری بێ ئاوی خواردنەوە بێ زێراب و ئاوەرۆش نەبن.
* کارەساتی ژینگەیی و شێوانی ژینگەیی شارەکانتان زیاتر نەبێ.
* هەولێر و سلێمانی وەکو دوبەی نەبن بە مەرکەزی پارە سپیکردنەوە شوێنی ئارامی تاوانباران و بازرگانی نایاسایی نێودەولەتی.
* وڵات نەبێتە شوێنی چەوساندنەوەی کرێکار و فەرمانبەری ناوخۆی و دەرەکی، کارکردنی بەردەوام بەڵام نەبوونی ژیانێکی شایستە.

ئەوا بە چەند بینایەکی بەرزی بێ کەڵک مەخەڵەتێکن و ڕێگە مەدەن هەولێرو سلێمانیتان لەوە زیاتر لێ وێران کەن و بۆتان بکەن بە دوبەی.

سەرچاوەکان
—————————-
ڤیدیۆی تەنکەرەی پیساییەکانی بورجی خەلیفە لە کاتی گواستنەوە
https://youtu.be/-pQdjwliLMA
دوبەی بەهەشتی دیکتاتۆر و پارەی دزراوی گەندەڵکاران.
https://fb.watch/8cRbluDTU1/
چۆن بورج خەلیفە کێشەی ئاوەرۆی حەل دەکات
hwonderfulengineering.com/this-is-how-burj-khalifa
هەرەشەی سەرۆکی فلیپین لەبارەی خراپی مامەڵە لەگەل کرێکارانی فلیپینی
www.hrw.org/news/2018/01/26/duterte
کێشەی ئاوی خواردنەوە لە دوبەی
news.climate.columbia.edu
شازادە لەتیفەی کچی حاکمی دوبەی کە دەپارێتەوە لە زیندان رزگاری بکەن
www.bbc.com/news
ژنی حاکمی دوبەی و بەجێهێشتنی وڵات و نیشتەجێ بوونی لە لەندەن
amp.theguardian.com
ڕاپۆرتی بانکی جیهانی لەبارەی قەرزداری دوبەی
www.imf.org/~/media
قەرزەکانی دوبەی بۆ ساڵی 2023بە کوێ دەگەن
https://www.cnbc.com/2020

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت