دلێر محەمەد نوری: ویستی زیندانی و ترسی زیندانییەوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە بێ ئەوەی بە پانۆڕامای ڕووداوەکاندا بچینەوە، ئەتوانین بڕیارێ ئەوە بدەین کە تەواوی پرۆسەی تۆمەتبارکردن و زیندانی کردن و لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنی ئەو سەدد و ئەوەندە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە مەدەنییانەی بادینان، ناڕەوا و ناهەقی بوو. دەرهەق بەوان لە لایەن دەسەڵاتی جێ بە جێکار و دادوەری لە سنوری بادینان و هەولێردا. کە دواجار پاشکۆی خودی بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەت بوون. ئەم ڕاستییە تاڵە دەسەڵاتیش باش ئەیزانێ و زیندانیان و کەس و کار و جەماوەر و دونیای دەرەوەش باش ئەیزانن. ئەوەی کێشەکەی بەم ئاقارەدا برد چەند هۆکارێک بوون، لەوانە:
1- غرووری خودی سەرۆکی حکومەت و گیانی تۆڵە سەندنەوە لەو وتار و ڕەخنە توندانەی کە ئەو زیندانیانە لە خۆی و بنەماڵە و دەسەڵات لە ڕابردوودا گرتبوویان. هەروەها جیکڵدانە بچووکی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانی بەرانبەر بە فەزای ئازادی و ژیانی دیموکراسی.
2- جۆری مامەڵەی نایاسایی لە گەڵ ئەم کەیسە و قوربانیانی، لە گرتنی هەڕەمەکی بە بێ بوونی پاڵپشتی یاسایی و تۆمەتبارکردنی پێشوەختە و نەبوونی پارێزەر و هەڕەشە و تەنانەت بە خێزان و نامووس. ڕێگەگرتن لە بینی کەسوکار و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و مانەوەی دوور و درێژی نایاسایی لە زیندانی ئاسایش و دادگایی کردنیان بە زیندانی کردن لە سەر بنەما یاساییە نەگونجاوەکان و بە بێ بوونی بەڵگەی پاڵپشت.
ئەمڕۆ کەیسەکە بە ئاقارێکدا ڕۆیشتووە کە زۆربەی زیندانیان مانیان لە خواردن گرتووە و لە ژێر هیچ هەڕەشەیەکیش ئامادەی شکاندنی مانگرتن نین، کە ئەمەش مەترسی لە سەر ژیانیان دادەنێت. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتە و باشترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە ئازادکردنی تەواوی زیندانیانە و هەڵوەشاندنەوە دادگاییەکانی پێشوو و ئازادکردنی ئەوانی دیکەشە، بەڵام.!
بەڵام بۆچی ئەم کارە، کارێکی کردە نیە، لەکاتێکدا پرۆسەی دادوەری، پرۆسەیەکی تەواو کۆمێدییە و تەنها و تەنها مەسروور بارزانی بڕیار لە هەر شتێک دەدات؟ لە بەر تیشکی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە و لەو وردە دەنگوباسانەی لە نێو زیندانەوە دێنە دەرێ و ئەو شێوازەی ئاسایش گرتوویەتییە بەر لە دابڕینی زیندانیان لە دونیای دەرەوە و پارێزەران و کەس وکار هیچمان پێ نەڵێت، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەوەی لە کۆی ئەم پرۆسەیە بە ئێمە گەیشتووە لە بارەی دۆخی زیندانیان و ئەوەی بەسەریاندا هێنراوە تەنها سەری هەرەمەکەمان دیوە، بەشی هەرە زۆری هەواڵەکان و زانیاریەکان تاریک کراوە و تەنها و تەنها زیندانییان و زیندانییەوان و لێکۆڵەر و جەلاد و شەلاق وەشێنەکان و خودی سەرۆکی حکومەت ئەیزانن. جگە لە زیندانیان کەسی دیکەی بەرەی دەسەڵات ئامادەی درکاندنی نین، بۆ زانینی تەواوی ئەو زانیارییانە پێویستمان بە دیمانە و دواندنی خودی زیندانیانە، لە دۆخێکی ئازاددا، ئایا ئەمە بۆ ناکرێت؟
ئەگەر چی هەموو لایەک، بە دەسەڵاتی جێ بە جێکار و دادوەری و خودی سەرۆکی حکومەتیش دڵنیان لەوەی کە ئەمانە مافی ئازادکردنیان هەیە، بەڵام لە بەر چەند هۆکارێک ناتوانن بڕیاری وا بدەن:
1- قەبارەی ئەو ئەشکەنجە و ئازارە جەستەیی و دەروونییەی زیندانیان لە ماوەی دوور و درێژی زیندانیان چەشتوویانە، گەر بگاتە جەماوەر و ڕاگەیاندنەکان، ڕووی دزێو و ناشرینی حوکمڕانی کوردی دەردەخات لە مامەڵەکردن لە گەڵ ڕۆڵەکانی خۆی، ئەمە ئەگەر نەبێتە هۆکاری بوژانەوەی بزاڤێکی میللی دژ بەم دەسەڵاتە ستەمکارە و درێژە بکێشێ بۆ ڕاپەڕین یان شۆڕش.
2- دڵنایی دەسەڵات لە نیەتی زۆرینەی زیندانییان، کە لە دوای ئازادکردنیان بێ دەنگ نابن. تاکە بەڵگەش بۆ ئەم دڵناییە، ورەبەرزی و دەست بردنیانە بۆ چەکی مانگرتن. واتا هەوڵی سەپاندنی بڕیاری ئازاد بوونیان دەدەن، نەک ڕێکەوتنی زیندانیان و دەسەڵات لە سەر داڕشتنێکی هاوبەش بۆ ئازادکردنیان. کە ئەمەش هۆکار و دەرئەنجامی یەکترین لە گەڵ خاڵی پێشوودا.
لە هەموو ئەمانەی کە باسمان کرد دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە:
1- دەسەڵات کەوتۆتە نێو دوو بەرداشەوە، لەلایەک ڕاستکردنەوەی ئەوهەڵانە کە چیترنە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە کەس باوەڕی بە چیرۆکی دادگاکانی هەرێم نەماوە و بوون بە بەردی بناغەی ناڕەزایەتییەکی هەمەلایەنە کە نەهێشتنی باشترە له بەردەوامی، بۆ مانەوەی دەسەڵات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵانە بە ئازادکردنی زیندانیان دەکرێ. کە ئەمە بۆ خۆی کردنەوەی دەرگایە لە سەر جۆرێکی دیکە لە ناڕەزایەتی کە سەرئەنجام نابووت بوونی دەسەڵاتی بە دوادا دێت.
2- ئازادنەکردنی ئەو زیندانیانە و بەردەوامی دان بەم پرۆسە چەوتە ئەگەر ڕێگر بووبێ لە شاردنەوەی ڕاستییە گەورەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، ئەوا مانگرتنی زیندانیان ئەم ئەرکەی دەسەڵاتی قورس کردووە. مانگرتن ئەگەر نەشکێنرێ، ئەگەری قوربانی لێ ئەکەوێتەوە. کاتێکیش کەسێک لە زینداندا ئەمرێت، هەم ڕک وکینەی زیاتری کەس و کاری زیندانیان وهەم جەماوەریشی بە دوادا دێت. لەوەش خراپتر دەبێت دەسەڵات هانا بۆ دروستکردنی چیرۆکی نوێ ببات کە باوەڕپێکردن و قبووڵکردنی زۆر زەحمەتە لە سایەی ئەو کەشە بێباوەڕییەی دەسەڵات خستوویەتییە نێوان خۆی و جەماوەرەوە.
هەر بۆیە ئەتوانین بڵێین ڕەنگە دەسەڵات گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە بەشێک لە هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، بەڵام بەو شێوەیە نا کە زیندانیان ئەیانەوێت کە ئاوی شەرمەزاری ڕووی دەسەڵات و سەرۆکی حکومەتی تیا نەتکێ. بەمەش دەگەینە ئەوەی کە دەسەڵات لە مەڕ کەیسی زیندانیانی بادینان لە دۆخێک دایە یان شیش یان کەباب یەکێکیانی دەسووتێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت