حەمەئازاد بەرزنجی: لێدە شەفیق پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەمان دەرهێنایەوە و شتێکیشی لێزیادە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق نزیک بۆتەوە. هەر لایەنە، هەر حزبە، هەرکەسە، لە هەوڵی خۆیدایەتی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی و زۆرترین دەنگ. بانگەشەدەکەن، پڕۆژە لەسەر پڕۆژە دەکوتن بە زەویدا، خۆیان بە دەنگدەر دەناسێنن. وەعدی درۆو بەرنامەی قەبەی زۆر و زەبەلاح دەخەنە بەر چاو، گوایە کە دەنگمان پێدان و دەرچون، ئامادەن جێبەجێیان بکەن!
تائێرە ئاساییە، لەهەمو هەڵبژاردنێکدا ڕویداوە و ڕودەدات. بەڵام ئەوی نائاساییە. لاکەی بەرامبەرت ناشرین بکەیت و خۆت جوان و بەرزکەیتەوە. پڕوپاگەندەی ناڕاست و هێرشی ناڕەوا بکەیتە سەرلای بەرامبەر و، بێ بەڵگە ناشرین و سوککردنی پاڵێوراوانی ڕکابەر و دروستکردنی سیناریۆی درۆ. ترسی سەرنەکەتن و، پاشەکشە لە ژمارەی دەنگەکاندا وات لێبکات بە گوێی خەڵکیدا بخوێنی: گەر دەر نەچوین یان دەنگی یەکەممان نەهینا ئەوا ئیحتمالی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆهەیە. کەواتە ئەمانە وا لێکدەدەنەوە کە ئارامی کوردستان تەنهاو تەنها بە دەنگەکانی ئەمانەوە بەستراوەتەوه. ئێ باشە هەر خەڵکی کوردستان نییە دەنگ دەدات و شەرعیەت لە دەنگە حەقیقیەکانی کوردستانیانەوە وەرناگرن ! ئیتر بۆچی دەنگی زۆر بهێنی دنیا ئاسایشە و ئاسایییە و ماستی مەیوە، جەنابیشتان گەر دەنگ کەم بهێنن دەبێ بیکەن بەو ڕۆژەی سیاوەحشی تیا کوژراوە. دە هەر لەم ڕوانگەیەشەوە هەقە خەڵکی کوردستان بە گومانەوە بڕوانێتە هەڵس و کەوتەکانیان و ئاگادار و چاودێریان بن هەنگاوی ئەحمەقانەی دیکە نەنێن، وەک هەنگاوە گوماناویەکانی پێشوتریان. چونکە ئەمانە، جێی گومانن و ڕابردوشیان هێندە پاك نییەو هەموشتێکیان لێ چاوەڕوان دەکرێت.
ئەوە ڕیفراندۆمە گوماناویەکە کە نیوەی خاکی ڕزگارکراوی کوردستانی باشورمان لەدەست دایەوە، ئەوە ڕێکەوتنە نهێنییە پەنجا ساڵەییەکەی کەلەگەڵ تورکیادا مۆریان کردوە، ئەوە ڕێکەوتن و شیرینی وەرگرتن لە کۆمپانیاکانی نەوت و ئەوە سی و یەکی ئاب، ئەوە ئاشبەتاڵ و ئەوەو ئەوانی دیکە.
ئەم چونەی سەرۆکی هەرێمیش بۆ وڵاتی ئینگلستان بێ مەڵامەت نەبوەو نابێ، خەڵکی لە مشتەی ناو هەمانەی سەردانەکە دەترسێ. کە وا سەرەتاکانی وردە وردە بە دەردەکەون. بینینی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فەرشی سور ڕاخستن و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کارێکی دڵخۆشکەرە. گەر مەبەستەکە بۆ خزمەتی کوردستان بێت و ترسی دوای کشانەوەی ئەمریکایان هەبێ لە ئێراق و بیانەوێ بەریتانیا، شوێنی ئەمریکا بگرێتەوەو لە گەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیان، هەر مەشق بە هێزی پێشمەرگە بکەن و چەکداری بکەن و بە گورگان خواردومان نەدەنەوە.
بەڵام ئەوەی نائاساییە، هەر لە بەریتانیا بینینی جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی چەکداری ئیماراتی عەرەبییە، لە هەمان کاتیشدا میری یەکێ لە ئیمارەتەکانە. ترسەکە لەوەدایە لە هەمان سیناریۆی سەردانەکەی مامی دەچێ بۆ ئەردەن، کە دوایی چۆڵکردنی شەنگال و هاتنی داعشی لێکەوتەوە. ئەردەن و لە ئێستادا ئیمارات و سعودیە لە لایەک و قەتەر لەلایەکی دی نوێنەری عەرەبی سونەی چالاکن لە ناوچەکەدا. خاوەنی پلانی خۆیانن بۆ خزمەتی دوا ڕۆژی خۆیان.
چەند رۆژێکی نەبرد لە گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێم کۆبونەوەی سەرۆک خێلە عەرەبەکانی ئێراق بە تایبەتی سونەکان لە هەولێری پایتەختی کوردستان گیراو لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێراقەوە نوێنەریان هاتوە و لە هەولێر کاری بۆ ڕێکخراوەو سەرپەرشتی کراوە. کە چی بە یەک چاوسورکردنەوەی موقتەدا سەدرو شیعەکانی ئێراق، لە دەمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە دەلێن: ئێمە ئاگادار نین و بە ئاگاداری ئێمەش نەکراوە. بەڵام دو منداڵ و دو سێ گەنج کۆبنەوە و بیانەوێ خۆ پیشاندانێک ڕێکبخەن و گردبونەوەیەک بکەن، یەکسەر پێیان دەزانن و گەمارۆیان دەدەن و لە ماڵ دەیان هێننە دەر. دەبێ بۆ گرێدان و ڕەزامەندی ئەم کۆنگرەیە لایەن وحزبی دەسەڵاتدار لە هەولێر چەندی وەرگرتبێ و شێرینەکەشی چەند بو بێ و چیدیکەیشی بەدواوە بێ؟
ئێمە باسی ناواخن و قسەو باسی ناو کۆنگرەکە ناکەیین. بەڵام ئەوەی کە نامۆبو داواکردنی بەشدار بوان بو بۆ ئاسییکردنەوە و دروستکردنی پەیوەندیە، لە نێوان ئێراق و ئیسرائیلدا. وە ناڵێن ئەم داواکارییە زۆر زەرەر مەندە بۆ کورد، بەڵام لەم کاتەدا وەک ڕیفراندۆمەکە زیانی زۆر زیاترە لە قازانج. وە دەزانین چ گروپ و ئاڕاستەیەک ئەم کەیسە دەجوڵێنێ، بەڵام با عەرەب خۆیان و لە شارەکانی خۆیانەوە ئەم کارەبکەن، بۆ یاری بە چارەنوسی ئەم میلەتە دەکەن و دەمانکەنە کەوا سوری بەر لەشکر. هەر دوێنێ نەبو دنیا بو بەتکا کار کە رێفراندۆم نەکات و کردیشی و میللەت باجەکەی داو نیوەی خاکی کوردستنیشمان لەکیس چو کەچی خۆیشی وەعدەکەی خۆیشی نە بردە سەرو کەس پێی نەوت ئەم کابرایە شێت بوەو وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچو! لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، تازە بە تازە دەگەڕێنەوە بۆ گردکردنەوەی خێڵە عەرەبەکان لەسەر خاکی کوردستان! مەگەر خوداش بزانێ چەندیان وەرگرتبێ و چ سەفقەیەکی دیکەیان ئیمزاکردبێ. بەڵام لای ئەوان ئەمە کەی گرنگە، گرنگ ئەوەیە پارەی خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵیان دەرهێنایەوە و، وەک سلێمانیان دەڵێن: ( لێدە شەفیق ) شتێکیشی لێ زیادە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت