عیماد عه‌لی: جیاوازی حوكمڕانیه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی چیه‌؟

لێره‌دا باس له‌ مێژووی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ وه‌ك‌ درێژكراوه‌ی ته‌ر‌یقه‌ته‌كانی قادری و نه‌قشبه‌ندی ناكه‌ین و، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ ورده‌كان به‌ جێده‌هێڵین. به‌ڵام كه‌ له‌ مێژووی حوكمڕانی نوێی یه‌كێتی و پارتی وه‌ك دووبنه‌ماڵه‌ی دوو ده‌ڤه‌ر و چۆنێتی لاساییكردنه‌وه‌ و سودگۆڕكێی هه‌ردوولایان له‌یه‌كتر وردده‌بینوه‌ زۆر شتمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌.
تاوه‌كو یه‌كێتی وه‌كو به‌ره‌یه‌كی سێ لایه‌ن له‌ خه‌باتی شاخدا خۆی فه‌رزكردبوو، خاوه‌نی فكر و ئایدیۆلۆجیا و فه‌سه‌فه‌ی نوێگه‌ری بوو، كه‌س ئه‌و بوێریه‌ی نه‌بوو یان پشتئه‌ستوور نه‌بوو كه‌ رێبازی یه‌كێتی بگۆڕێت بۆ بنه‌ماڵه‌یی له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار:
A- خه‌ڵكی نوێگه‌ر و خاوه‌ن بیروبۆچونی پێشكه‌وتوخوازی زۆر جار هه‌رچه‌ند ناوافعیش بوو به‌ڵام رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی ده‌گێڕا له‌سه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و به‌تایبه‌تی كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان.
B- ململانێی هه‌ردوو حزب پارتی و یه‌كێتی، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بوو نه‌ك ته‌نها سه‌ربازیی شۆرشی چه‌كداری و كه‌سایه‌تیه‌ كۆنه‌كان و بنه‌ماڵه‌ پارتیان به‌ بێ ركابه‌ر و ململانێی ته‌ندروستی نێوخۆیی به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵام یه‌كێتی ڕۆڵی گه‌نجان و فكری نوێ و رێباز و فه‌لسه‌فه‌ی نوێخوازی زیاتر زاڵبون له‌ فكری كه‌سایه‌تیه‌ كۆنه‌كانی شۆرشی كۆن و نوێ و تاماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌به‌ر خۆقایمكردن، هه‌موویان لافی دیموكراتیه‌ت و نوێگه‌ریان لێده‌دا و زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌بوو بۆ حوكمی تاكه‌كه‌سی و بنه‌ماڵه‌یی.
C- رێژه‌یه‌كی باشی رۆشنبیر و منه‌وه‌ر و جه‌ماوه‌ریكی جیاواز له‌ پارتیان هه‌بوو كه‌ ئه‌وانه‌ی یه‌كێتی دانیان به‌ پارتی نه‌نا و به‌ كۆنی به‌سه‌رچوو له‌قه‌ڵه‌میان ده‌دا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆچی ره‌وتی ئاراسته‌ی حزبایه‌تی هه‌ردوو حزب رووه‌ و یه‌كلاییه‌ و لاساییكردنه‌وه‌ وا فه‌زبووه‌ كه‌ ناتوانیت جیاوازیان له‌ هیچ بوارێكدا بكه‌یت. جا هۆكار هه‌رچیه‌ك بێت بابه‌تی یان خودی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حه‌قیقیتی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ زۆر نزیكبونه‌ته‌وه‌ له‌یه‌كترو ئێستا به‌ مویه‌كیش لیكیان ناكه‌یته‌وه‌.
ئێستا پارتی ده‌یه‌وێت حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ی به‌ڕیوه‌بردنی بله ‌و بارزان بێت و بنه‌ماڵه‌یی و سیستمی عه‌شایه‌ری نه‌هج و پاڵنه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بێت، نه‌ك له‌ كاروباری حزبی، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تیشی خستۆته‌ ژێر ركێڤی ریزبه‌ندیه‌ عه‌شایه‌ریه‌كه‌وه. یه‌كێتیش دوای هه‌ست به‌ لاوازی و هه‌ڵه‌كانی له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا ده‌یه‌وێت كتومت ره‌فتاری پارتیانه‌ بكات له‌ ده‌ڤه‌رێكی جیاوازی له‌وه‌ی پارتی كه‌ ناتوانرێت به‌ حوكمرانی عه‌شایه‌ری و ته‌ریقه‌تی رازیبكرێت، بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی ئه‌و هه‌ست به‌كه‌میه‌ی یه‌كێتی له‌چاو پارتی كه‌ به‌خۆی كردی به‌ حزبی یه‌كه‌م، چاولێكه‌ری پارتیه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زه‌مینه‌ و بارودوخی مه‌عقه‌له‌كه‌ی خۆی بكات،
له‌به‌ر بوونی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی و خۆبه‌ستنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ و بوونی سیفه‌تی هاوبه‌شی هه‌ردوو حزب. كه‌س حیساب بۆ بنه‌ما و په‌ره‌نسیپ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ناكات و به‌ بێ خوێندنه‌وه‌ی هیچ سیفه‌تێكی جیاكه‌ره‌وه‌ خۆیان وابه‌سته‌ی یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ كردووه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هیچ به‌دیلێكی گونجاو سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه‌ له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان و حزبه‌كانی دیكه‌ش به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و كه‌سی، خۆیان به‌ستۆته‌وه‌ به‌ یه‌كێك یان هه‌ردوو ئه‌و حزبه‌وه‌.
بۆیه‌ ئێستا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خه‌ڵك نازانێت ده‌نگ به‌ كێ بدات، دووحزبی هاوشێوه‌ی دووانه‌ی له‌یه‌كچوو، بیروباوه‌ری به‌سه‌رچوو، كۆنه‌پارێزی كورتبینی پره‌نسیپی له‌بیرچوو، خۆبه‌ستووی میحوه‌ره‌ ئیقلیمیه‌كه‌ و خاوه‌نی بۆچونێكی زه‌مانه‌ی دارزاوی كۆنبوو، بۆیه‌ له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌ بوار نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی ته‌نانه‌ت باشی نێو خراپه‌كان.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies