زاهیر باهیر: سەرسام مەبە کە لە لانکەی دیمۆکراتیی، لە نێو کۆمەڵی مەدەنی ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی کە Sarah Everard لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە دەستی پۆلیسێك کە پلەیەکی تایبەتی هەبوو، ئەویش بە مۆڵەت پێدانی بە چەك هەڵگرتن و متمانەپێکردنی تا ڕادەی پاراستنی کەسانی دیبلۆماسیی، وتار و ڕاپۆرتێکی ئێکجار زۆر لەسەر ئازادیی کچان و ژنان و سەلامەتییان لە نێو ماڵان و لە دەرەوەدا، نوسراوە. هاوکاتیش گەلێك چەڵتە چەڵتیشی لە دیوەخانی بەڵتەچییەکانی بریتانیادا لەسەر کراوە. زۆرێکیش پێشنیار و پێشنیاز بۆ چاککردنی ئەو بارودۆخە، کراوە.
ئێستاش لە گەرمەی دادگاییکردنی ئەو پۆلیسەدا، Wayne Couzens، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا لە دوای کوژرانی’ سارا’ وە لە 28 هەفتەدا 81 ژن کوژراون، کە دەکاتە نزیکەی 3 ژن لە هەفتەیەکدا، کە 16 لەمانە لەلایە ئەو پۆلیسانەوە بوون کە لە خزمەتدا/ پیشەکەیاندا بەردەوامبوون.
لە نێوانی ساڵی 2009 وە بۆ 2018 بە ژمارە 1425 کچ و ژن کوژراون کە تەمەمیان لە نێوانی 14 و 100 ساڵدا بووە. لەم ژمارەیە، 1425 ، 278 ژنیان تەمەنیان لەسەرو 60 ساڵەوە بووە، لە 127 کەیسی ئەم قوربانیانە خراپترین شێوەی توندوتیژی لە کوشتنیانا، بەکارهێنراوە. لە بەکارهێنانی توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتوە کە 9 ژن لە 13 ژن لە قوربانییەکان کە تەمەنیان لەسەرو 80 ساڵەوە بوون، قوربانی لاقەکردن و دەستدرێژی جنسی بوون. لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی 2018/2019 دا تەنها لە سەدا 6 ی ئەم پیاوە تاوانبارانە سزایاندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سایەی ئازادیی دەستکەوتنی زانیارییەکان، دەستکەوتووە، لە سەدا 62ی ئەو ژنانەی کە کوژراون، لەسەر دەستی مێرد و بۆیفرێند یاخود کۆنە مێرد و بۆیفرێددا بووە، سێیەکی ئەم قوربانیانەش یا ماڵیان بەجێهێشتووە و ڕۆیشتون، یاخود لە پرۆسەی ماڵ بەجێ هێڵاندا بوون. لە سەدا 92 ئەوانەی کو کوژراون، لە لایەن ناسیاویانەوە کوژراون، یەك لە دوازدەی ئەو ژنانەشی کە کوژراون لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.
بەداخەوە کە ئەوە حاڵی ژنانە لەم وڵاتەدا، دیارە ئەوانەشیان کە دەژین ڕوبەڕوی گەلێك کێشەی هەڵاواردنی و کۆمێنتی سیكسیانە و مامەڵەی زۆر ناشیرینی خێزان بە مێرد و باوك و دایك کەس و کارەوە بوونەتەوە یا دەبنەوە. هەروەها کرێ و موچەی کەم کە تا ئێستاش ژنان لە سەدا 15 کەمتر لە پیاو وەردەگرن لە کەرتە تایبەتییەکانی کارکردندا. ئەمە جگە لەوەی کە ڕووبەڕووی دواکەوتنی پیاو دەبنەوە و گێچەڵی زۆریان پێدەکرێت، کە زۆر جار ئەم کەیسانە دەگاتە پۆلیس و داگاش.
ئەمە نیشانی دەدات ئاشکرایە کە هەرگیز ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵی سەرمایەداری و لیبراڵدا بەدەستنایەت، تا ئەو کاتەی کە پرسی چینایەتی و کۆمەڵی پلەداریی [ هیرراشی] بمێنێت ئەم کێشانە بەردەوام دەبن، کە ئەمانەش خەسڵەت یا تایبەتمەندی خودی سیستەمەکە خۆیەتی.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم: جێگای داخە کە ڕۆشنبیری کورد و جالییەی کوردی لە بریتانیا بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ئەم ڕووە قێزەوند و نامرۆیانەی نێو ئەم کۆمەڵە و ئەم دەوڵەتە باس ناکەن، بۆیە تا ئێستاش لەناو ڕەوەندی کوردی لێرە و لە کوردستانیش وڵاتی بریتانیا و ئەمەریکا بە پێشڕەوی دیمۆکراتی و ئازادیی، مرۆڤدۆستی، دەزانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت