بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردنى تشرین بەرى شۆڕشى تشرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مانگى تشرینى ساڵى 2019 بەغداى پایتەخت و دواتر شارەکانى باشوورى عێراقیش بوونە گۆڕەپانى خۆپیشاندانى هێمنانەو شارستانیانە وەکو وەڵام و کاردانەوەى گەل لە هەمبەر گەندەڵى و نادادپەروەرى و چەکى میلیشیاکان و نەبوونى خزمەتگوزارى سەرەتایی وەکو ئاو کارەبا داو دەرمان و ئاسایش و زۆر شتى تر.
ئەوەى سەروەرییەکى گەورە بوو بۆ خۆپیشاندەرانى تشرین و تشرینیەکان ناوەڕۆک و ئامانج و داخوازییەکان هێمنانەبوون و دوور بوون لە توندو تیژى، سەرەڕاى هەوڵى تاقم و گروپە چەکدارو میلیشاوییەکان بۆ ئەوەى ئاڕاستەى خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بەرەو و بەریەککەوتن پەلاماردان، ئەویش بە کوشتن و ڕفاندنى زۆرێک لە چالاکوانانى گۆڕەپانەکان، بەڵام نەیانتوانى و سەرکەوتوو نەبوون، کەئەمەش خاڵى بەهێزى ئەو بزاڤە جەماوەرییە مەدەنیە بوو کە نەچووە ژێربارى کاردانەوەى توندو خوێنڕشتن.

دروشمى سیکۆلارو دژ بە تائیفیەت
یەکێک لە ڕووە گەش و پرشنگدارەکانى شۆڕشى تشرین ئەوە بوو کە داواى سەروەر بوونى یاساو دەوڵەتى هاوڵاتى و دامەزراوەیان دەکرد، دەبێت چەک بە دەست دەوڵەتەوە بێت، دەبێت ئازادى بۆ هەمووان بێت، دین لە دەوڵەت جیا بێت، سزادانى ئەوانەى تاوانباران بە فیڕۆدانى ماڵى گشتى.

دەست لەکارکێشانەوەى کابینەى عەبولمهدى
لە ژێر فشارى خۆپیشاندەران حکومەتەکەى عادیل عەبدولمهدى دەستى لە کارکێشایەوە، چەندین کەسایەتى کاندید کران کابینە پێک بهێنن نەیان توانى و شکستیان هێنا، هەر لە عیدانى تا موحەمەد توفیق عەلاوى و عەدنان زەرفى، دواتر لەسەر مستەفا کازمى سازان تاوەکو کابینەیەکى ڕاگوزەر پێک بهێنێت بۆ خۆ سازدان و زەمینەخۆشکردن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە،کازمیش سەرەڕاى ئەوەى لە ئەنجومەنى نوێنەران هیچ پشتیوانیەکى بەهێزى نەبوو و کۆسپ و تەگەرەى گەورەى بۆ دروستکرا بە تایبەتى لە لایەن میلیشیاکانەوە، هەموومان بینیمان و لە بیرمانە هەڕەشەى توندو نمایشى سەربازییان دژ بە کازمى لە شەقامەکانى بەغداى پایتەخت بەڕێوە دەبرد، بەڵام کازمى پابەند بوو بە بەڵێنەکانیەوە و خویشى کاندید نەکرد بۆ هەڵبژاردنەکانى تشرین.

هەڵبژاردنى تشرین بەرهەمو ئاکامى شۆڕشگێڕانى تشرین
وا لە1010/2021 هەڵبژاردنى گشتى پێشووەختەلە عێراق بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە زەمینەکە زۆر لە بار نەبووە بۆ هەمو لایەنەکان بە تایبەتى زۆرێک لە چالاکوانانى تشرین خۆیان شاردۆتەوەو نەیانتوانى خۆیان کاندید بکەن یان شارەکانى خۆیان بەجێ هێشتووە و هەڵاتوون، ئومێدى گەورە بۆ گۆڕانکارى و چاکسازى جدى زۆر لاوازە و ئامانجەکانى شۆِرشگێڕانى تشرین بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بار بران و دوور خرایەوە لە ڕێڕەوى ڕاستەقینەى خۆى و چالاکوانانیش لە نێوان چەند بەرەیەکى جیاوزدا پەرت و بڵاو بوونەوە و ئێستاش هێزو لایەنە تەقلیدى و تاقى کراوەکانى پێشوو لە ململانێدان بۆ ئەوەى جارێکى تر دەستەڵاتى شکستخواردووى پێشوویان دووبارە بکەنەوە.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبردنى عێراق بە شێوەو ستایلى پێشوو کارێکى ئەگەر ئەستەم نەبێت زۆر قورسە، ئەگەر شۆڕشگێڕانى تشرین و قوربانیەکانى نەیانتوانى گۆڕانکارى ڕیشەیى لە عێراقدا بە خەباتى مەدەنى و هێمنانە بێننە دى، بێگومان ئەڵتەرنەتیفى ئەمە توندوتیژى و بەریەککەوتن و شەڕو ئاژاوەو لە گێژەنە دەرچوونى ئاسایش و ئارامى وڵاتە، نابێت و ناکرێت لە وڵاتێکى دەوڵەمەندو و زەنگینى وەکو عێراق خەڵکەکەى هەژارو نەدار بن، ناکرێت لاوەکانى سەرى خۆیان هەڵبگرن بۆ هەندەران، نابێت کار نەبێت، ناکرێت خزمەتگوزارى نەبێت، ناکرێت ئاسایش و سەقامگیرى نەبێت، لە کاتێکدا عێراق لە سەرەوە تا خوارەوەى پڕە لە سامانى سروشتى نەوتو غاز و دەیان و سەدان جۆر کانزاى گران بەها، جگە لە کەشو هەواى گونجاو بۆ کشتوکاڵ و گەشتیارى ، گەشتیارى ئایینى، تواناى بێ ئەژمارى مرۆیی کە هەزارەها دەرچووى زانکۆ و کادرى بەتوانا هەیە کە حکومەتى عێراق خەرجى زۆرى تێدا کردوون کەچى سوود لە تواناکانیان وەرناگیرێت و بە خۆڕایی دەڕۆن و وڵاتانى تر کەڵک لە تواناە شارەزاییەکانیان دەبینن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت