عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: رێبازی ئه‌نفالچییه‌کان به‌رناده‌ن؟

دادگای باڵای تاوانبارانی عێراق له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداد، بڕیاری ده‌سگیرکردن و دادگایی کردنی بۆ( 432 ) تۆمه‌تباری ئه‌نفال ده‌رکرد، ته‌نیا چه‌ند تۆمه‌تبارێکیان ده‌سگیرو زیندانی و دادگایی کرد، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌ک ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ده‌سگیر نه‌کرد، به‌ڵکو ژیانی زۆربه‌یانی پاراست، به‌ساردی و سڕی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بڕیاره‌کانی دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق کرد، گرنگی و به‌های یاسایی بڕیاره‌کانی ئه‌و دادگایه‌ نه‌دا.
زۆر له‌و تۆمه‌تبارانه‌ (مسته‌شار و ئامر سریه‌و ره‌فیق حیزبی و نه‌سیر متقدیم و ره‌فیق سه‌دام ) مانه‌ له سه‌ر شه‌قام و کۆڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق و به‌غداد و شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ولێرو که‌رکوک و دهۆک و گه‌رمیان، وه‌ک هاوڵاتییه‌کی ئاسایی بی ترس ده‌سوڕێنه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێکیان نه‌کردبێت، له‌ کایه جیا جیاکانی حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ سیاسییه‌کان دا رۆڵی دیاریان هه‌یه‌، حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ کام له‌و تاوانبارانه‌ ده‌سگیر ناکه‌ن، رووبه‌روو ی دادگایان ناکه‌نه‌وه‌، به‌ڵکو پارێزگاریان لێ کردن.
گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای شیعه‌ی به‌غداد ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان هه‌بێت ئاسایی یه‌، ئه‌وان هه‌مان رێبازی سه‌دام –یان هه‌یه‌،گه‌ر بواریان بۆ بره‌خسێ جارێکی تر ئه‌نفال و جینۆساید -ی کورد ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام گه‌ر په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حیزبه‌سیاسییه‌کانی کوردستان، هه‌مان هه‌ڵوێستی سه‌دام یان هه‌بێت، ئه‌مه تاوانێکی تراژیدیای بێ وێنه‌یه‌ له‌ دنیا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م په‌رله‌مان و حکومه‌ت و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان به پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌، له‌ به‌های سه‌نگ و قورسایی یاسایی دۆکۆمینتی نیوده‌وڵه‌تی که‌یسی ئه‌نفال، به‌ جینۆساید که‌م ده‌کاته‌وه‌.
ئه‌وه‌ 30ساڵه په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان له‌ بۆنه‌ی یادی ئه‌نفال دا، ده‌یان به‌ڵێن به‌ که‌س و کاری ئه‌نفاله‌کان ده‌ده‌ن، به‌ڵام دوای یاده‌که‌، به‌ پێچه‌وانەوه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌ گه‌ڵ که‌یسی ئه‌نفال ده‌که‌ن، په‌یڕه‌وی بڕیاره‌ یاساییه‌کانی ئه‌و دادگایه‌ ناکه‌ن، گه‌ر ئه‌م په‌رله‌مان و ئه م حکومه‌ته‌، ئه‌م مسته‌شارو خائین وجاسوس و تاوانبارانه‌ی ئه‌نفال بپارێزن، له‌ دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌کان، به‌ پله‌و پایه‌ی جیا جیا رۆڵی سه‌ره‌کی یان پێ ببه‌خش و خانه‌نشینیان بکه‌ن.
ئایا په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌سیاسییه‌کان، نوێنه‌ری که‌س و کاری ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌له‌که‌یانن یانوێنه‌ری ئه‌نفالچییه‌کان؟، ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ لاوازو بێ بنه‌مایا نه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، ناچێته‌ خانه‌ی پاراستن و خزمه‌تی ئه‌نفالچییه‌کان؟ ئایا گه‌ر ئه‌مه‌ به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و هه‌ڵوێستی په‌رله‌ما ن و حکومه‌ت و حیزبه‌ سیاسییه‌کای کوردستان بێ؟ شایانی ئه‌وه‌ن که‌س و کاری شه‌هیدان و ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردستان به‌و هه‌موو درۆیانه‌یان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن، ده‌نگیان پێ بده‌ن؟
ئایا نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان، ئێستا رووده‌که‌نه‌کۆڵان و شه‌قام و گه‌ڕه‌ک و هۆڵه‌کان و گوندو شارۆچکه‌و ناوچه‌جیا جیاکان، له‌ده‌رگای ماڵان ده‌ده‌ن، چی به‌ که‌س و کاری ئه‌نفال و تاوانبارانی ئه‌نفال ده‌ڵێن؟ ناڵێن ئێمه‌ نوێنه‌ری کامیانین.
په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌ریـم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وحیزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، گوێ له‌ که‌سو کاری ئه‌نفاله‌کان ناگرن، به‌ پلان و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌کانیان، پارێزگاری له‌ ئه‌نفال چییه‌کان ده‌که‌ن، رێبازه‌که‌ی سه‌دام و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌رناده‌ن.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies