دلێر محەمەد نوری: دوا ڕەچەتەی دەردی کورد، دوا مانیفێستی شێرزاد حەسەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شێرزاد حەسەن لە واڵی خۆی، لە فیس بووک و لە پەیجی فەرمی خۆیدا، بە تێکستێکی 2210 وشەییەوە، بوو بە میوانی دڵ و مێشک و چاومان. تێکستەکەی ناوناوە (دوامانیفێستی من)، کە هیوادارم دوا نەبێ و هەتا من ماوم تێکستی پڕ مانا و پەیامداری ببینم.
من لای خۆمەوە ناوی ئەم تێکستەم گۆڕی بۆ (دوا ڕەچەتەی دەردی کورد)، چونکە بەڕاستی ئەمە دوا ڕەچەتەی دەردی کوردە. ئەو دەردەی ئەمڕۆ لە لوتکەی خراپیدایە و بەرگری لەشی وەها دابەزیوە کە ئیتر نەک دژ بە ڤایرۆسەکان ناجەنگێت، بەڵکو یاریدەیان دەدات دژ بە تەندروستی خۆی. شێرزاد دەڵێ من 30 ساڵە لەم بوارەدا دەڵێم و دەرێسم و هاوار دەکەم (هەڵبەت مەبەستی پەروەردەی نەوەیەکی تەندروستی پڕ لە نەخێر و بۆچی و چۆنە؟). واتا 30 ساڵ کارکردن لە بواری دروست کردن و ئافەراندنی مرۆڤی کوردی گومان کەر، پرسیار کەر، چاو کراوە و گەردن بەرز لە جێی مڕۆڤی مەڕئاسای سەرشۆڕ بەرانبەر بە مینبەرە جۆراوجۆرەکان. 30 ساڵ کارکردن لە سەر تاکی کورد بە دەیان کتێب و سەدان کۆڕ و سیمینار و چاوپێکەوتن و هەزاران تێکست و نووسین، دەیان و سەددان و هەزاران وشەی دەم پیاسەی سەهۆڵەکە و سەر مێزە ڕەقەکانی چاخانەی شەعب، ئەمە جگە لە بەشداری لە دەیان کۆنگرە و پانێڵ و نەدوەی نێودەوڵەتی. بەڵام پێم وایە ئەو ڕۆژانەی شێرزاد وا بە تاسە و تەوژمەوە کاری لە سەر تاکی کورد ئەکرد لە کۆمەڵگادا، هەرگیزاو هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ کۆمەڵگای کورد وەک بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ڕەش هەڵات (وەک مامۆستا خۆی ئەم ناوەی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بڕیوە) لە ئەمڕۆی خۆی ڕەشتر نەبووە. هەر بۆیە، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ، بووە بە هەوێنی نووسینی (دوا مانیفێستی من). چونکە شێرزاد ئیدی درکی بەوە کردووە چ نەوەیەکی نەزان و نەخوێندەوار و مەڕ و بێ پرسیار و بێ گومان بە ڕێوەیە. چ نەوەیەکی سەرشۆڕ و ملکەچ و داخراو و پێچراو و داپۆشراو ڕووی کردۆتە ژێر مینبەرەکان بۆ ئەزبەرکردن و کۆپی پەیست کردنی بیری شۆڤێنستی و وشک وەک وشکایی ساراکان.
من لێرە خەریکی ئەوە نابم، تا شیکاری بۆ مانیفێستەکەی شێرزاد حەسەن بکەم. چونکە ئەو مانیفێستە هێندە ڕوونە، هێندە ڕاستە، هێندە شیکراوەیە، هێندە بۆ هەمووان نووسراوە، پێویستی بە هیچ ڕووناکی خستنەسەر و لێکدانەوەیەک نیە. بەڵام ئەوەی خەمی منە لەم تێکستە بیرخەرەوە نەقیزە ئاسای شێرزاد ئەوەیە کە کوردی نەخوێنەوار، تاکی کۆمەڵگای نەخۆش، نە بەلایدا دەچێ و نە هیچ هەوڵێکی تاکە کەسی وەک ئەمەی شێرزاد ڕایئەچڵەکێنێت. ئەو ئامادەیە ڕۆژی هەزاران جورعە نەخۆشی لە گوێچکەکانییەوە بخەنە مێشکییەوە، بەڵام تاقەتی خوێندنەوەی تێکستێکی 2210 وشەیی نیە لە ڕێگەی چاوییەوە و لە ڕێگەی ختوکەدانی مێشکییەوە، تا دەرگا لە سەر ئەو پرسیارە جەوهەریانە بکاتەوە کە شێرزاد ڕەنگە بۆ دواجار بیەوێت بیانخاتە سەر پشت. نەوەی ئەمڕۆ نەوەی مەلزەمە، نەوەی گوێ قوڵاغ. ئەو نەوەیەی بۆق ئاسا هەر ئەڕوانێت بۆ سەرەوە و چاوەڕوانە لە سەرەوە مێش و مەگەزی بۆ ببارێ، کە هەرگیز بۆ ڕۆژێکیش بیری نەکردۆتەوە کە وەک چۆلەکەی ئازاد لە سەرەوە بڕوانێ بۆ خواری خۆی و بۆ گووڵ. تۆ بڵێی وەها نەوەیەک تاقەت و کاتی مابێ بێ، تا لە ڕەچەتەکەی مامۆستا شێرزاد بڕوانێ و دەردی خۆی پێ تیمار بکات؟ باوەڕ ئەکەم نەخێر.
ئەوەی شێرزاد لە دوا مانیفێستی خۆی ورژاندوویەتی کۆمەڵێک پرسی گەورە و گرنگن کە دەکرێ هەمووان بەوانەشەوە کە 30 ساڵە ئیعلانی جەنگیان دژی شێرزاد کردووە، بە جدی وەریبگرن. شێرزاد زۆر لۆژیکێکی ئەرگومێنتاری هەیە بەوەی بڕیاری باری تەعالایە کە ئەم لەو ئادەمەی یەکەمە، کە گومانی کردووە و بە گوێی نەکردە، دواجاریش سزای خۆی وەرگرووە. دە ئێوەش ئەو گەورەییە لە یەزدان فێربن نووکی شیرەکانتان دانێن و زمانی دیالۆک بخەنەگەڕ، دواجار با ئێوە بەهەشتی و ئەویش دۆزەخی بێت، وەک ئەوەی یەزدانی مەزن بڕیاری لێداوە و بۆیە پێویست بە پاڕێزەری خۆبەخشی خودا ناکات لە سەر زەوی.
ماوەتەوە بڵێم پەیامداری شێرزاد حەسەن لەم تێکستەی کۆتایی، خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش ئەمانەی لای خوارەوەن:
1- شێرزاد ئەیتوانی بە ڕەخنەگرتن لە کایەی ئایین و پەروەردە و ئەخلاقی سەپاوی کۆمەڵگا، هەندێ کەیسی هەڕەشە و گوڕەشە لە کۆڵ بنێ و ڕوو بکاتە ئەوروپا و لە بری دانیشتن بە دیار هەڕەشە و جنێو و ئیهانەکانی بانگخواز و ئایین زاکان، بچێت وەکو زۆرێک بە دیار ئیقامەیەکەوە سەری خۆی کز بکات. جا نەوەی داهاتوو چی بەسەر دێت با بێت. وەنە نەبێت ئەمەشی بۆ هەڵنەکەوت بێت و خۆی ئارەزوومەندانە نەگەڕابێتەوە باوەشی هەڕەشەکانی نشتیمان و بۆ نێو خەم و دەردە گەورەکانی وڵات.
2- شێرزاد ئەیتوانی لە پەنا حزبێک و سەرۆکێک ئەوەی نەشێ بیکات و بیڵێ و بە دونیایەک حیمایەشەوە بە کۆڵانەکاندا بسووڕێتەوە و باکی بە هەڕەشە و تەکفیر و تەهدید نەبێت. بەڵام ئەو هەر زوو تاوانی دواکەوتوویی و نقومبوونی کۆمەڵگای لە جەهالەت خستە ئەستۆی دەسەڵاتی کوردی و بە ئەندازەی کایەی ئایینی و ئایینزاکان، سیاسەتی کوردی و سیاسییەکانیشی لەم ڕەخنەباران کردنە نەپاراست. ئەو بێ باک بوو لەوەی کە ژمارەی دوژمن و ناحەزەکانی چەندن با ببن، بەڵام ئامادە نەبوو لە ڕاستی مەسەلەکە لا بدات کە ئایینزاکان و سیاسییەکان بە یەک ئەندازە تاوانبارن لە بە مەڕکردن و دواخستنی کۆمەڵگا.
لەو دوو خاڵەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو خەمەی شێرزاد بۆ کۆمەڵگای کوردی لە کۆڵی ناوە، تەنها خەمی نووسەرێک و منەورێکی هاکەزایی نیە، ئەو خەمخۆرێکی ڕاستەقینەیە و ئەوەش خەمێکی قووڵی گشتییە و زۆر لە خەمی بێ وڵاتی و بێ ناسنامەیی و بێ سنووری گەورەترە، ئەگەر کلیلی کردنەوەی دەرگای چارەسەری سەرجەم ئەو خەمانەش نەبێت. چونکە ئەو کۆمەڵگا و ئەو تاکەی شێرزاد ئەیخوازێت بزێو و چالاک و مرۆڤ دۆست و ژینگە دۆستە، کە هەر بەمەش کۆمەڵگای کوردی دەگاتە کەناری ئارامی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت