گۆران هەڵەبجەیی: بوێری لەگێڕانەوەی، خوێنڕێژێکی بێتاواندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ دەمێک ڕۆمانێک، چيرۆکێک، ياداشتنامەيەک، یا هەر جۆرە کتێبێکی دیکە دەگرێت بەدەستەوە، پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەيەک بۆی دەردەکەوێت کە ئەم پەرتوکەی بەدەستیەوەیەتی سەرکەوتووە ياخود نا، ئەوش بەوەی کە تا چ ئەندازەيەک توانای ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەری هەیە.
پەرتووکی سەکەوتوو ياخود نووسينی سەرکەوتوو ئەوەيە کە دێڕ لە دووای دێڕ، لاپەڕە لەدووای لاپەڕە پەلکێشت کات بۆ قوڵایی، نووسينی بڕشت و بەپێز وا لە خوێنەر دەکات تەنانەت لەکاتی نانخواردنيشدا دەستبەرداری نەبێت، بەوەی چاوێکی لەسەر پەرتووکەبێت و چاوەکەی دیکەی لەسەر خوانەکەی بێت. کتێبی سەرکەوتوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت دەمێک ڕووداوەکانی نێوی وەک دەنکە مرواری ببەستێت بەیەکەوە و هیچ ڕووداوێکی لێ زایەنەبێت و لە تۆمارگای زهندا وەک خۆیان بمێننەوە.
ئەم جۆرە کتێبانە زۆر جار دووجۆر هەست لەکن خوێنەر درووست دەکەن، هەستێک دەڵێ دەخوازم زووبگەمە کۆتایی، دەخوازم بگەمە ئامانج و مەبەستی نووسەر و دەمەوێت بەخێرایی کۆدەکان بکەمەوەو لە ڕێگەیانەوە بگەم بە پەیڤە کۆتاییەکان، هەستێکیش دەڵێت نەخێر ناخوازم لەخوێندنەوەی ببمەوە، ناخوازم فەزای فراوان و ئەندێشەی جوانی پڕ لە ڕازی هەمەڕەنگ هەمەڕووداو جێبهێڵم.
لەبەرامبەردا دەشێ هەندێ کتێب هەبن هەستێکی سەلبی لەکن خوێنەر درووستبکەن و هەڵسەنگاندنێکی وای لا درووست بببێ کە ئەم کتێبە لەهیچ ڕوویەکەوە سەرنجڕاکێش نیە، بەوەی پاش چەند لاپەڕەيەک لێی بێزار دەبێت و ڕەنگە تەواوی نەکات و دەستبەرداری خوێندنەوەی ببێت.
کۆتایی مانگی ئاگوست لە گوبنهاگن، نووسەری هاوڕێم، بەڕێز کاک هيدايەتی مەلاعەلی پەڕتوکە نوێکەی بە نێوی [خوێنڕێژێکی بێتاوان] نمايشکرد.
لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەدا، خوار ناونیشانەکە نووسراوە { گێڕانەوە هيدايەت مەلاعەلی } واتە ئەم بەرهەمە بریتیە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتێک کە لەزەمەنێکی ڕابردوودا ڕوویانداوە و خودی نووسەر پاڵەوانی نێو ڕووداوەکانیەتی. دەکرێ ئەم بەرهەمە چەندین پێناسە هەڵبگرێت، بۆنمونە دەکرێ وەک گێڕانەوەيەک لە قاڵبی فەنتازيادا پێناسە بکرێت ،دەکرێ وەک ڕۆمانێکی حەقیقەت ئامێز سەيربکرێت ،دەکرێ وەک ياداشتنامەی سەردەمێکی دیاریکراو بناسرێت، دەکرێت وەک بەسەرهاتێک لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیدا هەڵسەنگێنرێت، کەواتە ئەوە خودی خوێنەرە لە چ گۆشە نیگایەکەوە سەیری دەکات و چ ناونیشان و پێناسەیەکی پێدەبەخشێت.
بێگومان قسەکردن و هەڵوەستەکردن لە مەر سەرجەم بەسەرهات و ڕووداوەکانی نێو پەرتوکەکە {بەووردی }،کاتی زۆری دەوێت، بۆیە هەوڵدەدەم پتر تیشک بخەمە سەر هەندێک ڕووداوی گێڕانەوەکە، کە بەلامەوە گرنگن زیاتر سەرنجمیان ڕاکێشاوە.
يەکەم:
پەڕتوکەکە سەبارەت بە ژينگەيەک، يا باژێڕێک نووسراوە کە کارئەکتەرە سەرەکیەکە خەڵکی ئەوێيە،کە با ژێڕی هەڵەبجەیە، خۆشبەختانە منيش خەڵکی ئەوێم و تاڕادەیەکی باش شارەزای کوونووکەلەبەر و جێگەکانم، جاکەسێک لە ژينەيەکدا گەورە بوبێت کە مەکۆی ڕووداوەکانە، دیارە باشتر پەی بەلايەنە شاراوەکان و ناواخنی ئەو دێڕانە دەبات وەک کەسێکی نامۆ کە لەدورەوە بيخوێنێتەوە.
ئەو گەڕەکەی کە بووەتە شانۆی نمایشی ڕووداوەکان،گەڕەکی ( کانی عاشقان)ە، ڕاستە من لەو گەڕەکە نەژياوم، بەڵام بەهۆی بچوکی شارەکە لەو سەردەمەدا، زۆربەی دانیشتوانەکەی شارەزاي کوچەوکۆڵانەکانی بوون، تەنانەت دەمانزانی ماڵی فڵان و فيسار لەکويدايەو حەوشەو دەرگانیان چۆنن و چ ڕەنگن، جا زۆربەی ئەو شوێنانەی کە کاک هيدايەت ئاماژەیان پێدەکات و هەڵوەستەیان لەسەر دەکات، ئەز لە دەمی خوێندنەوەدا وەک فلاش باگ گوزەرم پێدا دەکردن و بە خەياڵ دەمهێنانە بەردیدی خۆم.
دووەم:
لايەنکی زۆرجوان و گەشی پەڕتوکەکە، ئەو زمانەيە کەبەکاری هێناوە، زمان زۆر گرنگە بۆ نووسين، زمانی بڕشت کليلی نووسینە، زمان ئەو سيحريە کەخوێنەر دەخاتە حاڵەتی ڕامان، زمانی زەنگین و هەمە گوزارشت چێژی تایبەت دەبەخشێتە خوێنەر، گەر هێزی زمان نەبێت نووسين لە چەند دێڕێکی ڕەق و وشک و بێ بزاوت بەولاوە هيچی تر ناگەيەنێت.کاک هيدايەت توانیویەتی زمانێکی شيرين بکا بەبەرگی ئەم نووسينەيدا، لە زۆر جێگەدا، وشەگەلێک، ڕستەیەک ياخود دەستەواژەیەکی بەجۆرێکی وا ئەدەبی داڕشتوە کە خوێنەر سەرسام دەبێت و دەپرسێت کە لە چ گەنجینەیەکەوە وەریگرتوون؟ بە بۆچوونی من ئەوە بۆخۆی مانای شارەزايە لە زماندا، تواناسازی و زەنگینیە لە دەربڕیندا، سەیری ئەم چەند نمونەیە بکەن: [وەک ئەوەی تازە لە کەرنەڤاڵی سەما گەڕابنەوە – ڕۆحم زیاتر تژی دەبێت لە موجیزەی شینایی خەیاڵم-لەتەک پۆلێک باڵندەی دڵخۆشدا دەڕوات {لاپەڕە 8} – وەک کەرەی سەر نانی گەرم بەڕۆح و جەستەی یەکدیدا دەتوانەوە{ لاپەڕە13} – ڕێگایەکی کوورت بوو، بەڵام پڕ لە ئاوازودەنگ و ڕەنگ بوو- ڕێگایەک ئاشنا بە هەنگاو و نیگاو وترپەکانی دڵم{ لاپەڕە15}- تا بەقوڵایدا ڕۆبچیت، دووڕ و مەرجانی زیاتری تێدا دەدۆزیتەوە { لاپەڕە28}- من لەو پارچە قوماشە دەچووم کە دراوە بەسەر تەنافداو بیریان چووە لێی بکەنەوە- من لەپاش ئەو پرسیارە نەفرەتیەوە، وەک باڵندەیەکی غەمگین باڵ کرام و خرامە نێو قەفەزێکی ئاسنین{لاپەڕە 83}.
نووسەر دەيتوانی هەمان مەبەست و هەمان وشە یا هەمان دەستەواژەی بەکاربهێنایە کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری دەهێنین، بەڵام ئەمەی نەکردووە، بەڵکو بۆ ئەوەی گوزارشتەکان، مەبەستەکان، پەرەگرافەکان لای خوێنەر جوانتر و دڵگیرتربن، چووە زمانێکی ئەدەبی ڕەوانی بەکار هێناوە. هاوزەمان زۆر دەستەواژە و ڕستە هەن کە بە سێ چوار جۆری ئەدەبی دایڕشتووە وهۆنيويەتەوە، ئەمە بۆخۆی جوانی بەخشیوە بە ڕستەکەو و جێگەی تێڕمانە، بۆ نمونە دەمێک باسی حەوشەکەی ماڵی خۆيان دەکا،کەدايکی چۆن بەجۆرەها گوڵ ڕازاندویەتەوە و چۆن ئێوارانی هاوینان ئاویداون و ئاوڕشێنی ئەو ناوەی کردوە و چۆن سفرە ڕازێنراوەتەوە و لەنێو بۆن و بەرامی گوڵ و درەخت و ئاسەواری ئاوڕشێن و فێنکی هەوا و نانخواردنی بەکۆمەڵ و بەقسە و پێکەنين، پێکڕا ئەمانە جۆرە هارمۆنیایەکیان پێکهێناوە،کە ئارامیان بەخشیوە بە خێزانەکە.
ئەم جۆرە وەسفکردنەی ماڵ و دەوروبەر و گەڕەگ، سەلیقەیەی تایبەت دەخوازێت کە لە هەموو کەسدا مەوجوود نیە و هەمووکەس ناتوانێت ئەم جوانکاریەی تێدابکات.
لە جێگەیەکی تردا باس لە قەيسەریەکەی باژێڕ دەکات کە باوکی لەوێدا دووکانداربووە، ئەو قەيسەريە بەیەکێک لە پێگە کلتوري و ئەفسوناویەکانی شار هەژمار دەکرا، { بەداخەوە بەعس پاش کیمیابارانەکە ڕووخانی بەمەش بەشێک لە کەلەپووری ئەو باژێڕەی مەحفکردەوە}. لەکن باژێڕوانان، ئەو قەيسەريە، وەک جێگە و مەنزڵگای حەج وسوکنابەخش وابوو، دەگمەن ڕوویداوە کەسێک ڕێگەی کەوتبێتە {مەیدانەکە} و کوورتە پیاسەیەکی بەنێو قەیسەریەدا نەکردبێت. پەیوەست بەو قەیسەریەوە هيدايەت لەوێدا باسی چەند شتێک دەکات کە سەرنجڕاکێشن، يەکێکيان چاودێریکردنی ئەو پەڕەسێلکانەیە کە لە بنمیچەکاندا هێلانەيان چێکردووە، هیدایەت سەرنجی وەردی دەخاتە سەر هاتووچۆو و جولەو چۆنیەتی بەخێوکردنی زەڕنەقووتەکانیان. ئەمە بۆخۆی تیژی نیگاو ئارەزووی چاودێری وردی مێرد منداڵێک دەگەيەنێت بۆ کائینێکی بچوک کە بوونەتە بەشێک لە بزاوتی قەیسەریەکە. هەر لەهەمان قەیسەریدا کە ئەم بۆ جێگرەوەی باوکی نیوەڕوان چووەتە ئەوێ، هاوکات کۆمەڵێک مێردمنداڵی هاوتەمەنی کە ئەوانیش زیاتر هەر لەوکاتەداو بۆ هەمان مەبەست لەوێ بوون، ئەمانە بۆ چەندکاتژمێرێک بوونەتە برادەی یەکتری. ئەم مێردمنداڵانە لە ماوەی ئەو چەندکاتژمێرەدا {ئاتمۆسفێر}ێکی تايبەتيان بۆخۆيان درووستکردووە، بە باسوخواستی هەمەچەشنە و گەمەی جۆراوجۆر و سەرنجی تەنزئامێزی ڕێبواران کاتەکەیان بەسەربردووە.
ڕووداويکی تر کە دەشێ زۆربەمان هەستمان پێکردبێت و بیزانين، یاخود ڕەنگە بەسەرماندا هاتبێت،کاریگەری خراپ وزیانبەخشی باڵادەستی مرۆڤە بەهێزەکانە، جا بەهێزی جەستە ياخود ئەقڵبێت، يا گەورەیی تەمەن بێت، بەداخەوە زۆر جار ئەم {گەورانە} منداڵی لەخوارخۆيان، ئیدی برای بچوکبێت ياخود خزم ودەوروبەر، بەکاریان هێناون بۆکاری نادرووست و قيزەوەن، ئەتوانم بڵێم ئەو کارانە لە کلتووری ڕۆژهەڵاتیدا باوە و ڕەنگە هەتا ئێستاش هەر مابێت. جا کاک هيدايە ئەم [گەورەییە] لەدوو جێگەدا و وەک دوو چەمک لەدوو ڕووداوی جیاوازدا باسدەکات.
يەکێکیان کارکردنی بووە وەک پەيامبەرێک بۆ بردنی فەرمایشەکانی {گەورەیەک}،کە بریتی بوون لە حەزو ئارەزوە سێکسیەکانی و هێنانەوەی وەڵامەکان لە جەمسەری خانمێکەوە. ئەم کابرايە و برادەرەکانی بۆ گەشتن بەو ژنە [کۆدی تایبەتیان] بەکار هێناوە کە هیدایەت لێی تێنەگەشتووە، بەڵکو تەنها گەیاندنی لەسەربووە، ئەویش لەژێر فشارو ترسدا. سەرەتا لەمەسەلەکە نەگەشتووەو لە پاکی و بێئاگایدا ئەو کارەی کردوە، بەڵام لەدوايدا کە بۆی دەردەکەوێت مەسەلە چیەو خەریکە کۆدەکان دەکاتەوە ،ئیدی هێدی هێدی خۆی دەکشێنێتەوە.
چەند [گەورە]یەکی تر لەتووخمێکی دیکە و لە نمایشێکی نائینسانیدا هیدایەت ناچار دەکەن تا چاو لە دزيەیەکانیان بپۆشێت، دزیلێکراویش خودی هیدایەت خۆیەتی و بەدیاری کراویش دەغیلەکەی باوکی. لەو دەمەی باوکی نووسەر بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ و پشوودان گەڕاوەتەوە بۆماڵەوە، ئەمیش وەک هەمووجار لەبری باوکی ئاگای لەدوکان بووە، هەندێک جار چەند گەورەیەک یەک دوو منداڵيان ناردۆتە سەری بۆ ئەوەی لە دەخیلەکەی باوکی پارە دەربهێنن، ئەوێش نەيتوانيوە ڕێگربێت یا ناڕەزایی دەرببڕێت چونکە [دزە گەورەکان] لە دوورەوە چاودێرييان کردووە و بەزمانی جەستە هەڕەشەيان لێکردووە، ئەوەش بۆخۆی دووجار کارێکی نەشیاو قيزەوەنە، یەکەم تێکدان و لەکەدارکردنی کەسایەتی منداڵ بە بەکارهێنان و بەدزکردنیان کە پێدەچێت ئەوانیش بەدەر لەخواستی خۆیان و لەژێر فشارو ترسدا بەوکارە هەستابن، دووەم دزیلێکراوە کە بێگومان لەکاتی کردارەکەدا بەدۆخێکی دەروونی نالەباردا تێپەڕیوە، بەوەی لەبەرچاوی خۆی لە ڕەنج و ماندووبوونی باوکی دەبەن، بێ ئەوەی هیچی بۆ بکرێت. ئەوەی لام جێگەی پرسیارە، چۆنە کاک هیدایەت ئەم باسەی لای باوکی نەدرکاندوە؟ ياخود ئايا باوکی هەستی بەوە نەکردووە کە پارەی دەغيلەکە کەمیکردووە؟
ناونيشانی پەڕتوکەکەش شایانی هەڵوێستەیە، جێگەی خۆیەتی بپرسین کە بۆچی کاک هیدایەت ئەم ناونیشانەی بەخشیوەتە کتێبەکەی؟ ( خوێنڕێژێکی بێتاوان) چ واتاو ماناو مەدلوولێکی هەیە؟ دەکرێ کەسێک خوێنڕێژبێت و هاوزەمان بێتاوانیش بێت؟
ئایا خوێنڕشتن بۆخۆی تاوان نیە؟بەدیوەکەی دیکەدا دەپرسم، ئایا بێتاوان ئەوەیە کە خوێنەکەی ڕژاوە یا ئەوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە؟ بۆ کردنەوەی ئەم لوغزە ئاڵۆزە هەردەپێ پەنا بۆخودی نووسەر بەرین کە بەسانی ڕوونیکردوەتەوە، مەبەست ڕشتنی چ جۆر خوێنێکەو بۆ چ مەبەستێک ڕژاوە.
چیرۆکە{خوێنڕشتنە}لەوێوە دەست پێدەکات کە خێزانێک وەک کرێچی دێنە نێو حەوشەکەيان و کچێکيان دەبێت کەچەند ساڵێک لە کاک هيدايە بەتەمەنتردەبێت، دروستبونی پەيوەندي ئەم کرێچیە نوێیەو ئەم مێردمنداڵە لەو ساتەوەختەوە دەستپێدەکات کە ستایلی قژی کچەکە سەرنجی هیدایەت ڕادەکێشێت و لێی دەپرسێت [قژت بەچی وا وەک بورمە لول کردووە؟ ]، پرسیارێکی گەلێک سادە وەک سادەیی هەر پرسیارێک، بێ مەبەست لەزاری موراهیقێکەوە دەرچووە، ئيدی ئەم پرسیارە دەبێتە داچەقاندنی یەکەم کۆڵەکەی بەندیخانەیەکی ڕۆحی، دەبێتە درێژکردنەوەی یەکەم تەونی جاجڵۆکەی ڕاوکردنی نێچیرێک، نێچیرێک کە ڕاوکردنی زۆر سانابووە، چۆن و چ کات ویستبێتی بۆ مەرامی خۆی بەکاريهێناوە.
ڕۆشتن لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە ئەم کچە {سادییە} کۆتوبەندی هیدایەتی بەجۆرێک کردوە،کە نەيتوانیوە بێ فەرمانی ئەو جوڵەيەک بکات،یاخود بەکام و ئارەزوی خۆی بڕوات، بخوات وبژی، بەجۆرێک یەخسیری کردوە کە بووەتە ئامێری بەڕيمۆکۆنترۆڵ، بە ڕیمۆنکۆنترۆڵەکەی لەماڵەوە و لەدەرەوە بزاوتەکانی بۆ دیاری کردوە و چی ويستی خۆی لەسەربوبێ پیکردوە، تەنانەت وای لێکردوە کە هێدی هێدی لە خودی خێزانەکەشی هەم بەجەستە و هەم بەهەست دووربخاتەوە و وەک نامۆیەک ڕەفتار بکات، بەتایبەتی لەتەک کاکیدا. ئەم فشارە دەرونیە گەشتوە بەوەی ڕێگەی پێنەداوە لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕەک وازی بکات، ئەم دابڕانە کووتووپڕە لە کن هاوڕێکانیشی بووەتە جێگەی پرسیار، ئەمیش هەرجارە بە بەهانەیەکی [ناموقنیع] وەڵامی داونەتەوە.
بۆدەربازبوون لەو دۆخە کەهەرخۆی زانیویەتی ئاسەوارو کاریگەریە جەستەیی و دەروونیەکانی چەند قوڵ و بەسوێیە، پێویستی بە بڕیارێکی بوێرانە هەبووە کە پێی بڵێ[ستۆپ] ، پێی بڵێ بەسە ئیتر من گەمەی دەستت نیم، دەمەوێ بۆخۆم بژیم نەک بۆتۆ. پێيدەچێ لەودەمەدا ئەو بڕیارو هەڵوێستە لەدایک نەبووبێت، یاخود بيرکرنەوەی هەر هێندە بووبێت کە ملکەچی فەرمایشە [سەربازیەکان ]ی بەرامبەرەکەی بێت. ئەم بێ دەنگیە سامناکە ئاکامێکی خراپ و مەترسیداری دابەدەستەوە،ئەو ئاکامەی ژیانی ئەو دەمەی نووسەری وێران کردو ونغرۆی قوڵایی کێشەیەکی کرد کە دەربازبوون لێی ئەستەم بوو. بەهۆیەوە هەموو دەرگاکان بەسەریدا داخرابوون، کەسێکی دڵسۆزی شک نەدەبرد بەهانایەوە بێت و دەستی بگرێت و لەو زۆنکاوە دەریبهێنێت، دەبوو بەتەنها ئەو جەنگە سەپێنراوە بکات.
لێرەدا پرسيارێک دێتە پێش؟ دەمێک دەبینن کە هيدايەت نەهەڵسوکەوتی هەڵسوکەوتە، نەخوێندنی خوێندنە ، نان خواردنی نانخواردنە، نەڕەفتاری لە خوێندنگاو نێو ماڵ ئاسايیە، تا ئەو ڕادەیەی زۆر جار خۆی لە نانخواردنی خێزانی بەبیانوی کوورتمەودا دزيوەتەوە و لەگەڵ خێزانەکەیدا نانی نەخواردوە، مەعانات وایلێکردوە ڕۆژبەڕۆژ زەردو لاواز بووە، بێ ئارەزوو، کەمدووبووە. جا پرسيارە کە ئەوەيە ئەرێ بۆ تەنها جارێک کەسێک لەخێزانەی لێیان نەپرسی { بۆ ڕەفتارت وەک جاران نیە؟ } یاخود براگەورەکەی کە کوڕە گەورەی ماڵ بووە و پاش باوکی بەرپرسیاریەتی خێزانی لە ئەستۆ بووە، کاتێک کە { لەقافا گرتوويەتی}، بۆچی بانگی نەکردووە و پێی بڵێت برای بچوکم ئەم کارە باش نیەو خۆت دوورخەرەوە لەوکچە؟ بەپێچەوانەوە لەبری ئەوەی چارەسەری کێشەکەی بکات توانج و تانەی لێداوە، ئەوەش بۆتە هۆی زياتر دوورکەوتنەوەی هیدایەت لەو برایەی و سەرجەم خێزانەکەی. وەک خۆی دەڵێت شەش مانگ قسەی لەگەڵدا نەکردووە، ئاخر ئەمە چ برا گەورەییەکە، دەمێک برا بچوکەکەت بۆماوەی شەش مانگ دوو وشەت لەگەڵدا نەگۆڕێتەوە و تۆش مێشێک میوانت نەبێت و لەهۆکارەکەی نەپرسیت؟بە بۆچوونم ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەزۆرحاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی نزمی ڕۆشنبيری و خەمساردی ئەو کەسانەو کۆمەڵگا.
وێرای ئەمە خودی هيدايەتیش کەم تەرخەم بووە، بەوەی بۆچی بانگی براکەی خۆی نەکردووە و بەڕاکشاوانە هەموو شتێکی بۆ باسبکردايە و داوی ئامۆژگاری بکردایە؟ تا وەک مەسەلە کوردیەکە دەڵێت[ زەرەر لە نيوەی بگەڕێتەوە هەر باشە]، ئەو کات توشی ئەم کارەساتە نەدەبوو کە بەدڵنیاییەوە زۆر ئازاری ڕۆحی داوە.
هیدایەت بەو تەمەن و کەم ئەزموونەی ژیانەوە بتوانێت ئامۆژگاری هاوڕێ خوێندکارەکەی بکات و قەناعەتی پێبکات کە دووربکەوێتەوە لەو پەیوەندیە ئەوینداریە بێ ئاکامەی تێی کەوتووە، ئەی بۆچی کاکە نەیتوانی ئەو کارە بۆ براکەی خۆی بکات؟ لەوانەیە گەر برا گەورە بە ئەرکی برایانەی خۆی هەستیایە ئەو دەمە هیدایەتیش ئەو ئازارەی لە سینەیدا بۆ ئەم ماوە درێژە هەڵنەدەگرت کە لە ئاکامدا بەم کتێبە گوزارشتی لێکرد.
خاڵیکی تر کە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم، پەیوەستە بە براکانی کچەکەوە، وەک کاک هيدايەت باسيان دەکات، يەکيک لەبراکانی {پێموابێت ناونجی بووە}زۆر تێگەيشتوو، هۆشیارو ڕوناکبيربووە {ئەهلی کتێب بووە}. دەمێک برا گچکەکەی هەستی بەپەيوەنديەکەی نیوان هیدایەت و خوشکەکەی خۆی کردوە ويستويەتی ئەو باسە بوروژێنێ و بیکاتە کێشە، بەلام ئەو ڕێگری لێکردووە ونەیهێشتووە لەسەری بڕوات و پێی گووتووە { نەکەی کێشە درووست بکەیت و بەدەستی خۆت ئابڕوی خێزانەکەمان و خوشکەکەمان بەریت}.گەر ئەو برایە خاوەنی ئەو تێگەشتنە جوانە نەبوایە و ئاقڵانە لە مەسەلەکەی نەڕوانیایە،کەسێکی کەلەڕەق و مێشک بەتاڵ بوایە، وەک چۆن لە ڕابردوو و ئێستادا بەهۆی هەمان مەسەلەوە هەزارەها کارەساتی لێکەوتوەتەوە، لەوانیە ئەمەش کارەساتی بخولقاندایە. بەداخەوە ئەم هەڵوێستە ‌هۆشمەند و عەقلانیە لەهەموو خێزانێکدا بوونی نیەو نمونەی ئەم چەشنە مرۆڤانە دەگمەنن.
خاڵێکی دیکە کە لەکن من گرنگە و شایانی ئاماژەیە ،ئەوەيە کە بيلێم، ئەوەی کاک هيدات نووسیویەتی شتێکی نوێيە لەدنيای نووسيندا، گێڕانەوەی بەسەرهاتێک کە لە فەترەيەکی مێردمنداڵيدا پێیدا تێپەڕیەوە و ڕووداوەکانی بۆ نزیکەی چواردەیە لەسنگی پەنگخواردويدا هەڵیگرتووە، ئێستا تواني لەزمانی ئەم پەرتوکەوە دەريببڕێت، دەربڕینێکی {بوێرانە}و بێ زیادوکەم.
ڕۆژی ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبەکەی کە لەکۆپنهاگن بەڕێوەچوو، لەمیانەی باسەکەیدا دەربارەی کتێبەکە،کاک هیدایەی لە بڕگەیەکدا گووتی [پێدەچێت پاش خوێندنەوەی،کەسانێک هەبن ڕقیان لێم ببێەوە یا بەجۆرێکی بوغزاوی لێم بڕوانن، هاوزەمان لەوانەیە بڕێک لەو خوێنەرانە بەچاوی بەزەیی و وەک بوێر لێم بڕوانن و پتر منیان خۆش بووێت ] پێدەچێت هەردوو حاڵەتەکە ڕووبدات، بەڵام دڵنیام کە تێڕوانینە {ئیجابیەکە} زۆر زیاتر دەبێت. بەشبەحاڵی خۆم چێژم لە خوێندنەوەی وەرگرت، هەر بۆیە دەستخۆشی لێدەکەم بۆ ڕاستگۆیی و بوێری.
هيوادارم هەرکەسێ دەيخوێنێتەوە هەقی خوێ پێبدات وبەچاوی ڕەخنەی بابەتیانە لێی بڕوانێت، هاوکات ئومێدەوارم بۆ لەمەودوا هەموومان ئەو بوێريەی ئەومان تێدابێت، بەوەی هەرکەسێکمان لە ڕابردوودا دووچاری گرفتێکی جەستەیی یا دەروونی بوبینەوە، خەفەی نەکەین و لەسینەماندا بەندی نەکەین، بەڵکو هەوڵبدەین لە دووتوێی پەڕەو و پەڕتوکێکدا یا بەهەرجۆرێک کە دەگونجێت دەریببڕین، کە ئەوەش دوو ئامانج دەپێکێت يەکەم: لەڕووی دەروونيەوە کەسەکە ئاسودەدەبێت و لەو فشارە نەفرەتيەی دەروونی دەربازدەبێت.
دووەم: خەڵکی ئاشنا دەکات بەم جۆرەکێشانە کەنوێن {لە ئاشکراکردنیاندا} ، چونکە هەتا ئێستا کەسێک ئەو بوێریەی مامۆستا هيدایەتی نەبووە، بێت ڕووداوە قێزەوەنەکانی سەردەمی منداڵی، مێردمنداڵی یا گەنجێتی خۆی بۆکەس ئاشکرا بکات یا بەشوەيەک بينووسيتەوە و ئێمەش خوێندنەوەمان بۆی هەبێت.
لەهەمان مەراسیمدا کاک ( ريبوار حەمەمە فەرج) ی شاعيرو شانۆکار وئەکتەر، لە ڕووی هونەریەوە پێناسەيەکی جوانی بۆ پەرتوکە کرد وخستيە چواچێوەيەکی هونەريەوە، وەک ئەوەی کە خۆی سيناريوی بۆ دانابێت و گەر لەشانۆدا نمايش بکرێت چ جۆرە ڕەنگدانەوەیەکی هونەری هەڵدەگرێت، دیارە باسەکەی کاک ڕێبوار بابەتەکەی دەوڵەمەند کرد و جێگەی دەستخۆشیە.
لە کۆتایدا دووبارە دەستخۆشی لەکاک هيدات دەکەم، بۆ ئازایەتیەکەی، هەم بۆ بەخشینی داهاتی پەرتوکەکەی، کە بەخشيە ڕێخراوەکەی [کاک لوقمان و مەهاباد خانی هاوژینی ]کە ئەوانیش شتومەک و پێداویستی پێدەکڕن و دەینێرن بۆ خەلکانی کەم دەرامەت و خاوەن پيداويستی تایبەت لە کوردستان، بەمەش کارێکی ئینسانی ئەنجام دەدەن و شایانی ڕێز و دەستخۆشین.
هيوادارم وەک بەندە ئەوەی لەم نووسینەدا پێمکراوە، توانیبێتم تاڕادەیەک وەک پێویست تیشکم خستبێتە سەر هەندێک لایەنی پەرتوکەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت