چێنەر عەوڵا: بارزانی(مستەفا ئێرانی) و مردنێکی جیاواز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەلا ‎مستەفا چۆن کۆچی دوایی کرد؟
‏‎لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارەتان لا ئاسان بێ، بەڵام گەر بڵێم وەڵامەکە ئەوەنیە کە بە خەیاڵتاندا دێ، لاتان سەیر نەبێ!
‏‎پێشتر بیستومانە کە کۆچکردو مەلا مستەفا بە هۆی شێرپەنجەی سیەکانی لە وڵاتی ئەمریکا و دوای چارەسەرێکی دوورو درێژی سێ ساڵی لە نەخۆشخانەی مایۆ کلینکی شاری رۆچستەری ویلایەتی مینۆسۆتا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام بە پێی راپۆرتێکی نیۆرک تایمز کە لە 2 ئازاری 1979 و رۆژێک دوایی کۆچی یەکجاری مستەفا بارزانی و راپۆرتێکی تری واشنتۆن پۆست کە لە 3- 3- 1979 لەسەر کۆچی دوایی مستەفا بارزانی بڵاو کراوەتەوە تەواو جیاوازە لەوەی بۆ رای گشتی کوردان باسکراوە.

لە راپۆرتەکەدا باس کراوە کە:
1- هۆکاری کۆچی دوایی مستەفا بارزانی (جەڵدەی دڵ) بوە. نیۆرک تایمز بە پشت بەستن بە راپۆرتی نەخۆشخانە وا دەڵێ.
2- لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتن خەوێندراوە (داخل کراوە)، ئەم نەخۆشخانەیەش دوو سەعات زیاتر بە فرۆکە لە مایۆ کلینکی شاری رۆجستەری ولایەتی میناسۆتا دوورە ( ئەو جێگایەی چارەسەری کیمیایی دژی شێرپەنجەی سیەکان لێ وەرگرتوە).
3- بە ناوێکی خوازراو بەناوی (مستەفا ئێرانی) داخلی نەخۆشخانە کراوە هەر بەو ناوەشەوە هاتۆتە ناو ئەمریکا سێ ساڵ پێشتر وە هەر بەو ناوەشەوە ناونیشانێکی (خانو)هەبوە لە ڤێرجینیا. ئەمەش دوای بەدواداچونی پەیامنێرەکەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کردوە.
4- بەگوێرەی راپۆرتی نەخۆشخانەی مایۆ کلینک و مێژووی هاتوچۆ و سەفەر و سەردانەکان لە نێوان شاری مەکلینی ڤێرجینیا (شوێنی نیشتەجێی بارزانی) و واشنتن و رۆچستەری میناسۆتا نزیکەی 1700 کلم، ماوەی چارەسەر تا مردن تێچووی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بووە.
5- لە کاتی مەراسیمی ناشتنی مەلا مستەفادا لە شاری شنۆی کوردستانی ئێران مەسعود بارزانی وتارێک دەدات و دەڵێت کە مەلا مستەفای باوکم لەلایەن CIA ی ئەمریکی دەرمان خوارد کراوە بوەتە هۆی مردنی.
وتارەکە لە کتێبی ((ئەوەی بەعس پێی نەکرا، م. رەوشەن کردی)بڵاوکراوەکانی پ. د.ک.
6- هەر لە راپۆرتەکەدا باس كراوە کە لە کاتی مردنیدا مستەفا بارزانی خێزانەکەی لە تاران بەجێ ماوە وە خاوەنی 10 منداڵ بوە یەکێک لە نەوەکانی فەرهاد کە کوری لوقمان بارزانیە ئەو کات خوێندکاربوە لە ئەمریکا و تەمەنی 20 ساڵ بوە لە دوا ساتەکانی لە نەخۆشخانە لە لای بوە. فەرهاد ماوەیەک لە دەنگی ئەمریکا کاری دەکرد ئێستاش لە ئەمریکا دادەنیشێ.
پرسیارەکە ئەوەیە مردن هەقە بەڵام ئەو تێکەڵکردنە لە پای چی؟ پێویستە بنەماڵەی بارزانی بۆ رای گشتی روون بکاتەوە ئایە مەلا مستەفا بە چی کۆچی دوایی کردوە؟
– هۆی سەرەتانی سیەکان وەکو باسکراوە.
– جەڵدەی دڵ وەکو لە راپۆرتەکانی نیۆرک تایمز پشت بەستوو بە راپۆرتی نەخۆشخانە.
– یان دەرمانخواردکرا لەلایەن CIA وەکو مەسعود بارزانی لە مەراسیمی ناشتنەکەی باسی کردوە.

سەرچاوەکان
———————-
بابەتی رۆژنامەنوس سڤین سیمۆن
https://www.nytimes.com/1979
چۆنیەتی هاتنی بۆ ئەمریکا بۆ چارەسەر
https://www.meforum.org/220
نوسەر ، ج. ی.سمس
https://www.washingtonpost.com//
لە بارەی وتاری ساتی ناشتنی مستەفا بارزانی تۆمەتبارکردنی سی ئای ئەی
http://www.shanpress.com/

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت