بەهرۆز جەعفەر: هەڵبژاردن پێگەی کوردی لەناوچە دابڕاوەکان بەهێزکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لەو شتانەی دڵخۆشم ئەکات لەم (هەڵبژاردن) ەی لە (عێراق) دا بەڕێوەچوو، دەرچوونی ئەو تاکە کاندیدەی کوردە لە (دووز خورماتوو)، وە بەگشتی کورد لەناوچە دابڕاوەکان کورسییەکانی زیادیکردوە، ئەمەش کاریگەری هەمەلایەنەی ئەبێت:
1- تەعریبەکە هەمیشە لەوێوە دەستی پێکردوە «بەعس ناحیەی قادرکەرەم کە یەک عەرەبیشی لێ نییە خستە سەر دووزو دووزیشی خستەسەر پارێزگای سەلاحەدین-تکریت» بۆ ئەوەی کورد کەمینە بن. لە دوای پرۆسەی ئازادی و لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەریشەوە ئەوەی بەسەر دووز دا هات ئەنفال و جینۆسایدێکی گەورەبو لەو ناوچەیە.
2- لە 16 ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دوایی لەگەڵ چەند لێکۆڵەرو رۆژنامەوانێکی ئەمریکی لە دووز بوین بۆ ئەرشیف کردنی ئەو تاوانانەی کە میلیشیاکان بەرانبەر خەڵکی سڤیل کردویانە. دووز هێڵی پێشەوەی بەرەنگاریی و نزیک لە دوا خاڵی سنوریی خاکی کوردستانە. ئەو کاندیدەی دەرچووە کاک «کەریم شکور » لە 16 ی ئۆکتۆبەردا تاکە بەرپرسی حیزبی – کوردیی دیاری شارەکە بو کوردی جێ نەهێشت تا کۆتا سات شەڕی کرد و سنگی هەموو کاتژمێرێک لەبەر گوللەدا بو. بۆ یەکێک لە دوورەوە پاڵی لێدابێتەوە نازانێت کوردو ئینسان بەگشتی لەم ناوچەیە لە چی کولە-مەرگیەکدا ئەژین و ژیاون!. ئەگەر خەڵکی کورد لەبەر ناسنامەو کەرامەتی خۆیان نەبوایە دوور نەبو لەوێش سزای ئەوانە بدەن کە وایان لێکردون!. ئەمانە نزیکەی دوو سەت هەزار کوردن کە تەنها یەک کاتژمێر لە بەغداوە دوورن چۆن ئەبێت نوێنەریان لەبەغدا نەبێت!؟.
لەم هەڵبژاردنە، زیادبونی کورسییەکانی کورد لە خانەقینەوە تا موسڵ زۆر گرنگ بو، چونکە لە خانەقینەوە تا موسڵ بە میلیشیا داپۆشراون، دووز پێویستیان بە نوێنەرێکی کورد بو لە بەغدا. لەم دوو ساڵەی ڕابردووشدا شاهیدی ئەوەبوین هەر بە زۆر عەرەب بە دارو کوتەک ئەچونە سەر گوندە کوردییە ڕەسەنەکان و لەسەر زێدی باوباپیرانیان دەریان ئەکردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت