سەردەشت محەمەد: ئەمەشمان دیووە، لەخۆتان نەگۆڕێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردنی ساڵی 2009 مێژوویەکی هێندە دورنییە کە لەزاکیرەی هەمووماندا سڕابێتەوە، بەڵکو ئەوەندە نزیک و کاریگەر بوو کە تا ئەوڕۆژەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت وەک ڕووداوێکی مێژووی و بۆ سودوەرگرتن لەو گۆڕانکارییەگەورەیە باس دەکرێت و شیکاری لەسەر دەکرێت.
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2009 دا هێزێکی نوێی وەک بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم بەشداریکردنیدا شۆکێکی هێندە گەورە دروست دەکات کە بەخەیاڵی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیدا نەدەهات. دەنگە ناڕازی و تووڕەیەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هاوڵاتیانی زۆرنی سەوز هێندەزۆر و کاریگەر دەبێت کە ناچار دوای 18 ساڵ لە حکومڕانی و باڵادەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نازناوی ئەم زۆنە لەسەوزەوە دەگۆڕێت بۆ زۆنی سەوز – نیلی. ئێستاو دوای 12 ساڵ بەهۆی ئەو هەموو هەڵە گەورەیەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە کایەی سیاسیدا ئەنجامیدا و، هەروەها توڕەی خەڵک لەبەرامبەر هێزێکی خاوەن مێژوو و خاوەن خەباتی چەکداری چەندان ساڵەی وەک یەکێتی نیشتیمانیدا کە بە حیزبی شەهیدان ناودەبرێت، ڕووداوە سیاسیەکە پێچەوانە بووەتەوە و ئەمجارەیان هێزێکی تازە دروست بوی وەک “نەوەی نوێ” دێت و سود لەم ناڕەزایەتی و بێزارییەی خەڵک دەبات و، بەوهۆیەوە دەتوانێت پلەی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆخۆی مسۆگەربکات و، نەک هەرئەوەندەی کە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بخاتە خانەی سێیەمەوە. بەڵکو کەریگەری هەبوو لەسەر کەم بونەوەی دەنگەکانیان و ئەگەر بایکۆت کردنی دەنگدان لەلایەن هاوڵاتیانەوە نەبوایە و زۆرینەی هاوڵاتیان بەشدارییان لە هەڵبژاردندا بکردایە ئەوا گومانی دەکرا دابەزینی دەنگەکانی هەرسێ هێزە سەرەکییەکەی کوردستان واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕا، دابەزینی گەورەتری بەخۆوە دەبینی. چونکە بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، لە پارێزگای هەولێر ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردندا 44٪ بووە و ڕێژەی بایکۆتکردنی دەنگدان 56٪ و لەپارێزگای سلێمانی ڕێژەی بەشداریکردن 37٪ و ڕێژەی بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن 63٪ و لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕێژەکە هیچ دڵخۆشکەرنییەو ناڕەزایەتی و بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانەش هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی بونی هەبووە. ئەم ناڕەزایەتی و بایکۆتی هەڵبژاردنە بەزیانی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان شکاوەتەوە و بەڕێژەیەکی بەرچاو دەنگەکانیان کەمی کردووە، لەدەستدانی ئەم دەنگانە و زیادبونی دەنگەکانی “نەوەی نوێ” مانایی ئەوەنیە کە ئەو هێزە نوێیە لەداهاتووشدا لەو پێگە بەرز و خاوەن جەماوەرییەدا دەمێنێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە مێژووی دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و هەبونی پێگەیەکی بەرزی جەماوەری و خاوەن 25 کورسی پەڕلەمانی لەسەردەمانێکدا و ئێستاش وەک دۆڕاوترین هێزی سیاسی پێماندەڵێت بچوکترین هەڵەی سیاسی لەلایەن “نەوەی نوێوە” دەتوانێت بارودۆخەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بگۆڕێت و هاوڵاتیان دەتوانن زۆر بەئاسانی سزای سیاییان بدەن و لە هێزی دووەمەوە بیانکەن بەهێزی سێیەم و چوارەم، چونکە ئێمە لەم ڕوەوە ئەزمونمان هەیەو بزوتنەوەی گۆڕان سەردەمانێک وەک هێزێکی کاریگەر و ئێستاش وەک هێزێکی پەراوێزخراو نمونەیەکی زیندوی ناو ساحەی سیاسی هەرێمی کوردستانە بۆیە هێزە براوەکانی ئەم جارە نابێت لەخۆیان بگۆڕێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت