عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئێستایه‌کی ئاڵوز و ئاینده‌یه‌کی ون.

مێژوو بریتییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ کاتێکی دووری پێش ئێستا، به‌ دواداچوون و شیته‌ڵکردنه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌راپا ویستگه‌ جیا جیاکانی مرۆڤ و رووداوی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رامیاری و فه‌رهه‌نگی و ده‌روونی، تۆمارێکه‌ ‌ له‌ رووداوه‌کانی رابردوو. زنجیره‌ رووداوێکی یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌و به‌ یه‌که‌وه‌ گرێ دراون. کاریگه‌ری دیاریان له‌ سه‌ر بنیات نانی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌.
رووداوه‌کانی مێژوو به‌ لایه‌نی باش و لایه‌نی خراپییه‌وه‌، وانه‌و ئه‌زمونێکی نوێ ده‌به‌خشن به‌ ئێستاو ئاینده‌ی مرۆڤ.گه‌ر به‌ وردی بڕوانینه‌ی مێژووی عه‌ره‌بی جاهلی پێش ئیسلام و سه‌رده‌می ئیسلام و دوای ئیسلام، سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی راشدین و ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی و ده‌وڵه‌تی عه‌باسی عه‌ره‌بی و ده‌وڵه‌تی عوسمانی تورک و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی فارس، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سنووری جوغرافیای گه‌لانی (عه‌ره‌ب و فارس و تورک )‌ به‌ ته‌نیشت سنووره‌کانی کوردستانه‌وه‌یه‌، له‌و زنجیره‌ رووداوه‌ مێژوانه‌دا, هه‌زاره‌ها روووداوی تۆماری توندو تیژی و زه‌برو زه‌نگ و کوشتن و بڕینی خوێناوی و سیناریۆی جیا جیا و تراژیدیای جینۆساید ده‌بینین.
لاپه‌ره‌کانی مێژووی (عه‌ره‌ب و فارس و تورک ) پڕه‌ له‌ وه‌سف و مه‌دح و سه‌نا ی (خه‌لیفه‌و سوڵتان و سه‌رکرده‌و والی و پاشاکان )، زۆر به‌ ده‌گمه‌ن کارو کردوه‌ سلبییه‌کانیان تۆمار کراوه‌، ئه‌م پرۆسیه‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ره‌ ‌مه‌قاش و ماستاوچی و مێژوونوسه‌ ده‌رباره‌کانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و مه‌به‌ستێکی دیاری کراو نوسراوه‌.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بن ده‌سته‌ی داگیرکه‌رانی نیشتمان بووه‌، له‌ ژێر کاریگه‌ری ئه‌و کلتووره‌ مێژوه‌ چه‌واشه‌‌دا ‌ بووه. گه‌ر بڕوانینه‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورد، هه‌میشه‌ ره‌نجده‌ران و چین و توێژه‌ زه‌حمه‌ت کێشه‌کان، رۆڵی دیارو سه‌ره‌کیان له‌ هه‌موو جم و جۆڵه‌کان دا هه‌بووه‌. ره‌نجده‌ران له‌ هه‌موو راپه‌ڕین و شۆڕشه‌کان دا، پێشه‌نگ و قوربانی بوون. ته‌نیا یه‌ک سه‌رمایه‌یان هه‌بووه‌، جه‌سته‌و رۆحیان، له‌ سه‌نگه‌ری له‌ به‌رگری له‌ نیشتمان به‌خشیویانه‌، که‌چی ناویان له‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا، به‌ قه‌د سه‌نگ و قورسایی باڵای شکۆی خۆیان تۆمار نه‌کراوه‌و کاڵ کراونه‌ته‌وه‌.
هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی سیاسیی و فه‌رمانده‌و لێپرسراو شێخ و ئاغا و ده‌ربه‌گ و سه‌ره‌ک خێڵه‌کانی کورد، له‌ ناو زنجیره‌ روداوه‌کانی مێژوودا رۆڵی ئیجابی و سلبی یان له‌ سه‌ر خوێنی‌ ره‌نجده‌ران تۆمار کردووه‌، به‌ڵام نووسه‌ره‌ ماستاوچێ و ده‌رباره‌کان، رۆڵه‌ ئیجابیه‌کانیان به‌ مه‌دح و سه‌ناو وه‌سفی زیاد له‌ سنووری قه‌باره‌ی روداوه‌که‌ گه‌وره‌تر کردوه‌، کراون. به‌ داستان و ئه‌فسانه‌ی پڕ له‌ تێڕامان. هه‌موو سلبیاتەکانیان بۆ شاردوه‌نه‌ته‌وه‌ و تۆمار نه‌کراون.
میژوونووسه‌ ده‌رباره‌کان به‌م مێژووه‌ چه‌واشه‌ییان، لاپه‌ره‌ی مێژووی زنجیره‌ روداوه‌کانی کوردیان شێواندوه‌ و هه‌موو سلباته‌کانیان به‌ ئیجابی بۆ تۆمارکردون. ئه‌و سه‌رکرانه‌ دروشمی خه‌بات و شۆڕش یان بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی میلله‌ته‌که‌یان، بۆ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌وانه‌ی نه‌رجسیه‌تی خۆیان و خانه‌واده‌کانیان به‌کارهێناوه‌.
کورد چۆن خاوه‌نی راپۆرتنووس و جاش و جاسوس و خائینینه‌، ئاواش خاوه‌نی نووسه‌رو رۆژنامه‌نوس و مێژوو نووسی ده‌رباره‌. ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ مه‌قاشانه‌ مێژووی سه‌رکرده‌کانیان هه‌ر هه‌مووی به‌ ئیجابی تۆمارکردووه‌. بۆیه‌ ئه‌زمونی ژیانی ئێستامان گرێیه‌کی ئاڵۆزه‌، پڕه‌ له‌ سلبیاتی درۆ و فێڵ و سیناریۆ و ته‌زویرو به‌رژه‌وه‌ندی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ و حیزب و سه‌رکرده‌ په‌رستن.
هه‌موو سلبیات و درۆ و فێڵ و ناشیرینی و ته‌زویره‌کانیان بۆ دەکه‌ن به‌ راستگۆیی و جوانی و پاکێتی و پیرۆزیی. ئه‌و سه‌رکردانه به‌پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی داگیرکه‌رانی نیشتنمان، ئێستایه‌کی ئاڵۆزی چه‌ق به‌ستوی سایکۆلۆژی پڕ له‌ قه‌یران و دژواریان دروست کردووه.که‌س که‌سی خۆش ناوێ. که‌س ئینتیمای بۆ نیشتمان نه‌ماوه‌. که‌سێتی مرۆڤی کوردیان له‌ رووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و کلتووری و ده‌رونییه‌وه‌ ، تێک شکاندووه، بۆ ئاینده‌یه‌کی تاریکستانی ون.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies