بەهرۆز جەعفەر: ڕەهەندە دەرەکییەکان لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

میدیا جیهانییەکان تاڕادەیەکی کۆمیدی باس لە دۆخی عێراق ئەکەن. یەکێک لەوانە فرانس-24 ئەنوسێت؛ هەواڵە خۆشەکە ئەوەبو ئەمجارەیان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتو لە عێراق بەڕێوە چووە بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیان نەچونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لە تویتەردا، میدیاکارە بیانییەکان ئەنوسن؛ عێراق هەر نەوتەکەی گرنگ نییە، ڕووداوەکانی سەیرن! ئەگەر عێراق نەبوایە میدیاکان خۆیان بە چییەوە سەرقاڵ کردبایە!.
سعودییەش دەستی بە دەخالەتکردن لە دۆخی عێراق کردووە، نزیکەی ساڵێک زیاترە پەیوەندی لە نێوان سەدرو سعودییە بەهێزە.
تورکیا!. ئەردۆگان لەچەندین لێدوان و چاوپێکەوتندا (وەک لەکەناڵی CBS news) ئەڵێت، ئەبێت ئەمریکا لە عێراق و سوریا بچێتە دەرەوە!. ئەردۆگان لێرەدا مەبەستیەتی کە پەلاماری کوردستان بدات، چونکە ناڵێت با ئێران بچێتە دەرەوە لە عێراق و سوریا (بونی ئێران زیاترە لە سوریاو عێراق لە چاو ئەمریکا). بەرە-بەرە کاتی ئەوەیە ئەردۆگان ئاژاوەیەکی دەرەکی بدۆزێتەوە، بۆ فڕێدانە دەرەوەی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا، لیرەی تورکی لە تەواوی مێژوودا ئەوەندەی ئێستا بەهاکەی لە دەست نەداوە (910 لیرە بە 100دۆلارە).
بەگشتی، ئێران و تورکیا یەک ئەجێندەیان هەیە لە عێراق، بەڵام زیاتر تورکیا حەز بە تێکچونی دۆخی عێراق ئەکات، لەبەرئەوەی ساڵێکی تر دەستکاریی نەخشەی سنورەکان بکات کە بەرەو یادی سەت ساڵەی پەیمانی لۆزان-1923 ئەچین.
ئێران!. بۆ ئێران عێراق گرنگییەکی حەیاتی هەیە، ڕێگای گەیشتنی ئێران بە هاوپەیمانەکانی لە سوریاو لوبنان عێراقە. بۆیە ئێران پێویستی بەوەیە هەرچۆنێک بێت ژمارەی کورسسیەکانی حەشدی شەعبی کە (300) کاندیدیان هەبو زیاد بکات. هادی عامری رێبەری لیستەکەی فەتح لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کورسییەکانی کەمی کردوە. هاوپەیمانەکانی ئێران یاخود هێزە پرۆ-ئێرانییەکان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان لە زەوی داوە. بەئاشکرا ژمارەی کورسییەکان لە کۆمسیۆنەوە کەم و زیاد ئەکات بەهۆی هەڕەشەکانی مالیکی و حەشد و ئێرانەوە.
بەرەی سەدر، کە لە موقتەدا سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و تەقەدوم( حەلبوسی) پێکهاتوە. گەورەترین بەرەیە و وێنای حوکمڕانی عێراق بە بێ ئەوان ناکرێت. ئێران ئەیەوێ لیستەکەی مالیکی و حەشدییەکان و چەند بەرەیەکی بچوکی تر لەیەک کۆبکاتەوەو فشاریش بخاتە سەر ئەنجامەکانی کۆمسیۆن، تا هەموو ئەمانە بگاتە ئەوەی ژمارەی کورسییەکان نزیک بکاتەوە لە بەرەی سەدر، پاشان ململانێ و ئینکاریی بۆ پێکهێنان و نەهێنانی حکومەت دەست پێ بکات.
ئەمریکا!. ئەوەی ئەمریکا چاوەڕێی ئەکرد بە باشی بۆی هاتەوە. نزیکەی شەش مانگ بو ئیدارەی ئەمریکا ویستیان چاوەڕێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن لەعێراق، ئەگەر ئێران زۆرینە بو، ئەوا بەتەواوی بێ ئومێدبن و بیپێچنەوە. ئەگەر فیفتی بە فیفتی بو یان دڵخۆشکەر بو ئەوا ئەمریکا بایەخێکی زیاتر بە عێراق ئەدات.
ڕەنگە هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوبوبێت! ڕەنگیشە ڕۆژگار دەری بخات بەرمەجەی ئەم سیستەمە هەڵبژارنەو ئامێرەکانی لە چی کونجێکی تاریکی ئەم دونیایەدا کراون!. هەرکامێکیان بێت بۆ کورد دەرئەنجامەکە سەرکەوتو بوو. لەهەموو ڕوویەکەوە کورد تیایدا سەرکەوتو بو، لە سەروو هەمویانەوە لایەنە سیاسییە کوردییەکان گوێیان لەزەنگێکی گەورەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بو کە ئەگەر پیایدا نەچنەوە تووشی شکستی گەورە ئەبنەوە. کورد لە تەواوی ناوچە دابڕاوەکاندا کورسیی هەیەو زیادیشی کردوە، ئەم ناوچانە بە مەترسیی سەربازیی میلیشیاکان داپۆشرابون و مەترسییان بۆسەر هەرێمی کوردستانیش دروست کردبو. کورد بە زەبری هێز ناوچە-دابڕاوەکانی لەدەستداوە بە کورسی پەرلەمانی بە دەستی ناهێنێتەوە، بەڵام بونی دەنگی ئەم ناوچانە لەپەرلەمانی عێراق بۆ مێژوو گرنگی خۆی هەیە، لەلایەنی ئیداری و ئەمنی و تایەفیەوە پارێزبەندییەکی دەستوریی پێ ئەبەخشێت. ئەو هێزەی پێویستە کورد بباتەوە ناوچە دابڕاوەکان لە پێشدا هێزی نەرمی دیبلۆماسیی و توانای هەواڵگریی و لۆبی کردنی کورد خۆیەتی، پاشان پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
ئەوەی ئەمێنێتەوە حیزبەکان دابەزنە خوارەوەو لەگرفتە ناوخۆییەکان بکۆڵنەوە، هەروەها کۆ-ڕایی دروست بکەن لە بەغداو لە سەر پۆستە سیادییەکان نەک هەر بە کەرەستەو ڕێوشوێنە کۆنەکان و کاراکتەری خۆ-پەرست و بێ پرەنسیپ دەست بۆ چارەسەرکردنی تەحەددا ئانەکی و ئایندەگییەکان ببەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت