ئارام قزلەری: نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سڵاوێکی برایانەی گەرم هیوادارم نامەکەم بگاتە دەست بەڕێزتان و ناوەرۆکی نامەکەشم زۆر دڵسۆزانەو یەکێتیانە لێ وەربگریت.
من وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و خاوەن چوار شەهیدی قارەمان ( دوبرام، دایکم، خوشکێکم ) بە پێوستم زانی کەمێک لەو ئازارو ناڕەزایانەی لەناو دڵی بەندەو زۆربەی خانەوادەی شەهیدان و یەکێتیەکاندایە ئاراستەی بەڕێزتانی بکەم.
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە نەدەبو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رێژەی دەنگ و کورسیەکانی بەم شێوە کەم بکات و دڵی ناخەزان و دوژمنانی یەکێتیمان پێ خۆش ببێت.
کاک بافڵ تاڵەبانی دابەزینی ڕێژەی دەنگەکان و ژمارەی کورسیەکانی یەکێتی شتێکی ئاسایی نیەو نابێت هەر ئاوا ئاسان تێپەڕێت و پشتگوێ بخرێت.
هۆکارەکان زۆرن تەنها جەنابت و ئەم سەر کردایەتیە نوێیەی ئێستا نیە، بەداخەوە ناڵێین هەمویان، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی پێشوش کە تیایاندایە ئێستاکە دۆلار دایپۆشیوەو خۆی کردوە بە کەڕەی شەربەت نوزەی لێوە نایەت بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی لێ تێک نەچێت.
ئەو بەرپرسانەی پێشوش لە پلە باڵاکانیانەوە تا دەگاتە بەرپرسێکی مام ناوەند بەشێک بون لە هۆکاری سەرەکی بۆ دڵڕەنجاندنی خانەوادەی سەر بەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامان و زیندانیانی سیاسی و زۆرینەی ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی.
زۆرێک لەو دەسەڵاتدارانەی یەکێتیان کردبوە ئامرازێک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانی کردن بە خوێنی پیرۆزی شەهیدە نەمرەکانەوە! بە جۆرێک هاوڵاتیان و خانەوادەی شەهیدان و یەکێتیەکانیان دڵگران کردبو، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دابەزینی ژمارەی کورسیەکان و دەنگ نەدانی زۆرینەی یەکێتیەکان چاوەڕوان کراو بوو، بە هۆی دڵگرانیانەوە کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بو کە پەیوەست بوو بە سیاسەتی بەڕێوە بردنی یەکێتی لە پێش کۆنگرەی چوارەوە.
لە دوای کۆنگرەی چواریشەوە لە لای هەموان ئومێد دروست بو کە یەکێتی بەرەو نوێ بونەوە هەنگاو ئەنێت و کەموو کورتیەکانی پێش کۆنگرە چارە سەر ئەکرێت و دزو گەندەڵکارانیش دەدرێنە دادگاو لێ پێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
زۆر بەداخەوە هەمان تاس و حەمامی پێش کۆنگرە دوبارە بۆوەو بەڵکو بەرەو خراپتریش هەنگاوی نا، بە تایبەت کێشەی ( نێوان هاوسەرۆکەکان ) کە کات و ساتەکەی زۆر ناوەخت بوو ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە ( سزادانی کادران و ئازاردان و هەڵکوتانە سەریان ) بەشێکی تر بو لە دڵگران کردن و توڕە کردنی هاوڵاتیان و بە تایبەت یەکێتیەکانیش. ئەمانەی باسمان کردن جگە لە زیان بەولاوە هیچ سودێکی تریان نەبەخشی بە یەکێتی.
لەگەڵ رێزو حورمەتم بۆ هەندێک لە سەرکردایەتیەکانی دەرچوی کۆنگرەی چوار، بەداخەوە خەڵکانی وا بێ ئەزمون و نەشارەزا بونە سەرکردایەتی نەگ لە ئاست پلەی سەرکردایەتیدا نەبون، بەڵکو تیایاندایە تەنانەت شیاو نیە بۆ ئەوەی ببێتە بەرپرسی کۆمیتەیەکیش بەڵکو زیانیان زیاتر بو بۆ یەکێتی وەک لەسود و قازانجیان.
بەڕێز بافڵ تاڵەبانی وێڕای رێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو بەڕێزانە خەڵکانێک هەن کە لە نزیک ئێوە کاردەکەن شایستەی هەموو ڕێزو حورمەت لێگرتنێکن بۆ پاکی و دڵسۆزیان.
بەڵام بەداخەوە خەڵکانێکیش هەن لەدەورو بەرتانن نەگ شایستەی ئەوە نین لە نزیک ئێوەو دەباشانەکەی مام بن، بەڵکو دەبو سەردانی دەباشانیشیان لێ حەرام بکرێت.
ئەو جۆرە مرۆڤانە نەسودیان بۆ یەکێتی و یەکێتیەکان هەیە نە لە روی سیاسەت و فکریشەوە زاناو لێهاتون، تەنانەت لە روی کۆمەڵایەتیشەوە هێندەی زیان بە جەنابتان و بە یەکێتی ئەگەیەنن، نیو ئەوەندە سود بەخش نین و بگرە راستی و کەموو کورتیەکانی یەکێتیشتان پێ ناگەیەنن تەنها بۆ خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان ئەژین.
بەڕێز بافڵ تالەبانی شاری سلێمانی کە ناسراوە بە شاری هەڵمەت و قوربانی لە دێر زەمانەوە بڕبڕەی پشتی یەکێتی و شۆڕشی کوردایەتی بوە، تەنانەت خواڵێخۆشبو جەنابی مام جەلال زۆر شارەزاییانەو حەکیمانە مامەڵەی لەگەل یەکێتیەکان و هاوڵاتیەکانیدا دەکرد.
دیکتاتۆرەکانی وەک صەدامیش بە حەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردو بە ( رأس الحيه )واتە بە سەری مارەکە ناویان دەبرد. ئەوانەی کەمێک شارەزایان لە سیاسەت کردندا هەبوبێت هاوڵاتیانی شاری سلێمانیان لە خۆیان نەڕەنجاندوەو نەیان وروژاندوە.
مەڵبەندی ڕێکخستی سلێمانیش کە هەمیشە پێشەنگی مەڵبەندەکانی تر بوە لای هەموان ئاشکرایە کە زۆرێک لە کادران و ئەندامان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دڵگران و دڵشکاو بون لە ڕابوردودا تەنانەت بە سەردانی کردنیش بۆ ساتێک نەچونەتە ناو ئەو مەڵبەندەوە.
زۆر زەرور بوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کەسێکی پسپۆرو شارزاو کۆمەڵایەتیتان بۆ دەست نیشان بکردبایە بۆ ئەوەی هەر نەبێت دڵی یەکێتیە دڵشکاوەکان ئاشت بکاتەوەو ئازارو نەهامەتیەکانی رابوردویان لە بیر بباتەوە کە ئەمەش هۆکارێک بو بۆ کەمکردنی ژمارەی کورسی و ڕێژەی دەنگەکان.
بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی یەکێتیە دڵسۆزو تێکۆشەرەکان پەروەردەو گۆشکراوی قوتابخانەکەی مامی ڕەحمەتین و هەرگیزاو هەرگیز زۆرو زەبرو ئیهانەکردنیان پێ قبوڵ ناکرێت و ئەگەر لەڕوی هێزیشەوە نەتوانن بەرەنگار ببنەوە لە کاتی دەنگداندا ئەو ڕەحم و خۆشەویستیان بۆ یەکێتی نابێت و بەم جۆرەی کە بینرا لەروی دەنگ و هەڵبژاردنەکانەوە سزای ئەدەن.
بۆیە داواکارم لە بەڕێزتان گۆڕانکاریەکی سەرتا سەری لە حیزب و حکومەتا بکەن لە سەر بنەمای لێهاتویی کەسەکان و ئیتر بەس بێ کوڕی بەرپرس، کچی بەرپرس و، خەڵکانی خۆبەرە پێشەوەو ماستاو چی، ئیتر وەختی ئەوە هاتوە ئەوانەی چەندین ساڵە غەدریان لێ دەکرێت و پشت گوێ خراون مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.
بۆ بتەو کردن و ساڕێژ کردنی برینەکان زەرورە جەنابیشتان دەست پێشخەر بن بۆ ئاشتکردنەوەی دڵشکاوەکان و بۆ ئەوەی دەست لە ناو دەست بۆ هەڵبژاردنی ئایندە یەکێتیەکەمان بگەیەنینەوە لوتکەو رۆحی مامی گەورەو سەرجەم شەهیدەکانمان ئاسودە بکەینەوەو بە ناحەزانی یەکێتی بڵێین ئەنجامی دنگەگانمان چەند خراپ بێت بەڵام ئیرادەی ئەوەمان هەیە یەکێتی و مێژوەکەی بگەیەنینەوە لوتکەی سەفین و نەهێڵین ناحەزانمان پێ خۆش ببێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت