محەمەد عەبدوڵا: موفاجەئە گەورەکەی سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆری لەهەگبەدابوو، بۆ هەموو حیزبەکان شۆکهێن بوو، بەڵام یەکێتی براوەو دۆڕاو و سوودمەندی یەکەمە.
ئەنجامەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ زۆر کەس سەیرە، بەڵام بۆ کەسی شارەزا زۆر ئاساییەو گۆڕان دەمێکە خۆی ناشتووە، ئەوەی سەیرە چۆن توانیویەتی بیستودوو هەزار دەنگ بێنێت، چونکە گۆڕان حیزبێکی خاوەن ئۆرگان و ڕێکخستنی حیزبی نییە، تا کەسانێک ناچاربن دەنگی پێبدەن. نەوەی نوێش نەک دەنگی زیادی نەکردووە بگرە کەمیشی کردووە، بۆیە هەرچی بڵێی موفاجەئە نییەتی.
مەفاجەئە گەورەکە یەکێتییە، چ وەک دۆڕاوی یەکەم و چ وەک براوەی یەکەم، بەتایبەتی وەک حیزبی باڵادەستی، وەک خۆیان دەڵێن، زۆنی سەوز.
ئەگەر لەڕووی ژمارەی کورسییەکانییەوە لێی بڕوانین، یەکێتی لەڕووی ئیدارەدانی هەڵبژاردنەوە زۆر سەرکەوتوو بووە، بەپشتبەستنی بەناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، ئەگەرچی لەوێش ژمارەی دەنگەکانی زۆر کەمی کردووە، بەڵام دەنگدەری ئەوێ هێشتا بە شێوازی دەسەڵاتدارێتی یەکێتی ئاشنانەبوون و هێشتا هیوایان پێیماوە، ئەمجارە لەو ناوچانە بەکەمترین زیان دەرچوو، بەڵام بۆ جاری داهاتوو لەوێش زیانی گەورە دەکات و نیشانەی زۆر خراپ دەرکەوتوون لەسەری، بەتایبەتی لەکەرکوک و دەڤەری گەرمەسێر. کەرکووک پێویست بە باسکردن ناکات، لە گەرمەسێرێش ئەوەندە بەسە بزانین کاندیدی عەرەب هەیە بەدەنگی کوردی جێماوی ئەنفال دەرچووە.
هەرچەندە بەلای منەوە بایکۆت بەرزترین ئاستی هوشیاری خەڵکە کە لەم هەڵبژاردنەدا قوڕگی دەسەڵاتدارانیان پێوشک کرد و تاکە ڕێگەشە لەبەردەم خەڵک تا تۆڵەی خۆیانی پێ لەدەسەڵاتداران بکەنەوە، چونکە دەسەڵاتی کوردی نە روحمی هەیەو نەیاسا، خاوەنی چەندین هێزی قەمعییە کە ڕۆژانە هەزارانی بۆ بکوژن، لەلایەکیتریشەوە تاکە ڕێگەیە بۆ ناشرینکردنی ئەو چەکەی بەدەستیانەوەیە بۆ بەشەرعی ناساندنی خۆیان. یەکێتی سوودمەندی سەرەکی بایکۆتە.
شکست و موفاجەئە گەورەکەی یەکێتی لە سلێمانییە، ئەگەر زۆر بەجدی کاری لەسەر نەکرێت، خۆزگە بەگۆڕان دەخوازن. بەتایبەت کە ڕای هەندێک قەڵەمیان دەبینم پێناچێت ڕێگا ڕاستەکە بدۆزنەوە.
یەکێتی هەندێک جووڵەی سەرکەوتووانەی کرد و سوودی کاتیی لێبینی، بێجگە لە بەشێک دەنگی گۆڕانە ناڕازیەکان، تەحالوفی لەگەڵ حەوت حیزبی دیکەدا کردو پەکەکەش بەڕەسمی داوای لەهەوادارانی کرد دەنگی پێبدەن ئەمە جگە لەبەشێکی کوردانی ڕۆژهەڵات، بەم دە لایەنەوە توانی کەمتر لە سەد هەزار دەنگ بهێنێت، کە دەکاتە لەسەدا حەوتی دەنگەکانی سلێمانی، مەترسییە گەورەکە لێرەوە دەستپێدەکات، چونکە بەپێی ئەم ڕێژەیە شکستەکەی زۆر لەوەی کاتی دروستبوونی گۆڕان گەورەترە، ئەوکات سەرباری جیابوونەوەی گۆڕان، یەکێتی بەتەنیا لەسەدا هەژدەی دەنگەکانی سلێمانی بۆ مایەوە، ڕاستە یەکێتی ئەو کاتە جەماوەرەکەی لەدەست دا، بەڵام ئەمجارە خودی ڕێکخستنەکانی خۆی لەدەستداوە، ئەگەر سەیرێکی ژمارەی ئەندامانی بکەین بەپێی سەرژمێرییە نوێیەکەیان، یان ژمارەی ئەو کەسانەی لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی و ئەو کەسانەی لە دارایی گشتی نەسریەو مووچە وەردەگرن، بکەین تووشی شۆک دەبین، چونکە جیاوازییەکە زۆر لەوە گەورەترە باسبکرێت، من لێرەدا حەز ناکەم ژمارە بڵێم چونکە کاروباری ناوخۆیی خۆیانە. بەڵام ئەگەر دەنگە ڕاستییەکانی یەکێتی مەزەندە بکرێت، ئەوا لە سلێمانیشدا کێبڕکیی پارتی پێناکرێت، چ جای نەوەی نوێ.
یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە پێگە سەرەکیەکەی سلێمانی بووەو هەر حیزبەکەش سلێمانیانە بووە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە بەردەوام پشتی لەسلێمانی بووەو لە هەوڵی لاوازکردنیدا بووە. بۆیە لەو کاتەوە خەڵکی سلێمانی وردەوردە لێیتەکیونەتەوە، مام جەلال بە پێچەوانەی ئەم سەرکردایەتیە شڵۆقەی ئێستاوە زوو درکی بەو مەسەلەیە کرد، چونکە ئەو سیاسییەکی زیرەک بوو سەرماوگەرمای چەشتبوو، بۆیە دوای گرتنەوەی سلێمانی لە گەردەلوولی تۆڵەدا، مام جەلال هەر بەڕێگەوەو پێش هەر پیرۆزبایی و وتارو لێدوانێک، وتەیەکی ئاراستەی خەڵکی سلێمانی کردو تیایدا باسی گرنگی ئەوانیکرد، لەوێدا وتی من هەموو کات پشتم بەئێوە قایم بووە، لە یەکێتی عاجزن ئەوە شتێکە، بەڵام ئەوەی مام جەلالی خۆشدەوێت بەیانی لەبەردەم مەڵبەند بێت. دوای هاتنەوەی یەکێتی و دامەزراندنەوەی حکومەت دیسان سلێمانییەکان پشت گوێخرانەوە، وای لێهات نەک وەزارەت و فەرمانگەکان تەنانەت مەڵبەندی سلێمانیش بەدەست خەڵکەکەیەوە نەما. ئەمجارەش مام جەلال پشتگیری باڵی سلێمانیەکانیکرد بۆ هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان.
دوای جیابوونەوەی گۆڕان لەباتی ئاشتکردنەوەی خەڵکی سلێمانی، سەرکردایەتی یەکێتی بڕوای بەوە هێنا لەڕێگەی هێزەوە خەڵکی سلێمانی بخاتە ژێر ڕکێفی، ئیتر لەهەر چوار لاوە هەرچی کادری توندڕەو و ڕق لەدڵە هێنایانە سلێمانی. لەپەنجاکاندا حیزبی شیوعی وایکرد، بۆی نەچووە سەر و لەدەستی دا، لەشەستەکاندا پارتی وایکرد و بۆی نەچووە سەر، ئێستاشی لەسەر بێت نەیانتوانی دڵی ئەم شارە بێننەوە، بەعسیەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان و هەشتاکاندا وایان کرد هیچیان بۆ سەوز نەبوو، یەکێتیەکانیش لە دوو هەزارەکانەوە وادەکەن و ئێستا بەری زەرعاتەکەیان چنییەوەو تاماویشن ناتوانن لە سلێمانیدا هیچ بەهیچ بکەن، ئەوان تازە حیزبی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمن، هەرچەندە دڵی بەشێکی زۆری ئەوێشیان ڕەنجاندووە، دەکرێت خزمەتیان بکەن و ئاشتیان بکەنەوە.
ئەوەی وا دەزانێت ناکۆکی نێو سەرۆکایەتی یەکێتی هۆکاری ئەم شکستەیە، لە ئەلفوبێی سیاسەت نازانێت، خودی ئەو ناکۆکییە لەسەر بەشکردنی ماڵی بەتاڵانبراوی میللەتە نەک جیاوازی فیکری یان ئایدیۆلۆجی بێت، بۆیە دوورو نزیک هۆکار نییەو ڕاستیەکەشی ئەو کێشەیە هانیدان دەنگ بدەن.
دەنگی یەکێتی بەو دە لایەنەشەوە هەر ئەوەندەیە، لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا یەکێتی بەجۆریکی زۆر بچووک دەبوژێتەوە، بەڵام بەرگەی هەڵبژاردنێکی دیکەی عێراق ناگرێتەوە، چونکە ئەوان بەردەوام لەپێشکەوتندان و یاسای نوێ دەردەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت