حەسە ڕازانی: لە یادی 16ی ئۆکتۆبەردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامدەرانی 16ی ئۆکتۆبەرهەر ئۆکتۆبەرچیەکان
ئەنجامدەرانی 31ی ئابیش تەنها سی و یەک ئابچیەکانن
چەند دێڕێک لەسەر ئەمڕۆ کە 16ی ئۆکتۆبەرە و یادیەتی. هەروەها چەند دێڕێکی تریش دەربارەی مێژوویەکی ترکە پێشتر خوڵقێنراوە دەنووسین کە، بە بڕوای من، یەکسانە بە 16ی ئۆکتۆبەر.
ئەم مێژووەو چەندین مێژووی تر جا یان یەکسان بەو مێژووە، یاخود قێزەونترکە لە کوردوستاندا خوڵقێنراوون.
ئەم مێژووە یەک بکەری هەیە, بەڵام چەندین پێناسەی جیاجیای هەیە. هەر لایەو لە مێژووی خۆیەوە، یان لە چاوی خۆیەوە، یان لە بەرژەوەەندی خۆیەوە، پێناسەی بۆ دەکا. بکەرەکەشی، بە بڕوای من، هەر لەو ڕوانگانەوە ئەنجامیداوە.
بەڵام خەڵکی کوردوستان هەمیشە یەک پێناسەی بۆی هەبووە. کە ئەویش پێناسەیەک بووە هێندە شەرم هێن و قێزەوونە کە خوودی پێنووس شەرم دەکات تەنانەت لە تۆمارکردنیشی. بەڵام تۆماریشی کردووە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
مێژوویەکی تر کە بەلای خەڵکی کوردوستانەوە یەکسانە بەو 16ی ئۆکتۆبەرە بریتییە لە 31ی ئاب.
31ی ئابیش یەک بکەری هەیە و چەندین پێناسە. ئیتر هەر لایەو لە لە ڕوانگەی مێژووی خۆیەوە، یان لە چاوی خۆیەوە، یان لە بەرژەوەندی خۆیەوە پێناسەی بۆ کردووە. دەشگونجێت خۆشیان باوەڕیان بەو پێناسەیەی کە خۆیان بۆ ئەو مێژوانە دەکەن نەبێت. بەڵام ئاخر چ دەکەی لە گەڵ جۆری چاوو بینین، لە گەڵ جۆری مێژوو، لە گەڵ جۆری بەرژەوەندی؟
جا وەک چۆن بکەرەکەی 16ی ئۆکتۆبەر لە ڕوانگەی خۆیەوە پێناسەی بۆ دەکا و هەر لە وێشەوە ئەنجامیداوە، هەر بە هەمان شێوەش بکەری 31ی ئابیش پێناسەی خۆی بۆئەو مێژووە هەیەو هەر لە ڕوانگەی ئەو پێناسەیەشەوە ئەنجامیداوە.
بەڵام بۆ 31ی ئابیش خەڵکی کوردوستان یەک پێناسەی هەیە. چونکە خەڵکی کوردوستان لە یەک ڕوانگەوە و لە یەک بەرژەوەندییەوەو لە یەک مێژووەوە پێناسە بۆ مێژووەکان دادەڕێژێت.
بۆیە پێناسەی خەڵکی کوردوستان بۆ 31ی ئابیش هێندە شەرم هێن و هێندە قێزەوونە کە پێنووس شەرم دەکات بیخاتە سەر کاغەز. بەڵام ئەومێژووەشی تۆمار کردووە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بە هۆی کاریگەری تاوانی نیشتیمانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بە پێی پێناسەی خەڵک بۆئەو تاوانە، خەڵکی کوردوستان نیوەی خاکەکەی لەدەست دا بە کەرکوکی قودس و دڵی کوردوستانیشەوە کە بە خوێنی سەدان پ.م ڕزگار کرابوو.
هەروەها سی ویەک ئابچییەکانیش بە نوێژی نیوەڕۆ دەبابەکانی سەدامی ئەنفالچی و کیمیبارانچی، کە بە خوێنی خەڵک و پ.م لە کوردوستان بە هەولێریشەوە دەرپەڕێنرابوون ، هێنایاننەوە سەرپەڕلەمانی کوردوستان و بڵاویان کردنەوە بە ناو شەقامەکانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردوستان دا.
ئێستا بکەران و ئەنجامدەرانی هەردووک مێژووەکەو چەندین مێژووی تر هەموو ڕۆژێ بە بەرچاوی خۆمانەوەن و فەرمانڕەوای خۆشمانن.! نەک هەر ئەوە بەڵک و نانیشمان بەدەستی ئەوانە. جا وەک لە پشدەرێ دا باوە کە دەڵێن: جا وەرە ئەو کەرەی لەو قوڕەی دەربێنە.! بارودۆخەکە شێواوەو ئاڵۆزەو لە گرێژنە دەرچووە.
لە یادی 16ی ئۆکتۆبەرو هەموو مێژووەکانی یەکسان بەو مێژووە هیوای سەکەوتن و ڕزگاری یەکجارەکی بۆ خەڵکی کوردوستان دەخوازم بە تەواوی چین و توێژەکانییەوە، بە تەواوی ئایین و مەزەبەکانییەوە، هەروەها بە تەواوی ڕەگەزو پێکهاتەکانیشیەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت