بورهان شێخ رەئوف: ئایندەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق، دواى هەڵبژرادنەکان.

هەرێمى کوردستان ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرەیە کە لە دواى ڕاپەڕینى ئازارى 1991 کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و لە دواى کۆڕەوى ملیۆنى خەڵکەکەى، بەکەڵک وەرگرتن لە بڕیارى 688 ئەنجومەنى ئاسایش لە 5/4/1991 و دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سەرووى هێڵى 36 بە سەرۆکایەتى ئەمریکاو فەرەنسا و بەریتانیا، دواى هەڵبژاردنى یەکەم پەرلەانى کوردستان لە 19/5/1992 و دواتر پێکهێنانى یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى دکتۆر فوئاد مەعسووم وەکو دیفاکتۆیەک هەیە و هەڵسوکەوتى لەگەڵ دەکرێت.
لە پرۆسەى ئازادى عێراقیش لە ساڵى 2003 وەکو بەشێکى گرنگ و ناوەندێکى کاریگەر بۆ ئۆپۆزەسیۆنى عێراق و ڕووخانى ڕژێمى سەدام حوسێن ڕۆڵى هەبوو، دواتریش لە بەرزترین ئاستادا سەرکردەکانى کورد و دیارترینیان خوالێخۆشبوو مام جەلال چوونە بەغداى پایتەخت و دەوڵەتى ڕووخاوى عێراقیان بنیات نایەوە، هەر لە ماوەى ڕاگوزەرەوە تانووسینى دەستوورو دواتر جێبەجێکردنى سەرەڕاى هەموو کۆسپ و تەگەرەکان.
بەڵام ئەوەى پەیوەندى بەدامەزراندنى پێگەکانى دەوڵەتى فیدراڵى عێراقەوە هەبوو تا ئێستاش زۆر جومگەى گرنگ هەیە بنیات نەنراوە، مادەى 140 ى دەستوور ئەگەرچى لە ماوەى ڕاگوزەریشدا مادەى 58 بوو جێبەجێ نەکرا ئەم کابینەو ئەو کابینەى پێ کرا، بەڵام پێەوانەى شۆڤێنیەکان کە دەڵێن مادەکە بەسەرچووە ، بەڵام ئەو شایستەیەکى دەستوورى و یاساییە و قەرزێکە چەند کۆن بێت نافەوتێت و دەبێت هەر بدرێتەوە.
لە شەڕى تیرۆر داعشیشدا هەرێمى کوردستان لانەو پەناى ئاوەرەکان بوو، پێشمەرگەکانیشى قەڵغانى پاراستنى هەرێم و هەموو ناوچە دابڕاوەکان بوون و لە هەرشوێنێکى ترى عێراقیش پێویستى کردبێت ئامادەبوون.
لە بەرامبەردا لە دواى 2014 حکومەتەکانى عێراق لەو گیانى تەبایى و یەکڕیزییەى سەرەتاى پڕۆسەى سیاسى خاوو سارد بوونەتەوەو زۆر قەیران و کێشەى نەخوازراویان هێناوەتە ئاراوە کە خزمەتى یەکڕیزى و پێکەوەژیان و عێراقێکى بەهێز نەکات، لەوەیە ئەم قەیرانانە هەندێکى لایەنى هەرێمیش هۆکارى بووبێت.
ئەوەى گرنگە ئێستا لە دواى هەڵبژاردنەکانى 10/10/ 2021 لە عێراق لایەنە کوردییەکانى عێراق خاوەنى زیاتر لە 63 کورسین، ئەگەر بتوانن هەماهەنگى بکەن لەناو خۆیاندا، دەتوانن ڕۆڵى یەکلاکەرەوە ببینن لە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراقدا و پێداگیرى بکەن لە جێبەجێکردن دەستوورى عێراقدا و ئارامى وسەقامگیرى بۆ عێراق دابین بکەن.
لایەنە عێراقیەکانیش پێویستە لە زووترین کاتدا بچنە دیالۆگێکى قووڵ پڕ بەرهەمەوە بۆ ئەوەى لە زووترین کاتدا هەموو کێشە دەستوورى و یاسایى و داراییەکان کۆتایى پێ بهێنن، دوور بکەونەوە لە وتارى تائیفى و ئتنیکى چونکە گەلى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ماندووە بێزاربوو لە شەڕو ململانێی نابەجێ، ئێستا عێراق و عێراقیەکان پێویستیان بە یەکگرتن و هاوکارى و بنیاتنانەوەى ژێرخانە بۆ وڵات، نەک ململانێ کۆنەکانى پێشوو هەڵ بدەنەوە، دەبێت بە زووترین کات سەرى گەندەڵکاران پان بکرێتەوە و دەستیان ببڕن لە جومگەگرنگەکانى وڵات هەر ئەوان کەڵک لە قەیران و شەڕو ئاژاوە وەردەگرن.

لایەنى ئیقلیمى نێودەوڵەتى
پێویستە حکومەتى نوێی عیچراق پەیوەندییە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکانى ڕێک بخاتەوە بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى عێراقدا بێت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، دەبێت خوێندنەوەى تازەى بۆ بکرێت بە تایبەتى لە گەڵ دراوسێکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و تورکیاو وڵاتانى کەنداوى عەرەبى، کەڕۆڵى کاریگەریان هەیە لە دابینکردنى ئارامى و سەقامگیرى سیاسى و ئابورى و گەشەپێدانى عێراق.
لە کۆتاییدا هەموو عێراقیەکان دەستیان لە سەر دڵیانەوە چاوەڕوانن لە زووترین کاتدا ئەنجومەنى نوێى نوێنەران کۆبێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت و ئەویش لیستى براوە ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى ڕەشیدى نیشتمانى کەلە ئاست هیواو ئاوات و ئارەزوو و خواستەکانى گەلى ستەمدیدەى عێراقدا بێت.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies