عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مه‌خزه‌نی کڵاشینکۆفه‌کانیان له‌ شه‌قامه‌کانی شارا له‌ گه‌نجه‌کاندا خاڵی کرده‌وه‌.

پایزی 1985، سلێمانی شاری هه‌ڵوێستی یاخی بوون و به‌ره‌نگاری، مه‌ڵبه‌ندی راپه‌ڕین و شۆڕش، جارێکی تر رووبه‌رووی کۆمه‌ڵکوژییه‌کی تر بوه‌وه. وه‌ک تراژیدیای ره‌شه‌کوژییه‌که‌ی 9 ی حوزه‌یرانی 1963 ی سه‌رده‌می زه‌عیم سدیق.
16/10/1985 رژێمی عێراق هێزێکی بێ شوماری له‌ گاردی کۆماری و ئه‌من و مونه‌زه‌مه‌ی شیمال و هیزی تایبه‌تی ئه‌منی عامه‌ و جه‌یش شه‌عبی به‌غداد و رومادی و که‌رکوک و شاره‌کانی تری عێراق گه‌یانده‌ سلێمانی، به‌ بیانووی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران.
ئێواره‌که‌ی هێزه‌کانی گاردی کۆماری به درێژایی جاده‌شه‌ست مه‌ترییه‌که‌ دامه‌زران، هه‌موو جموجۆڵێکیان وه‌ستاند، هیچ که‌سێکێک نه‌یده‌توانی له‌شار ده‌رباز بێ.که‌ باڵی تاریکایی شاری داگرت، ئه‌و هیزه‌ خۆیان گه‌یانده‌ شوێنی به‌رزی گه‌ڕه‌که‌کان و له‌ سه‌ربانی ماڵه‌کانی دامه‌زران، لوله‌ی کڵاشینکۆف و بی که‌ی سی و قه‌ناسه‌کانیان ئاراسته‌ی به‌رامبه‌ره‌کانیان کرد، ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌رو ناوه‌ڕاستی شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کانی شاریان ته‌نی، ده‌ستیان له‌سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی چه‌که‌کانیان بوو. سه‌عات 6 به‌یانی 17/ 10/ 1985 هه‌لیکۆپته‌ر گه‌یشته‌ سه‌رئاسامانی شار، به‌ بڵند گۆ هه‌واڵی کتوپڕی ترس و گومان و مه‌رگی به‌خه‌ڵکی شار را گه‌یاند:
هه‌موو جموجوڵێک و هاتوچۆیه‌کی ناوشار قه‌ده‌غه‌یه‌، هیچ که‌س بۆی نییه‌ له‌ده‌رگای ماڵه‌که‌یه‌وه‌ روو بکاته‌ ده‌ره‌وه‌.
ده‌یان بڵندگۆ له‌ سه‌ر شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کان، هه‌واڵی مه‌نع ته‌جه‌ولیان دا به‌ گوێی دانیشتوانی شار، ده‌نگه‌کان ی بۆنی مه‌رگ و خوین ی لێ ده‌هات.
ژن و پیاو منداڵ و پیر زانیان ئه‌و هیزه‌ زه‌به‌لاحەی ڕژێم، شار نوقمی تراژیدیای خوین رشتن ده‌که‌نه‌وه‌، لیژنه‌ تایبه‌تییه‌کانی ئه‌من رژانه‌ سه‌راپا گه‌ڕه‌که‌کانی شار، ده‌بوایه‌ ده‌رگای ماڵه‌کان له‌سه‌ر پشت بوایه‌، بێ پرس و را خۆیان ده‌کرد به ماڵه‌کان دا، کون و قوژبنی ماڵه‌کانیان ده‌دا به‌یه‌کداو ده‌یانپشکنی، ده‌بوایه‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی خانه‌واده‌کان به‌ ناسنامه‌کانیانه‌وه‌، له‌ به‌رده‌میان دا بوه‌ستن، ئه‌منه‌کان ناوی ئه‌و ناسنامانه‌یان له‌ گه‌ڵ ناوی ئه‌و لیسته‌ تایبه‌تیه‌ی لای خۆیان به‌راورد ده‌کرد.گه‌ر هه‌ر ناوێک له‌و ناوانه‌، وه‌ک یه‌ک بوایه‌، ئه‌وا له‌وێدا که‌له‌پچه‌ ده‌کرایه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سه‌و هه‌ردووچاویان ده‌به‌ست و راپێچیان ده‌کرد و ده‌برا بۆ زیندان، چه‌ندان ناو هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌و ناوانه‌وه‌ نه‌بوو، ته‌نیا به‌ڕێکه‌وت ناوه‌کانیان له‌ یه‌کتر ده‌چوو، ده‌سگیر کران.
ئه‌و رۆژه‌ ئه‌وگه‌نجانه‌ ده‌سگیرو زیندان کران:
1- ناوه‌کانیان هه‌مان ناو بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوانه‌ی که‌ له‌ لیستی ئه‌منه‌کاندا بوو .
2- گه‌ر سه‌ربازی هه‌ڵاتویان له هه‌ر ماڵێکدا ده‌سگیر بکردایه‌، ئه‌وا خاوه‌ن ماڵه‌که‌و سه‌ربازه‌ هه‌ڵاتوه‌که‌یان راپێچی زیندانه‌کان ده کرد، گه‌ر وێنه‌ی پێشمه‌رگه یا بڵاو کراوه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌کانیان له‌ هه‌ر ماڵك ببینیایه‌، یا له‌ سه‌ر دیواری هه‌رماڵێکدا دروشمێکی دژ به‌ رژێم یان ببینایه‌، ئه‌وا کوڕه‌گه‌نجه‌کان و خاوه‌ن ماڵه‌که‌یان ده‌سگیر و زیندان ده‌کرد. خانوه‌که‌شیان به‌شۆفڵ خاپوورده‌کرد، ئه‌و رۆژه‌ 17خانوویان به‌شۆفڵ ته‌خت کرد، یه‌کێک له‌و ماڵانه‌ ماڵی شه‌هید خه‌بات محه‌مه‌د به‌رزنجی بوو له‌ گه‌ڕه‌کی برایم پاشا.
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ده‌یان گه‌نجیان له‌ گه‌ڕه‌که‌کانی شاردا راپێچی ژووری ئینفرادی و هۆڵه‌کانی ئه‌من و ئیستیخبارات و مونه‌زه‌مه‌و ئه‌منی ته‌واری و حامیه‌ی سلێمانی کرد، زیندانییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو، گۆڕه‌پانی زیندانه‌کان نه‌یده‌گرت.
له‌ 17/ 10 /1985 ئه‌فسه‌رێکی ئه‌من، لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ زیندانییه‌کانی ناو حامیه‌ی سلێمانی کرد و پرسیاری لێکردن:
-کێ سه‌بازی هه‌ڵاتووه‌؟ با خۆی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی وه‌حده‌کانیان بکه‌ینه‌وه‌.
له‌ ماوه‌کورتدا( 20) گه‌نجیان له‌ زیندانییه‌کان جیا کردووه‌، بردیانه‌ گۆڕه‌پانی حامیه‌ی سلێمانی له‌وێ چه‌ند دارێک چه‌قێنرابوون، ده‌ست و قاچی ئه‌و گه‌نجانه‌یان به‌داره‌کانه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، لیژنه‌ی کوشتن و ده‌سڕێژ، لوله‌ی کڵاشینکۆفه‌کانیان ئاراسته‌ی جه‌سته‌یان کردن، مه‌خزه‌نی کڵاشینکۆفه‌کانیان تیا خاڵی کردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناوه‌کانیانه‌:
1- ئه‌بوبه‌کر حسین محه‌مه‌د 1962
2- رێبوار عوسمان میرزا 1965
3- که‌مال ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حمان 1965
4- ئیبراهیم عومه‌ر مه‌عروف 1961
5- جه‌زا حه‌مه‌ ئه‌مین که‌ریم 1964
6-که‌ریم مه‌حمود عه‌لی 1964
7- محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د محێدین 1953
8- جه‌بار محه‌مه‌د شه‌ریف 1962
9- ئاراس که‌ریم میره‌ 1962
10- محه‌مه‌د ئیبراهیم محه‌مه‌د 1957
11- کاروان ئیسماعیل محه‌مه‌د 1965
12- هوشیار فه‌تاح که‌ریم 1965
13- شوان مه‌حمود عه‌لی 1963
14- حه‌مه‌ ره‌ئوف سه‌عید زۆراب 1940
15- عه‌زیز ئیبراهیم عه‌زیز 1954
16- سامان محه‌مه‌د گه‌وره‌ 1960
17- سه‌رسنگ محه‌مه‌د گه‌وره‌ 1964
18- ئیبراهیم عه‌بدوڵا عه‌وڵا 1948
19- فه‌رهاد ئه‌حمه‌د عوسمان 1963
20- خالید حه‌مه‌ که‌ریم ره‌سوڵ1963.
رژێم ته‌رمی ئه‌م 20 گه‌نجه‌ی نه‌دایه‌وه‌ به‌ که‌س و کاریان، ته‌رمی ههمویانیانی به‌ جل و به‌رگی خۆیانه‌وه‌ به‌ نهێنی کرد به‌ژێر گڵه‌وه‌، دوای راپه‌رین ئیسک و پروسکه‌کانیان له‌ گۆڕێکی به‌ کۆمه‌ڵدا له‌ سه‌ربازگه‌ی سارداو دۆزرایه‌وه‌.
له‌ 18/ 10/ 1985 جه‌لاده‌کان، ( 9) گه‌نجی تریان له‌ ناو زیندانییه‌کان جیاکردووه‌، ئه‌وانه‌ی بڵاوکراوه‌ی نهێنی، یه‌کێ له‌ حیزبه‌کانیان له‌ ماڵه‌کانیان دا دۆزرایه‌وه‌، به‌ بڕیاری عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید برانه‌ فولکه‌ی نالی، له‌ ناوه‌ڕاستی شار، ده‌ست و قاچیان به‌ستنه‌وه‌و گوله‌ بارانیان کردن. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ به‌شۆفڵ خانوه‌کانیان خاپورکردن و ئه‌ندامانی خانه‌واده‌کانیان زیندان کردن.
ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و 9که‌سه‌یه‌، له‌فولکه‌ی نالی گوله‌ باران کران:
1- خه‌بات محه‌مه‌د به‌رزنجی 1960
2- تاهیر محه‌مه‌د عومه‌ر1933
3- ئاسۆتاهیر محه‌مه‌د عومەر ‌1964
4- ئامانج تاهیر محه‌مه‌د عومه‌ر1963
5- دلێر عه‌بدوڵڵا عه‌زیز 1967
6- ئامانج ئه‌حمه‌د غه‌فوور 1963
7- حسین شه‌ریف محه‌مه‌د 1933
8- زه‌رده‌شت حسین شه‌ریف 1966
9- ئاوات محه‌مه‌د شه‌ریف 1967.
ته‌رمی ئه‌و( 9 ) که‌سه‌ش نه‌درایه‌وه‌ به‌که‌سو کاری، جه‌للاده‌کان خۆیان به‌کۆماڵ به‌جل و به‌رگه‌کانی خۆیانه‌وه‌، به‌ نهێنی کردیان به‌ژێر گڵه‌وه‌. دوای راپه‌ڕینی 1991 ، له‌ 29/ 9/1991 ئیسک وپروسکه‌کانیان له‌ سه‌ربازگه‌ی سارداو دۆزرایه‌وه‌، له‌ مه‌راسیمێکی شایسته‌دا گوێزرانه‌وه‌ بۆ گردی شه‌هیدان و به‌خاک سپێران.

سه‌رچاوه‌: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمو، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی دووه‌م، ل188-192.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies