حەمەئازاد بەرزنجی: قۆناغی بێ مۆڕاڵی، یان لێدانی شوڵک بۆ سەری لوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەبو نەبومیللەتێ بوو، ئەوەن هێندە داخ لەدڵ بو، تەڕو وشکی بەیەکەوە سوتاندبو، دوکەڵ و قرچەی تەڕەکەش، لەو شکەکە زۆر زیاتر بوو.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق زۆر شت دەگەیەنێ. ئایا چاوەڕوانکراو بو، یان چاوەرواننەکراو و نامۆ. ئایا بۆ چونەکانی پێش دەنگدان و ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەی دەرەنجامەکان کە ئێستا لە بەردەستدان و وەک ڕۆژی ڕوناک دەبریقێنەوە لەیەکەوە نزیکن یان دور؟
پارتی زۆرینەیە، یەکێتی دەنگەکانی لە ڕاوەستان و کەمکردنایە. گۆڕان بە جارێ ڕما. نەوەی نوێ لە زیادبونایە، یەکگرتو و کۆمەڵیش لە چەقبەستویی و دابەزیندان.
ئێمە قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە زۆرینە بایکۆتی هەڵبژاردنی کردوە و کەمینە بەشدار بون و براوەکان براوەی کەمینەن، گەر لە ڕویی یاسایشەوە سەیر بکرێن،کۆی هەمو دەرچوانی گشت حزبەکان لە نیوەی بایکۆتکەران و دەنگنەدەران کەمترن و یاسایی نین و نوێنەری زۆرینەی ڕەهای ڕاستەقینەی خەڵکەکە نین. بەڵام ئەوەی هەیە دەچەسپێ و کاری پێدەکرێ. دەبێ باس لە کاریگەری دەرەنجامەکان و ئاڕاستە و بەرەو پێشچونی کات و روداو و گۆڕانکاریەکانی دوای دەرەنجامەکان بکرێت. ئایا پارتی و نەوەی نوێ براوەن؟ ئایا گۆڕان و یەکێتی دۆڕاون؟ وە ئەم ڕێچکەیە کە ئێستا ئاڕاستەی هەڵبژاردنەکە گرتویەتی بەو شێوازەی ئێستای بەردەوام دەبێ ؟یان نا؟ یان دەبێ بەری پێبگیرێ و وبوەستێنرێ و ئاڕاستەکە گەر هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە، گەر ڕاستیشە خۆی لەگەڵیدا بگوجێندرێ. ئایا گۆڕانکاری نوێ بەم حزبانەی ئێستاو بەو دەمو چاوە ئیدارییەی ئیستایانەوە دەکرێ؟ یان دەبێ گۆڕانکاری لە ناو حزبەکاندا بکرێ؟ یان دەبێ کۆمەڵ و ڕێکخراو و پارتی نوێ، بە مۆراڵی زانستی و سەردەمیانەی پێشکەوتوخوازانەی نوێوە دابمەزرێن و پلانی بەردەوام بون و خۆڕاگری و بە ئایدۆلۆجیا ( گەر حزبی ئایدۆلۆجیا باوی مابێ )یان بیر و هزری یان ڕەهەندی نوێوە بێنە کایەوە.
باسی زۆر ڕابردو ناکەیین، ئایا ڕووداوە نزیکەکان بە چاک و خراپیانەوە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان هەبوە، چ لەسەر تاکی هەڵبژێردراو وەک تاکی سەربەخۆ چ تاکی ناو حزبەکان؟ یان کلتورو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە کۆنەکان وەک مێخ خۆیان داکوتاوەو کاریگەریان هەر بەردەوامە. پارتییەک دەستی بەسەر هەمو دەرامەتی ئەم میلەتەدا گرتوە، بەئاشکرا بەرهەمی نەوتی قۆرخ کردوە و بە هەوەسی خۆی گرێبەستی ژیر بەژێر دەکات و دەرئەنجامی ڕیفراندۆمە حەیا بەرە شکستخواردوەکەی،کە نیوەی خاکی کوردستان لە زومارو مەخمورو شنگالەوە و بەناو کەرکوکدا، تا دەگاتە خانەقین و مەندەلی لە دەست داو، لە سەربەخۆیی کوردستان و جیابونەوە و دراوسێیەکی باشەوە بۆ ئێراق! ئێستا شانازی بە ژمارەی زۆری ئەوکورسیانە وە بکات، کە لە پایتەختی دراوسێ باشەکەیەوە بە دەستی هێناوە و دەچێ، لە سەری دادەنیشێ. لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا ژمارەی دەنگدەر و کورسیەکانی زیاد بکات! بەرپرسی یەکەم بیت لە بڕین و پاشەکەوتی موچەو ڕیسواکردن و هەژارکردنی فەرمانبەرانداو دەنگت هەر زیاد بکات. نەوەیەکی نوێ هێشتا سەرۆکەکەی هیچی بەدەست نییە پارەی خاوە پشکەکانی چاڤی لاندی خواردوە و بە ئارەزوی خۆی یاری بە سەرمایەی گردکراوەی خەڵکی دەکات و ئامادە نیە پارەی هچ کەسێ لە خاوەن پشکەکان بداتەوەو دادگایش بێ دەنگە و خاوە پشکەکان تەنها لەسەر دەفتەر و کاغەز پارەیان هەیە گەر نا خاوەنی هیچ نین. درۆ بەناو خەڵکدا بڵاو دەکاتەوە بە خەیاڵ و لایەلایەو گورگانە شەوێی درۆ خەو لەگەنج دەخات تا ببێتە خاوەن دەنگی زیادە، ئەمە بۆ؟
گەر باسیش لەوە نەکەین کە پارتی چەند تاوانباره، یەکێتی دوو ئەوەندەو لە گەڵ پارتیدا هاوبەشی حکومەت بون و لە کەمو کوریەکانیدا، پشکیان هەیە. بەڵام هەرچۆنێ بێ سەربەستی لای زۆنی ئەمان فراوانترو خاوەنی خەباتی زیاترن، هەمو جارێکیش نەبێ جار جارێکیش بێ هەنگاوی نیشتمانی و هەڵوێستی نیشتمانی باشیان هەیە. کەچی دەنگەکانیشیان زیادی نەکرد. گۆڕان بەشداری حکومەت بوە، بەڵام خیانەتی نەکردوە. بەشدار و بەرپرسی کارا نەبوە و وەک پارتی و یەکێتی لە ناو حکومەت. لە بەرەی ئۆ پۆزسیۆن بو بەرنامەی باشی هەبو، بۆ بەڕێوەبردن و پێشکەوتنی وڵات و بۆیشی تێدەکۆشا، کە چویشە ناو حکومەت لە بەرنامەکانی پاشگەز نەبوبۆوە. ڕۆڵیشی زۆر بو لە وریاکردنەوەی خەڵکی و بە ئاگا هێنانەوەیان لە زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. بە ڵام بەرنامەکەی بۆ جێبەجێ نەدەکرا، چونکە کارا نەبو لەناو حکومەتاو سەرچاوەی دارایی لە بەردەستدا نەبو، ئەی بۆچی بەو دەردە چو!
ئێمە هۆکارەکان ( هۆکاری سەرکەوتنەکانی پارتی و نەوەی نوێ و داکشانەکانی گۆران و یەکێتی ) لەم خاڵانەدا دەخەینە ڕو، چەند نیشانمان پێکاوە یان نا، ئەوە خوێنەر دەیزانێ و لەو بڕوایەشدام هەر یەکەش چەندەها خاڵی بونیاتنەری دیکەی لە خەیاڵدایە، ئێمەیش بەمەبەستی خستنە ڕوویان و سود لێوەرگرتنیان ئەم خاڵانەمان خستۆتە ڕوو.
1- پارتی دەنگدەرێکی جێگیری هەیە ڕو لە هەر لایەک بکات ئەمان لەگەڵیدان.
2- دەنگدەری پارتی هیچ کاتێ ئامادە نییە لێپێچینەوە لە سەرانی پارتی بکات لەسەر هەڵوێستەکانیان یان هەنگاوە هەڵەکانیان، تەنانەت لەسەر خیانەتەکانیشیان، بە پێچەوانەوە پارتی محاسەبەیان دەکات گەر لەگەڵیدا نەبن و دەنگی نەدەنێ.
3- دەنگدەری پارتی بێ مۆڕالە، کەڕەی شەربەت. توانای هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەکانیان نییە. تەنها ئەوە دەزانن دوای ڕێبازەکەی بارزانی کەوتون. ئیتر ڕێبازەکە بەرەو ئاگرە یان ناو بەحر یان ڕوەو بیبانیش بێ. کەڕەلادێیانە ( بە واتای خەڵکی گوند نا، بە واتای بێ سەوادی ) خۆیان داوەتە دەم شەپۆلەکە.
4- دەنگدەی پارتی هەڵوێستی کردوە بەڕق. لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی سورە گەر چی هەڵەش بێ. چونکە وادەزانێ گەر ڕاستیشی پێ بڵێی و هەڵەکەیشی بۆ ڕاستبکەیتەوە ئەو وا دەزانێ کەتۆ بۆیە ئەو هەڵوێستەت هەیە بۆ دژایەتی پارتیە. تۆ مادام پارت نیت، تۆ دژیت. هەرچیەکیش بڵێی هەڵەیە.
5- دەنگدەری پارتی گەر تێگەیشتویش بێت، بۆ ئەوە تێناگات کە هەڵە ڕاست کاتەوە یان ڕەخنە بگرێ و ئێسکی خۆی قورس بکات بە تایبەتی لای خێزانی بەرزانی. بەڵکو تێگەیشتنەکەی بۆ ئەوەیە کە چۆن پاساو بۆ هەڵەکان بێنێتەوە و پەردەپۆشیان بکات.
6- دەنگدەری پارتی دەنگدەرێکی دەمچەورکراوە بەو پارەیەی کە لە من و تۆیان دزیوە، گەر بە بڕە پارەیەکی کەمیش بێت، هەر حەزی پێدەکات و لای خەڵکی پۆزی پێوە لێدەدات و بۆیشی زیاد دەکات.
7- دەنگدەری پارتی دەنگدەرێکی بنەماڵەییە لە دایبابەوە ( دایک و باوکەوە ) بۆ کچ و کوڕ. شێوە خێلەکییەکیشیان هەیە لە بەڕێوەبردنی خێزان، منداڵ بەتەواوی سەرشۆری قسەی سەرۆک خێل و باوکێتی، چونکە خێڵەکەیشیان ژمارەی ئەندامانی خێزانیان زۆرە و منداڵی زۆری بێ بەرنامە دەخەنەوە، لێشی بپرسی ئەو هەمو منداڵەت بۆ چیە بۆت بەخێو ناکرێ، دەڵێ سەری بێ ڕزق لە ژێر خاکدایە، خوا بەرزانیمان بۆ بیێڵێ دەیان ژێنێ.
8- دەنگدەری پارتی، هەمو کاتێ کۆمەڵێ هەڵوێست فرۆشی پارتەکانی تریان لە بەرچاوە کە تازە بە تازە لە حزبەکانی ترەوە سەنگەریان گواستۆتەوە بەو چاوەوە سەیری ئەندامانی حزبەکەی بەرامبەر دەکەن و دەڵێن هەر کاتێ ئەمانیش بۆیان بلوێ ئاوا سەنگەر دەگوازنەوە.
9- دەنگەری پارتی کۆمەڵێ قەڵەمی بەکرێگیراو ڕاهێنراویان لە پشتە کە هەمو کات پڤیان دەدات بە دەنگو باس و پیاهەڵدانی سەرۆک و دەسکەوتەکان و گەڕان و هاتوچۆکان وگەڕانەکانی سەرۆک.
10- دەنگدەری پارتی میدیایەکی تەواوی لە پشتە لە ڕادیو تەلەفزیۆن و چەندەها قەناتی مەشغوڵکەری ڕاهێنەری ئاڕاستە کراو.
11- لەناو پارتیدا مەرکەزیەتی حزبی شێوە ستالینی، خێزانی، خێلەکی هەیە. کە حزب وتی گەڕانەوی نییەو هەمو گوێ ڕایەڵن. کە باوک وتی کەس قسە لە قسەیدا ناکات کە سەرۆکی خێڵ وتی ڕەعیەت پەیڕەوکەرن.
پێچەوانەی ئەمان لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا. بەناوی دیموکراسی و رای سەربەخۆی تاک، کەس کەس ناخوێنێتەوە بە دیموکراسی دەزانێ فەرمانی حزب جێبەجێ نەکات. لەناو خێزاندا و بەناوی پێشکەوتن و بونی خودی تاکەوە ئەسڵەن کوڕ هیچ حسابێ بۆ باوکی ناکات و نەک لەبەر باوکی دەنگ نادات و ناچێ بۆ دەنگدان گەر بشچێ لە دژی باوکی دەنگ دەدات و شانازی پێوە دەکات.
من ناڵێم بەزۆر مناڵەکانتان بئاڵێننە ناو سیاسەت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە بەرامبەرەکەت زەفەرت پێدەبات لە دەلاقەی پەیوەندییە خێڵەکی و خێزانییەکانەوە بۆت دێتە ناوەوە. برادەرێ گێڕایەوەو وتی: جارێ لە جاران خۆم هەڵبژاردبو لە ماڵ و مناڵ پاڕامەوە بچن بۆ دەنگدان و دەنگم پێبدەن. دوایی وتی توشی ئزدواجیەت بوم من دەرگا بەدەرگا دەکەم و داوا لە خەڵک دەکەم دەنگی خۆیم بداتێ و دەنگی دیکەشم بۆ پەیدا بکات! کەچی مناڵەکانی خۆم دەنگم نادەنێ. لەوە زیاتر برادەرێکی دیکە هەر بۆ دەرخستنی ڕەوتی پەروەردەو بەڕێوەبردنی خێزان لە ئێستادا وتی: جاران لەماڵەوە کە باوکم دەجوڵایەوە هەمومان ڕادەپەڕین و گوێ قوڵاغ دەبوین بزانین داوای چی دەکات یان لە کەسمان توڕە نییە و چ داواکارییەکی هەیە. وتی وەک حسابیشم کردوە تەمەنی ئەوسای باوکم لە ئێستای خۆم بچوکتریش بوە ئەوەندە مەرکەزیەتی هەبو . کە چی ئێستا خۆم لە ماڵەوە یەک کەس حسابم بۆ ناکات وئەسڵەن زۆریش بانگ بکەم هەر قوڕگی خۆم دەیەشێنم بێجگە لە بێگوێیەکەیان یەکی سەماعەیەکی لە گوێدایە و هەر کەڕیش بون .
12- ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتنی ناو حزب سەرچاوەی نەهێشتنی گەندەڵی و محاسبەکردنێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکان لە کاتی خۆیداو هەر لە شوێنی خۆیدا و نەهێڵدرێ تەشەنە بکات. بەڵام لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا لە ڕەخنەو ڕەخنە لە خۆگرتنی ناوخۆ بوە بە حەیاو حەیابردنی دەرەکی و سوککردنی یەکتری و باسکردنی یان بڵاوکردنەوەی لە دەرەوەی ئۆرگانە حزبیەکان. کاتی خۆی بە ناوی فایلداریەوە یەکێتی چەندەها سەرکردەی خۆی سوک کرد، کە چی پارتی بە شانازیەوە دەیوت فایلدارمان نییە! کەلای هەموان ڕونە نەک نەیان بوە، بەڵکو لەوان زۆر زیاتر بوە.
13- جیاوازی زۆرە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ و پڕچەک بە زانست و پێودانگی نوێ و لە بێ ئەدەب کردن و دەمڕوتکردنی تاکی نوێ.
14- لەگەل بێ مۆڕاڵی خودی شاسوار خۆی و بێ مۆڕاڵی حزبەکەشی ئەی ئەو بردنەوە بۆ؟ نەوەی نوێ وەک لە ناوەکەیەوە هاتوە، نەوەیەکی نوێیە، وەک قاڵب و مۆد و باو، زۆر لە خەڵکی ئێستا حەز بەو شێوە خۆ دەرخسنە دەکات وەک ئەوەی شاسوار دەخوازێ، نەک وەک ئایدۆلۆجیا و تێروانین و قوڵبونەوەی بیروباوەڕی سەردەمیانەی نوێ و نوێگەرایی.
15- نەوەی نوێ، دەربرینێکی پڕاوپڕ و زۆر گەنجانە و بێ مۆڕاڵیانەی ئەم سەردەمەیە، کە دەیانەوێ لە پڕێک ببن بە کوڕێ. وەک خودی شاسوار خۆی وەک چۆن لە هیچەوە بە فێڵ و تەڵە کە ( سیاسەتی ئێستا )، بو بە سەرمایەدار و سیاسەتمەداری سەردەم، پەیڕەوکەرانیشی خۆشخەیاڵانە هەمان ڕێچکەو ڕێبازەکەی دەگرنە بەر بۆ زوو دەوڵەمەند بون.
16- بونی کەلێن و دەلاقەیەکی ڕامیاری ( فراغ سیاسی ) لە هەرێم بە تایبەتی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لە لایەن گۆڕانەوە.
17- دەنگدەرانی نەوەی نوێ زۆربەی زۆریان تۆراو دەنگدەری هەمیشە توڕەو هەمیشە ناڕازی دێرینی گۆڕانن.
18- دەنگدەری نەوەی نوێ، زۆرینەیەکی داخ لەدڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانین لە لایەن گۆران و یەکێتی.
19- هەڵخەڵاندن و فریودانی گەنجان لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوەی نوێ و پێدانی وەعدی قەبەو دامەزراندن و ئیش بۆدۆزینەوەی درۆ.
20- هەیە هەر خۆی لە خۆیدا بە سروشت و تەبیعەتی ئۆپۆزسیۆنی هەڵکەوتووە کێ لە حکومدا بێت ئەم دژیاەتی، بەس پێی بڵێن ئۆپۆزسیۆن و دژە باو، ئەمانەش زۆر لە نەوەی نوێ کۆبونەتەوە.
21- بە ئیدارەکردنی نابەجێی حکومەتی هەرێم بە گشتی و ناوخۆی سلێمانی بە تایبەتی و کەمی پرۆژەو هەلی کار لە ناوچەی سلێمانی. وای لە دەنگدەر کرد تەنانەت ئەرکی دەنگدانیش نەخاتە ئەستۆی خۆی.
22- پەرچەکرداری شێوەی کارکردنی حزبەکانی دەسەڵات لە ناو هەرێم و بە حزبی کردنی زۆربەی بوارەکانی ژیان. وای کردوە هەندێ لەمانە لە نەوەی نوێ کۆببنەوە هەرچەندە نەوەی نوێش نین چ لە بارەی تەمەن یان بیرورا ( کە بیرورا هەر بونی نییە لای نەوەی نوێ ) هەر هەیمەنەی حزب و ڕۆچونی بۆ ناو زۆربەی کایەکان، بێزاری کردون.
23- گۆڕان و یەکێتی لە زۆر کایەوە هاوکار و هاوپەیمان یەکدین و شێوازی کارکردن و تەنانەت بیری سیاسیشیان لە یەکەوە نزیکن و زۆرجار لە قۆناغەکانی خەباتی کۆن بەیەک نەفەس کاریان کردووە، هۆکاری نوشوستیەکانیشیان لە یەکەوە نزیکن. هەرچەندە دروستکردنی هاوپەیمانی گۆڕان و یەکێتی کارێکی باش بوو، خاڵی باشی زیاتر بو لە خاڵی خراپە. وەلێ لای زۆر لە ئەندامانیان پەرچەکردای درروستکرد بە خاوکردنەوەی ئەندامان و ناڕازی دەربڕینیان و نەچونیان بۆ دەنگدان. بە تایبەتی لەناو گۆڕان بە گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی یەکێتی دادەنرا.
24- نەمانی گۆڕان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و چۆڵکردنی گۆرەپانەکە بۆ یاریزانی نوێ و بەشداریکردن لە حکومەتی هەرێم. چونکە گۆڕان لە ناو لانکەی ئۆپۆزسیۆندا لە دایکبوبو، زۆریش لە خەڵکی دەیان ویست هەر لەناو ئۆپۆزسیۆنیشدا دەبێ سەربنێتەوە. کە لەناو ئۆپۆزسیۆنیشدا بو جڵەوەکەی گرتبووە دەست و هەڵەکەش لە بارەی ناوخۆیی و مەزوعی و بابەتیەوە لەو کاتەدا زۆر گونجاو بو، خەڵکی بە حەماسەوە کاریان لە گەڵدا دەکرد و خەڵک زۆر داخ لەدڵی حکومەت بو، حکومەتیش لەزمە لەدوای لەزمە ئەیدا بەدەستەوەو ڕەوانشادیش لەو پەڕی گوڕوتین و خۆ ئامادەکردنی تەواودا بو، پلان و نەخشەو داویی بە بەرنامە بۆ هۆنیبوەوە. ڕەخنەی باش و واقعی لە حکومەت دەگیراو حکومەتیان هەراسان کردبو. بەرنامەی باشیشیان بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و وڵات بە دەستەوە بو.
25- بێ منەتی لە ناو گۆڕان و یەکێتی بەرامبەر کادران و ئەندامان و هەوادارانیان. چەندەها ئەندام و هەڵسوڕاو، دڵیان رەنجاو، زۆر ئەندامی پلە باڵاشیان دور دورکەوتنەوە، ئەمان هەر مێش میوانشیان نەبو، یان وەک پێویست نەدەچون بە دەنگیانەوە و گوێیان بۆ ڕەخنەکانیان شل نەدەکرد، چ لەسەردەمی خودی ڕەوانشاد یان دوای ئەویش. زۆرن دیاریترینیان قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود لای گۆران و ئازاد جوندیانی لای یەکێتی.
26- گواستنەوی سەنگەری سیاسی و ئابوری و سەربازی لەلایەن کەسانی دیارو چالاکی ناو گۆران و چونیان بۆ ناو پارتی لەوانە ڕێبازی حەملان و محەمەدی حاجی و کاروانی پەڕلەمان و نمونەکانیان لە ناو پەڕلەمان. هەرچەندە ئەمانە خۆیان لە خۆیاندا هیچ نەبون تەنیا گۆڕان خۆی لە پڕێکا کردبونی بە کوڕ و بەشت و پلەی باڵاشی دابونێ بە حساب جیلێکی نوێی بە پەروردەی نوێوە دەخەنە بازاڕی سیاسەت، لە و کاتەشدا خودی ڕەوانشاد خۆشی مابوو، گەر بەربژێری خۆیشی نەبوبون، هەر ئەمانەش بون بوبونە دڵڕەنجاوی چەندەها کادری کۆن و لێوەشاوەی خاوەن شەخسیەت لە ناو گۆراندا. پارتیش لە کاتی پێویستدا دەیان هێنێتە سەر شاشە بۆ ڕوخاندنی مەعنەویات و دودڵ کردنی دەنگدەرانی گۆڕان. خەڵکی دەڵێن دەنگ بدەین بەمانەو دوایی بچن پلە و پۆستی پێوەرگرن و وەک هاوڕێ کۆنەکانیان دوایی بچن هەرزانفرۆشی بکەن.
27- جیابونەوەی کەسانی دیار و ناسراو لە ناو گۆڕان و خۆکانیدکردنیان وەک کەسانی سەربەخۆ کە خودی خۆیان لە ناو گۆڕانەوە دەرکەوتبون. هەم خۆیان دەنگی پێویستیان نەهێنا، هەم دەنگەکانی گۆڕانیان فەوتان. ئەمەش جۆرێک بو لە خۆبایی بونی تاکی گۆڕان لەلایەک و گوێ نەگرتنی گۆڕان لەلایەکی دیکەوە لێیان.
28- دەستەمۆ نەبونی لایەنگیران و هەڵسوراوان و کادران و لایەنگیران و دەنگدەرانی گۆڕان و یەکێتی.
29- پێنەگەیاندنی کادری بەتوانا و پێشکەوتو ڕاهێنراو تا چالاکی بنوێنن و هەم برەو بە خۆیان و کادرانی ناو حزبەکانیان بدەن، هەم بتوانن لایەنگیرو ئەندامی نوێ ڕاکێشن بۆ ناو حزبەکەیان. هەستی بەرگری و بەرخودان لەناو دڵدا بچێنن.
30- زیز بونی جوت ئامۆزا و ئاشت نەبونەوەیان پێش دەنگدان، کارێکی نەرێنی زۆری کردە سەر ئەندامان و خاوکردنەوەو زویرکردنی زۆر و ڕۆلێکی باشی نە گێڕا. هەرچۆنێ بێ ئەوەی ڕویدا، ڕویداو ، گوزەشت. بەڵام شوڵکی میلەت بو بۆ سەر لوتی بەرپرسان و کەسانی پلە باڵای ناو حزبەکان. هەرچەندە شوڵکەکە بۆ هەندێ لایەن زۆر توندو کاریگەر بو، کە کەمترین مەسئولیاتی دەکەوتە سەر و خیانەتیشی نەکردبو دەبوایە بۆ ئەوانە بوایە کە سەرچاوی خیانەت بون و زۆرترین قوتی میلەتیان قوتداوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بێ مۆڕاڵی میللەت و، کەم تێگەیشتنێکی ڕای گشتی تێدایە، بەڵام هەر تاوانەکە بۆ یەکیتی و گۆڕان دەگەڕێتەوە ئەی بۆ نەیانتوانیوە ئەوە لە خەڵکی بگەیەنن کە کێ هەڵەی کردوە کێش تاوان و خیانەت، بە کردار و ڕەفتاریان نەک بە قسەی زل و پەیمانی ناڕاست. میللەت هێندە توڕە بو تەڕ و وشکی بەیەکەوە سوتان و دوکەڵ و هاوارو قرچە قرچی تەڕەکەش زۆر زیاتر بو. بەڵام دەبێ وانەو تاقیکردنەوەی نوێ، دروستکردنی هەستی خەبات و کۆڵنەدان و بەرخۆردان بکرێتەوە بە بەری خەڵکداو بە کردەوە لە خزمەتی خەڵکی و لایەنی زۆرینەدا بن و هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە و لە ناو قوڕگی شکستەوه سەرکەوتن دروستبکرێتەوە. لە ناو قوڵایی تاریکدا دەستبەری و ڕوناکی و ڕۆژ و تیشکی ڕۆژ جاریکی دی بە هەناسەیەکی نوێوە بێنیتە دەرەوە و پرشنگی دەربڕ لە واقعی ئێستا بدەنەوە. لە ناو نائومێدیدا، نەمام و گوڵی نوێی ئومێد بڕوێنیتەوە و دۆش دامان دادی کەس نادات. بەرخوردان و هەوڵدانی بەردەوامی تاقەت پڕوکین کاری لەمەودوایە. شاعیرێکی عەرەب ددەڵێ: ( ما أضیق العیش لولا فسحــة الأمل ).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت