ئارام هادی: سەدر ئەزمونی شکستخواردوی عەلاوی قبوڵ دەکات.

ئەنجامی هەڵبژاردنی عیراق کاڵایەکە بەقەد باڵای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دووراوە، نزیکەکانی ئیرانیش زەرەرمەندی هەڵبژاردنەکەن، بەڵام ئایا لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عیراق سەرکەوتودەبن یان جارێکیتریش ئیرانیەکان گرەوەکە دەبەنەوە (وەکو چۆن لە 2010 بەسەر ئەمریکادا سەرکەوتن)، لە هەڵبژاردنی ئەمجاردا (پارتی لە کورد و حەلبوسی لە سونە و سەدر لە شیعە) کە لە یەک بلۆکبەندی (تورکیا. ئیمارات. ئەمریکا) نزیکن زۆرترین کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، بەجۆرێک تادێت گومانی زیاتر لە ئەنجامەکە و ناڕەزایەتی فراوانتری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی فلاش میمۆری دەنگدان بۆ ئیمارات و ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە پێکهاتوە لەهاوپەیمانی (دەوڵەتی یاسا. فەتح. نەسر. نەهجی وەتەنی. عطاء. ڕەوتی نیشتیمانی).
هەڵبژاردنی 2010 لەماڵی (ئەحمد داود ئۆغلۆ)ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا لیستی العیراقیەی (ئەیاد عەلاوی) دروستکرا و ئەمریکا پشتیوانی لە لیستەکەی عەلاوی کرد بەدژی لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالکی، سەرئەنجام عەلاوی بە 91کورسی و مالکی بە 89کورسی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێنا، بەڵام ئیران هەژمونی خۆی خستەگەڕو حکومەتی پێکهێنا و گرەوەکەی لە ئەمریکا و تورکیا بردەوە، دەرئەنجام ئەمریکا تێگەیشت کە سیاسەتی وڵاتەکەی لە عیراقدا بە کەسێکی میانڕەوی وەکو ئەیاد عەلاوی نایەتەدی، بۆ ئەمجار پشتی بە سەدر بەستوە کە بەلای ئەمریکیەکانەوە (گەنجێکی توندڕەوی خاوەن پێگەی جەماوەری و هێزی چەکدارە.
دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن هەر زوو ئیران کەوتەخۆی و لە ڕێگەی نوری مالکی یەوە 85 کورسی شیعەکانی کۆکردۆتەوە و لەگەڵ سونە و کوردیش لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی دروستکردنی کابینەی نوێی عیراق لە دەست خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام ئایا (موقتەدا سەدر هاوشێوەی عەلاوی ساڵی 2010 شکست قبوڵ دەکات)؟، یان ئەمریکا لە دواساتدا وەکو چۆن پشتی لە عەلاوی کرد و بە داخوازییەکانی ئیران ڕازی بوو بۆ ئەمجاریش پشت لە سەدر دەکات؟.
دروستکردنی کابینەی نوێی عیراق گەرمترین بابەتی ڕۆژە نەک تەنها بۆ عیراقیەکان بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش، (تورکیا و ئیمارات و سعودیە و ئەمریکا) ئەنجامی هەڵبژاردنیان بردۆتەوە، هەرچی ئیرانە کە لە بلۆکبەندیەکەیتری جیهان (ڕوسیا و چین) نزیکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پێ ساختەیە و پێی وایە پێشوەختە ئەنجامەکە دیاریکراوە، بەتایبەت کاتێک کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی ڕاگەیاند ژنە کاندیدی مەسیحیەکان (ئەنسام مانوێل ئەسکەندەر) سەرکەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام دوومانگ پێشتر ئەم کاندیدە ژنە بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، هەروەها لەم سەر و بەندەدا باسوخواسێکی (ئەیاد عەلاوی و مستەفا کازمی)ش خۆیکرد بەناو سۆشیال میدیادا کاتێک عەلاوی دەڵێت”لە سەردانێکی مستەفا کازمیدا بۆ ماڵەکەم پێی ڕاگەیاندوم کە لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی عیراقدا هاککەرێکی بردۆتە ناو کۆبونەوەکە ئەو هاککەرە لەبەر چاوی ئامادەبوان تەنها بە چوار خولەک کۆیگشتی سیستەمی بایۆمەتری عیراقی هاککردووە”، ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە هەیە کە پشتی بە کارتی بایۆمەتری بەستبوو، جگە لەمەش (چوار کورسیەکەی عەبادی و عەمار حکیم) هێندەیتر گومانی لەسەر دانانی پێشوەختەی کورسی لایەنەکان دانا.
ئەمریکا دەمێکە پرۆژەی تێکدانی ناوماڵی شیعی هەیە بەڵام بۆی جێبەجێنەدەکرا، ئێستا بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە لێکترازاوی لەناو ماڵە پۆڵاینەکەی شیعەدا دروستکردووە، ئیرانیش دەیەوێت بێ سەرئێشە حکومەت لەسەر خواستی خۆی دروست بکات و بەیەکجاری ئەمریکا لە نەخشەی عیراق بکاتە دەرەوە و بنیاتنانی عیراق بداتە دەست چینیەکان کە بە 80% کەمتر لە تێچوی داواکراوی ئەمریکا عیراق بنیات دەنێنەوە، مەترسی جدی بەردەم ئیرانیش لە عیراق (موقتەدا سەدر)ە کە جارێ دیارنیە سەدر ماڵ ئاوایی لە ئەمریکا دەکات و دەچێتەوە حەوزەی قوم؟، یان شکست قبوڵ دەکات و ڕێگە بەئیران دەدات لەڕێگەی مالکی یەوە حکومەت دروست بکات؟، یان چەک ئاڕاستەی ململانێکە بەلایەکدا سەردەخات؟، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە، کابینەی حکومەت بە ئاسانی پێکنایەت مەگەر ڕێککەوتنی نهێنی (ئەمریکا و ئیران)ی لەسەر کرابێت.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies