بەهرۆز جەعفەر: ئایا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەبێت بە هەڵم؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕانی کەش و هەوا لە جیهاندا پرسێکی گرنگە، بە هۆی پێشکەوتنی سەرمایەدارییەوە کارگەو کارخانە پیشەسازییەکان گوێ نادەنە پیسبونی هەواو ژینگەو تەنها سەرمایە کەڵەگە ئەکەن!. هەمووشیان تەنها بۆ جوانکردنی وتارەکانیان و ڕازاندنەوەی کۆڕەکانیان باسی گرفتەکە ئەکەن و هەنگاوی کرداریی بۆ چارەسەر ناگرنە بەر، سەرئەنجام دۆخەکە گەیشتوە بەوەی کەمی باران و گەرمبونی گۆی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان، وەرزەکانی ساڵ بگۆڕێت لە زۆر شوێنی دونیا.
تەنها لەم عێراقە دەریاچەی وا هەبوە هەزاران ساڵە پڕ ئاوەو دەریاچەیەو، سەدەها شاعیر هۆنراوەیان لەسەری هۆنیوەتەوەو، دەیان ئەفسانەو چیرۆکیان لەسەر ئەگێڕنەوە، کەچی لە پڕ هەمویان بوون بە هەڵم (تبخر- Evaporation) و ووشکبون و نەمان!.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، چل ساڵە، هەموو ساڵەکان، هەموو وەرزەکان، کێشەی ناوخۆیی هەبوەو هەرجارەی بەجۆرێک نیمچە- چارەسەرێک کراوە. بەڵام گرفتەکانی ئەم حیزبە ستراکچەرین و پێویستیان بەوەیە ئاوڕی قووڵی لێ بدرێتەوە، لەلایەک پەیوەستە بە شوناس و گوتاری فیکریی- سیاسیی- میدیایی حیزبەکەوە، لەلایەکیش پەیوەستە بەژیانی کۆی خەڵک و پرسە نیشتیمانییەکانەوە. ئێستا هەم زەمەنەکەی ووشکە ساڵییەو، هەم تەحەدداو گرفتەکانی ناو یەکێتی قورسترن !.
لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا، نزیکەی ( 70 ) ئەندامی سەرکردایەتی ئەم حیزبە نە بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردو، نە دەنگیشیان دا!. یەکێتی بۆتە چەند ماڵێک، گروپێک کە هەموو تاوانێکیان کردوە کەرکوکیان بە دەستەوەیەو لە دەستیشیاندا نییە!. گروپێک گەرمیانی بەدەستەوەیە و لە دەستی ئەوانیشدا نییە، گروپێک هەولێر و لە دەستیشیاندا نییە، یەک دوو گروپیش لەناو سلێمانیدا ململانێ ئەکەن!.
ئەنجامەکەی ئەوەیە، لە کەرکوکدا بە گوێرەی دەنگ یەکێتی کەوتۆتە دوای پارتی و بە بەراورد بە ساڵی (2014 ) زیاتر لە ( 300 ) هەزار دەنگی لە دەستداوە!. لە هەموو گەرمیاندا ( چەمچەماڵ، کەلار، کفری، دەربەندیخان) یەکێتی بەخۆی و بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە کەوتونەتە دوای نەوەی نوێ و پارتیەوە و بە پلەی سێهەم و چوارەم دێن. لەهەموو حەوزەی ڕاپەڕیندا یەکێتی بەپلەی دووەم و سێهەم دێت. لەهەموو هەولێرو بادینان دا یەکێتی بە پلەی سێهەم و چوارەم دێت! لەناو سلێمانی دا یەکێتی یان دووەمە یان سێهەمە!.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەنگەکانی کەمی کردوە، ڕەنگە خروقاتیش کرابێت، بەڵام ئەو حیزبە هەم کاری کردوەو هەم ئامادەیە دوای هەڵبژاردن بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە!. نزیکەی ( 10 ) دە ساڵە خەڵکی چەمچەماڵ گرفتی بێ ئاویی و گەیاندنی ئاوی گۆپتەپەیان هەیە!. سەرۆکی حکومەت ” مەسرور بارزانی” جاڕی داو دەستی بە چارەسەرکردنی کرد. لە گەرمیان گەورەترین پرۆژەی ستراتیجی کە سایلۆی گەنمە بە بەهای ( 16 ) ملیار دینار پێش دەنگدان ” مەسرور بارزانی” بناخەکەی دانا. لە چەمچەماڵ توانی گەورەترین فیگەری عەشایەری سنورەکە” عەبدوڵای کوێخا موبارەک” کە نەیارێکی گەورەیان بو وەربگرێت و وەهای لێ بکات بە پەڕۆیەکی زەردەوە ئاهەنگی سەرکەوتنی پێ بگێڕێت.!.
بەمجۆرە، سنوری بەرفراوانی چەمچەماڵ جارێکی تر دەنگ بە یەکێتی نادەن، چونکە کاندیدە یەکێتییەکەیان بە مافی خۆی کورسی پەرلەمانیی مسۆگەر کردو، کۆمسیۆنیش لە تۆماری سەرکەوتواندا ناوەکەی دانا، بەڵام بەئاشکرا ئەو مافەیان پێ ڕەوا نەبینی بەهۆی دەستەگەرییەکانی ناو حیزبەکەوە!.
وا دیارە!. هاوسەرۆک بەڕێز ” بافڵ تاڵەبانی” یش ناتوانێت ئیدارەی ئەم هەموو تەحەددایانە بکات!.
گریمان ئەوە گرفتی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لەناو یەکێتی دا نەماو کۆتایی پێ هات، ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ چەندین دەستەو تاخمی تری ناو یەکێتی ئەکات؟. کە بە ملیۆن و ملیار دۆلاریان هەیە، فەوج و لیوایان هەیە، دەیان کەتن ئەکەن. ئەی بزوتنەوەی گۆڕان؟. ئەی نەوەی نوێ؟. ئەی ئەو ( 70٪) ەی خەڵکی ناڕازیی کە نە چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان!؟. ئەی ئەو دەیان هەزارەی دەنگەکانی خۆیان پوچەڵکردۆتەوە لە سەر سندوقەکان؟. ئەی ئەم هەموو سکرتێرو بەڕێوەبەری نوسینگەو دەوروبەرانەی خۆیان و بەرپرسان کە جەستەی حیزب و حکومەتیان داڕزاندوە!و هەموو شتێک لێیان بێزارە!. ئەی ئەم هەموو پێشهاتە ناوچەییە- ئاڵۆزەی لە ئەفگانستانەوە تا کەنداو، لە ئێرانەوە تا دەریای سپی بەڕێوەیە!؟. حیزبی قووڵ ئەبێت خەریکی پۆلێن کردنی ئەگەرەکان بێت بۆ ئایندەو لەبەرانبەریاندا بژاردەکانی ڕووبەڕووبونەوە دابنات ئەگەر ڕوویاندا!.
یەکێتی دەیان کادیری زمانزان و بە ئەزمون و شارەزای هەیە و دەرفەتیان پێ نادات، لەبەرانبەردا بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی سوور -سوور ئەزانێت ( 90 ٪) ی یەکێتیەکان و سەرکردایەتی بونی ” بەرهەم ساڵەح”یان بە سەرۆک کۆمار قبوڵ نییە، سور ئەزانێت لە بەغدا مالیکی و حەلبوسی و حەشدی شەعبی بەرهەم ساڵەحیان ناوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرهەم ساڵەحی ناوێت!. ئەم کابرایە ئایکۆنی نا-ئومێدکردنی دۆستەکانی خۆی و یەکێتییەکان و خەڵکی کوردستان و کەرکوکییەکانە، کەچی بۆ ئیستفزاز کردنی ئەم هەمووە نە جارێک و نە دوان دوپاتی ئەکاتەوە کە سەرۆک کۆماری ئایندەی عێراق بەرهەم ساڵەحە!. فەرموو کەرکوک و قەڵا سەوزەکەشتان پێشکەش بە پارتی و تورکیا بکەن بزانین بەرهەم ساڵەح چی کۆمەکێک بە ئێوە ئەکات!.
من لەوەدا دڵنیام، ئەگەر هەر ئاوها بەردەوام بن لەسەر هەڵەکان و، گرفتەکان کە دە ساڵە بەردەوامی هەیە بە کات بسپێرن، ئەوا یەکێتی ئەبێت بە هەڵم و لە پڕ نامێنێت!. ئێوە پێتان وایە خەریکی شتێکن و ئەیکەن بەڵام وادیارە لەڕاستیدا هیچ ناکەن!. من چەندین جار لە سەرکردەو کادری پێشکەوتوی یەکێتیەوە گوێم لێ بوە کە بەئەنقەست وا لەحیزبەکە ئەکەن و بێ باکن لەهەر کەس و هەر شتێک ڕووئەدا، ئەوان چوار کورسی پوختیان ئەوێت هی خۆیان بێت نەک چل کورسی هی هەموو یەکێتی بێت!.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت