بورهان شێخ رەئوف: عێراق جارێکى تر لە گەڵ کێشەى کێ گەورەترین فراکسیۆنە بەرەڕووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێشا ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنە گشتیەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە 10/10/ 2021 یەکلایى نەبووەتەوە، ئیئتلافى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتى نورى مالیکى دەستى کردووە بە پەیوەندیکردن و ڕاوێژ لە گەڵ ئەو قەوارەو لایانانەى کە سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى داهاتوو بە مەبەستى پێکەوەنانى گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانى کابینەى وەزراى.
ئەم هەنگاوەى مالیکى و هاوپەیمانەکانى مایەى مەترسى و ئاماژەیەکى سامناکە بۆ سەرهەڵدانى قەیرانێکى گەورە لە کاتێکدا فراکسیۆنەکەى موقتەدا سەدر بە گوێرەى ئەنجامە سەرەتاییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە پێشەوەى هەموو قەوارەکانى ترەوەیە.
هەرچەندە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان هێشتا سەرقاڵى جیاکردنەوەى دەنگەکانە بە دەستى ،بە هۆى بوونى هەڵەى تەکنیکى و کێشە لە ئامێرەکان و نەناردنى بە مانگە دەستکردەکان ،ڕاگەیاندنى کۆتایى ئەنجامەکان لە هەفتەکانى ئایندەدا دەبێت دواى کۆکردنەوەى هەموو ئاکامەکان و سەیرکردن و وردبینى هەموو تانەکان،دواتر ئەنجومەنى کۆمیسیاران ڕاستاندن بۆ هەموو ئەنجامەکان دەکات و ڕایدەگەینێت.
ئەنجامە سەرەتاییەکان ئەوەى کە تائێستا بڵاوکراوەتەوە ، هەرچەندە کۆمیسیۆن ئەوەى ڕاگەیاندووە کە ئەمانە ئەنجامى کۆتایى نین ،دەکرێت تانەى لێ بدرێت و گۆڕانکارى بەسەردابێت، کاندیدەکانى لیستەکەى موقتەدا سەدر لە پێشەوەى هەموو لیستەکانى ترەوەن بە جیاوازییەکى زۆرەوە ، لە دواى ئەولیستى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتى نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى دوو خوولى پێشووتر دێت، لە بەرامبەردا لیستى فەتحى هادى عامرى و ئەوانەى لەئەوەو نزیکن کە بە لیستى حەشد ناسراون پاشەکشەى زۆریان کردووە ،ئەمە بەرەى شیعە.
لە بەرەى سوونەکانیش هاوپەیمانى تەقەدوم کە موحومەد حەلبوسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى پێشوو سەرۆکایەتى دەکات پێشکەوتنى گەورەى بە دەستهێناوە لە هەمبەر ڕکابەرەکەى هاوپەیمانى عەزم کە خەمیس خەنجەر گەورە بازرگان سەرۆکایەتى دەکات، لە هەرێمى کوردستانیش هەردوو لایەنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتى و هەندێک لایەنى تر سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە، ئەم ئەنجامانە هەندێک لایەنى تووڕەو نیگەران کردووە و هەڕەشەى ئەوە دەکەن کە بەهێز پرۆسەى سیاسى دەپارێزن!
ئەو لایەنانەى کە زیانى گەورەیان لەم هەڵبژاردنەدا کردووە باڵى سیاسى حەشدى شەعبین کە لە پەرلەمانى عێراقدا نوێنەرایەتیان هەبوو پێشتر، هەرچەندە کۆمیسۆنى باڵا هەڵبژاردنەکان پەلەیان کرد لە ڕاگەیاندنى ئەنجامە سەرەتاییەکان پێش ئەوەى ژماردن و جیاکردنەوەى تەواوى وێستگەکان بەڕێوەببات، دواتر ڕوونکردنەوەى دا، ئەوەى ڕاگەیەنراوە ئاکامى سەرەتایین و قابیلى تانەو گۆڕانکاریی، مۆڵەتى سێ ڕۆژى دایە لایەنە ناڕازییەکان تاوەکو تانە پێشکەش بکەن، دواى بیست ڕۆژ ئینجا ئەنجامە کۆتاییەکان ڕادەگەینن و دواتر داداگاى فیدراڵى عێراق ڕاستاندنى بۆ دەکات و یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى نوێ دەبەسرێت.
لەلایەکى ترەوە زۆرێک لە سەرکردە دیارو باڵاکانى پرۆسەى سیاسى عێراق لە هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتى شیعەو سوونەکان پاشەکشەى زۆریان کردووەو سەرنەکەوتوون و نەیان توانیووە متمانەى هاوڵاتیان بەدەست بێنن، لە بەرامبەردا هێرشى توند دەکەنە سەر کۆمیسیۆن، کەلەوەیە هێشتا زوو بێت ئەو حوکمە بدرێت.

کێشەى گەورەترین قەوارە
دوای ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان و پێشکەوتنى لیستەکەى سەدر 73 کورسى، سەرلەنوێ ململانێی، کێ گەورەترین قەوارەیە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا بۆ ئەوەى حکومەتى نوێ پێکبهێنێت بە گەرمى سەرى هەڵداوەتەوە ، سەدرییەکان دەبێژن ئێمە گەورەترین فراکسێونین چونکە زۆرترین دەنگمان هێناوە و حکومەتى نوێ پێکدێنین، لە بەرامبەردا ڕکابەرە کۆن و دوژمنە سەرسەختەکەى سەدر، مالیکى ڕایگەیاندوو کە سەرقاڵى دروستکردنى گەورەترین فراکسێۆنە لە فراکسیۆنە جیاوازەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت، لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەى مالیکیدا سەدر ڕایگەیاندووە کە ئێمە گەورەترین قەوارەی نێوە پەرلەمانین و من ئەیاد عەلاوى نیم، مەبەستى ڕوونە کە لە هەڵبژاردنەکانى 2010 عەلاوى 91 کورسى هەبوو دواتر مالیکى بە 89 کورسى کابینەى پێکهێنا.
سەبارەت بەم کێشە یاسایى و دەستوورییە پێمخۆشە ڕاو بۆچوونى تاریق حەرب گەورە یاساناس و شرۆڤەکارى دەستوورى عێراق بخەمە ڕوو لە جیاتى بۆچوونى خۆم کە لە بەیان نامەیەکدا دەبێژێت فراکسیۆنى سەدر گەورەترین قەوارەیە بە ژمارەى کورسى ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بە گوێرەى مادەى 46لە یاساى هەڵبژاردن و مادەى 76 ى دەستوورى عێراق، هەروەها ئەوەشى ڕاگەیاندووە کە سەرۆک کۆمارى نوى کە لە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە هەڵدەبژێرێت دەبێت و پێویستە کاندیدى فراکسیۆنى سەدر ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت ئەگر ئەنجامەکان وا جێگیر کران و دادگاى فیدراڵى عێراق ڕاستاندنى بۆ کرد.
هەروەها تاریق حەرب ئاماژەى بە شیکردنەوەى داداگاى فیداراڵى عێراق بۆمادەى 45 یاساى هەڵبژاردنى نوێ ى عێراقى ژمارە (9) لە ساڵى 2020 کردووە، کە ڕێگرى لە سەنگەر گواستنەوەى نوێنەران دەکات لە فراکسیۆنێکەوە بۆ فراکسیۆنێکى تر، کە ئەمە لە ڕابردوودا کێشەى زۆرى دروستکرد بۆ کڕینى وەلائو دەنگى فراکسیۆن و لیستە بچوکەکان بە قازانجى قەوارە گەورەکان کە پێویستییان بە چەند کورسیەکى کەم دەبوو بۆ مسۆگەرکردنى لیست و قەوارەى گەورەتر بۆ پێکهێنانى حکومەت.
لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا ڕاو بۆچوونى جیاوازتریش هەیە کە پێیان وایە ئێستاش بوار هەیە بۆ پێکهێنانى قەوارەى گەورە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ پێکهێنانى لیستى گەورە بە پشت بەستن بە لێَکدانەوەو شرۆڤە کۆنەکانى دادگاى فیدراڵى عێراق لە ساڵەکانى 2010 و 2014 کە نوێنەران ئازادبوون و بۆیان هەبوو لە فراکسیۆنێکەوە بچنە فراکسیۆنێکى تر ،وەکو ئەزموونەکەى مالیکى ساڵى 2010.
لە کۆتاییدا ئەوەى تا ئێستا پێشبینى دەکرێت لەوەناچێت وا بە ئاسانى کابینەى نوێ بۆ سەدرییەکان بەبێ کێشمە کێش و سەرئێشەى توند پێکبێت، چونکە تائێستا سێبەرى حەشدو وڵاتانى ئیقلیمى ئامادەگى ڕاستوخۆو کاریگەریان لە گۆڕەپانى سیاسى عێراق هەیە، درێژەدان بە دۆخى ڕابردوویش ئارامى و سەقامگیرى بۆ عێراق ناهێنێت، دەرگا دەکاتەوە بۆ قۆناغێکى شپرزەترو خۆپیشاندان بە تایبەتى تشرینیەکان کە بایکۆتى ئەم هەلچبژاردنەیان کرد هەر لە ئیچستاوە هەڕەشەى سەرلەنوێ ڕژانە سەرشەقامەکان دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت