نەوزادى موهەندیس: مرۆڤ هۆکارێک بۆ لەناوبردنى ئاوەدانى گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتى/ بەشى سێهەم و کۆتایى.

لەم بەشەدا باس لە سێ هۆکارى دەستکردى ترى مرۆڤ دەکەین کە بونەتە هۆى لەناوبردنى ئاوەدانى گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتیش،کە بریتین لە دیاردەکانى نەخوێندەوارى و بێکارى و بڵاوکردنەوەى نەخۆشى و پەەتا کوشندەکان ،کە هەر سێکیان لە ئەنجامى چاوچنۆکى مرۆڤ و خۆپەرستى و بەرژەوەندخوازیەوە سەریانهەڵداوە و تەواوى گۆى زەوى گرتۆتەوە و بە ملیۆنان مرۆڤ بەدەست نەخوێندەوارى و بێکارى و نەخۆشى و پەتا کوشندەکانەوە دەناڵێنن و ساڵانە لەناودەچن.

1. دیاردەى نەخوێندەوارى:
پێناسە: بەپێى پێناسەى نەتەوەیەکگرتوەکان نەخوێندەوارى بریتیە لە نەتوانینى خوێندنەوە و نوسینى ڕستەى ئاسان بەهیچ زمانێک. بەپێى ئامارى گەشەپێدان لە وڵاتانى عەرەبیدا لە ساڵى 2011دا،ڕێژەى نەخوێندەوارى بریتیە لە 27.1% لە پێگەیشتوان و 60% لەناویاندا لەڕەگەزى مێینەن.

هۆکارەکانى بڵاوبونەوەى نەخوێندەوارى:
1. هەژارى
2. سروشتى کۆمەڵگاکان وەک شوانکارى و گوندنشینى
3. نەفامى دایک و باوکان بۆ گرنگى خوێندەوارى
4. زاڵبوونى هەندێک دابونەریت کە ڕێگرن لە فێربوونى ژنان
5. سەرقاڵبوون بە جەنگەوە
6. نزمى ئاستى هوشیارى لەناو کۆمەڵگاکاندا بە پێویستى خوێندن و ڕۆڵى لە ژیانیاندا
7. نەبوونى خوێندنگە و پێداویستیەکانى خوێندن
8. زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان

جۆرەکانى نەخوێندەوارى:
1. نەخوێندەوارى کلاسیکى: کە بریتیە لە نەتوانینى خوێندنەوەى ڕستەى سادە و بچووک و وشەکان.
2. نەخوێندەوارى نوێ: یان زارەوەى نەخوێندەوارى ئەلکترۆنى یان ژمارەیى: بەو کەسانە دەوترێت کە ناتوانن تەکنەلۆژیاى نوێ و زیرەک بەکاربهێنن و بچنە ناو جیهانى ژمارەییەوە بەڕێگایەکى ڕاست و کاریگەر و سەلامەت لەم سەردەمەدا(( سەدەى بیست و یەک)) و تەکنەلۆژیاى نوێش بریتین لە:
• بەکارهێنانى کۆمپیوتەر
• بەکارهێنانى تۆڕى ئینتەرنێت و بەکارهێنانى هۆکارەکانى پەیوەندى WIFI
• تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
• گەڕان لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە
• پاراستنى تایبەتمەندى و زانیارییەکان لەکاتى بەکارهێنانى ئینتەرنێتدا.
• پاراستنى زانیاریەکانى دامودەزگا و کار کە کارى تیادا دەکەیت.

ئامارەکانى نەخوێندەوارى:
1. لە وڵاتە عەرەبیەکاندا: لەساڵى 2014 دا گەیشتۆتە 19% لەکۆى دانیشتوان کە 505263157 کەس بوون. کە دەگاتە نزیکەى 96 ملیۆن کەس. لەکاتێکدا لەساڵى 2005 گەیشتبوە لە 35% لەکۆى دانیشتوانى ناوچەکە و گەیشتە 70 ملیۆن کەس.بەوەش یەکسان بوو بە دووهێندەى ناوەنجى جیهان لە نەخوێندەواریدا.
نەخوێندەوارى لە ڕەگەزى مێینەدا 46% و زیاترە بە بەراوورد بە ڕەگەزى نێرینە کە 25%.
2. لە عێراقدا: ڕێژەى نەخوێندەوارى لە عێراقدا لەساڵى 2020دا گەیشتۆتە 5 ملیۆن کەس وەک وەزیرى پەروەردەى عێراق ڕایگەیاندوە.و بەپێى ئامارى دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراقیش،ڕێژەى نەخوێندەوارى لەناو دانیشتوان کە تەمەنیان زیاد لە 10 ساڵانە دەگاتە 13% کە دەکاتە 3700000 کەس لە کۆى 39 ملیۆن کەس کە لە کچاندا ڕێژەکە دەگاتە 18% و لەکوڕانیشدا 8%.
ڕێژەى خوێندکارانى قۆناغى سەرەتایى 33% و قۆناغى ناوەندى 57% و قۆناغى ئامادەیى 30%.
3. لە جیهاندا:

ڕێژەى نەخوێندەوارى لە جیهاندا بەپێى ئامارى ساڵى 2013 بەم شێوەیە بوە:
ساڵى 1970 37%
ساڵى 1980 30.6%
ساڵى 1990 24.6%
ساڵى1995 22.7%
ساڵى 2000 20.6%
ساڵى 2008 19%

چۆن چارەسەرى دیاردەى نەخوێندەوارى دەکرێت ؟
1. نەهێشتنى نەخوێندەوارى: لەڕێگەى هەڵمەتى نیشتیمانى و جیهانیەوە بۆ بنەبڕکردنى نەخوێندەوارى لەڕێگەى بەزۆر فێرکردنەوە،یان هاندانى گەنجان و بەتەمەنەکان لە ڕەگەزى نێر و مێ بۆ خوێندن و کارئاسانى کردن بۆیان لە ڕێگەى کردنەوەى خوێندنگە و پێداویستیەکانى و مامۆستا و بەرنامەى خوێندنى سەردەمیانەوە.
2. بەرزکردنەوەى ئاستى هوشیارى تاک و خێزان و کۆمەڵگا بەگرنگى دان بە خوێندن و فێربوون.
3. بەرزکردنەوەى ئاستى ژیان و گوزەران و داهاتى تاک و خێزان.لەڕێگەى گەشەپێدان و دامەزراندنى پڕۆژە ئاوەدانیەکان و پیشەسازى و کشتوکاڵ و گەشتیارى و …هتد.

کاریگەرییە خراپەکانى نەخوێندەوارى:
1. نەخوێندەوارى ئاستى هوشیارى تاک و کۆمەڵگا نزمدەکاتەوە و لە کۆمەڵگایەکى خوێندەوار و هوشیارەوە دەیکاتە کۆمەڵگایەکى دواکەوتوو و نەخوێندەوار و هەژار و نەخۆش و بێئاگا.
2. دەبێتە هۆکارى بڵاوبونەوەى نەزانین و خەڵکى دواى ئەفسانە و بیروباوەڕى پڕوپووچ دەکەون لە جیاتى خوێندن و زانست و زانیارى. و چارەسەرى نەخۆشیەکان لەجیاتى پزیشک پەنا دەبەنە بەر شێخ و جادوگەر و نوشتە نووس.
3. دابەزینى ئاستى تاک و خێزان و کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە شێوازى کردار و گوتارى سەردەمیانە و تێگەیشتوانە. و خەڵکى لەکەشوهەوایەکى بێسەروبەرى و فەوزادا دەژین.
4. بڵاوبونەوەى بێکارى و هەژارى و دوورکەوتنەوە لە داهێنان و بەڕێوەبردن.
5. زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان بەشێوەیەکى هەڕەمەکى و مەترسیدار. لەگەڵ دابەزینى ئاستى ژیان و گوزەران و ئابورى و داهاتەکانیان.دیاردەى منداڵانى سەرشەقام و سواڵکردن و…هتد. زیاد دەبن.
6. دەبێتە هۆکارى سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەى بیرى توندوتیژى و دەمارگیرى و کوشتن و بڕین و تۆڵەسەندنەوە و جەنگ و داگیرکارى.

2. دیاردەى بێکارى:
پێناسە: بریتیە لە دیاردەیەکى ئابورى و سەریهەڵداوە بەشێوەیەکى هەستپێکراو لەگەڵ گەشەکردنى پیشەسازیدا.
بەپێى پێناسى ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتیش: بریتیە لەوەى کەسى بێکار: ئەو کەسەیە کە تواناى کارکردنى هەبێت و حەزیشى لەکارکردن هەبێت و بەدواشیدا بگەڕێت،بەڵام کارى دەستنەکەوێت. و بۆ یەکەم جاریش چەمکى بێکارى لەسەدەى 17 هەمەوە سەریهەڵدا.لەساڵى 1782زدا،بەڵام لەساڵانى سیەکانى سەدەى بیستەوە چەمکى نوێى بێکارى سەریهەڵدا.

هۆکارەکانى بێکارى:
1. زیادبوون و تەقینەوەى ژمارەى دانیشتوان.
2. گەشەى هێواشى چالاکى ئابورى.
3. بوونى گرفت لەنێوان سیاسەتى خوێندن و پێداویستى گەشەکردن و بازاڕى کاردا.
4. پابەندنەکردنى حکومەت بە دامەزراندنى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان.
5. ئاڕاستەکان و دابونەریتە باوەکان.
6. ناجێگیرى سیاسى و ئەمنى و جەنگ و ناجێگیرى دارایى و پارەى نەقدى.

جۆرەکانى بێکارى:
1.بێکارى سوڕیى : لە ئەنجامى گەشە و ڕاوەستانى ئابوریەوە.
2.بێکارى هەیکەلى ئابوریەوە.
3. بێکارى داپۆشراو.
4.بێکارى کاتى: بەهۆى گواستنەوەى لەکارێکەوە بۆ کارێکى تر.
5. بێکارى هەڵسوکەوتى: بریتیە لەوەى کە کەسانێک یان هێزى کار هەندێک کارناکەن لەبەر پلەو پایە و پێگەى کۆمەڵایەتیان.
6. بێکارى هاوردەکراو: هێنانى دەستیکارى دەرەکى بۆ ناو ووڵات.

قۆناغەکانى بێکارى:
1. قۆناغى یەکەم: دابەشدەکرێت بۆ 3 قۆناغ:
A- بێکارى ئاشکرا
B- بێکارى بەشى یان کەمتر لەکاتى پێویست
C- بێکارى شاراوە یان داپۆشراو
2. قۆناغى دووەم: ئەم جۆرەش دابەشدەکرێت بۆ 3 قۆناغەوە:
A‌- بێکارى تەکنیکى: بەهۆى بەکارهێنانى ئامێر و تەکنەلۆجیاى نوێوە و وازهێنان لەدەستى کارى مرۆیى.
B‌- بێکارى سووڕیى: بۆ سوڕى گەشە و چوونەوەیەکى ئابورى دەگەڕێتەوە.
C- بێکارى دروستبوونى یان پەیکەرى: بەهۆى گۆڕان لە پەیکەرى ئابورى نەتەوەییدا ڕوودەدات.
3.قۆناغى سێهەم: بەپێى سروشتى تایبەتى خۆى:
A‌- بێکارى وەرزى
B‌- بێکارى خۆویست
C- بێکارى بەزۆر

کاریگەرییە خراپەکانى بێکارى:
1. گەشەى ئابورى وڵات دوادەخات.
2. کێشەى کۆمەڵایەتى دروست دەکات بەتایبەتى بۆ گەنجان.
3. کێشەى خێزانى سەرهەڵدەدات.
4. کێشەى ئەمنى و سەرهەڵدان و زیادبوونى تاوانەکان وەکو دزیکردن و پەلاماردانى ڕەگەزى مێینە و کوشتن و خۆکوشتن وکێشانى مادە هۆشبەرەکان و …هتد.
5. کێشەى ڕەوشتى و تێکچوونى شیرازەى خێزانەکان.
6. کۆچکردنى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات.
7. بڵاوبونەوەى هەژارى و نەخوێندەوارى و نەخۆشیەکان.
8. هەڵئاوسانى ئابورى و چوونەوەیەک ڕوودەدات.

حسابکردنى ڕێژەى بێکارى = ژمارەى ئەو کەسانەى کە بێکارن / ژمارەى دەستى کار *100
چارەسەرییەکان بۆ دیاردەى بێکارى:
1. دانانى پلانى زانستى و واقعى بۆ گەشەى ئابورى و ئەنجامدانى پڕۆژەکان و کارى وەبەرهێنان و ڕەخساندنى هەلى کار.
2. دانانى سیاسەتى دارایى گونجاو،بەکەمکردنەوەى سوود لەسەر کاڵاو و شتومەک و سەرمایە و …هتد. و کەمکردنەوەى باج.
3. بەرزکردنەوەى ئاستى هوشیارى و خوێندن و تواناکان.
4. هاندانى کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە هەژارەکاندا.
5. دانانى یاسا و ڕێساى کارى گونجاو بۆ دەستخستنى کار بۆ بێکاران.

ئامارەکانى بێکارى:
1. لە ناوچەى وڵاتانى عەرەبیدا: بەپێى ڕاپۆرتى هاوبەشى ئەسکوا و ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى لەساڵى 2021دا.ژمارەى بێکاران گەیشتۆتە 14.3 ملیۆن کەس بەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە جیهاندا و بەتایبەتیش لەناو ژنان و گەنجاندا.
2. لە عێراقدا: لەساڵى 2016دا ڕێژەى گشتى بێکارى لە هەردوو ڕەگەزدا بریتیى بوە لە 22.7% بۆ تەمەنى نێوان 15-24 ساڵان.
هەر بەپێى هەمان ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراقى و دەزگاى ناوەندى ئامار لە ساڵى 2016دا بێکارى بۆ تەمەنى نێوان 15-24 ساڵى بەم شێوەیە بوە:
سلێمانى 19.4%
هەولێر 22.2%
کەرکوک 28.7%
دهۆک 28.1%
زیقاڕ 34.8% بەرزترین ڕێژەى بێکارى
بابل 11% نزمترین ڕێژەى بێکارى
3. لە جیهاندا: بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کوشندەى کۆڕۆناوە لەسەرەتاى ساڵى 2020ەوە ڕێژەى بێکارى لە جیهاندا بەرزبۆتەوە و گەیشتۆتە 200ملیۆن بێکار.

3. دیاردەى نەخۆشى و پەتا کوەشندەکان:
یەکێکى تر لەو دیاردە دەستکردانەى مرۆڤ کە زیانێکى گەورەیان داوەتە سەر تەواوى مرۆڤایەتى و گۆى زەویش بریتیە لە بڵاوبونەوە یان بڵاوکردنەوەى جۆرەها پەتا و نەخۆشى دروستکراوى مرۆڤ لەناو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا بەمەبەستى کەمکردنەوەى ژمارەى دانیشتوان یان وەک پلانێکى جەنگى و زیان گەیاندن بە نەیاران و بەکارهێنانى چەکى کۆمەڵکوژى و کیمیاوى و ئەتۆمى و ڤایرۆسى کوشندە. لەدێر زەمانەوە پەنا براوەتە بەر بڵاوکردنەوەى جۆرەها ڤایرۆس و میکرۆبى هەمەجۆر وەک چەکێکى لەناوبەرى مرۆڤایەتى و مێژووى بەکارهێنانیان زۆر کۆنە وەک ژەهرخواردن بۆ دوژمنان و نەیارانى سیاسى و ئابورى یان وەک چەکێکى کوشندە دژى دوژمنان وەک ئەوەى ئەمریکا کە بۆمبى ئەتۆمى لە جەنگى دووەمى جیهانیدا دژى یابان بەکاریهێنان لەهەردوو شارى هێرۆشیما و ناگازاکى لەساڵى 1945دا و بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى و ناپاڵم و بۆمبى فسفۆڕى قەدەغەکراو و ..هتد. لە جەنگەکاندا و بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى لەلایەن ڕژێمى بەعسى ێدامیەوە دژ بەگەلى کورد و لە جەنگى عێراق –ئێران دا لەساڵانى 1980-1988 و دواتر و لەشارى هەڵەبجە لە 16/3/1988و کوردستانى باشووردا.لەئێستاشدا لەسەرەتاى سەدەى بیست و یەک و ساڵى 2020وە پەتاى کۆءرۆنا((کۆڤید-19))وەک دەوترێت بەدەستى ئەنقەست بڵاوکراوەتەوە و سەرتاپاى جیهانى گرتۆتەوە و تا ڕێکەوتى 9/9/ 2021 زیاد لە 224 ملیۆن کەس توشبوون و 4.5 ملیۆن کەسیشى کوشتوە.
بۆیە بەڕاستى بڵاوکردنەوەى ئەم پەتایانە مەترسى و هەڕەشەیەکى کوشندەن بۆ سەر تەواوى مرۆڤایەتى و گۆى زەوى و یەکێکە لەو دیاردە دەستکردانەى مرۆڤ خۆى دژى شارستانێتى و ئاوەدانى و گەشە و پێشکەوتنى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەتەواوەتى.بۆیە خۆپاراستن و بەتەنگەوە هاتنى ئەم سەردەم و قۆناغ و داهێنانە هێندە دەهێنن کە مرۆڤ لە نەزانینەوە بێت یان بە زانینى و ئاگایى و بەپلانى پێشوەختە ئەم کارانە بکات ڕایبگرێت و خواست و بەرژەوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکان و لە پێناو دەسەڵاتەکاندا هەق نیە گۆڕى مرۆڤایەتى و شارستانێتیەکەى بەدەستى مرۆڤ خۆى هەڵبکەنرێت و لەناو ببرێت.