دکتۆر نازەنین عوسمان: کاڤالا، ناکۆکییەکی تری نێوان تورکیا و خۆرئاوا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا هێرشی کردە سەر باڵیۆزی وڵاتانی: ئەمەریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، فینلەندا، دانیمارک، نیوزلەندا، هۆڵەندا، نەرویج و سوید. داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد ئەو 10 باڵیۆزە ئاگادار بکاتەوە، کە پەسەند نین و نابێت لە تورکیا بمێننەوە. ئەم 10 باڵیۆزە، بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و داوا دەکەن عوسمان کاڤالا دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێت و چیتر بەو شێوەیە لە بەندیخانەدا نەمێنێتەوە.
لە مانگی ئابی ئەمساڵ، دادگای ئەوروپی بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ، تورکیای بە پێشێلکردنی مافی عوسمان کاڤالا تۆمەتبار کردبوو و داوای کردبوو بە زووترین کات دادگایی بکرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، تورکیا بە توندی ناڕەزایی دەربڕی و بە دەستتێوەردانی ناوخۆی وڵاتەکەی دانا و رایگەیاند کە ئەوە ئیشی ئەوان نییە. لەسەر ئاستی جیهان، دوو ناودارترین گیراوی سیاسی لە تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالایە.
بابەتەکەی عوسمان کاڤالا چییە تا نێوانی تورکیا لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی ناتۆ و دەوڵەتانی دۆستی تێک بدات؟ لەکاتێکدا تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زۆری هەیە و بێگومان ئەم تێکچوونە دیپلۆماسییە کار دەکاتە سەر ئابووریی تورکیا. ئێستا تورکیا لە قەیرانێکی گەورەی ئابووریدایە و بۆ یەکەم جارە بەهای لیرەی تورکی بەرانبەر بە دۆلار بەو شێوەیە دابەزێت. ماڵ بۆخۆی نەبوو، میوانیشی بۆ بوو. تورکیا لەگەڵ ناتۆ بەتایبەتی لەگەڵ فەرەنسا نێوانیان گرژە، ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان هێندەی تر ئەو پەیوەندییانە ئاڵۆزتر دەکات.
لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، خێزانە مەسیحییەکانی تورکیا روویان کردە یۆنان و خێزانە ئیسلامەکانی یۆنانیش لە تورکیا نیشتەجێ بوون. خێزانی عوسمان کاڤالا، لە شاری کاڤالای یۆنانەوە بەرەو تورکیا رەویان کردووە. خێزانێکی دەوڵەمەند بوون و کاری بازرگانییان کردووە.
عوسمان کاڤالا تەمەنی 64 ساڵە، سەرمایەدارێکی چەپڕەوە و داوای ئازادیی رادەربڕین و دیموکراسیی دەکات. خاوەنی دەزگای بڵاوکردنەوەیە و ئەو بڵاوکراوانە چاپ دەکات کە خزمەت بە دیموکراسیی دەکەن. رێکخراوی “پەیمانگەی رۆشنبیریی ئەنادۆڵ”ی هەیە، ئەم رێکخراوە هەوڵی تێکەڵبوونی هونەر و کولتووری میللەتە جیاکانی تورکیا دەدات بەتایبەتی کورد و ئەرمەن. لە ساڵی 2002 لە دیاربەکر گەورەترین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی ئەنجام دا. دۆستی (پەکەکە)یە و هەوڵی چارەسەری کێشەی کوردی داوە بەتایبەتی لە سەرەتای دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، کە لەو کاتەدا رێکخراوە مرۆییەکان ئازادیی زۆریان هەبوو. هەروەها یارمەتی زۆری پەناهەندەکانی سوریای داوە و ژینگەپارێزە.
لە 2017 بە تاوانی ئەوەی دەستی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013دا هەبووە، عوسمان کاڤالا دەستگیر دەکرێت. لەگەڵ “جۆرج سوروس” پەیوەندییەکی باشی هەبووە. جۆرج سوروس ملیاردێرێکی ئەمریکیی بە رەچەڵەک جووە، گوایە یارمەتی مادیی خۆپیشاندانەکانی داوە.
لە سەرەتادا، ئەو خۆپیشاندانە دوای ئەوە هات کە ئەردۆغان ویستی مزگەوتێک لە باخی گیزی لە تەقسیم لە ناوەڕاستی ئیستەنبوڵ دروست بکات، کە لە کاتی ئەتاتورکەوە ئەو ناوچەیە قەدەغە بووە هیچ پەرستگایەکی دینیی لێ بکرێتەوە و نیشانەی پارێزراوی عەلمانیەتی تورکیایە. دواتر خۆپیشاندانەکان زۆر گەورە بوون و دروشمی تری دەربارەی باشترکردنی ژیانی رۆژانەی تێکەڵاو بوو.
دوای ئەوەی هیچ یەکێک لەو تاوانانەی ئاڕاستەی کاڤالا کراون پشتڕاست نەکرانەوە، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام یەکسەر تاوانی تری ئاڕاستە کرا کە گوایە لە کودەتاکەی 2016دا دەستی هەبووە.
هەندێک لە میدیاکانی عەرەب، بەتایبەتی ئیخوانەکان، پشتی ئەردۆغان دەگرن و کاڤالا بە سیخوڕی ئیسرائیل دادەنێن. چوار ساڵە کاڤالا لە بەندیخانەیە و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی زۆر لەسەرخۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت