عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: هه‌نگاو کورته‌ چیرۆک‏.

وه‌ک هه‌موو رۆژێکی تر له‌ ماڵ ده‌رده‌چوو، بەڵام رۆژانی هه‌ینی ده‌رچونه‌که‌ی تایبه‌تی بوو، له‌ گه‌ڵ ‏هاوسه‌رو منداڵه‌کانی دا به‌ چه‌پڵه‌ لێدان و گۆرانی وتن له‌ سەیران ده‌گه‌ڕانه‌وه‌.‏
(ئه‌م ئێواره‌یه‌ هه موو شتێک به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێت، هه‌ر ده‌بێت بێته‌ دی).
دوودڵ بوو، چه‌ند جاری تر‌یش ئه‌م بڕیاره‌ی دابوو، بۆی نه‌هاتبووه‌ دی، به‌‌ ده‌ست خۆی نه‌بوو، رێک ‏نه‌ده‌که‌وت، ئه‌وه‌نده‌ کارێکی ئاسان نه‌بوو، خۆشی چه‌ندجار که‌وتبووه‌ ئه‌و داوانه‌وه‌، به‌ڵام زوو ‏هاتبووه‌‌ ده‌ست ده‌رباز ببوو، هه‌موو که‌سێکیش بۆ ئه‌و کاره‌ دانه‌ده‌نرا.‏
پێش ئه‌وان، ئه‌و گه‌یشته‌ سه‌یرانگه‌که‌، له‌سه‌ر رێگاکه‌یان وه‌ستا، زۆر چاوه‌ڕوانی کرد، هه‌ر ‏ده‌رنه‌که‌وت. ترسا له‌وه‌ی گومانی لێ بکه‌ن، به‌ هێمنی به‌ره‌و رۆخی ئاوه‌که‌ کشا، ماسییه‌کان له‌ ناو قوڵایی ‏ئاوه‌که‌دا به‌م لاو ئه‌ولادا ده‌خولانه‌وه‌، ئه‌و رۆژه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغ بوو، چاوی بڕیبووه‌ رێگاکه‌ هه‌ر ‏ده‌رنه‌ده‌که‌وت.‏
منداڵان له‌ ده‌وری شیشه‌که‌ وه‌ستابوون، پارچه‌ نانیان فڕێ ده‌دایه‌ ناو ئاوه‌که‌، ماسییه‌ گه‌وره‌کان هێڕشیان بۆ ‏ئه‌بردو قوتیان ده‌دا، ماسییه‌ بچوکه‌کانیش ته‌ریک ببوون، له‌م سه‌رنجانه‌دا بوو، کاتێکی زانی ‏هاتن، خۆی ئاماده‌کرد، سه‌یرێکی ئه‌م لاو ئه‌ولای کرد، هیچ بوارێکی ده‌رچونی نه‌بوو، سا‌رد بووه‌وه‌، له‌ ‏شوێنی خۆی وه‌ستا، خۆی خه‌ڵه‌فاند، به‌نهێنی دوا به‌ دوایان رۆیشت، خۆی ئاماده‌کرد بو و، قیروسیای له‌ ‏هه‌موو شتێک کردبوو، وه‌ستا چاوی لێ بوو بزانێ له‌ کوێ داده‌نیشن، شوێنه‌که‌ی دیاری کرد، له‌قه‌راغ ‏ئاوه‌که‌ دوو شڵپ ئاوی دا به‌ ده‌موچاوی دا، بۆ به‌سه‌ربردنی کاته‌که‌ له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشت، کچ و ‏کوڕه‌که‌ی ئه‌و دیوی شۆڕه‌بییه‌که‌ سه‌رنچی راکێشا، خۆشه‌ویستی و ئه‌وین له‌ رویان دا ‏ده‌دره‌وشایه‌وه‌، یادگاری ئه‌وسای ئه‌رخه‌وان- ی بیر که‌وته‌وه‌.‏
له‌ یه‌که‌م نیگادا ئالوده‌ی بوو‏.
ئه‌رخه‌وان به‌ ده‌م هه‌ناسه‌ هه‌ڵكیشانێکی قوڵه‌وه‌:‏
‏- ئه‌وه‌ بۆ وا دووره‌ په‌رێزیت، تێکه‌ڵ نابیت، شه‌رم ده‌که‌یت، یا خۆت به‌شت ده زانیت، ده‌مێکه‌ ‏ده‌مه‌ویست بتبینم، حه‌ز ده‌که‌م هه‌میشه‌ هاوڕێ بین و پێکه‌وه‌ بین، حه‌ز ناکه‌م بۆ چرکه‌یه‌کیش لێم دوور بیت‏.
له‌و کاته‌دا ئه‌وان له‌ گه‌رمه‌ی قسه‌کردندا بوون.
له‌ نیگای یه‌کتری دا توابوونه‌وه‌‏
چه‌ند کورێک به‌لایاندا تێپه‌رین، هه‌ریه‌که‌یان به‌ توانجێک دایان گرتنه‌وه‌.‏
‏ئه‌رخه‌وان به‌ توره‌ییه‌وه‌ رووی ‏تێکردن:
‏- هه‌موتان به‌ برای خۆم ده‌زانم، خۆتان خوشکتان نییه‌؟ ‏
له‌ و ساته‌وه‌ یه‌کتریان نه‌بینییه‌وه‌، هه‌ر یه‌که‌یان به‌ره‌و لایه‌ک ملی نا، به‌ڵام یاده‌وه‌رییه‌کان له‌ رۆحیان ‏دا کاڵ نه‌بوونه‌وه‌.‏
له‌ گه‌ڵ زه‌رده‌دا باخه‌که‌ زیاتر قه‌ره‌باڵغ ده‌بوو، خه‌ڵکه‌ که‌ له‌ جوڵه‌دابوون، هه‌ندێکیان له‌لاو ئه‌ولا مه‌ست ‏بوون، که‌وتنه‌ گۆرانی وتن و چه‌پڵه‌ لێدان، له‌ سه‌ر کورسیه‌که‌ هه‌ستا، له وان نزیک بوه‌وه‌، هه‌موو ‏جۆره‌ خواردنێک له‌سه‌ر مێزه‌که‌یان بوو، چه‌ند شووشه‌ بیره‌ و ویسکی له‌ به‌رده‌میا بوو، بیری بۆ ئه‌وه‌ چوو ‏ئه‌م به‌رێوه‌به‌ره‌ له‌ قوتابخانه‌که‌یان ده‌ری کرد، ژیانی له‌ خه‌ڵک کردبوو به‌ دۆزه‌خ، چه‌ند که‌سی بێ ‏سه‌روشوین کرد.‏
چه‌ند جارێک له‌م سه‌ره‌وه‌ بۆئه‌و سه‌ر رۆیشت، خۆر ئاوا بوو، له‌و به‌ری ئاوه‌که‌وه‌ ده‌نگی سازو ناساز ‏به‌رز ده‌بووه‌ وه‌، خه‌ڵکه‌ که‌وتنه‌ جوڵه‌ به‌ره‌وماڵه‌وه‌، له‌خه‌فه‌تا ره‌ش داگه‌ڕا بوو.
‏- ده‌بێت ئه‌م شه‌و هه‌موو شتێک کۆیایی بێت، یامن ، یا ئه‌و!‏
شوێنیان که‌وت، ده‌ستێکی به‌ پشتێنه‌که‌ی هێنا، ده‌مانچه‌که‌ی زیاتر شارده‌وه‌، تا گه‌یشتنه‌ ‌ناو شار.‏
ئه‌میش خۆی گه‌یانده‌ ئه‌و شه‌قامه‌ی به‌سه‌ر گه‌ره‌که‌که‌یان دا ده‌یڕوانی، ماڵه‌‌که‌یان کۆشکێکی دوو نهۆم ‏بوو، چراخانی سه‌رشه‌قامه‌که‌ دڕیان به‌ تاریکایی دابوو، ئارامی له‌ به‌ربڕا، چه‌ند جارێک ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ری ‏شه‌قامه‌که‌ی کرد، خۆی گه‌یانده‌ تاریکایی نزیک ماڵه‌که‌یان، لوله‌ی ده‌مانچه‌که‌ی به‌روو رووی ‏کرده‌وه‌، ده‌ستی نایه‌ سه‌ر ماشه‌ی ده‌مانچه‌که‌، زیاتر به‌رزی کرده‌وه‌، هێڵێکی راستی له‌ نێوان چاوی و ‏ده‌مانچه‌که‌و که‌له‌ سه‌ری به‌رێوه‌به‌ردا دروست کرد، چه‌ند چاڕێک ده‌ستی له‌ ماشه‌ی ده‌مانچه‌که‌ قایم کرد، ‏ده‌نگی شریخه‌ی ئاگر باران، باڵی به‌سه‌ر هێمنی گه‌ڕه‌ک دا کێشا، شه‌ڵالی خوین بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ ‏ئه‌ودیوی دیواره‌که‌وه‌، قیژه‌ قیژی خانم و ئاوازه‌ رۆژ ئاوایه‌که‌ ئه‌و گه‌ڕه‌که‌یان له‌ هیمنی خست.‏

* له‌ 31/ 1 / 1985 له‌ گه‌ڵ کاک شیخ عه‌لی که‌شکۆڵ لێپرسراوی رێکخراوی (3 )ی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان و کاک حه‌کیم ی مه‌لا ساڵح و کاک ئاسۆ ره‌حیم و پێشمه‌رگه‌کان و خه‌ڵکی گوندی قه‌مچۆغه‌ یادی شه‌هید ئارام – ی سه‌رکرده‌مان، له‌ مزگه‌وته‌که‌ی قه‌مچۆ غه‌ کرده‌وه‌، ئه‌م چیرۆکه‌م له‌و یاده‌دا خوێنده‌وه‌.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies