بورهان شێخ رەئوف: سیناریۆکانى پێکهێنانى حکومەتى عێراقى نوێ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە کۆتاییەکانى هەلًبژاردنە گشتیەکانى عیراق، پێشکەشکردنى تانە لەلایەن هەندێک لایەنى سیاسیەوە بە تایبەتى ئەوانەى نوێنەرایەتى حەشدى شەعبى دەکەن لە پرۆسەکەدا، لە چەند رۆژى ڕابردوودا هەڕەشەو کاردانەوەو لێدوانى توندو جۆراوجۆریان داوە کە مایەى نیگەرانى زۆرن بۆ خەڵکى عێراق، هەرچەندە شیعە مەرجەعیەتێکی باڵایان هەیە بۆ پرسە گرنگەکان ئەو کێشەکان یەکلایى دەکاتەوە، لە بەرئەوە شەڕو توندو تیژى و بەریەککەوتن لە ئێستادا لە نێوان لایەنە شیعیەکاندا ئەگەرێکى دوورە، بە دیاریکراوى بە بوونى مەرجەعیتێکى گرنگى وەکو سەید سیستانى کە لە چەند ساڵى ڕابردوودا بوارى نەداوە شەڕى ناوخۆى شیعە ڕووبدات.
بەهەرحاڵ سەرەڕاى ئەو لێدوان و هاتو هاوارانەى ئەو لایەنە ناڕازیانە،لایەنە براوەکان سەرقاڵى کۆڕوکۆبوونەوەو هاوپەیمانى بەستنن بۆپێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن هەرچەندە ئەمەش مشتومڕى زۆرى لەسەرە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ.
بەگوێرەى دەستوورى ساڵى 2005 ، عێراق سێ سەرۆکایەتى هەیە، هەرچەندە دیارى نەکراوە کامیان بۆ کام لایەن و پێکهاتەى عێراقە، بەڵام تازە وەکو عورفى لێهاتووەو سەرۆک کۆمار بۆ کورد سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ عەرەبى سوونە و سەرۆک وەزیران کە گەورەترین و فراوانترین دسەڵاتى هەیە بۆ عەرەبى شیعە.
پێکهینانى کابینەى حکومەت لە عێراق پێویستى بە زۆرینەیەکى سادە هەیە واتە نیوە کۆ یەک (165+1) لە کۆى 329 کورسى. بەڵام ئەمجارە دۆخەکە گۆڕاوە بە هۆى لێکەوتەکانى شۆرشى تشرین و ئەو ڕەوتە دژ بە گەندەڵى و تائیفیە ڕیزبەندى و هاوپەیمانێتیەکانیش گۆڕانى بنەڕەتى بە خۆیەوە بینیووە.
هەر لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 ەوە ڕەوتەکە موقتەدا سەدر هەڵوێستێکى جیاوازى لەوانى ترڕاگەیاند ئەویش دژ بە دەستوەردانى دەرەکیە لە کاروبارى ناوخۆى عێراق، کە ئەمەش ئاسان نیە بۆیان لە ئێستادا هاوپەیمانى لە گەڵ ئەو لایەنانەدا بکات کە وەلائیان بۆ دەرەوە هەیە.

سەرۆکوەزیرانى سەدرى
سەدریەکان ئێستا بە ئاشکرا ڕایانەگەیاندووە کە سەرگەرمى وتوێژن بۆ پێکهێنانى گەورەترین قەوارە بۆ دروستکردنى حکومەتى نوێ چونکە یەکەمى هەڵبژاردنەکانن (73) کورسى، راپۆرتە میدیاییە خۆرئاوایی و ناوخۆییەکان لەناو خودى ڕەوتى سەدروە باس لەوە دەکەن کە تەنانەت موقتەدا سەدر حەزدەکات خۆى پۆستى سەرۆک وەزیران وەربگرێت.
هەربۆیە خێرا دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردن سەدر ڕایگەیاند بە گوێرەى دەستوورى عێراق حکومەتى نوێ عێراق ڕەوتەکەى ئەو دایدەمەزرێنێت ،چونکە گەورەترین فراکسیۆنى ناو پەرلەمانە بە پێى دەستوور، بەڵێنى ئەوەشى کە دەبێت چەک تەنها بە دەستى دەوڵەتەوە بێت، تەنانەت ئەوانەش کە دەڵێن ئێمە چەکى بەرگریمان بەدەستەوەیە وەکو ئاماژەیەک بۆ حەشدى شەعبى.
سەدر ئەوەشى ڕاگەیاند کە هەموو باڵوێزخانە بیانیەکان لە عێراق رێزلێگیراون بە باڵوێزخانەى ئەمریکاشەوە لە بەغدا ،وتى هاوکارى هەموو یان دەکەین بە مەرجێک رێز لە سەروەرى عێراق بگرن. لەلایەکى ترەوە هەڵوێستى ڕەوتى سەدرتائێستا لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران جێگیر نیە کە ئایا بێلایەن بێت یان سەدرى واتە ئەندامى فراکسیۆنەکەى خۆیان بێت، بە گوێرەى لێدوان دژبەیەکەکانى ڕەوتى سەدر.

کازمى دەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران؟
هەرچەندە دەوڵەتى یاساى مالیکى ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا 85 کورسیان کۆ کردۆتەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت لە نوێنەرانى دەوڵەتى یاساو فەتح و ئەوانى تریش کە هێشتا ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە،
هەرچەندە قورسە و ئاسان نیە خوێندنەوەى دروست و ورد بۆ گۆڕەپانى کێبڕکێ و ململانێى سیاسى عێراق بکرێت، هەندێک لە چاودێران لەو باوەڕەدان کە ئیئتلافەکەى مالیکى سەرکەوتووبێت لە کۆکردنەوەى زۆرترین ژمارەى کورسى نوێنەران، ئەویش بە هۆکارى نەبوونى متمانە بە هەڵوێستەکانى سەدر کە جێگیر نیەو زوو زوو دەیگۆڕێت، ئەزموونیان زۆرە لە گەڵیدا لە خوولەکانى پێشووى پەرلەمان ودەرکردنى بڕیارى کتوپڕ و کە هاوپەیمانەکانى تووشى شۆک دەکرد، وەکو بڕیارەکانى کشانەوەى لە پرۆسەى سیاسى لە پەرلەمان لە هەڵبژاردن.
بۆیە ئاسان نیە پێشبینى بکەیت یان بڕیار بدەیت لە سەر شێوازى هاوپەیمانێتیەکان تا بەستنى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى نوێنەران، ئەگەرى هەیە هاوپەیمانى تازە پێکبێن لە نێوان لایەن سیاسیەکان لە گەڵ دەوڵەتى یاسا یان سەدرییەکان، بۆیە زۆر قورسە کاندیى زۆرینە دەستنیشان بکرێت یان هیچ کەسێک ئەو شانسەى هەبێت.
بۆیە لە هەموو ئەگەرەکاندا قەوارەى سەدرییەکان گرەو لە سەر ئەوە دەکەن کە هەردوو لایەنەکە نەگەنە ڕێککەوتن لە سەر کاندیدێکى زۆرینە، بەڵکو بەرەو کاندیدێکى سازان بڕۆن یان بێلایەن، ئەویش موستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى ئێستایە کە ڕەوتى سەدر پشتگیرى دەکەن بە هەموو توانایەکیانەوە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت