سەردەشت محەمەد: ترسی نائومێدبوون لە دامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەڕلەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەڕلەمان وەک باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردان لە دنیای مۆدێرنەدا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ دەگێڕێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا پەڕلەمان نەک نەیتوانیووە بەپێی پێویست ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بەڵکو بە پێچەوانە بووە بەسەرچاوەی گرفت و نائومێدی بۆ شەقامی کوردی و تەنانەت بۆ خودی بەشێک لەئەندامانی پەڕلەمانیش، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕۆڵە لاوازەوە کە بەشێکی زۆر لە ئەندام پەڕلەمانەکان دەیگێڕن.
لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەڕلەمانی کوردستاندا کە تایبەت کرابوو بە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و هەروەها گرفتی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستاندا، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمان نەک نەیتوانی ببێت بەهۆکاری چارەسەری ئەو گرفتانە، بەڵکو بەهۆی ڕۆڵی لاوازی بەشێک لەئەندام پەڕلەمانەکانەوە ڕووە ناشیرین و ڕاستەقینەی سیاسەت کردن لە هەرێمی کوردستاندا هێندەی دیکە بۆ خەڵکی ئاشکرابوو، لەنێو دامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەڕلەماندا و ئەندامێکی پەڕلەمان بە زمانێکی بازاڕی و بەبێ لەبارچاوگرتنی دابەونەریت و بەها باڵاکانی کۆمەڵگای کوردی هێرش دەکاتە سەر ئەندام پەڕلەمانێکی دیکە، ئەمە ئەگەر بەلای کۆمەڵێک خەڵکەوە بابەتێکی سەیر و شۆک هێنەربێت ئەوا بۆئێمەی نوسەر و ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی و بەتایبەت ئەوانەی کە چاودێری بەردەوامی دانیشتنەکانی پەڕلەمانی کوردستان دەکەین ڕەنگە بابەتێکی جیاوازنەبێت، چونکە ئەمە یەکەمین جارنییە کە بەشێک لە ئەندامانی پەڕلەمان بەوجۆرە مامەڵە دەکەن و سوکایەتی بەسەرۆکی پەڕلەمان و یەکدی دەکەن، ئەوەی جێگای نیگەرانیە بەلای ئێمەوە ئەوەیە کەدواجار ئەم سوکایەتی کردنە وەک دەستکەوتێک بەخەڵکی هەرێمی کوردستان و دەنگدەرەکانیان دەفرۆشنەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبری ئەم سوکایەتییە چاوەڕێی ئەوە لە ئەندامانی پەڕلەمان دەکەن کە لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە گرفتەکانیان چارەسەربکرێت.
وەک ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەبوون کە ئەندامانی پەڕلەمان بتوانن حکومەت ناچاربکەن تا ڕێگاچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوتەمەنی و گرفتی مامۆستایانی گرێبەست بدۆزێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەبری چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، خودی پەڕلەمان خۆی بوو بەگرفت لەبەردەم خەڵکی هەرێمی کوردستاندا و بوو بە سەرچاوەی نائومێد کردنی هاوڵاتیان ئەوەش بەهۆی ڕەفتاری خراپی بەشێک لەو ئەندام پەڕلەمانانەوە، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەشێک لەو ئەندام پەڕلەمانانەی کە چارەسەری گونجاویان بۆ دۆخی خراپی هەرێمی کوردستان پێیە بتوانن بەڕۆڵی خۆیان هەستن، دێژەدان بەم ڕۆڵە خراپەی پەڕلەمان کە ماوەی چەندساڵێکە درێژەی هەیە لەداهاتوودا مەترسی گەورە لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستاندا دروست دەکات، چونکە ئەم ڕۆڵە نابەجێیەی ئەندامانی پەڕلەمان درزی نائومێدبون و بێمتمانە بوونی هاوڵاتیان بەدامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەڕلەمان قوڵتردەکات و ئەمەش وادەکات لەداهاتوودا کارەساتی گەورە لەهەرێمی کوردستاندا بخوڵقێنێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت