محەمەد بەرزی: بیرکردنەوە بە عەقڵی خۆمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرکردنەوە پێشکەوتووترین و ناوازەترین کردارە، کە مێشکی مرۆڤ پێی هەڵدەستێت، بە مەبەستی تێگەیشتن لە جیهان و ئەو دەورووبەرەی تێیدا دەژی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، بۆ کیشەکانی و گەیشتن بە هیوا و ئامانجەکانی. دیارە تا مرۆڤیش بە ئاگا و زیندووبێت، ئەم کردارەش لە مێشکدا بەردەوامی هەیە و کۆتایی نایە. بێگومان بە پێی جموجۆڵەکانی مێشکیش، بیرکردنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. پاشان بیرکردنەوەی ڕەخنەییش ( التفکیر الناقد )، بیرکردنەوەیەکی ژیرانەی بەکارهێنانی عەقڵە، دوور لە سۆز و باوەڕ و بۆچوونی کەسانی تر. بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد، دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو، کە لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی خۆماندا، ڕەخنەگرانە سەیری دەکەین، تا بگەین بە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە. ئەمەش فیرمان دەکات، کوێرانە هیچ شتێک لە ژێر کاریگەری سۆز و بۆچوونی بێ بنەما و باوەڕی کۆن و نەگۆڕی کەسانی تردا پەسەند نەکەین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و پڕوپاگەندە و قسەی زلی ئەو سیاسییە تەپۆ و تەمبەڵانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە، یان لە پێناوی دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتییدا عەقڵی خۆیان سڕکردووە. هەروەها فێرمان دەکات چۆن بۆ چارەسەرکردنی کیشە و گرفتەکانی ئەمڕۆمان سوود لە مێژووی کارەساتەکانی ڕابووردوومان وەربگرین. پاشان ڕزگاربوونە لە کۆیلایەتی و دوورکەوتنەوەیە لەو بیروباوەڕە باو و بڵاوانەی، کە بەرهەمێکییان نەبووە و نەیانتوانیوە گۆڕانکاری بکەن و یەک بکەن بە دوو . واتە پەسندکردنی باش و ڕەتکردنەوەی خراپ. تا لە ئەنجامدا بگەین بە بڕیارێکی ڕاست و دروست. لەم باریەوە زانای گەورەی کورد مامۆستا مەسعود محەمەد دەفەرموێت: ( مرۆڤ نابێ جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست عەقڵ و ئارەزووی کەسانی تر ). هەر بۆیە پێویستە خۆمان لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕابهێنیین و بەردەوام پەرەی پێبدەین، تا بتوانیین ئەوەی تەنها بە چاوی خۆمان دەیبینیین و بە گوێجکەکانی خۆمان دەیبیستیین بخەینە ژێر پرسیار و وردبینی عەقڵی خۆمانەوە، نەک وردبینی و بۆچوونی کۆمەڵگا و کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و ئەوانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە. چونکە بیرکردنەوەی ڕاست، دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و بیرکردنەوەی چەوتیش، ڕووبەڕووی ئاکامێکی خراپی بێ ئەنجامی وەک ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردیمان دەکاتەوە. بێگومان بیرکردنەوەی هەڵەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، کە بە گشتی بریتین لە:
1- زاڵبوونی سۆز بەسەر عەقڵدا .
2- باوڕهێنانی خێرا بە بانگاشە و درۆ و خرافات و ئەو باسانەی پێمان دەگات، بەبێ ئەوەی ڕەخنەی لێبگرین و وردبوونەوەی تەواویان بۆ بکەین.
3- پێداگرتن بۆ تەنها باوەڕێک، یان لایەنگریی بۆ تەنها لایەنێک و ڕەتکردنەوەی هەموو باوەڕ و بۆچوونی لایەنەکانی تر ، کە دیارە ئاکامی ئەمجۆرە پێداگرییە کوێرایەنەیەش بە خراپ بە سەر خۆمان و کەسانی تر و کۆمەڵگادا دەشکێنەوە.
4- گرنگی نەدان بە بابەت و کێشەی چارەنوسساز. وەک کێشەی ناوچە داگیرکراوەکان و دواڕۆژی وڵات و میللەتەکەمان، لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی داگیرکەراندا، کە هەمیشە سەرکردەکانییان دەست و دەم بەستکردووە.
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتیش سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان، بە درێژایی مێژوو وەک پێویست گرنگییان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نەداوە و لەسەری ڕانەهاتوون ، بەڵکو گیرۆدەی دوو بیرکردنەوەی سەقەتی جیاواز بوون، کە هۆکاری سەرەکی هەموو نسکۆ و شکست و بە فیڕۆدانی خەبات و خوێنی هەزاران هەزار شەهید و سەدان ساڵیشە ئێسقانی کـورد دە‌هاڕێت.
یەکەمیان/ بیرکردنەوەی ڕابەر و سەرۆکە خۆسەپێنەرەکانە، کە تەنها خولیای گرتنە دەستی دەسەڵات و مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان بوون، ڕێگایان نەداوە کەسێک جیگایان بگرێتەوە، توانیویانە زۆر زیرەکانە بە فیڵ و درۆ و پارە و دروشمی کوردایەتی، هەوادارانی خۆیان چاوبەست بکەن. بەر لە مردنیشییان نەوەیەکی خۆیان بۆ جێگاکانییان ئامادەبکەن.
دووەم/ بیرکردنەوەی ئەندام و لایەنگران و سەرکردایەتی ئەو حیزبانەیە، کە لە ژێر کاریگەریی سۆزی کوێرانە، یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا سەرۆکیان وەک سەرۆکێکی زانا و زیرەک و تاقانەی بێ هاوتا زانیوە، ئەگەر چیش بەردێکی نە خستبێتە سەر بەردێک، یان هۆکاری دەیان کارەساتی وەک ئاشبەتاڵیش بووبێت. بەڵام لە هەموو هەنگاوێکدا هاوکار و پاڵپشتی بوون، دوای مردنیشی نەوەیەکی، ئەگەر ئەزموون و خەبات و پاشخانێکی فیکری ئەوتۆشی نەبووبێت، یان دڵۆپێک ئارەقی بۆ نیشتمانەکەشی نەڕشتبێت، زۆر بە ئاسانی ڕێگایان بۆ چۆڵکردووە و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دایان ناوە و عەقڵ و خەبات و ڕیشی سپی خۆیانیان داوەتە دەستی و یاریان بە چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵە کردووە. ئەمەش ڕێک وەک ئەوە وایە جنۆکە هاتبێ و دەستی لەو هەموو سیاسییە زرکانە وەشاندبێ و بە تەواوی عەقڵیانی جام کردبێ.
ئاخر ئەوەی سەرکردەی ڕاگرتووە و حیزبی کردووە بە حیزبێکی میراتی، دەنگی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیە، خۆ ئەگەر ئەوان بە چەپڵە و هاتوهاوارەوە نەیکەنەوە بە سەرۆک، بە ناچاری خۆی و نەوەکانی واز لە تەخت و بەختییان دەهێنن، چونکە بە تەنها هیچیان بۆ ناکرێت. ئەوەتا هەر دوێنی بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراقدا، گۆڕانخوازە دڵسۆزەکان بە عەقڵی خۆیان بیریانکردەوە و دەنگیان بە کاندیدەکانی گۆڕان نەدا و گۆڕانیش نەیتوانی ببێت بە خاوەنی تەنها کورسییەک. لە ژێر زەبری گەورە و گرانی ئەو دۆڕانەدا، سەرکردەکانی گۆڕانی ناچارکرد بە کۆمەڵ دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە، بەبێ ئەوەی یادگارێکی جوان لە دوای خۆیانەوە بەجێ بهێڵن. چونکە دەنگ نەدان بە پاڵێوراوەکانی گۆڕان، ڕاستەوخۆ نیشانەی لەبیرچوونەوە و لەبیرنەمانی نەوشیروان مستەفا و دەنگ نەدان بوو بە رێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندنەکەیان، کە جڵەو و ڕیشی خۆیان دابووە دەستی کوڕە ملیونەرەکانی نەوشیروان و بەردەوام وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنج و خەباتی خەڵکی، هەموو خەون و خولیا و سیاسەتێکیان تەنها وەرگرتنی پلە و پۆست بوو، بەمەش هەزارانییان ڕەنج بە خەسارکرد. هەر بۆیە ئەگەر ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە، بە عەقڵی خۆیان بیربکەنەوە، دەتوانن هەموو دیکتاتۆر و سەرکردەیەکی تاقانەی خۆسەپێنەر، بە ناچاری تووشی ئاشبەتاڵ بکەن و بیانکەن بە بەشێک لە ڕابوردوو.. لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵیم: هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراق و دابەزینی دەنگی هەموو حیزبەکان، ئەوەی بۆ دەرخستیین، لە کۆمەڵگاکەماندا، توێژێکی زیرەک و دڵسۆزی نیشتمان پەروەر پەیدابوون، کە ڕەخنەگرانە بیردەکەنەوە و کوێرانە و سۆزەکی دوای کەس ناکەون و هەموو هەنگاوێک لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی ڕووناکی خۆیاندا دەنێین، ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و تۆوی بڕوا لە دڵدا دەچێنێ و سەرەتای گۆڕانکارییەکی ئێجگار گــەورەیـــە.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت