چێنەر عەوڵا: لەخۆبایی سیاسی و ئابوری قەرزدار، مەرگێکی زەلیل و هێواشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتاکانی 1987 و گەرمەی شەڕی عێراق- ئێران، کویت بڕی 10 ملیار دۆلای وەکو یارمەتی و 15 ملیاری وەکو قەرز دابوو بە عێراق بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لە شەرکردن دژی ئێران.
ئێران دەیزانی ئەو پارەیەی کوەیت هی نەوتە، بۆ ئەوەی ڕێگا لە داهاتی کوەیت بگرێ کەوتە هێرشکردن بۆسەر کەشتیە نەوتیەکانی کوەیت لە کەنداو.
ئیدارەی رۆناڵد رێگن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا پشتگیری عێراقی دەکرد بۆ بەدەستهێنای سەرچاوەی دارایی تا بەردەوام بێ لە شەڕ دژی ئێران وە لە هەمان کات هەستی کرد ئەو هێرشانەی ئێران کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێ بۆیە رێگایدا کەشتیە کوەیتیەکان لە بری ئاڵای کوەیت ئاڵای ئەمریکا لەسەر کەشتیەکانیان هەڵبدەن، بەم شێوەیە کەشتیە کوەیتیەکان کەوتنە ژێر پارێزگاریی هێزی دەریای ئەمریکی کە لە کەنداو جێگیر کرابوو!
دوای وەستانی شەڕی عێراق-ئێران، کویت داوای قەرزەکانی دەکردەوە، بەڵام سەدام حسێن دەیگوت من لەبری هەموو عەرەب شەڕی فارسم کردوە بۆیە دەبێ لە قەرزەکانتان خۆش بن. عێراق داوای لە ئەمریکیەکان کرد تا کوەیت و وڵاتانی تری کەنداو کە قەرزیان لای عێراقە رازی بکات لە قەرزەکانیان خۆش بن، ئەگەر نا عێراق دەست بەسەر دوورگەکانی (بوبیان و وەربا)ی کوەیت لە شەتولعەرەبدا دەگرێ، چونکە مافی بەسەر ئەو دورگانەوە هەیە و لە ئاوی عێراقدان.
ئەمریکیەکان لە رێی سەفیری خۆیان (ئەپریل گلاسپی- کە دواتر کەوتە ژێر لێ پێچینەوەی کۆنگرێس) بۆ ئەم مەسەلەیە و (مەسەلەی نرخی نەوتیش کە لێرە باسی ناکەین) چاوی بە سەدام حسێن دەکەوێ. لەو چاوپێکەوتنەدا گوایە سەدام بە هەلەدا براوە وای نیشان دراوە کە ئەمریکا بێ لایەن دەبێ لە کێشەی بەینی عێراق و کوەیت. سەدام ئەمەی بە گلۆپی سەوز زانی و پێی وابوو ئەمریکا کێشەی نابێ گەر نەک هەر ئەو دورگانە هەموو کوەیتیش داگیر بکات. دواجار هەر واشی کرد. بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئەمریکا دەیویست چاوپۆشی کردن بوو لە داگیرکردنی ئەو دوو دوورگەیەی کوەیت لە لایەن عێراقەوە تا کوەیت رازێ بێ واز لە قەرزەکانی بێنێ و عێراقیش دواتر دوورگەکان تەسلیمی کوەیت بکاتەوە! غروری سەدام بە جۆرێک بوو پێی وابوو وەکو پێشتر ئەمریکا چاوی لێ دەپۆشی، چونکە پێشتر ئەمریکیەکان چاویان پۆشی:
A- لە کرینی چەکی سۆڤیەتی و تجارەتی گەورەی عێراق لەگەل سۆڤیەت.
B- بەکارهێنانی چەندین چەکی قەدەغەکراو و خراپی مەسەلەی مافی مرۆڤ.
C- یارمەتیدانی جوڵانەوەی فەلەستینی دژی ئیسرایل و چەندانی تر… پێ وابوو ئەو جارەش بۆی دەچێتە سەر، بەڵام لە گەرمەی پەیوەندیان لەگەل ئەمریکادا و بەهۆی غروری سەرکردەکەی هەموو شتەکان لە باری ئەستوریدا پچران و نەتیجەی دوایمان بە چاوی خۆمان دیت لە ماوەی چەند ساڵێکدا بە هێواش چی بەسەر عێراق و سەرۆکەکەی هێنرا. جا لێرەدا ئەوەی گرنگە بەراوردی بکەین کە سەرکردەکانی حیزبی دەسەلاتداری هەرێم هەمان ڕێگای سەدامیان گرتۆتە بەر.
D- هەرێمیان 30 ملیار قەرزدار کردووە.
E- لە مەسەلەی مافی مرۆڤ ئازادی دا عینادی لەگەل ئەمریکاو ئەوروپا دەکەن.
F- زوڵم لە خەلکی دەکەن بونەتە هۆکاری لێشاوی کۆچی خەلکی بە ئاراستەی دروست بوونی قەیرانی پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا.
G- دژی خواستەکانی رۆژئاوا ریفراندۆم دەکەن کۆمپانیای روسی دەهێنن و شاری چینی لە هەرێم بنیاد دەنێن.
H- نەوت بە قاچاغی دەنێرنە ئێران کە گەمارۆی ئەمریکی لەسەرە و بە نیمچە بەلاش دەیدەن بە تورک کە یارمەتی گروپە تیرۆرستیەکان و دژە رۆژئاوایەکان دەدات.
J- دەستوەردان لە کاروباری بەشەکانی تری کوردستان داکەن، کە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ولاتانی ناوچەکە.
سەرباری هەموو ئەوانەش ئەوەندە غرور و ناتێگەشتوون پێیان وایە ئەمریکا بەو حالەشەوە پشت و پەنایان دەبێ، بەڵام ئەوەی لە مێژووی سیاسی وڵاتاندا بنەمای نەگۆرە هەمان رێگای هەلە هەمان چارەنوسیش دەخوڵقێنێ.

سەرچاوەکان
www.washingtoninstitute.org
www.washingtonpost.com
www.latimes.com
history.state.gov

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت