دانا مەنمی: یەکێتی و کۆنگرە – ژەهرەکەو ململانێی ئامۆزاکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای وەفاتی مام جەلال پێی نایە ناو قۆناغێکی سەختی ململانێی جەمسەرگیری و پرسی ساغکردنەوەی خاوەندارییەتی یەکێتی بووە بابەتی سەر مێزی گفتوگۆ، پرۆژەو نەخشەڕێگای هەریەکێک لەو جەمسەرانەی ناو یەکێتی لە ڕوانگەی مەسڵەحەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە قسەیان لەسەر یەکێتی و گەرانەوەی هاوسەنگی بۆ یەکێتی دەکرد، دواجار هیچکام لە جەمسەرەکانی ناو یەکێتی نەیانتوانی بگەنە ڕێکەوتن و ئاستی ململانێ و ناکۆکی و توندبوونەوەی باڵەکانی ناو یەکێتی بەھۆی ڕوانینی جیاواز و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بەرەو ھەڵکشان و بەریەککەوتنی زیاتر دەڕۆیشت، بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ بەستنی کۆنگرە برد، یەکێتی لە ژینگەیەکی لەرزۆکدا کۆنگرەی چوارەمی خۆی ئەنجام دا، بەڵام دیسانەوە کۆنگرە نەیتوانی تیماری دەردی یەکێتی بکات.
کۆنگرە هەوڵێک بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەکێتی لەلایەن جەمسەرێکەوە کە خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەبینن، بەڵام لە کۆنگرەدا روونتر ناکۆکی باڵ و ململانێی جەمسەرەکان وەدیار کەوتن، مام جەلال دوای خۆی کەسێکی جێنەهێشت کە بەبێ مشتومڕ جێگەی بگرێتەوە، دوای مام جەلال سێ جەمسەر یان زیاتر لەناو یەکێتی بە ڕوونی دەرکەوتن کە ئەوانیش جەمسەری کوڕانی مام و جەمسەری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد و جەمسەری کوڕانی شێخ جەنگی و دواتریش جەمسەری کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، لەکۆنگرەدا زۆرێک لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی خرانە ژێر بەڕەوە ، دوای کۆنگرە کوڕانی مام لەکاردانەوەیەکی توند و خێرادا تەواوی دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری و ئیداریی یەکێتیان خستە ژێر دەستی خۆیان، تەنها دەسەڵاتی ئەمنی و هەواڵگری لەدەستی ئامۆزاکەیاندا مایەوە، دوای کۆنگرە هاوسەرۆکەکان بانگەشەی هەڵسانەوەو نوێبوونەوە و بانگەشەی بارمتەگیری و دەرهێنانی یەکێتی لە ژێر سێبەر و هەژموونی پارتی یان دەکرد، بەڵام بەهۆی ململانێی هاوسەرۆکەکان بانگەشەکان نەبوونە کردار تەنها وەک دروشم مایەوە.
یەکێتی لەسەردەمی مام جەلال دا لەدەستی کەسانێکدا بوو کە بەناوی خەباتی شاخەوە گەندەڵکار بوون، بەڵام یەکێتی دوای وەفاتی مام و کۆنگرەی چوارەم کەوتە دەستی کەسانێک رێگاو دەرفەتی زیاتریان ڕەخساند بۆ گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی، ئیستاش یەکێتی دوای کودەتاکەی 8ی تەمموز لەو شارە جوانەی شێخی مەزن و حەزرەتی نالی هەرچی ناشرینی و بەدبەختیە ناشتوویانە و ژیانی خەلکیان لە قالب داوەو ئازادی ئینسانەکان لەژیر پۆستاڵی کۆمەڵێک مافیا و خەڵکی هەرچی پەرچیدایە! کودەتاکەی 8ی تەمموز داشی کوڕانی مامی سوار کرد بەسەر کوڕانی شێخ جەنگی و توانیان ئامۆزاکانیان ئاوت بکەن و دەسەڵاتی ئەمنی و هەوالگری بگەرێننەوە ژێر دەستی خۆیان، لە ئێستادا تەواوی دەسەڵاتەکانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لای کوڕانی مامەو بەشێک لە سەرکردەکانی ناو یەکێتی کە لەبەرەی کوڕانی شێخ جەنگی بوون بایاندایەوە بۆ بەرەی کورانی مام بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ نەوەکانی مام بۆ ئەوەی بە نرخی رۆژ نانی سیاسیان زامن بکەن، بەشێکیشی پەیوەندی بەو فەزا پڕ لە ترس و تۆقاندنەوە هەبوو کە هەردوو هاوسەرۆکەکان هەرچی خراپە دژ بەبەرەی یەکتر لێیان چاوەڕوان دەکرێت!
ئەوەی ئێستا ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی تۆختر کردۆتەوە دەستێوەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دۆخی ئێستای یەکێتیش بە دڵی پارتییە، پارتی یەکێتییەکی دەوێ دەستەمۆی خۆی بێت، یەکێتییەک کە ماڵەگەورەکەی بێ گەورە بێت! پارتی لەلایەک دەیەوێت ماڵەکەی یەکێتی سەرگەردان و کارەکتەرەکانی خەریکی سەنگەر گواستنەوەو یەکترشکاندن بن، لەلایەکی تر یەکێتی بە ئاراستەو پاڵنەری تەسلیمبوون بەرێت، سەرباری ئەوەی یەکێتی ئێستا سەرانە لە پنت بە پنتی قەڵەمڕەوییەکەی خۆت وەرگریت و دۆخی بازرگانیی و بازاڕ و کەسابەتی خەڵك لەخراپترین قۆناغی بێ پێشینەدایە، یەکێتی شار ناتوانێت خۆی لەگەڵ سەردەم و ھەلومەرجەکاندا بگونجێنێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی یەکێتی خراپتر دەبێت، یەکێتی دوای ژەهرەکە پێویستی بە پشکنینە و نازانین کێ لەم گەمەیەدا براوە دەبێت! هەربۆیە قسەکردن دەربارەی ژەهرەکە ئاسان نییە، لەوانەیە گڕ لە شوێنێک و دوکەڵ لە شوێنێکی تر بێت، لەژەهرەکەدا هەموو چاویان لە دوکەڵەکەیە، بەڵام بێخەبەر لەوەی کێ ژەهرخواردی کردوون! مەبەست لە بێخەبەری نەبوونی بەڵگەو زانیاری و ئەرگۆمێنتە بۆ ساغکردنەوەی دۆسیەی ژەهرەکە، نەک کوێرانە تفەنگ بە تاریکییەوە، دۆخی یەکێتی دوای ژەهرەکە زیاتر پەرتەوازەیە و یەکێتییەکان بە گومانەوە لەگەڵ یەکتر کار دەکەن و لەسەنگەردان بۆ یەکتر تێکشکاندن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت