نەوزادی موهەندیس: جیهان بەرەو حكومەتێكی جیهانی یان پەرتەوازەیی زیاتر؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڤیكتۆر هۆگۆ دەڵێت: خەیاڵەكان هەقیقەتی سبەینێن.
مرۆڤ زۆر لەمێژە خەون و خەیاڵی بە یەك و یەكگرتوویی و یەك دەسەڵاتی و یەك حكومەتی ڕەهایی سەرتاسەری دونیاییوە بینیوە و هەوڵیشی بۆداوە،بەو ئامانجەی كە دونیا لە جەنگ و داگیركاری و ململانێ‌ ناڕەواكان بەدووربگرێت و گوزەرانێكی ئاشتیانە و بە ئارامی و ئاوەدانی چێبكات بۆ تەواوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
هەربۆیەش خەون و خەیاڵی پێكەوەنانی حكومەتێكی جیهانی لە بیرۆكە و نوسین و وتار و هەوڵی سەركردە مەزنەكاندا هەبوە و خواستیان بوە كەڕۆژێك لە ڕۆژان وەدیبێت.جا هەریەكەیان لەدید و بۆچوون و بەرژەوەندی خۆیەوە لێریِوانیوە،ئەوەتا لەڕووی ئاینەوە مەسیحیە توندڕەوەكان وایدەبینن كە حكومەتێكی جیهانی داپڵۆسێنەر و تۆقێنەر دەبێت، بەڵام ئیسلامەكانیش تەنها لەسایەی ئیسلامدا وایبۆدەچن كە ئەو حكومەتە جیهانیە پێكبێت.هەندێكی دی دەڵێن حكومەتێكی جیهانی بەمەبەستی دەستبەسەراگرتن و داگیركردنی جیهان دێت لەبەرژەوەندی ڕێكخراوێك یان دەوڵەتێكدا.
بۆ خۆی حكومەتی جیهانی: بریتیە لە ئاستێكی بەرز لە ئیدارە كە بەرزترە لە ئاستی حكومەتە نیشتیمانیەكان و ئەم حكومەتەش یاسا نێودەوڵەتیەكان جێبەجێدەكات.
جا مێژووی بیرۆكەی پێكەوەنان و دامەزراندنی حكومەتێكی جیهانی دێرینە ولەلای هەریەكە لەم شارستانێتی و سەركردانە سەریهەڵداوە:
1. یۆنانی و ڕۆمانیە دێرینەكان.
2. لەسەدەی 14هەمدا لەلایەن دانتی شاعیرەوە ئەم بیرۆكەیە سەریهەڵداوە.
3. لەسەدەی 18 هەمیشدا بیرۆكەی فیدڕاڵیەتێكی جیهانی گەرموگوڕی بەخۆوە بینیوە.و هەر لەو ماوەیەدا وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دامەزرا وەك یەكەم دیموكراتیەتی فیدڕاڵی نوێ‌ لە ساڵی 1788دا.
4. عەمانۆیل كانت لە ساڵی 1795دا وتارێكی بەناونیشانی(( ئاشتی هەمیشەیی))نوسی و لەوێدا بۆ ڕێگەگرتن لە جەنگ لە ئایندەدا داوایكرد كە:
• سیستەمێكی كۆماری و دەستوری مەدەنی پێكبێت.
• یاسای نێودەوڵەتی لەسەر بنچینەی فیدڕاڵی ئازاد بۆ هەر وڵاتێك دابنرێت.
• مافی خەڵكی وەك هاونیشتیمانیانی جیهانی دیاریكراوبێت بەیاسای جیهانی میوانداری.
5. لە سەدەی 19 هەمیشدا فەیلەسوفی ئەڵمانی كارل كراوس وتارێكی بەناوی( نمونەیەك بۆ مرۆڤایەتی) نوسی. تیایدا داوای پێكهێنانی 5 هەرێمی فیدڕاڵی كرد لەسەر بنەمای كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكا و ئەفریقیا و ئوستوڕالیا.كە هەموانیان لە كۆمارێكی جیهانیدا كۆببنەوە.
6. لە ساڵی 1842داشاعیرێكی ئینگلیزی هۆنراوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا خەونی بە جیهانێكی دوور لە جەنگوە دەبینی كە یەك پەڕلەمانی جیهانی و لەژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا ببرێت بەڕێوە.
7. ئاینی بەهائی كە لەلایەن بەهائوڵاوە لە 1852-1892 دامەزرێنرا ڕایگەیاند كە پێكەوەنانی ڕایەڵەیەكی جیهانی نەتەوەكان بنچینەی دینەكەیەتی.

نمونەكانی حكومەتی جیهانی:
گەلێك حكومەتی سەرتاپاگیر و فراوان لە مێژوودا دروستبوون كە دەكرێت وەك نمونەی حكومەتێكی جیهانی لێیانبڕوانرێت وەك:
1. ئیمپراتۆریەتی ئەسكەندەری مەكدۆنی.
2. ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی
3. ئیمپراتۆریەتی بەریتانی
4. ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی
5. كۆنگرەی هاگۆ1899-1907
6. كۆمەلاڵەی گەلان 1919-1938
7. نەتەوە یەكگرتوەكان 1945 تاكو ئێستا
جا هەر لە پێناو پێكەوەنانی ئەو حكومەتە جیهانیەدا گەلێك دامەزراوە و ڕێكخراو و وڵاتان دامەزراون بەو ئامانجەی كە ببنە هەوێنی ئەو حكومەتە جیهانیە وەك:
1. دامەزراندنی فیدڕاڵیەتی دیموكراتی سویسرا لە 1848 و كەنەدا لە 1868 وەك فیدڕاڵیەتێكی نەتەوە جیاوازەكان.
2. دامەزراندنی ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە 1863دا و یەكێتی تەلەگرافی جیهانی 1865 و یەكێتی بەریدی جیهانی 1874 و زیادبوونی چالاكی بازرگانی نێودەوڵەتی لە سەرەتای سەدەی بیستدا بەجۆرێك لە دەستپێكی جەنگی جیهانی یەكەمدا 450 ڕێكخراوی جیهانی هەبوون.
3. ڕێكخراوی یاسای نێودەوڵەتی لە 1838دا.
4. لەساڵی 1886دا یەكەم پەڕلەمانی جیهانی تازە خەمڵیو كۆبوەو ناویشینرا یەكێتی پەڕلەمانی جیهانی و لە ساڵی 1904یشدا پێشنیاز كرا كە لەلایەن پەڕلەمانەكەوە ئەنجومەنێكی جیهانی پێكبێت و ساڵانە كۆببێتەوە.
5. یەكێتی ئەوروپا 1952-1992كە 25وڵات ئەندامن و 450هەزار كەس ژمارەی دانیشتوانەكەیەتی.
6. دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەكان 2002
7. یەكێتی ئەفریقیا 2002
8.كۆمكاری نەتەوەكانی ئەمریكای لاتین 2004
9. پەڕلەمانی ئەمریكای ناوەڕاست
10.كۆمەڵەی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
11.كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی 1945
12.كۆنگرەی جیهانی ئیسلامی
13.كۆمەڵەی وڵاتانی بێلایەن و.. دەیان ڕێكخراوی نێودەوڵەتی تر.وەك بانكی نێودەوڵەتی و دادگای دادی نێودەوڵەتی و صندوقی نەقدی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و خۆراك و كشتكواڵ و یونسكۆ وڕێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی و كۆمەڵەی 8 كە بریتین لە 8 وڵاتە گەورە و دەوڵەمەندەكەی جیهان و گروپەكانی G7 و G20 و… هتد.
بەم شێوەیە هەموان و لەسەر هەموو ئاستەكان هەنگاو بەرەو وەدیهێنانی ئەو خەونە لە مێژینەی مرۆڤایەتی دەنێنن بۆ پێكەوەنانی حكومەتێكی جیهانی. بەڵام لەبەرامبەریشدا دەبینین لە ئێستادا هێندەی جیهان پەرتەوازە و دوور لەیەكتر و دڕدۆنگ و خواست و ویستی دابەشبون و پەرتبوون تیایدا زاڵە نیوهێندە هەنگاوی جدی نانێن بەرەو پێكەوەیی و كاركردن بۆ حكومەتێكی جیهانی.هێندەی هەوڵی بەهێزبوونی حكومەتە نیشتیمانیە بچوكەكانیان دەنێن نیوهێندە هەوڵی یەكگرتن و لێكنزیكبونەوەی یەكتر نادەن. هێندەی بەرژەوەندیە بچوكەكانیان لا مەبەستە نیوهێندە بەرژەوەندیە باڵامرۆڤایەتیەكانیان بەلاوە گرنگ نیە. هێندەی سەرقاڵی ململانێ‌ ناڕوا سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانن نیوهێندە بەتەنگ ئاشتی و ئاشتەوایی جیهانەوە نین.هێندەی هەوڵی پاراستن و دەستكەوتنی بەرژەوەندیەكانیان نیوهێندە گرنگی نادەنە بەرژەوەندیە مرۆڤایەتیەكان و هەوڵی نەهێشتنی دواكەوتوویی و هەژاری و برسێتی و بێكاری و گەندەڵی و ڕێگری لە پەتا كوشندەكان ناگرن وەك كارەساتە سروشتیەكان و دەستكردەكانی مرۆڤ خۆی كە هەموانیان مەترسی گەورەن لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی..
بۆیە لەهەموو ئەم هەنگاوانەی وڵات و سەركردە و حیزبە سیاسیەكان دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە جیهان بەرەو پەرتەوازەیی زیاتر دەچێت نەك یەك و یەكگرتن.ئەوەتا تەنانەت لەسەر ئاستی تاك و خێزان و كۆمەڵگا و ڕێكخراو و حیزبە سیاسیەكانیش بەرەو دابەشبوون و لێكدووركەوتنەوە و لێكهەڵوەشانی زیاتر دەچن و ناتوانن پێكەوە لەژێر سایەی یەك چەتری گەورەدا كاربكەن و بحەوێنەوە. هەموو پاڵنەرەكانیش ویستە كەسی و خواست و خەونە سەربەخۆییەكانیانە بۆ تاكڕەی و تاكدەسەڵاتی و بەهێزبوون و پەیداكردنی نفوز و وەلانانی ئەوانیتر و بچوككردنەوە و و فلیقاندنەوەیانە.
هەربۆیە ئەو خەون و خەیاڵەی كە ڤیكتۆر هۆگۆ وتویەتی دەبنە هەقیقەتی سبەینێ‌ ڕەنگە كات و ماوە و زەمان و زەمینەیەكی دوورتری پێویست بێت، لانی كەم لەم قۆناغەدا ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە.بەهیوای هەرچی زووترە تەواوی مرۆڤایەتی بەخەون و خەیاڵەكانی شادببێت و حكومەتێكی جیهانی دیموكراتی و دادپەروەر و یەكسانی كۆمەڵایەتی تیادا وەدیبێت.خۆ گەر خەونیش بێت ئەوا حەرام و تابۆنیە كە خەیاڵی لێبكەینەوە و خەونی پەمەیی پێوە ببینین.چونكە لەم زەمەنەدا لەسەر ئاستی تاك و خێزان و حیزب و وڵاتانیش چەندە دوورلەیەكتربن هێندە لاواز و بێدەسەڵات دەبن. وگەر لە چوارچێوەی حكومەتێكی جیهانیدا ((بەواتای وزە و توانا و پلان و پێكەوەیی كاركردن)) نەبێت ناتوانرێت بەتەنها ڕووبەڕووی جەنگ و كاولكاریەكان و پەتاكوشندەكانی هاوشێوەی كۆرۆنا19 و كارەساتە سروشتیەكان ببینەوە.بۆیە پێكەوەنانی حكومەتێكی جیهانی گەر خەون و خەیاڵیش بێت هەمیشە وەك گریمانیەكی ئایندەی ئامادەگی هەر دەبێت لە هزر و بیری مرۆڤایەتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت