کەمال محەمەد: کۆچی ئەمڕۆی ئێمەو کۆچی سبەینێی ئێوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆچی بەلێشاوی ھاونیشتمانیان ھەول و تاقیکردنەوەو ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیە بۆ رزگاری لە دەسپۆتیزمی و تۆتالیتاریزمی حکومرانی نزیکەی سێ دەیەی کوردی کەھەمیشە کۆسپی گەورەیان لەبەردەم ھاوسەنگی ژیان و یەکسانی و ئازادیدا رشتوە و کۆمەڵگا و خەڵکەکەیان لە چاوەروانی پوچ و بێ واتادا ھێشتۆتەوە، لێرە مرۆڤ و ژیان کردن بوە بەكاڵاێی ئەو سیستەمەی کە دەسەڵات دایناوە نەیتوانیوە نوێنەرایەتی تەواوی کۆمەڵگا بکات و ببێتە مانیفۆستۆی چارەسەریی، ھەر بۆیە خودی ئەم سیستەمەو حیزبەکانی دەسەلات بەرپرسیاری گشت قەیرانەکان و جیاوازییەکانن، ئەو جیاوازییانەی کە بە ئاشکرا ئەبینرێت کە چۆن نەوە مەترۆپۆلەکانی سەرمایەداری بنەماڵەییان لە ھەموشتێک تێر بوون و زۆرینەی نەوەکان و مناڵ و کۆمەڵگاش لەنێو نەداری و برسیبوندا ئەژین.
ئەگەر ژیان لەم ھەرێمەدا تاکە مانایەکی مابێت بە یەکسانی ئەوا ئەو ھەناسەیە کە ھەڵی ئەمژین، چونکە ھێشتان ئەو وزەو سەرمایە سروشتییە لای دەسەلات نەبوە بە خاوەنی ئەو توانستەی لەدەستی خۆیدا بیھێڵێتەوە، لەم ھەرێمەی ئێمە لەژێر ناوی کوردایەتییەوە بنەماڵەو نەوەکان تا دێت بەکاربردنی سروشت و داھاتی ئەم وڵاتە و تەنانەت مرۆڤەکانی ناویشی وەک مافێک دەبینێ، بەشێوەیەک کە مرۆڤ ئەگەر بێ عەقڵ و نەزان نەبێت پێویستی بە بانگەواز و ھاوار کردنە بۆ ئەوەی بیڵێت کە ئیتر ناتوانین بەرگەی ئەو سیستەمەی حکومرانیتاب بگرین کە بۆتان داناوین.
ئەم خاکەی ئێمە کە پێویست بو جیھانێکی ئاسودەو ژیانێکی پرشنگداری بۆ دروست کردباین، بەڵام لەلایەن ئەم دەسەڵاتەو خراپ بەکارھێنانی حکومرانییەوە جیھانێکی کپ و بێ رۆحی بۆ بە جێ ھێشتوین کە مرۆڤ تیایدا ھەست ئەکات کە چیدیکە پیرۆزییەکانی نەماوەو حەسرەتە قوڵەکەی لەدەست داوە و خاوەن روخسارێکی ماندوو بێزارە،کە ھۆکارەکەشی ھەموی ئەو دەسەڵاتە ئۆگۆییست و بێخەم و ستەمکار و بێ ھەستەیە بەرامبەر بە ھاونیشتمانیانی خۆی.
کۆچی ھاونیشتیمانیان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە دوای ھەستکردنیانە بەوەی کەئەم خاکە جێگای چاوەروانی و ئومێدیان نییە، ئەوان لە پێناو گەورەکردن و بەدێھێنانی خەون و ئازادییەکانیان و سەربەخۆیی زیاتری ژیانیاندان، بەڵێ ئەمە مێژووی گەلێکە کە دوبارەو چەن بارەیە لە کۆچ و ڕەو دوای ئەوەی بەھەمو ھێزی خۆی و پاڵپشتی وڵاتان توانی دەسەڵاتێکی خۆبەرێوەبەر بەدەست بھێنێ، بەڵام نەیتوانی مێژوو بکاتە بنەمایەک شارستانییەت بئافرێنێ، ئێستا کە ھیچ بەڵگەو بیانویەک لەئارادا نییە بۆ ئەوەی کە کۆچی بەلێشاوی ئەو خەڵکە نەبەستێتەوە بە شکستی حکومرانی کوردییەوە کە ھەمو کات عەقڵ و میتۆدی کارکردنیان پاراستنی بنەماڵەو تێکشاندنی بیرۆکەی حکومرانی بوە بەشێوەیەکی دامەزراوەیی.
بەرگەگرتن و پەلاماردان و برسێتی و سەرمای کۆچبەران لەنێو دارستانەکانی ئەو ولاتانەی پێیدا ئەپەڕنەوە مانای ئەوەیە کە ئەم کۆچەیان راکردن و گوزەرکردنەو لەو نیشتمان و سیستەمەی کە قورسایی چینی بۆرژوازی تیایدا زاڵە، سەرباری ھەمو ئەمانەش دەسەڵات ناتوانێ بەم شێوەیە ھەبونی خۆی بپارێزێ، چونکە دواجار لەدەرەوەی خواستی خۆی ئەیخاتە ژێر فشارێکی گەورەوە ئەگەر لەلایەن چالاکوانان و رەوەبدی کوردییەوە لەدەرەوە کاری لەسەر بکرێت و ھۆکار و ئاماژەکانی پشت پەردەی کۆچکردنەکە بۆ رای گشتی ئاشکراو باس بکەن، ڕۆشنکردنەوەی خەڵک بەرامبەر بە ھەمو ئەو پرسانەی کە سیستەم لەدژی کۆمەڵگا و دیموکراتی ئەیکات یەکەمین ھەنگاوی گۆڕانکاری و باوەڕھێنانی تەواوی توێژە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگایە کە ئەمە سیستەم و دەسەڵاتێکی ئیلاھی نییەو ھەتا ھەتایە بەردەوام بێت و ئەم کۆچەی کە ئەمڕۆ بۆ ئێمەیە سبەینێش بۆ دەسەڵاتە ئەگەر لەسەر ھەمان میتۆد و عەقڵییەت و سیاسەتی کارکردنییەوە بەردەوام بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت