بورهان شێخ رەئوف: هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى بۆ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم وڵاتى عێراقەى ئەوڕۆ لە دێر زەمانەوە گۆمى خوێن و گۆڕەپانى جەنگ و ململانێى تاقم و گروپە جیاوازەکانە ، لەهۆلاکۆەوە تا تەیمورلەنگ ، لە ئیسماعیلى سەفەویەوە تا عوسمانیەکان،لە داگیرکەرى بەریتانیاى مەزنەوە تا داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکا ساڵى2003.
ناچمەوە دیرۆکى کۆنى عێراق هەر لە دواى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە لە ساڵى 1920 لە سێ مەلیک دوانیان کوژران جگە لە وەسى (عەبدولیلا) و هەموو بنەماڵەى پاشایەتى عێراق ، لە سەردەمى کۆماریش سەرۆک کۆمار عەبدولکریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و سەدام حوسێنیش بە کوشتن چوون .
لەبەرئەوە هەوڵى تیرۆرکردنى مستەفا کازمیش سەرۆک وەزیرانى ئێستاى عێراق کارێکى نامۆ نیە بەمێژوو و جوگرافیاى ئەم وڵاتە ، بەڵام لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراق 2003 یەکەمجارە سەرۆک وەزیران بەرەو ڕووى هەڕەشەى واو هەوڵى تیرۆر کردن ببێتەوە.

هۆکارى هەوڵى تیرۆرەکە
هەرچەندە هیچ کەسێک لە تاقم و گروپە میلیشاکان زاتى ئەوەیان نەکردووە بەرپرسیارێتى هەوڵى شکستخواردووى تیرۆرى کازمى بگرنە ئەستۆ ، ئەگەرچى پێش چەند ساتێک هەڕەشەى توندیان لە کازمى دەکرد بە هۆى کوژرانى چەند ئەندامێکیان کە بەشدارى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دەکرد دژ بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کە پارێزگارییان لە ئاسایشى ناوچەى سەوز ى بەغدا دەکرد.

ئامانجى هەوڵى تیرۆرەکە
ناردنى مەسجگەلێک بۆ :
1. پێداگرى میلیشیا ولائیەکان کە بەهیچ جۆرێک قایل نابن موقتەدا سەدر کەسایەتیەکى سەربەخۆ بکاتە سەرۆک وەزیرانى عێراق ، بە تایبەتى کە ناوى کازمى لە ئاردایە بەزۆرى بۆ ئەوەى ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ، کە لە یەک ساڵى ڕابردوودا زۆر هەنگاوى ناوە بە ئاراستەى سەربەخۆیى لە سیاسەتى ناوخۆو دەرەکیشدا .
2. ناردنى پەیامێک بۆ هەموو هاوبەشە شیعەکان لە پرۆسەى سیاسى عێراقدا و بە دیاریکراوى بۆ سەدرو وڵاتانى عەرەبى و ئەمریکاش ،هەر گۆڕانکارییەک لە شانۆى سیاسى عێراق کە لە ژێر دەست و هەژموونى لایەن شیعیەکانە ( هەڵۆکان ) ڕووبەڕووى توندوتیژى و ناڕەزایەتى توند دەبێتەوە ، هەرچەندە ڕەوتى سەدر سەرکەوتووى یەکەمى هەڵبژاردنەکانیشە.
3. پێداگیرى ئەو لایەنانە لە سەر ڕەتکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى 10/10 و ئاڵۆزکردن و هەڵکشانى دۆخەکە بەرەو ئاکارێکى نەخوازراو، لەوانە پەلاماردانەوەى نێردە دیبلۆماسى و باڵوێزخانەکان ، هەرچەندە دواى سەردانەکەى ئیسماعیل هاقانى پێدەچێت دۆخەکە بەرەو هیوربوونەوە بچێت.
4. فشار دروستکردن بۆ سەر سەدرو هەموو لایەنە براوەکانى ترى هەڵبژاردنەکەى 10/10/2021 بۆ ئەوەى لایەنە سیاسیەکانى نزیک لە حەشدى شەعبى پێگەو پشکى خۆیان بەربکەوێت لە حکومەتى نوێى عێراقدا.
لەلایەکى ترەوە بە ئامانج گرتنى کازمى لەم دۆخەى ئێستاى عێراقدا جۆرێکە لە تێکەڵکردنى وەرەقەکان لە پێناو دابەشکردنى دەستەڵات سەرلەنوێ.

هەوڵە شکستخواردووەکە بە قازانجى کازمى شکایەوە
کازمى دواى هەوڵى شکستخواردووى تیرۆکردنى گەشتێکى بە شەقامەکانى مەدینە سەدرى بەغداى پایتەختدا کرد وەکو یەکەم کاردانەوەو مەسجێک بۆ خاوەنى درونەکان ،لە هەمانکاتدا سەرچاوەکانى هەواڵ لەناو بەرەى هەماهەنگى شیعەکانەوە باس لەوەدەکەن کە دۆخى ناوخۆیى بەرەکەیان زۆر ئاڵۆز بووە دواى شکستى هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى لە هەمبەر لێدوان و پێداگیرییەکانى موقتەدا سەدر کە بەنیازە حکومەتى زۆرینەى نیشتمانى پێک بهێنێت.
لەلایەکى ترەوە ئێستا کازمى وەکو پاڵەوانێکى نیشتمانى دێتە بەرچاو لە دواى ڕزگاربوونى لە هێرشى دروونەکان ، نەک هەر براوە بوو لەو ململانێیەى کە لەماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا لە گەڵ میلیشیا چەکدارەکاندا کردى ، بەڵکوئەگەر پێش ئەم هەوڵى تیرۆرکردنەى کازمى یەکێک لە بەربژێرو کاندیدەکان بوو کە شانسى کەمى هەبوو، بەڵام لە دواى هەوڵە شکستخواردووەکە کازمى بووەتە ژمارەیەکى گەورەو بەختى زۆرى هەیە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ قۆناغى داهاتو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت