کەژاڵ نوری: مەلا بەختیار لە نێوان دوو رەهەنددا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من وەک خۆم، تێڕوانینم بۆ مەلا بەختیار لە دوو رەهەندەوەیە، مەلا بەختیاری دابڕان و مەلا بەختیاری مەکتەبی سیاسیی. بۆیە ئەتوانم وەکو خۆم دوو کەسایەتیی جیاواز لە جەستەی یەک پیاودا ببینم.

رەهەندی یەکەم – مەلا بەختیاری رێکخراوی دابڕان.
ئەو کەسایەتییە مەعریفییە زەرورەتە هەنوکەییەیە کە بوونی لەنێو هەر میللەتێکی دنیادا کە لەسەرەتای پرۆسەی ریفۆرمخوازییدا بێت، زۆر گرنگە.
کەسایەتییەکی خوێنەوار و شارەزا لە بواری دین و پرۆسەی کرانەوەی کۆمەڵگە، چاونەترس لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامی سیاسیی. ساڵانێکی زۆرە لە رێگەی دابڕان و کۆنفرانسە بەردەوامەکانییەوە هەوڵی جددی و کاریگەر دەدات بۆ ریفۆرم کردنی ئایین و جیاکردنەوەی لە سیاسەت.
لێبڕاوانە، تاکە سەرکردەی سیاسیی کوردبووە کە هەوڵی بۆ کۆکردنەوەی گەنجان و نوسەران و رووناکبیرانی بواری ریفۆرمخوازیی دابێ لە چواردەوری خۆی و بیروڕاکانیانی پێکردوون بە توێژینەوەو لە کۆنفرانسەکانی دابڕاندا پێشکەشی کردوون، جگە لەوەش توێژینەوەکانی بۆچاپ کردوون و کاری وەرگێڕانیش بۆ ئەو توێژینەوانە بە سەرپەرشتی ئەو، بۆ زمانەکانی تر بۆ کراوە. بە هۆی مەلا بەختیارەوە سەدان و هەزاران کتێب لە بواری زانستی جێندەریی و دین و فەلسەفەی سیاسیی و دەوڵەت و پەروەردەوە چاپکراون. هەرکەس لە رووی فکرەوە توانایەکی هەبووبێت و مەلا بەختیار ناسیبێتی ، دەستی گرتووە و هەوڵی داوە پەرە بە توانا فکرییەکانی ئەو کەسە بدات، پیاوێکە دەستگرۆیی هەموو ئەکادیمیی و نوسەرێکی کردووە بەبێ جیاوازیی ئینتمای سیاسیی، بە مەرجێ لە خزمەتی مەدەنیەت و پێشکەوتندا بووبێ.
مەلا بەختیار لە ناو ناوەندی سیاسی یەکێتییدا یەکەم و دوایەمین سەرکردەی یەکێتییە کە دژی زیندووکردنەوەی کەڵتوری قێزەونی خێڵ و عەشیرەتگەرایی و بازاڕی هەرزانیی ڤیستڤاڵی خێڵ و عەشیرەت وەستابێتەوە، کە لەم ساڵانەی دواییەدا لەناوچەکانی گەرمیان بە پشتیوانی خودی جەلال تاڵەبانی ( سۆشیال- دیموکرات) و دواتریش بە دکتۆر بەرهەمی ( تەکنۆکرات) ی ئێستاشەوە، ساڵانە ئەنجام دەدرێ. مەلا بەختیار دژ بە گوتاری سیاسیی ئیسلامگەرا و سەلەفیزم و وتاری کۆنەپەرستی مەلاکان و تەکیە و خانەقاکانی تەریقەتە کۆنسێرفاتیفەکان وەستایەوە. لە هەموو لایەکی دنیاوە سەدان رووناکبیری عەرەب و ئەوروپی و گەلانی دنیای هێنایە کوردستان و لە فیستیڤاڵەکاندا توێژینەوەکانیانی پێناساندین. تاکە بەرپرسی سیاسییە کە بی فیزە و تێکەڵاوی لەگەڵ هەموو قەڵەمێکدا دەکات، جا ئەو قەڵەمە تەنانەت دژی خۆشی سوڕابێت، من خودی خۆم یەکێکم لەوانەی کە دژی ئەو پیاوەم نوسیووە، نووسینەکەی بینیووم و لە مەسنجەری فەیسبوکەوە بە نامە گلەیی لێکردووم بەڵام لەهەمان کاتیشدا زۆر بەڕێزەوە قسەی لەگەڵ کردووم.
مەلا بەختیار ئەگەر تەفریغ بکات بۆ کاری رۆشنگەری و بواری فکر و کۆنفرانسەکانیی، دڵنیام گۆڕانکاری گەورە و بەرچاوی پێدەکرا، چونکە ئەو پیاوە هەم گوێی لێدەگیرێت لە ناوەندی سیاسیی و حکومییدا، هەم پیاوێکی رۆشنبیرە و هەم چاونەترسە لە دژایەتی کردنی ئیسلامگەرا و هەم چەپێکی مۆدێرنە( بە پێوەری باشور بۆ چەپ بوون). مەلا بەختیاری رێکخراوی دابڕان دەتوانێ بە فکر پرۆسەی سیاسیی لە کوردستاندا پێشخات، تا ئەو ئاستەی کۆمەڵگەی کوردی نموونەیەکی جوانی پێشکەوتوو بێت تەنانەت لە بواری جێندەری و یەکسانی هەمەلایەنەی مافەکانی نێوان ژنان و پیاوانیشدا.

رەهەندی دووەم – مەلا بەختیاری مەکتەبی سیاسیی
کەسایەتییەکی درۆزن، بێزراو، فشەکەر و بێتام، زۆربڵێ و بێسود لەناو پرۆسەی سیاسیی و نەتەوەیی گەلی کورددا، کە زیانی زۆر گەورەی لە داهاتووی میللەتەکەمان داوە، مەلا بەختیار ئەندازیاریی بەستن و واژۆکردنی پەیماننامەی نێوان پارتی بەسەرکردایەتی نێچێرەڤان بارزانی و روسیا بوو. خۆی بە دەمی خۆی لە نوسینێکدا باسی ئەوە دەکات ، کە ئەو پێشنیاری بۆ پارتی و نێچیر کردووە کە رێککەوتن لە گەڵ روسیادا بکات بۆ هەناردەکردنی نەوت، کەوایە ( ئەگەر ئەوەش یەکێک نەبێت لە درۆکانی ) عەقدی پەنجا ساڵەی نەوت و فرۆشتن و بە تاڵان بردنی سامانی گشتی ئەو میللەتە پشکێکی گەورەی لە ئەستۆی مەلا بەختیاردایە. کابرایەکە تا بە شاخەوە بوو خەریکی پەت پەتێن و جرت و فرت بوو، کاتێ جیابۆوە لە یەکێتی و دایە پاڵ پارتی، سوێندی خوارد کە هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ ناو یەکێتی و ئەگەر گەڕاشەوە بۆ لەت و پەرت کردنی یەکێتی دێتەوە نەک بۆ یەکگرتنەوە. ئەم پیاوە زۆردەمێکە چاوی لە کورسی سەرۆک کۆمارە، خەونی هۆبزیی بۆ کۆشکی سەلام هەیە و ئامادەیە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو خەونەدا، دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ کات، بە بەردەوامی ( نەوشیروانۆفۆبیا ) وڕێنەی پێ ئەکات و دەیەوێ وەکو فەیلەسوف و داهێنەرێکیش دەرکەوێ، بۆیە لە ڤیستیڤاڵی دابڕانی ساڵی دووهەزار و شانزەدا، لاسایی ئۆجەلانی کردەوەو پرۆژەیەکی سەقەتی هەرزانی بەناوی فیمینزمی رۆشنگەرییەوە خستە بازاڕەوە ، تەواوی فەلسەفەکەی لە دوو لاپەڕەی فولسکابدا پێش بانگی بەیانی رۆژی دەستپێکردنی فیستیڤاڵ، نوسیبۆوەو هەندێ ژنی وەکو دکتۆرە بەسیمە و دکتۆرە جوان ئیحسان و کچەکەی خۆی ( کە براژنی هۆزان مەحمودە ) و کۆمەڵێک ژنی تری هەڵبژارد و ناردنیە سەر ستەیج بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەی ( خۆ اعلان کردن ) بەناوی فیمینیزمی رۆشنگەرییەوە ، کە تەنانەت خودی مەلا بەختیار خۆی بەیاننامەکەشی نوسی بوو. نکولی لە تەواوی مەدرەسەکانی دیکەی فیمینیزم و ژنۆڵۆژییەکەی ئۆجەلانیش دەکرد، لەو فیستیڤاڵەدا، سەلاحەدین دەمیرتاشی داوەت کرد و خستیە سەر ستەیج بۆ وتاردان، کاتێکیش دەمیرتاش وتارەکەی تەواوکرد و رۆشت، مەلا بەختیار بۆ ئەوەی ئەردۆگانی لێنەڕەنجێت، لەناو جەماوەرەوە لە موداخەلەی یەکێک لە توێژینەوەکاندا کە باسی ئۆجەلانی تیاکرا، وتی : کورد فەیلەسوفی نیە. ئەو قسەیە بروسکەیەک بوو کە بۆ ئەردۆگانی نارد و وەک ئەوەی بڵێی ها، راستە دەمیرتاش کەمێ پێش ئێستا لێرە بوو، بەڵام ئێمە ئۆجەلان بە هیچ نازانین. وەک دڵنەواییەک بۆ ئەردۆگان.
ئەم پیاوە لە ئێستادا، خەونی گەیشتن بە کۆشکی سەلام کردویەتی بەو کڵاونە کۆمیدییە سیاسییەی کە لاسایی سەدامی لەناو جەماوەرەوە پێدەکاتەوە. دوێنێ لە سلێمانی لەناو خەڵکەوە سەدام ئاسایی سڵاوی لە جەماوەر دەکرد. لە ئێستادا پارتی و راگەیاندنەکانی زۆر زەقییان کردۆتەوە کە ئەمە گومان دەخاتە سەر راستگۆیی مەلا بەختیار لەبابەتی ژەهر خواردنەکەیدا. مەلا بەختیار وەک هەر سەرکردەیەکی تری پیر و کەنەفتە و شکستخواردووی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان، بارێکی قورسی سەرشانی خەڵکە. مشەخۆرێکە خۆی و ماڵ و مناڵی سی ساڵە لەسەر سامانی گشتی خەڵک دەلەوەڕێن و دەژین و دەخەون و لە کۆشکی گرانبەهادا ژیانی شاهانە بە ڕێدەکەن. یەکێکە لەو سەدان سیاسیانەی کە پێویستە دانیشێنرێن و لەو خانووانەی تیایدا دەژین، دەرکرێن بگوێزرێتەوە بۆ کەلاوەیەکی قوڕ و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە لەسەر دزینی سامان و داگیرکردنی موڵکی گشتی و ، ئەگەر تاوانی گەورەی مرۆیی و خیانەتی نەتەوەیی ئەنجامنەدابوو، ئەوە سامانەکەی لێ سێننەوەو بە بودجەیەکی مەعقولەوە تەفەروغی پێبکرێت بۆ رێکخراوی دابڕان، چونکە ئەو پیاوە بە کەڵکی هیچ نایەت ئیللا دابڕان نەبێ.
ئەگەر نا، ئەوە دەبێ لە دادگایەکدا لە گەڵ هەموو ئەوانی دیکەدا دادگایی بکرێت و بە تاوانی گەندەڵی و تاڵانی، باقی تەمەنی لە زیندانی مەعەسکەر سەلام لە سلێمانی بەسەر بەرێ، نەک لە کۆشکی سەلام لە بەغداد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت