سەردەشت محەمەد: کۆچ و نائومێدبون لەکۆچ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی مرۆڤ هەیە کۆچیش هەیە، کۆچ بریتیە لەجێگۆڕکێی مرۆڤ لە جوگرافیایەکەوە بۆ جوگرافیایەکی دیکە، فاکتەرەکانی پشت کۆچی تاک یاخود کۆچی بەکۆمەڵک فرەلایەنن، لەوانە کۆچی تاک یاخود کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆکاری ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، سروشتی، ئەگەر لە مێژووی کۆچ لە کوردستاندا و لەناو نەتەوەیەکی وەک کوردا بکۆڵینەوە ئەوا ڕوونە، هەمیشە فاکتەری ترس لە مەرگ و گەڕان بەدوای خۆشبەختی و گەیشتن بە ئارامی سەرەکیترین ئەو فاکتەرانەیە کەپاڵیان بە کوردەوە ناوە کۆچ و ڕەوبکەن.
کوردستان بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافیاکەیەوە هەمیشە جێگە تەماعی نەیارەکانی بووە و هەرئەمەش وایکردووە مێژووی کورد پڕبێت لەداگیرکاری و کوشتن و بڕین وەک چۆن لەسەردەمی مەغۆلەکاندا ئەم ناوچەیە هەم بەهۆی گرنگیەکەیەو هەمیش وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتنی لەشکری مەغۆلەکان بۆ بەغداد بووە بەگۆڕەپانی جەنگ و کوردەکان ئاوارە و دەربەدەربوون، جەنگە جیهانیەکان و جەنگەکانی وڵاتانی ئیقلمی و ململانێی زلهێزەکان لە دونیادا دواجار پروشکیان هاویشتۆتە ئەم خاکەوە و ناچار بەکۆچیان کردوین.
ئەگەر هەموو ئەوکۆچانەی کە لەڕابردودا کورد کردونی بەهۆی مەترسی هێزە دەرەکیەکانەوە بوبێت، ئەوا دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ز زۆرێک لە کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی چەوسانەوەی سیاسی و نەبوونی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەپاندنی ڕەوشی خراپ بووە لەناوخۆدا، واتا ئەمجارەیان هێزە نەیار و مەترسی هێنەرەکە خودی کورد خۆی بووە، ئەو کۆچە بەکۆمەڵەی ماوەی چەند مانگێکە بۆ سنوری بیلاڕوسیا دەستی پێکردووە یەکێکە لەونمونانەی کە ئێستا هەموو دونیا چاودێری دەکات و زۆرێکمان پێشبینیمان دەکرد کۆچبەران لەدەست نەهامەتی و ئازارەکان ڕزگاریان دەبێت و دەربازی وڵاتانی ئەوروپی دەبن، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی ئێمەو تەنانەت خودی کۆچبەرەکانیشەوە لەئێستادا بەناچاری و بەهۆی توندوتۆڵکردنی سنورەکانی نێوان پۆڵندا و بیلاڕوسیا و هەروەها سەرما و برسێتی و نەبونی دڵنیایی بۆ مانەوەیان بەشێک لەکۆچبەران جارێکی دیکە بەدڵێکی شکاوەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو جوگرافیایەی کە لێی هەڵهاتبون.
مەترسییەکە لێرەوە دەست پێدەکات لەوکاتەوە کە کۆچبەرەکان جارێکی دیکە بەدڵێکی شکاو و بەوپەڕی نائومێدیەوە تەسلیم بەخاکێک دەکرێنەوە کە بەدڵ لێی هەڵهاتبون و هیوایان دەخواست بۆی نەگەڕێنەوە، ئەمجارەیان ڕق و توڕەی و نائومێدیەکان دووهێندە دەبن کەڕەنگە لەداهاتوودا کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆیە لێرەوە ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان و هێزەسیاسەکان قورستردەبێت و دەبێت ڕۆڵی گەورەبگێڕن بۆ ئاشتکردنەوەی کۆچکردوان بەنیشتمانەکەی خۆیان، چونکە مانەوەی هاونیشتمانییان لەم دۆخە پڕ لە نائومێدیەدا ڕوداوی خراپی کۆمەڵایەتی ئابوری سیاسی هتد.. لێدەکەوێتەوە بۆ دەربازبون لەم دۆخە خراپە پێویستە حکومەت لەبواری ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ هاونیشتیمانیەکانی و باشترکردنی دۆخی پەروەردە و تەندروستییەوە گۆڕانکاری ڕیشەی ئەنجامبدات و ئەگەرنا ئەوا ئەم گەڕانەوەیە بەدڵێکی شکاوەوە ڕوداوی خراپ و چاوەڕوان نەکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت