دلێر محەمەد نوری: یان تابووت یان فڕۆکە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەیامێکی دۆستانە لە نێو ناڕەزایەتییەکانەوە، بۆ هەموو کاک و مام ئاغا و شێخ و مەلا و بنەماڵە و خێڵ و نازناوە سەیر و سەمەرەکانی دەسەڵات…
کاتی ئەوە هاتووە پەساپۆڕت و ئیقامە و ڤیزەکانتان تەماشا بکەن. کاتی ئەوە هاتووە شەددە دۆلار و قاڵبە ئاڵتوونەکان بخەنە جانتا ڕەشەکانەوە. کاتی ئەوە هاتوو یاقوت و ئەڵماس و خشڵەکان بکەن بە ئافرەتەکانتانەوە. کاتی ئەوە هاتووە هەندێ یادگاری و وێنەی کەیف و سەفاکان هەندێکیش جل و بەرگ بپێچنەوە. کات و ساتی سەفەرتان زۆر نزیکە.
چاوم لێیە میللەت خەریکی دروست کردنی تابووتە. تابووتێکی زۆر دروست کراوە. هەر کچەو بزمار و بورغوو ئەهێنێت. هەر کوڕ و کچی چەکوش و مشار بەدەستە تەختە ئەبڕێ و لێکی ئەنێت. تابووت لە دوای تابووت دروست ئەکرێ. تابووت بە هەموو قەبارەیەک. تابووتی گەورە بۆ سەرگەورە، لەو بچووکتر و بچووکتر…تا دەگاتە تابووت بۆ ئەو قاچانەی شەقیان وەشان لە ناو ڕانی مامۆستا و خوێندکاران. بۆ دەستانەی کە سەروچاوی ڕۆژنامەنووس و کچە خوێندکاریان شکاند. بەدەل و شیروانەکانیان تەعزیب کرد و بۆ ئەو پەنجانەی گوولەیان چزان بە زمانی سەردەشت و سەر سنگی سوران و کاوەکانەوە. تابووت ئەکرێ بۆ هەمووتان. وێنەی هەمووان پارێزراو لە مۆبایلەکان و پەڵە هەورەکانی ئینتەرنێت بە ئاسمانەوە. هەر تابووتە و ناونیشان و وێنەیەکی لە سەرە و فایلی کردارەکانی سی ساڵی ڕابردووتان هاوپێچی تابووتەکان کراوە.
من بە خەت مایلی خۆتان بزانن. وا پێتان دەڵێم، هەتا زووە خۆکۆبکەنەوە و بڕۆن.
ئەم لێشاوەی بەڕێوەیە، لێشاوی توڕەی میللەتێکە، ساڵەهایە ئازاریان دەدەن. خوێن داویە لە کەلەیان و جامی سەبریان سەرەوڕێژە و لە بەری دەرژێ.
ئەمە ئیتر دوا فرسەتی دوای نەمانی خودی فرسەت خۆیەتی، دەسا هیمەت بکەن، تا کارتان لە کارتان نەترازاوە.
ئەم توڕەییە لە توڕەیی هیچ کاتێک ناچێت، زۆر جیاوازە. ئەمە توڕەیی ئەو بێ قاچ و بێ دەست و بێ چاوانەیە کە ناوتان لێ ناون خاوەن پێداویستی تایبەت و هیچ پێداویستییەکیشتان بۆ دابین نەکردوون. ئەمە توڕەیی ئەو واریسی شەهیدان و ئەنفالکراوانەیە، کە مووچە و ئیمتیازاتیان دەدرێتە کوڕە جاش و کوڕە بەعسی، ئەوانەی شەهید و ئەنفالیان کردن. ئەمە توڕەیی ئەو مامۆستا و ئەو فەرمانبەرانەیە کە نیوەی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرە هاوتا عێراقییەکەی، لە دوای ڕووخانی باوکە سەدامتان، وەرنەگرتووە. ئەمە توڕەیی ئەوخانەنشینانەیە کە ڕەنجی بە باچوویان لە کچە سلیکۆن و کچە مۆدیلە پاشخان و سنگخانە بەرزەکان سەرف ئەکرێ. ئەمە توڕەیی ئەوخوێندکار و فێرخواز و قوتابییە لەت و پەتکراوانەیە، وا بە نیازن دووبارە یەک بگرنەوە هەر لە زاخۆوە تا خانەقین. ئەوانەی دەرماڵەیەکی چەند هەزارییان پێ ڕەوا نابینن و بە بەرچاویشیانەوە کوڕ و کوڕەزاکانتان لە زانکۆکانی ئەمریکا ئەخوێنن و بە دەفتەرە دۆلاریش شەهادەی علوجی لوبنانی بۆ نەخوێنەوارەکانی حزب ئەکڕن. ئەمە توڕەیی میللەتێکە لە ئاگر هەر لقەوە ئەسووتێنی تا دەگاتە مەڵبەند و مەکۆ.
تا زووە بڕۆن. نەک دواتر ڕێگەی شەقامتان لێ بگیرێ، بڕۆن تا میللەت باڵی پەیدا نەکردووە، بڕۆن تا کۆنتڕۆڵی ئاسمانیشی نەکردووە. بڕۆن لە فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بنوون. بڕۆن لە نزیک ئەو فڕۆکە تایبەتییانەوە بنوون کە بۆ ڕۆژی ڕەشی خۆتانتان کڕیوە. ئیتر ئەمڕۆ ڕۆژی ڕەشە، هیندەی ڕەشی دەستتان لە گیرفانی میللەتەدا، هێندەی ئەو نەوتە ڕەشەی دەدرێتە تورک ودەکرێ بە فیشەک بۆ جەستەی خۆمان. هێندەی ڕەشی کراسی ژنە ئەنفال و قەمیسی کوڕە خوێندکار و بسکی ڕەشی کیژۆڵەکانی زانکۆ…
بۆ کەسم نیە بۆ خوا پێتان ئەڵێم، بڕۆن لە فڕۆکەخانەکان بنوون. لە پاڵ تەیارەکاندا و لە سەر جانتا پارە دزراوەکانمان دانیشن، تا ڕۆژی حیساب دەگاتێ. ئەڵێن مڕۆڤ چەند تاوانبار و وگوناهبار بێ ئەکرێ لە دوا ساتدا، تاکە چاکەیەکیش بکات. لەم سۆنگەیەوە تاکە داواکاریم ئەوەیە: کە ڕۆیشتن کلیلی حکومەت و پارلەمان و بارەگاکان ڕادەستی دەستێکی ئەمین بکەن. تا تاکە کردارێکی چاک بۆ خۆتان تۆمار بکەن. گەر ئەپرشپرسن دەستی ئەمین کێیە ؟ ئەوا من پێتانی نیشان ئەدەم…
بڕۆن بگەرێن، کامە چین زۆر هەژار و بێ دەرەتان بوو، کلیلەکانی بدەنێ بە بێ خەم! کامە بێ ماڵ و بێ خانوو بوو لە ژێر پردەکاندا ڕۆژی ئەکردەوە، کلیلەکانی بدەنێ بە بێ خەم! کام نەخۆشەی ئازاری زۆر بوو لە بێ دەرمانی. کام ژنە ئەنفال و ژنە شەهید و کچە شەنگالی. کام پێشمەرگەی سەنگەر کە پاڵی بە عەرەبانەوە دەنا! کامە دەرچووی زانکۆی دەستگێڕ و بۆیی گازینۆکان بوو! کامە زۆر ڕقی لە ئێوە بوو، بیدەنێ! کامەیان هەر بەڕێگەی دادگاکانە بوو، لە سەر شکاتی ئێوە بیدەنێ! کلیلەکانی حکومەت بدەن بە هەر کەسێک کە لە ئێوەوە دوورە و لە خاک و لە شەقامەوە نزیکە. خۆتان ئەوانە چاک چاک ئەناسن…
تێبینی/ بیرتان نەچێ بە لەوەی بفڕن سەروو شەددە بدەنە ئەو حیمایانەی تا دەرگای تەیارەکە لە گەڵتان دێن، چونکە ئێوە باڵدارن و ئەوان بێ باڵ.
هەروەها بیریشتان نەچێت ئاگاداری جەندرمە و پاسدار و حەشدیش بکەن کە ئەم ناوە چۆڵ کەن نەبادا لافاوەکە ئەو دۆستانەشتان ببات.
ئێمەش لە کۆتایی فلیمەکە ئەڵێین: هەبوو نەبوو دەسەڵاتێکی کوردی ساوا هەبوو، لە جیاتی شیر نەوتی هەڵقوڕاند، لە دواییدا بوو بە دێوەزمە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت