پشکۆ ئەمین: تالیبان چۆن رۆیشت و پاش20 ساڵ بە بێشەر گەرایەوە دەسەڵات؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش 20 ساڵ لە رووخان و دەرکردنی تالیبان لە ئەفگانستان، بە شەری گەورەو قورس و لێدان بە فرۆکەی جەنگی، تالیبان لەدەسەڵات دەرکران و دوورخرانەوە بۆ ئەو دیوو سنوری پاکستان. لەو کاتەوە هێزی ئەمریکی و ئەوروپی لە خاکی ئەفگانستاندان و هاوکاری و راهێنان بەهێزی ئەفگانستان و بە حوکمەتی ئەفگانستان دەکەن، لە هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراس و مەدەنی و هێزیکی شەرکەرو بەتواناو باوەڕ بەخۆ بوون.
تالیبان دۆست و هاوپەیمان و میوانداریکەری گرووپی قاعیدەی تیرۆرستی بوون، قاعیدە بەرپرسی هێرشە روخینەر و بکوژەکەی 11 سیپتەمبەرە کە کرایە سەر ئەمریکاو بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەستداو زیانێکی زۆری ئابوریشی بە ئەمریکا گەیاند.
ئەمریکیەکان دەلین سوپای نیشتیمانی ئەفگانستان ژمارەیان 300.000 کەس بووە لە2001 وە بای 85 ملیار دولار چەک و جبەخانەیان بۆ سوپای ئەفگانستاندا سەرفکردووەو راهێنان و هاوکاریان پێشکەشکردوون، ئەو سوپایەش ئەمە بوو، کە بە کشانەوەی ئەمریکا ورەی رووخاو بەرگەی شەری نەگرت، یان بەبێ شەر خۆی بەدەستەوەدا، یا شەرگەکەی جیهێشت و رایکرد، ئەمە پیمان دەڵێت: ئەم سوپایە نە ئازابوون، نەیەکگرتووبون، هەر گروپەیان سەر بەرپرسێک و دەسترۆیشتویەک و خێڵێک بووە، دەنا وابە ئاسانی تێک نەدەشکا.
ئەمریکیەکان چەک و جبەخانەیەکی زۆری تازە و تانک و دەبابەو ئۆتۆمبیلی سەربازی زۆریان بە جیهێشت، کە کەوتونەتە دەست ئەو گرووپە تیرۆرستیەی بە خوێن و وێرانکاری 20 ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتیان لێسەندنەوە.
هەندێکجار مرۆڤ کەبیر لەسیاسەت دەکاتەوە، دەپرسێت بڵێی ئەمەش سیاسەتبێت و ژێر بە ژێر شتەکان داڕێژرابێت، وەک داشی دامە بجوڵێنرێت، کوری هەژاران کەسەربازن با هەر بکوژرێت، ئاخر خۆ دەوترێت سیاسەت ئەخلاقی تیدانیە، تۆ دوێنێ شەڕت دەکرد تا لەدەسەڵات وەدەرتاندا، ئێستا گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن، رێگەیان دەدەن ئەوەی بنیاتانداوە بە ملیارات دۆلار ئەو بیروخێنێت و پاش 20ساڵ بێتەوە سەر دەسەلات. سەرکەوتنەکانی تالیبان دەمیکە ئامادەکاری بۆدەکرێت، 20ساڵ خۆیان راگرت، تەنها شەری پارتی زانیان دەکردو دەستیان لە دووژمن دەوەشاند، بەدروشمی( خۆت ئامادەکە رۆژێک دێت دەگەڕێینەوە دەسەڵات)، پێش ئەوەی ریکەوتنەکە بەتەوای ئیمزا بکرێت پەیوەندیان کرد بە بەرپرسەکانی حوکمەتی ئەفگانی و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە، داوای هاوکاریان لێکردن و بەڵێنی دەسەڵات و پاریزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان پێدان، تەنانەت لەگەڵ جەنراڵەکان و ئەفسەرو بەرپرسەکانی سوپاو پۆلیسیشدا رێکەوتنیان کردبوو، بەرتیل و پارەو بەڵینی شوێنی گرنگیان بەزوربەیان دابوو و کرابوونە بەرپرسی سبەینێ.
واشتنتۆن پۆست دەنوسیت، جەنراڵەکان دەیان وت چەکەکانتان دانین و یەک فیشەک نەتەقێنین، ئەفسەرەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان دەیانزانی، تالیبان و ئەمریکا لەدەوحە خەریکی رێکەوتنن بۆیە ئامادەی خۆفرۆشتن بوون. هەروەها دەڵێت: پارەت بدایە زوربەیان خۆیان دەفرۆشت، بۆیە دەبیت بڵێین تەخشان و پەخشانی قومبەلەی پارەی تالیبان شەڕەکەی بردەوە، سوپای راهێنراو، لە لایەن بەرپرس و جەنراڵەکانەوە فرۆشران. لەراستیدا ئەمانە بوونە هۆی سەرکەوتنی تالیبان، دەنا هێزی تالیبان هیچ چەکێکی پێشکەوتوی پێنەبوو. راستە تالیبان بروایان بەخۆیان وبە بیرەکەیان هەبوو ،سوپای وەتەنی بروا تیایدا زۆرکەم بوو،تالیبان توانی بەکرینی سەرکردەو سەرۆک عەشیرەتەکان ورەی سوپا و دەوڵەتی ئەفگانی لە ماوەی کەمتر لەدوو هەفتەدا بروخێنین و هێزی ئەفگانستان راماڵێت، خۆی بگەیەنێتە کابولی پایتەخت و ناو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفگانی بەبێ شەرێک کە شیاوی باسکردنبێت.
ئەو پایتەخەتەی کاتی خۆی لە ژێر ساروخ و تۆپ بارن و بۆردومانی فرۆکەی جەنگی ئەمریکی و ئینگلیزیدا چۆڵیان کرد، بە ئاسانی گێرایانەوە ژێر دەستی خۆیان و لەناو ئەو کۆشکەوە هەواڵی سەرکەوتنیان راگەیاند.
لەگەڵ گەیشتنی تاڵیبان بەدەرگاکانی کابول، ترس و دڵە راوکی، وای لە هەزاران کەس کرد هەوڵی هەڵاتن و خۆ دەربازکردن بدات، پێشتر لە کابولدا 4 ملیون کەس دەژیا، ئەمرۆ زیاتر لە2 ملیون ئاوارەو راکردوی شوێنەکانیتری تێهاتوە، کە بۆ خۆپاراستن و لە ترسی هێرشی تالیبان هاتبوونە کابوول، ئێستا خەڵکی کابول هەوڵدەدەن بۆراکردن لەترسی تالیبان و ژیان لەژێر دەسەڵاتیدا، نایانەوێت لە ژیر عەبای تالیباندا بژین.
ئەشرەف غەنی سەرۆک وەزیران، ئەو پیاوە بێفیزەی کە وازی لە ژیانی خۆشی ئەمریکا هێناو گەرایەوە وڵاتەکەی تا خزمەتی بە خەڵکەکەی بکات، بەڵام وڵاتەکەی و دەسەڵاتەکەی تاسەرئیسقان لە گەندەڵی و دزیدا نقوم بوو بوو، هەر کەسە بۆ خۆی و هەوڵی خۆی دەدا هیندەی بیریان لای هۆزو عەشیرەت هەبوو بیریان لای نیشتیمان نەبوو، غەنی تەنهاش ناچار خەمەکانی بە تووڕە بوون دەردەبڕی، ئەمە وایکردبوو ئەو مامۆستایەی دانیشگاکانی ئەمریکا جیهێشت، بە پیاوێکی توڕە بناسرێت.
ئەشرەف غەنی لەکاتی بڵاوبوونەوەی دەنگ و باسی کشانەوەی سوپای ئەمریکا، پێش دوو مانگێک رۆشتە ئەمریکاو داوای لەبایدن کرد، جارێ نەکشێتەوە. بەڵام بەگوێێان نەکرد، بۆیە کاتێک تالیبان گەیشتنە دەرگاکەو تەقولبابیان لەدەرگای کابوولداو داوایان لێکرد دەسەڵاتیان تەسلیم کات، ناچار بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی رژانی خوێنی خەڵکەکەی وازهێنانی راگەیاند و رۆشتە تاجیکستان.
ئەم سەرکەوتنەی تالیبان مایەی سەرسورمانی هەموو لایەک و کەسێک بوو، بروا نەدەکراو بەخەیاڵدا نەدەهات کە میژوو بەم شیوەیە بۆ دواوە بگێڕیتەوە، ئەفگانستان جاریکیتر بکەوێتەوە ژێردەستی تالیبان.
ئێستا ئەمریکاو ئەڵمانیاو فەرەنساو ولاتانی تری ناتۆ دەیانەوێت سوپاکانیان و سەفارەتەکانیان و ئەو کارگوزارە ئەفگانیانەی لە ماوەی ئەم 20 ساڵەی مانەوەیاندا لە ئەفگانستان لەگەڵیاندابوون، دەربازیانکەن و بیانهێنینە دەرەوەی ئەفگانستان، بەهۆکاریی ئەمانە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
تالیبان بەشێوەیەک دەستی گرت بەسەر ئەفگانستاندا،کەس چاوەروانی نەدەکرد شار بەشارو ناوچە بەدوای ناوچەدا بکەوتە دەستی تالیبان، لە ماوەیەکی هەر زۆرکەمدا خۆی گەیاندا کابولی پایتەخت.
دەمێکە دەوترێت کە ژێر بەژێر دان و ستاندو گفت و گۆیەک بۆ رێکەوتن هەیە لەنێوان تالیبان و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا. دۆنالد ترەمپ مامۆستای رێکەوتنەکە، لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا کە سەرۆکی ئەوسای وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکابوو، لە کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا (رایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی تالیباندا، ریکەوتنێکی ئیمزاکردووە، بەم هۆیەوە پیرۆزبای لە هەمووان و لە کەسوکاری سەربازەکانمان دەکەم، دەڵێم بەمزوانە سەربازەکان دەگەڕێنمەوە)، پاش ساڵێک و حەوت مانگ دان و ساندێکی دوورو درێژ لە قەتەر بەبەشداری و ئاگاداری دەوڵەتی قەتەر، وڵاتە یەکگرتوەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ناو ناتۆو دۆستەکانی بریاریدا.
تا 11 سێپتەمبەر ساڵرۆژی هیرشە تیرۆرستیەکەی سەر ئەمریکا لەلایەن قاعیدەوە بە شێوەیەکی رێکخراو هەموو سەربازەکان لە ئەفگانستان بکشێنێتەوە، بە مەرجێک تالیبان هیچ رێکخراوێکی تیرۆرستی نەگرێتە خۆی و لەوێوە دژایەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی نەکات.
رۆژی 14 حوزەیران 2021 لەکۆبونەوەی ناتۆدا راگەیەنرا کە تیرۆرستەکان هیچ جێگەیەکیان بۆ نەماوە خۆیانی تێدا حەشاربدەن، سوپای ئەفگانستان راهێنانێکی باشیان پێکراوەو توانای بەرگریەکی باشیان هەیە، دەوڵەتی ئەفگانستان هاوکاری کراوەو بۆ دروستکردنی دام و دەزگاکانی خۆ بەریوە بردن و پاریزگاری لە خۆکردن، ئێستا هەم دوڵەت و هەم سوپاکەی توانای خۆپاریزی وخۆ بەریوەبردنیان هەیە و ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە، بۆیە دەکرێت کۆتایبهێنین بە کردەوە سەربازیەکانمان و هێزەکانمان بکشێنینەوە، ئەمەش مانای ئەوەنیە پەیوەندیمان بە ئەفگانستانەوە نامێنێت و پاریزگاری لێناکەین، ئێمە بەردەوام هاوکاری ئەفگانستان دەکەین.
بایدن وتی، ئەفگانستان ناکەوێتە باری خراپ، ئەفگانیەکان ئێستا دەتوانین بەرپەرچی هەموو پەلاماریک و هیرشێکی تالیبان بدەنەوە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بایدن پێچەوانەی وتەکانی پێشوی وتی، لەگەڵ کشانەوەی هێزە دەرەکیەکاندا، هیچ هۆیەک نامینێت بۆ شەری تالیبان. ئەوە دەرکەوت هەڵەیەک هەبووە لە تێگەیشتن لە سروشتی ئەفگانستان و رۆشنبیریەکەی و شێوەی بیرکردنەوەیان.
ناشکرێت ئێمە لەباتی سوپای ئەفگانستان شەربکەین، دەسەڵاتی سیاسی ئەفگانستان خۆیان شکستیان هێناو رایانکردو تەسلیمی تالیبان بوون. گەر ئەم رێکەوتنە ژێربە ژێرە شەترەنجەکە نەبێت و تالیبان ئامادەکرابێت بۆ لێدانی ئیران و بەرەنگار بوونەوەی رێگەی ئاوریشمی چین، ئەم کشانەوەیە هیچ سودێکی بۆ ئەمریکا نابێت. راستە سەربازەکانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام زیانیکی زۆر بەهەیبەت و ناو و ناوبانگی ئەمریکی دەگەیەنێت و بڕوای وڵاتان بە ئەمریکا بێهیز دەکات. وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێی تالیبان لەم سەرکەوتنە خیرایەی تالیبان دەترسین بە هەستیاریەوە لێیدەڕوانین.
بایدن 16 ئاب لەبارەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا و ئەو بارە ناهەموارەی دروست بووەو بۆئەوەی کە شەرمەزاریەکە لەسەر خۆی لابدات، رایگەیاند ،لەراستیدا کاری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەبوو لە ئەفگانستان دەوڵەتێک دروست بکات، بەرژەوەندی ئەمریکا لە ئەفگانستان تەنها لەوەدا بوو کە رێگە نەدرێت جاریکیتر لەو وڵاتە پڕ لە شەڕەوە، هێرشی تیرۆرستیی بکرێتە سەر ئەمریکا، بایدن دەڵێت رووسیاو چین دەیانەویت ئەمریکا بخزێنینە ناو کێشەو ململانێکانی ئەفگانستان،گەربێت و تالیبان هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندیەکانمان ئەوا وەڵامی خراپمان دەبێت بۆیان. هەروەها وتی هیچ خاوەن هۆشێک لەگەڵ ئەوەدا نیە ئێمە زیاتر لەمە لە وڵاتێکدا بمێنینەوە کە لەناو شەری ئەهلیدایە. وتی ئەوەی ئێستا روو دەدات دەکرا پێش 5 ساڵ یا 15 ساڵ لەمەو پێش رووبدات، من بریارمداوە بە گەلی ئەمریکا کە راستگۆو راشکاوبم لەگەڵیاندا، بۆیە دەڵێم، ئەمەی کە روو دەدات زۆر خیراتر روویدا لەوەی ئێمە چاوەڕیمان دەکرد، هەموو هەنگاوێک و کارێکمان کرد تا ئەفگانیەکان بریاری چارەنوسی خۆیان بدەن. ئێمە ناتوانین وابکەین ئەوان بریاری شەر بدەن لەپێناو پاشەرۆژیاندا. ئێستاش چاودێری مافی ژنان و لاوان و مافی مرۆڤ دەکەین لەئەفگانستان، دژی هەموو پێشیلکاریەک دەوەستینەوە.
بایدن وتی، ترەمپ بریاریدابوو لە یەکی مایودا هێزەکان بکشێنێتەوە وە سوپای ئەمریکای لە 15500 سەربازەوە کەمکردەوە بۆ 2500 سەرباز، ئەمە وای کرد تالیبان بەهیزبیت، بۆیە دەبوایە یان لەگەل تالیبان بکەوینەوە شەڕ یان ریکەوتنەکە بکەین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت