عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود: دیوارێکی بڵند.

{ 1 }
ئه‌و جۆره‌ گه‌ڕه‌کانه‌ تێکه‌ڵن، له‌ هه‌موو جۆرێکی تێ خزاوه‌، هه‌ندێکیان له‌ مێژه‌ له‌ شاردان. ئه‌وانی تر له‌ ‏گونده‌کانه‌وه‌ هاتوون، ماڵه‌کان دیارن، هه‌ندێکیان چه‌ند نهۆمێکه‌ و دیکۆره‌کانیان ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنج ‏راکێشه‌ره‌، نازانی سه‌یری کام نه‌خش و نیگاریان بکه‌یت، شه‌وان چراخانه‌که‌یان تا به‌ره‌به‌یان ‏ده‌دره‌وشێته‌وه‌، ئه‌وانی تر کوخ ئاسان، کاوه‌ له‌م گه‌ره‌که‌دا گه‌وره‌ بوو، جیاوازییه‌کان ناخی ‏ده‌هه‌ژان، دژاییه‌تییه‌کان له‌ رۆحیدا ده‌ته‌قینه‌وه‌.
(هه‌ردوو لامان هه‌ر مرۆڤین، ئه‌وان بۆ سه‌رده‌سته‌ی کۆمه‌ڵ، ئێمه‌ش………..
رقی له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و نمایشه‌کانیان ده‌بووه‌وه‌، ئه‌و کاتانه‌ی ئه‌وان فویان ده‌کرده‌ خۆیان، خۆیان قورس ‏نیشان ده‌دا، له‌ چاوه‌کانی ئه‌ودا ده‌بوون به‌ پووش، به‌ ده‌م گێژه‌ڵوکه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ بچوک ده‌بونه‌وه‌ تا ‏له‌چاوانی ون ده‌بوون، ده‌بوون به‌ هیچ.‏
کاوه‌ ده‌یویست هه‌ندێک له‌و داب و نه‌ریتانه‌ی ئه‌وان خۆیان پێوه‌ ده‌نواند بخاته‌ ژێر پێووه‌. باوکی کرێکار بوو، گه‌ر رۆژێ کاری ده‌ست نه‌که‌وتایه‌، ده‌بوایه‌ بێ شێوو سه‌ر بنێنه‌وه. باوکی خۆش ‏ده‌ویست، گوێی له‌ رازو سکاڵاکانی ده‌گرت، ئێواران باوکی به‌ جه‌سته‌یه‌کی شه‌که‌ت و ماندووه‌وه‌ ‏ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو تۆزێک بحه‌وێته‌وه‌، ده‌یویست بزانێت چی بووه‌، چی نه‌بووه‌، ده‌یزانی ‏کوڕه‌که‌ی سه‌ر ده‌کات به‌ هه‌موو کۆڕو کۆمه‌ڵێکا.‏
-‏ ئه‌مڕۆ کرێکارێک له‌ کاتی کارکردن دا له‌ سه‌ر دیوارێکه‌وه‌ که‌وته‌ خواره‌وه‌و قاچێکی ‏شکا، به‌ڵێنده‌ره‌که‌ نیو دیناری له‌ هه‌قی هه‌موومان بڕی، رۆژانه‌ ده‌بێت دوو کاتژمێر زیاتر کار ‏بکه‌ین، کێ رازی نییه‌، سبه‌ینێ نه‌یه‌ته‌وه‌.‏
کاوه‌یش باسی قوتابییه‌کانی بۆ کرد:‏ دوێنێ دوو قوتابیان له‌ زانکۆ ده‌سگیر کرد، که‌س نازانێ بۆ کوێیان بردن، بڕیارمان داوه‌ مان بگرین.‏

{ 2 }
نیان درواوسێ ی ماڵی کاوه‌ بوو، هاوڕێ بوون، هاتووچۆی یه‌کتریان ده‌کرد، به‌ڵام دیوارێکی بڵندی وه‌همی له‌ ‏یه‌کتری دوور خستنه‌وه‌، ئه‌م به‌ره‌و لایه‌ک و ئه‌و به‌ره‌و لایه‌کی تر هه‌نگاوی نا.‏
رۆژێک نیان به‌کاوه‌ی وت:‏
-‏ هه‌میشه‌ سه‌رقاڵیت و ناکه‌ویته‌ ماڵ، زۆر که‌م رێکه‌وتت ده‌که‌م.‏
کاوه‌ به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ که‌م خایه‌نه‌که‌یه‌وه‌، سه‌رێکی له‌قاند ‏
‏-‏ به‌ زۆری له‌ کتێبخانه‌م.
کاوه‌ باڵای مام ناوه‌ندییه‌کی قژ زه‌ردی چاو سه‌وز بوو، هه‌میشه‌ سه‌رقاڵ بوو، نیان لێ ی ‏تێنه‌ده‌گه‌یشت، زۆربه‌ی کاته‌کانی له‌ گه‌ڵ هاوڕێکان دا به‌سه‌ر ده‌برد، نامیلکه‌و بڵاوکراوه‌ لۆچ کراوه‌کانی ‏ده‌گه‌یانده‌ شوێنی دیاری کراو ئه‌م شارو ئه‌و شاری ده‌کرد، نیانیش له‌ دنیای رۆمانسییه‌تی خۆی دا ‏بوو، عه‌وداڵی خه‌ون و خه‌یاڵه‌کانی بوو. هه‌ر رووباره‌ به‌ره‌و رێگای خۆی هه‌نگاوی نا، رۆژمێری ‏ته‌مه‌نیش چه‌ند ساڵێکی تری به‌ڕی کرد، ئه‌و وێنانه‌ی کۆڵانه‌کانی تیا ده‌بینرا، کاوه‌ی تیا ‏نه‌ده‌بینرا. شه‌قامه‌ نوێکان به‌ هه‌نگاوه‌کانی کاوه‌ ئاشنا نه‌بوون، کتێبخانه‌کان دیده‌نیان نه‌ده‌کرد، وه‌ک ‏جاران به‌ خێرایی له‌ گۆشه‌ی کۆڵانه‌کان ئاوا نه‌ده‌بوو، به‌یانیان زوو به‌یان نامه‌کان به‌ ده‌سته‌کانی کاوه‌ به‌ ‏دیواره‌کانی گه‌ڕه‌ک هه‌ڵنه‌ده‌واسران.‏

{ 3 }
ئه‌و رۆژه‌ ماڵی نیان بڕیاریان دا بچنه‌‌ سه‌یران، هه‌موویان به‌رگی ئاڵاو واڵایان پۆشی بوو، خواردن و ‏خواردنه‌وه‌یان پێ بوو، ئوتۆمۆبیله‌که‌یان جوڵا له‌ شار ده‌رچوون، به‌ پێچاوپێچی شاخه‌که‌دا ‏سه‌رکه‌وتن، هه‌موو لۆفه‌کانیان بڕی، گه‌یشتنه‌ سه‌ر به‌رزایی شاخه‌که‌، به‌ لۆفه‌کانی ئه‌ودیوی ‏شاخه‌که‌داهاتنه‌ خواره‌وه‌، چه‌ند پێچاو پێچێکیان بڕی، هێشتا دوو لۆفه‌یان مابوو. ده‌نگیR,B.G]‎‏ ) ئه‌و ‏ناوه‌ی له‌ هێمنی خست، قرمه‌ قرمی ( ‏B.K .C‏ ) به‌ به‌رده‌وامی ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌، ره‌باییه‌ی سه‌ر ‏لوتکه‌کان کوێرانه‌ ئاگر بارانی سه‌ر جاده‌که‌یان ده‌کرد، ئوتۆمۆبیله‌کان وه‌ک شاره‌ مێروله ‌ ریزیان به‌ست ‏بوو، تێکه‌ڵ ببوون، ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌بوو، ده‌بوایه‌ هه‌رجۆرێک بێت بڕۆن، له‌و دۆزه‌خه‌ ‏رزگاریان بێت، ئوتۆمۆبیله‌کان له‌ سه‌رخۆ تۆزێک چونه‌ پێشه‌وه‌، کوره‌ی ئاگر زیاتر ده‌رکه‌وت، چه‌ند ‏ئیڤایه‌ک بڵێسه‌ی ئاگری لێ به‌رز ده‌بووه‌وه‌، دیار بوو( (R,B,G ) ی یه‌کان جێگا مه‌به‌ستیان پێکا بوو، لاشه‌ی ‏چه‌ند عه‌سکه‌رێک خه‌ڵتانی خوین ببوو، له‌م به‌رو ئه‌و به‌ری جاده‌که‌ که‌وتبوون، ئوتۆمۆبیله‌کان به‌خێرایی ‏ده‌رچوون، تا گه‌یشتنه‌ دوا لۆفه‌، شوێنی سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان.
ته‌نیا یه‌کێکیان له‌وێ مابوو، هاتببوه‌ ‏قه‌راغ جاده‌که‌، سه‌ری به‌ سه‌ر تفه‌نگه‌که‌ی دا شۆڕ کردبووه‌وه‌، ده‌یویست داواکه‌سی هێزه‌کانی دوژمن له‌ ‏ناو ببات، خوێنێکی گه‌ش له‌سه‌رشانی یه‌وه‌ به‌ به‌رگه‌ خاکی یه‌که‌یه‌وه‌ ده‌چۆڕاییه‌وه‌، ئوتۆمبیله‌کان زیاتر نزیک بوونه‌وه‌، ترسێکی زۆریان لێ نیشت بوو، خوا خوایان بوو به‌ زووی ‏ده‌رچن. له‌ گه‌ڵ نزیک بونه‌وه‌ی ئه‌مان دا، برینه‌که‌ی سه‌رشانی زیاتر تینی بۆ ده‌هێنا، هاوڕێکانی گه‌یشتنه‌ ‏شوێنه‌که‌ی، ویستیان به‌ره‌و پشتی سه‌نگه‌ره‌کانیان بیگوێزنه‌وه‌.
نیان جه‌سته‌یه‌کی نیوه‌ مردوو ‏ی بینی، سه‌رشانه‌کانی وه‌ک رومه‌ته‌کانی سوور ده‌چووه‌وه‌، ئینجا زانی: بۆچی کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌ک کاوه‌ له‌ باوه‌ش ناگرن، شه‌وان تا به‌یانی گڵۆپێکی زه‌رد له‌ ‏په‌نجه‌ره‌ ی ماڵه‌ نزمه‌که‌ی ئه‌و به‌ریانه‌وه‌ داناگیرسێ.
ئه‌وه‌ی به‌ بیردا هاته‌وه‌ که‌:‏ دیوارێکی بڵند له‌ نێونیاندایه‌، روخانی کارێکی ئاسان نی یه.

1980- سلێمانی

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies