بەختیار نامیق: داوای لێبوردنەکەی قوباد تاڵەبانی و نامەیەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگ نیە تۆ وەک من و سەدان کەسی تر باسی کێشەکان بکەی، دەبێت تۆ چارەسەری کێشەت پێ بێ نەک قسە. هیچ گرنگ نیە تۆ تا چەند کراوەیت و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کەسێکی ڕوخۆش و نەرمیت، گرنگە تۆ لە کێڵگەی سیاسی و دەوڵەتداریدا چارەسەری کێشەت پێ بێ.گرنگ نیە تۆ کوڕی کێی و باوکت و دایکت و باپیرت کێ بون مێژوی ئەوان تۆی بردوەتە ئاستی دەوڵەتداری و مەهامی ئەوان تا کورسیەکەیە و لەوی کۆتای دێ، گرنگە تۆ خۆت چەند کارەکتەرێکی کرداریت و دەتوانی بە کردار بیسەلمێنی تۆ لەو پۆستەی بنەماڵەکەت پێی بەخشیوی دەتوانی کارابیت.
ئەزانی مامۆستا قوباد هەمو کتێب و فەلسەفەی دنیا کورتی بکەیتەوە بە دوای چارەسەری نابەرابەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێ تا چینی هەژار کەمێک لە هەژاریان کەم بکاتەوە، تۆ ئەوە دەزانی هەرچی چالاکی و پلاتفۆرم و کتێب هەیە ناکاتە بەرمیلێک نەوت بدرێت بە ماڵە هەژارێک، هەقە بۆ ئەم ڕاستیانە ئەم زستانە ئەگەر نەوت نەبو کتێبە فەلسەفیەکان بسوتێنن بۆ ئەوەی منداڵی هەژارێک گەرمی بێتەوە. مامۆستا قوباد ئەزانی چالاکی وەرزشی و ئەدەبی و فکری سەرخانە تا ژێر خان و ئاستی هەژاری چارەسەر نەکرێت هیچ کاریگەریەکی نابێ و ناپێویستە، تا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان چارەسەر نەکرێ. ئەی تۆ دەزانی ڕەحمەتی باوکت و کاک نەوشیروان و سەرکردەکانی کۆمەڵە لە خانوە قوڕەکانەوە هاتون و زووزووش دەیانوت بەرەو خانوە قوڕەکان. تۆ دەزانی جۆرە چالاکیەکی کارتۆنی هەیه تەنها بۆ نوخبەی بازرگان و دەوڵەمەند و دزەکانی نەوتن بە ناوی کتێب و سیمینار و پانێڵەوە دەکرێ.
مامۆستا قوباد ئەوە دەزانی کە هەمو ئەمانە مینحەیەک ناژی بۆ خوێندکاران، ئەی دەزانی هەژارەکان لەسەنگەری بەرگری شەهید دەبن و کوڕی مەسئول بە سەیارەی ئەخیر مۆدێلەوە پۆز لێدەدا و کوڕە هەژار دەکوژێ، ئەی کاک قوباد تۆ دەزانی یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندان لەسەر شەقام و لە بەردەم خۆپیشانداندا ئەو قسانەت بکردایە وچارەسەرت پێبوایە زۆر جوانتر دەبو، کاک قوباد تۆ دەزانی تۆ سەرۆکی حکومەتی زۆنی سەوزی و هیچ کارێکی ستراتیژیت نەکردوە، هەزاران بەڵێنت داو ئێستە وەک وایە کەسێکی تر ئەو بەڵێنانەی دابێ نەک تۆ، ئەی دەزانی کە 75٪ خەڵک دەنگی نەداوە و بایکۆتی کردوە، هەر بەڕاست ئەمە هیچ ناگەیەنێ لای ئێوە، ئەی دەزانێ چینی ناوەڕاست وێران بوە و جیاوازیەکی گەورەی چینایەتی دروست بوە، ئەی دەزانی چواردەوری خۆتان هەمان ئەو کەسانەن کە مەحکومن بە گەندەڵی، ئەی ئەوە دەزانی لە کۆی داهاتی 900 ملێون دۆلاری 350 ملێونی دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە، ئەی دەزانی خزمەتگوزاری وەک کارەبا و نەوت و هەندێ کات غاز و مینحەی خوێندکاران و نیشتەجێ بون و چی و چی تر لەم دوبەیە نوێیەدا نیە، ئەی دەزانی بۆ چینی فەرمانڕەوای دەورتان ئەم خزمەتگوزاریانە بە های کوالێتی هەیە، ئەی دەزانی پرۆسەی چاکسازی جگە لە دروشم هیچی تر نیە، ئەی دەزانی کاتێک ئۆپۆزسیۆن نەما حیزبەکانی ناو حکومەت تا ئاستێک باکیان بە ناڕەزایی نیە، ئەی ئەوە دەزانی کە گۆڕان سزادراوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێوە و پارتی ڕێککەوتنی کردوە، ئەی دەزانی بەشداری کچان لە خۆپیشاندان هەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەنجومەنی باڵای خانمان و کۆڕ و سیمینارەکان نەبوە، ئەوە غەدر و گەندەڵی و نابەرابەریە کچانیان کردە کارئەکتەری سەرەکی خۆپیشاندان ، ئەی هەزاران ئەزانی تر دەزانی.؟
ئەگەر چی داوای لێبوردنەکەت یەکەم کەسی ناو بازنەی دەستەڵاتی کە بەو شێوەیە ڕاستیەکان بڵێ و خۆشت لێبەدەر نەکرد، ئەمە جێگەی ڕێز و ستایشە و وەرچەرخانێکی زۆر باشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت