دانا مەنمی: ڕۆمانی قەپێلک و زیندانەکانی پارتی و یەکێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زیندان هەموو كات سەنگەرێك بووەو شێوەیەک بووە لە شێوەكانی خەبات و تێکۆشان دژ بە ستەمکاران، مرۆڤ و زیندان، ئازادی و زیندان، دەسەڵات و زیندان هەموو ئەمانە پەیوەندیكی راستەوخۆیان پێكەوە هەیە، هەموو هەوڵێکی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەیە مرۆڤ داببڕن و بێبەشی بکەن لە ژیان و زیندانیش بۆخۆی دابڕانە لە ژیان، ئەو زیندانەی ئیستای یەکێتی و پارتی شوێنی ئەو کەسانە نییە كە ئازاریان بۆ مرۆڤایەتی هەیەو دەستدرێژی دەكەنە سەر ئازادی و مافی كەسانی دیكە، بەپێچەوانەوە زیندانەکانی پارتی و یەکێتی شوێنی ئەو کەسانەیە کە لەسەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد و خۆپیشاندان لە پێناو مافە ڕەواکانیان دەستگیر دەکرێن و لە زیندانەکاندا ئازار دراون، سەرباری ئەوەی بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان لە زینداندان چەندین ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی بە سیناریۆی سیاسی کوژراون و کەیسەکانیان تائێستاش هەر بە هەڵپەسێردرای ماونەتەوە.
پارتی و یەکێتی لەمێژووی سێ دەیەی فەرمانڕەوایەتیدا بەناوی سەروەری یاساوە هەموو جەنایەتێكیان دژ بە كۆمەڵگای کوردی ئەنجام داوە و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا، ئازیزترین ڕۆڵەکانی کورد لە سنورەکانی بلاڕوسیاو پۆڵەندان کە بەهۆی ئەم فۆڕمە لە بەرێوەبردن و ئیدارەدان هەڵهاتوون، باشترین ڕۆڵەکانی کۆمەڵگای کوردیش ئیستا لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتی دان کە ڕۆژانە سوکایەتیان پێ دەکرێت و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن، شێوازەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ و پرۆسەی لە مرۆڤخستن لە زیندانەکاندا كە تێیدا پارتی و یەکێتی بە چەندین شێوە دژ بە ئازادیخوازان و چین وتوێژەکانی تری کۆمەڵگا پیادەی دەکەن و کەم نین ئەو چیرۆك و رووداوە تراژیدیایانەی کە دیوە شاراوەكانی ناو زیندانەکانی پارتی و یەکێتیمان بۆ دەگێڕنەوە ، هێشتا زۆر رووداو و تراژیدیاش هەن لەوە گەورەترن زمان بتوانێ‌ گوزارشتیان لێ بكات.
زیندان ئامرازێکی دەستی پارتی و یەکێتی یە بۆ داماڵینی مرۆڤ و لەمرۆڤخستن لە هەموو ئەو بەها ئینسانیانەی پێی دەناسرێتەوە، من هەتا زیندانم نەبینی تێنەگەیشتم لە ئازارەکانی زیندان، دەبێ خۆمان ئەو فەزا پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێیەمان بینیبێ، دەبێ هەموو ئەو دڵشكان و بێبەهاكردنانەمان ئەزموون كردبێت کە لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتیدا ئەزموونی دەکەیت، هەر چرکەیەک لە زیندان دا ڕوح بەر لە جەستە دەڕووخێت، بەڵام سەرباری ئەو فەزا پڕ لە ترس و تۆقاندنەی ناو زیندانەکان ئێمە سەدان پاڵەوانمان هەیە وەك پاڵەوانی رۆمانی (قەپێلك)!
رۆمانی (قەپێلك) وێنەیەكی واقیعی بەرجەستەکراوی مرۆڤێکە لە زیندانەکانی بەعس لە سوریا،كە نووسەری سووری (مستەفا خەلیفە) نووسیویەتی و باس لە جەلادە داماڵراوەکان لە هەموو هەست و نەستێكی مرۆییانە دەکات، سەرگوزشت و وێنە دڵتەزێنەکانی زیندان، لێدان و ئەشكەنجەدان و ئەتككردنی مرۆڤ! و دیوە شاراوەکانی زیندانی بەعسمان لە سوریا پێ ئاشنا دەکات، هەمان فۆڕمی ئەشکەنجەدان و ئەتککردنیش لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتی دا هەیە و مرۆڤ لەڕێی ئازار و ئەشكەنجەی زیندان و هەڕەشەی سێکسییەوە دادەماڵن لە بەهای مرۆییانەی خۆی، من هەمیشە دەڵێم؛ لەکوردستان هیچکات كارەسات لە گرتندا نیئە، بەڵکو کارەسات ئەو پاساوە كۆمیدی و گاڵتەجاڕیانەیە كە یەکێتی و پارتی خەڵکی پێ زیندانی دەكەن! کەواتە زیندان هەرگیز پرۆسەیەك نییە بۆ چاكسازیی زیندانییەكان و بەقەد ئەوەی شوێنێكە بۆ لەمرۆڤخستن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت