سەردەشت محەمەد: بەڕێز سەرۆکی هەرێم، منیش سەرەکۆنەی دەکەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا شەهید بوون و بریداربونی زیاتر لە بیست پێشمەرگە بەدەستی چەکدارانی داعش، کارەساتێکی جەرگ بڕو خەسارەتێکی ئێجگار گەورەیە. گەورەیی ئەم خەسارەتە بەجۆرێکە ئەگەر تەنها لەکوردستاندا نەبایە، لەهەرکوێیەکی ئەم دونیایەدا بایە هەر هێز و هەر دەوڵەت و لایەنێکی دیکەی غەیرە کورد بایە، ئەم قوربانێی بدایە، ئێستا بەجۆرێکی دیکەو بەپلانێکی نوێوە تۆڵەی دەکردەوە. بەڵام لەکوردستاندا تەنها وەڵامی حکومەت و بەرپرسان دەرکردنی بەیاننامەیەکی کاڵوکرچە، بەیاننامەیەک لەبری ساڕێژکردنی برینەکان هێندەی دیکە خوێ دەکات بە برینەکانماندا. نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆلەدەستدانی حەوت ڕۆڵەی کوردستان کە ئەمشە و لەسنوری قەزای مەخمور بەدەستی تیرۆرستانی داعش شەهید بوون لەبری دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەم تاوانانەو بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی، کەچی دەیەوێت بەبەیاننامەیەک و پرسەنامەیەک کەتیایدا نوسراوە سەرەکۆنەی دەکەین، ڕێگری لەم پەلاماردانانە بکرێت و دڵنەوایی کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی کوردستان بداتەوە.
پێویستە لەبری سەرەکۆنەو دەرکردنی پرسەنامەو بەیاننامەی دووبارە سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیریپێشمەرگە بیر لە ڕێگاچارەی گونجاو بکەنەوە، بیر لەوە بکەنەوە بەپلان و ستراتیژێکی نوێوە ڕوبەڕوی داعش و ئەو هێزە چەکداران ببنەوە کە خەریکی نەخشەدانانن بۆ تێکدانی ئارامی کوردستان و دروستکردنی دڵەڕاوکێن لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا،
پێویست دەکات سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەوەی ئێستا قایمتربکرێن و ڕاهێنانی بەردەوام بە هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت، دەکرێت لەڕێگەی دابین کردنی چەکی نوێ و پێشکەوتووەوە توانای پێشمەرگە باشترببێت، حکومەتی هەرێم نابێت وا گومان ببات ئەم هێرشانە کاتین و کۆتاییان دێت، هەرێمی کوردستان جگەلەوەی کە ڕوبەرێکی فراوانی ڕوبەڕووبونەوەی لەگەڵ تیرۆرستانی داعشداهەیە لەهەمانکاتدا ئێمە مێژوویەکی دوورودرێژمان لەم ناکۆکیانەداهەیە و بەدرێژای مێژوو ئەم سنورە هەروەها هێڵێکی گەرمی پێکدادانەکانی نێوان کورد و هێزە عەرەبەکان بووە لەمێژوودا، لەهەموو ئەمانە گرنگتر دەبێت لێپرسینەوە لە و فەرماندەعەسکەریانە بکرێت کە کەمتەرخەمی لەئەرکەکانیاندا دەنوێن دەبێت هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو ئەو گوندنشینانەدا هەبێت کە لەوناوچانەدا دەژین و بواری هەواڵگیری بەهێزتربکرێت،ئەگەرنا ئەوا دەبێت چاوەڕوانی زیانی گەورەتربین.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت