دلیر محەمەد نوری: دەسەڵات و حکومەتێکی ئەفڵاتونی لە هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ماوەیەک (کل في کل) ئەبووم لەم هەرێمە وێرانەیەدا. حەزم ئەکرد وەکو ئەفلاتونی حەکیم، وڵاتێکی نموونەیی دامەزرێنم. بەڵام ئەفڵاتون لە خاڵی سفرەوە دەستی کرد بە بیناکردنی کۆمارەکەی، داخەکەم ئەمەی من خۆی هەیە و وێرانەیە، بۆیە ئەبێت شۆفڵێکی لێ بدەم و سەر لە نوێ دایمەزرێنمەوە.

یەکەم قەپاڵی شۆفڵەکەم لێرەوە دەست پێ دەکرد.
هەر لە سەری ڕەشەوە تا دەگاتە دەباشان، لەوێشەوە بۆ زەرگەتە و سەرچنار و مێرگەپان. هەموو بارەگا و مزگەوتی ئیسلامییەکان و چەپ و ڕاست و دوکانی سیاسی و حزبی دیوەخان و چاخانە، تا دەگاتە هەڵەبجە و گووڵە خانە. هەموو سەرانی سەرجەم حزبەکانم لە گوندێکدا بە خاو و خێزانەوە، نیشتەجێ ئەکرد. هێزێکیشم دادەنا بۆ پارستنیان، نەك لە دوژمن، چونکە نیانە، بگرە لە توڕەیی خەڵکی. تا چارەنووس نەیانگەیێنێت بە قەزافی. مۆڵێکی گەورە و چەند قوتابخانە و زانکۆیەک و قومارخانەیەک و دیسکۆیەکیش بۆ ئەولادەکانیان و مزگەوتێکیشم بۆ ئیسلامییەکانیان ئەکردەوە، تا بێ تاقەت نەبن تا ڕۆژی حیساب. ئێتر ئەمە گوندی سەرئێشەکانم ناو لێ دەنا و بە تابلۆیەکی گەورەش لە سەرم ئەنووسی (هاتووچۆ بۆ ئێرە یاساغە). ئەم مەسەلەیەشم بۆ کۆتایی دادەنا تا فریا بکەوم چەوتێکانی دیکە دوور لە کاریگەری ئەمان ڕاست بکەمەوە.
1- هەرچی بارگای حزبی و سیاسی هەیە لەم وڵاتە ئەمکرد بە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگا و شانۆ و پیشانگا و هۆڵی وەرزش و مەلوانگەی حکومی. دونیایەک مامۆستا و هونەرمەند و مۆسیقی و خزمەتگوزارم لێ دادەمەزراند. بەمەش هەم بڕێکی خەڵکم دادەمەزراند، هەم لە جێی کادری حزبی و خزمەتی حزبی، خزمەتی خەڵک و وڵاتیان ئەکرد.
2- هەرچی کۆشک و تەلار و باڵەخانەی سەرۆک و سەرکردەکان هەیە، دەمکرد بە هوتێل و کازینۆ و ڕێستورانتی گەشتیاری و خەڵکی پێویستیشم لەو شوێنانە دادەمەزاند و هەم مووچەی خۆیان دابین ئەکرد و هەم داهاتێکیش بۆ وڵات.
3- هەرچی پارەی ژێر زەمین و زێڕ و خشڵ و کۆمبپانیا و ئۆتومبیل و یەخت و فڕۆکە و دام و دەزگاکانیشیانە دەمکردەوە بە سەرمایە بۆ حکومەت، کە ڕەنگە ئەو کات ببووینایە بە دەوڵەمەندترین حکومەتی سەر ڕووی زەمین.
4- بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا هێزی پشمەرگەم ئەکرد بە یەک. نەمدەهێشت یەک پێشمەرگەش لە سێ مانگ زیاتر پارێزگاری لە شوێنێک بکات. بادینیم ئەکرد بە پاسەوانی سنوری خانەقین و خانەقینیش لە زاخۆ و سلێمانی لە شەنگاڵ و شەنگالیش لە ڕانیە و ڕانیە لە کەرکووک، کارێکم ئەکرد پێشمەرگە پێشمەرگەی هەمووان و وڵاتیش وڵاتی هەموو پێشمەرگە بێت. هەرچی پێشمەرگەشە بەش بەش ئەمناردنە کۆلێژی سەربازی هەر لە نەخوێندەوارییەوە تا دەگەیشتە زانا و زیتەڵی. هێزەکانی دیکەی ناوخۆشم لە حزبییەوە ئەکرد بە وڵاتی. جارێ لە پێشەوە زانیاری و پاراستنم لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەکانت. بەرانبەر بەوان دەزگایەکی هواڵگری نشتیمانیم سەر بە پۆلیسی وڵات دادەمەزراند. نەما ئەوەی یان یەکێتی بی یاخود پارتی تا ئاسایش یان سەر بە دەزگای هەواڵگری بێت. گەر ئەم دەزگایانە دەزگای پاراستنی وڵات بن نەک حزب، ئەو دەم جێگەی ڕیش و چەکوش وداس و بوێنباغ و جامانەشی وەکو یەک تیا دەبووە وە. تەنها بەومەرجەی کە یەکەم شت خاک و وڵاتی خۆی خۆش بوێ، نەک باوەڕ و حزب. پۆچ پۆچ کارمەندانی ئەم دەزگایانەشم ئەناردە کۆلێژی پۆلیس.
بەو چوار خاڵەی پێشوو، وڵات لە سەرێشەی سیاسییەکان ڕزگاری دەبوو. حکومەتیش بە گەڕانەوەی قووتی دزراوی خەڵک دەوڵەمەند ئەبوو. هێزی پێشمەگەش یەکئەخرا و ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیانیش ئەپارێزرا. لە دوای ئەمانەوە چی هەیە گرنکتر بێت لە:

5 سێکتەری پەروەردە و زمان و ڕۆشنبیری؟
شێرزاد حەسەنم تەکلیف ئەکرد بۆ وەزیری پەروەردە و تەواوی دەسەڵاتم پێ دەبەخشی. عەبدوڵا پەشێویشم بۆ ڕۆشنبیرێ و تەواوی دەسەڵاتیشم بەویش دەبەخشی.
پێم دەوتن لەوەتەی چاومان کردۆتەوە ئێوەی بەڕێز ڕەخنە ئەگرن، دەی بتانبینین ئەوە عەرزی ‌پەروردە و گەزی ڕۆشنبیری.
6- کە دەسەڵات و سەرباز‌ بوو بە نشتیمانی و داهات گەڕایەوە شوێنی ئەمینی خۆی و خەڵکی وەکو یەک ئەمن و ئاسایشیان پارێزرا و عەقلی پەروەردە گۆڕا و دونیای ڕۆشنبیری بوژایەوە، ئەوسا دڵنیام کە ئەمانە وەکو ژێرخان دەبوونە هۆی گەشەی سەرخان.
7- ئەوسا کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و تەندرستی و… هتد، ئەبوژایەوە و وڵات ئەبوو بە شامی شەریف یان کۆمارەکەی ئەفڵاتون.
هەر کاتێکیش ئەمانە گەشتنە ئەنجام، چارەنووسی گوندی سەرئێشان ، ئەوەی لە پێشەوە باسمان کرد ئەدایە دەستی دادگا دادپەروەرکەمان. هەر بۆیە خۆزگە ڕۆژێک (کل في کل) ئەبووم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت