نەوازدی موهەندیس: لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە، سیناریۆكانی عێراقی ئایندە چین؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
پێدەچێت بڕیاردان لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق لە 10/10دا بڕیارێكی هەڵە بوبێت، چونكە لەبنەمادا لەژێر فشارێكی گەورەی شەقامی توڕە و ناڕازی و خۆپیشاندەری عێراقیدا هاتە گۆڕێ. بەڵام عێراقێكی شڵەژاو و دڕدۆنگ و دوورلەیەكتر لەسەر ئاستی سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و لەسەردەمی نزیكبونەوەی داڕمانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی دەوڵەتی عێراقیدا بوو بەهۆی كێشە و ئاستەنگە گەورەكانی پەتای كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ململانێ سیاسیەكان و و بۆشاییە ئەمنیەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و گەندەڵی و…گەلێكی تر. جا لەلایەك بۆ ڕێگەگرتن لەكەوتنی دەوڵەتەكە و ئومێد بەخشینەوەیەك بە عێراقیەكان و لەلایەكی تریشەوە بۆ دڵڕازیكردنی شەقامی توڕەی گەنج و لاوانی عێراقی ئەم بڕیارە زۆرەملێیە درا. كە هەر لەسەرەتاشەوە هەندێك هێزی سیاسی دژی بوون نا لەبەرئەوەی بڕیارەكە هەڵەیە، بەڵكو زۆرباش دەیانزانی كە قەوارە و هێز و نفوزی جەماوەرییان ڕوو لەكزیكردوە و شەقام لێیان ناڕازیە و ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش هێندەی تر بچوكبونەوە و كەمبونەوەی دەنگەكانیانی تیادا ئاشكرا دەبێت و تووشی ئیحراجی و شەرمەزاریەكی گەورە دەبنەوە. ڕێك هەرواش دەرچوو ئەوەتا هێزە گەورە و سەركردە فیلەتەن ئاساكانی وەكو دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی 33كورسی و بەدریەكانی هادی عامری17كورسی و ڕەوتی حیكمە حەكیم و بەرەی نەصری عەبادی پێكەوە تەنها 4كورسی و عەسائیبی ئەهلی حەقی خەزعەلی و ئەوانی تریش كە لە هێزەكانی چوارچێوەی هەمئاهەنگیدا كۆبونەتەوە وەك دەڵێن بونەتە پەندی زەمانە و ئەوەی لە 18 ساڵی ڕابووردوودا بەساختەكاری و خۆسەپاندن و هەڕەشەو و گوڕەشەی میلیشیا چەكدارەكانیان وەدەستیانهێنابوو ئێستا جەماوەر و شەقامی عێراقی لە ناوەڕاست و باشووردا لێی وەرگرتنەوە و تۆڵەی لێسەندنەوە و پێكەوە و بەهەموانیان((نزیكەی 60))كورسیان هێناوە نەیانتوانیوە بەتەنها بارتەقای ڕەوتی صەدر كە 73كورسی بەدەستهێناوە دەنگ بهێنن.كە بەڕاستی ئەمە شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆیان.
بەلای زۆرێك لە چاودێرانەوە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە خراپترین هەڵبژاردن بوە لەماوەی 18 ساڵی ڕابووردوودا، چونكە لەكۆی 22ملیۆن دەنگدەر تەنها 9.6 ملیۆن كەس دەنگیانداوە واتە ڕێژەی 44% كە تیایدا 167 حیزب بە 3200كاندید كێبركێیان بوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسی پەڕلەمانی كە لە 329كورسی پێكدێت. هەر بۆیە لە ئێستادا هەرچی دەتوانن بیكەن و لەدەستیان بێت یان ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە 30/11/2021دا ڕەتبكەنەوە و لەدادگای فیدڕاڵی تانەی لێبدەن یان گەرەكیانە هەڵبژاردنێكی دی سەر لەنوێ چێبكرێتەوە تابتوانن كەمێك ئاوی شەرمەزاریان بهێنەوە سەر ڕوویان. جارێك لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێز و تۆقاندنەوە وەك هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بە 3درۆن لە 7/11/2021دا و جارێكیش لەڕێگەی كۆبونەوەی و ئاشتیانەوە وەك هەوڵەكەی هادی عامری لەماڵەكەی خۆیدا لە 2/12/2021دا هەموو سەركردە شیعیەكانی بەنوری مالكی و صەدریشەوە كۆكردەوە، بەڵام هەر زوو سەدر ڕایگەیاند كە ئەو لە گەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی نەڕۆژهەڵاتی و نەڕۆژئاواییە، بەڵكو حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی گەرەكە.كە ئەمە بۆخۆی لەلایەك مانای دژایەتی و ڕێكنەكەوتنێتی لەگەڵ ئەو هێزانەدا و لەلایەكیش بۆ دڵڕازیكردنی ئێرانیەكانە كە هەمان دروشمی ئیمام خومەینی ساڵی 1979ی دووبارەكردۆتەوە وەك دژایەتیەكی ئەمریكی و ڕۆژئاواییەكان بەتایبەتی.كە ئەمەش بۆ خۆی دووفاقی سەدر دەگەیەنێت و لەولای تریشەوە بوێریەتی بەو شێوە ئاشكرایە ئاوها وەەڵامی هێزە شیعیەكان و ئەمریكیەكانیش بداتەوە.
بەڵام لەبەرامبەریشدا هێزە سەركەوتوەكانی وەك ڕەوتی صەدر و سونەكان و تاڕادەیەكیش كورد كە پارتی و یەكێتی زۆرینەیان وەدەستهێناوە گەرەكیان نیە بەهیچ جۆرێك نە ئەنجامەكان ڕەتبكرێنەوە و نە هەڵبژاردنێكی نوێ ئەنجام بدرێتەوە.
جا لێرەدا و لەنێوان ململانێی ئەم دووبەرەیەدا عێراق و ئایندەكەی بەرەو تاریكی و تولەڕێی شەڕی ناوخۆیی و لێكهەڵوەشانی زیاتر هەنگاو دەنێت و هێشتاش چارەنوسی پەڕلەمانی نوێ و حكومەتی ئایندەش هەر باسی لێوە ناكرێت. ئەی چارەسەر چیە و سیناریۆكان بۆ ئایندەی عێراق چیدەبن؟
لەئێستادا ئەنجامەكان خراونەتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی عێراقی كە بڕیاری ئەو دادگایە یەكلاكەرەوە دەبێت بەباش یان بەخراپ، جا گەر ئەنجامەكانی قبوڵكرد و بوە ئەنجامی كۆتایی، لێرەدا هەڵوێستی بەرەی هێزەكانی هەمئاهەنگی لە دەوڵەتی یاسا و بەدریەكان و نەصر و ڕەوتی حیكمە و خەزعەلی و ئەوانی تر چی دەبێت؟ ئایا پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی هێز یان بەو بەشە كورسیەی هەیانە ڕازی دەبن و بەلاوازی بەشداری حكومەتی ئایندە دەكەن یان وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بڕیاردەدەن ببەنە ئۆپۆزسیۆن لە پەڕلەمانی عێراق و سەركردایەتی هێز بچوكەكان دەكەن و ئەوكاتیش دەبنە مایەی سەرئێشە و ڕێگری بۆ حكومەتی ئایندە و هێندەی تر ماڵی هەموو عێراقیەكان بەقوڕدەگیرێت و گەندەڵی و بێخزمەتگوزاری و كاولبوون و وێرانە ڕوودەكاتەوە عێراق و عێراقیەكان.
یانیش دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕەتدەكاتەوە و ئەوكاتیش پێویستە لەماوەیەكی كەمدا هەڵبژاردێكی دی سەرلەنوێ ئەنجامبدرێتەوە، لەم دۆخەشەدا هێزی صەدریەكان كە بەشێكی زۆری شەقامی عێراق پشتیوانی لێدەكات دەكەوێتە ناڕەزایدەربڕین و ڕێگری و بەو بڕیارە ڕازی نابێت وەك هێزێكی شیعە مەزهەب لەبەرامبەر هەموو هێزە شیعیەكانی تردا. لێرەشدا جارێكی تر لەسەر حسابی خۆشگوزەرانی و ژیان و گوزەرانی عێراقیەكان گۆڕەپانی عێراق دەبێتەوە بە گۆڕەپانێكی پڕ ململانێی توندی پێكدادان لەناو خۆی ماڵی شیعەدا و ئیدی ئەوەی چاوەڕوان ناكرێت ڕەنگە ڕووبدات.
بەڵام لەهەردوو باردا ئایا وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش ئێران و توركیا و عەرەبەكانی كەنداو یان وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا و بەریتانیاو و ئەوانیتر لێدەگەڕێن عێراق دوای 18 ساڵ لە ڕزگاركردن جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی سەرەتا و ئەو ڕەنجی فەرهادەی داویانە بۆ هێنانە دی عێراقێكی نوێی دیموكراسی و پەڕلەمانی و پێكەوەیی لەشەو و ڕۆژێكدا لەبەرچاوان ونببێت و ببێتە خۆڵەمێشێكی دوای ئاگر و بڵێسەیەكی گڕگرتوو.
بەدڵنیایی بۆچوونەكان بەو ئاڕاستەیەن كە هەموو ئەو وڵاتانە نایەنەوێت كارێكی لەو شێوەیە ڕووبدات و هەوڵدەدەن لەگەڵ هەمواندا كە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕازیببن كاتێك ئەنجامەكانی قبوڵكرد یان ئەوەتا لەحكومەتدا بەشداردەبن و ڕازیدەكرێتن بەو ژمارە كورسیەی كە هێناویانە یانیش ببنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە پەڕلەماندا و هەموو ئەو وڵاتانەش گەرەكیانە لە كۆتایدا بەرژەوەندیەكانیان بەردەوام و مسۆگەر بێت لەعێراقێكی لاوازدا.
بەم شێوەیە كۆمەڵێك سیناریۆی جۆراوجۆر هەن بۆ ئایندەی عێراق كە هیچكامیان لە بەرژەوەندی شەقامی عێراقیدا نیە و هەموانیشیان دوور لە خزمەتكردنی گەلان و خاكی عێراقدان و بە تەنها و تەنها لەبەرژەوەندی حیزب و سەركردە عێراقیەكان تەواودەبێت بە پاڵپشتی هێزە ناوچەی و نێودەوڵەتیەكان كە ئەمەش هێندەی تر ئایندەی عێراق و دەسەڵات و سەروەریەكەی بەرەو ڕێگا و تونێڵێكی تاریك و تونی بێ ڕۆشن و بێ ئایندەیەكی دڵخۆشكەر دەبات. و پێكهێنانی حكومەتی نوێش ڕەنگە بۆ چەندین مانگی داهاتوو بخایەنێت كە پێویست دەكات لە ئێستادا عێراق وەكو دەوڵەت یاسای بودجەی ساڵی 2022تەواوبكردایە و پەسەندیشی بكردایە. هەربۆیە ساڵی نوێ عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە ڕەنگە تووشی بۆشایی دارایی ببنەوە و دابەزینی نرخەكانی نەوتیش هێندەی تر كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی