دانا مەنمی: مرۆڤ و کۆچ من چیم ئەویست لە نیشتیمان؟!

ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابوری ناچار بێت نیشتیمان بەجی بهێڵێت، بەڵام ناتوانێت خەون بە گەڕانەوە نەبینێت، مرۆڤ ناتوانێت دەستبەردای ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی تێدایە، شوێنێک کە ئاشنایە بە مرۆڤ و یەکتری دەناسن، کۆڵان و شەقامەکان، کتێبخانەو باخچەکان هەتا بازاڕ بەشێکن لە مرۆڤ و بونەتە پارچەیەکی نەمر لە دەرونی مرۆڤ، مرۆڤ لەپاڵ ڕقلێبونەوە لە کلتوری کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی و خراپی ئیدارەدان و بەرێوەبردن ناتوانێت رقی لە خاک و لە ئاسمانی نیشتیمانەکەی بێت، چونکە نیشتیمان کەرەستەیەکی ڕۆحییە و پەیوەستە بە مرۆڤەوە.
هەمیشە زادگەو یادەوەرییەکانی نیشتیمان لە خەیاڵداندایە، لەدیدی منەوە هەر مرۆڤێک لە تاراوگەدا نیشتیمانی یەکەمی لە خەیاڵدانیدا بسڕێتەوە هەڵەیەکی گەورەی کردووەو ناتوانێت نیشتیمانی دووەمیش بکاتە ماڵی خۆی، بەڵام مرۆڤ لە تاراوگەدا دەتوانێت نیشتیمانی یەکەمی باشتر ببینێت و مەرجیش نییە هەموو وەرچەرخانێکی تاراوگەنشین هەنگاوێک بێت بۆ دۆزینەوەی نیشتیمانێکی باشتر زۆر جار وەرچەرخانەکان پێچەوانەن و غوربەتی هەستێکی قورسە.
مرۆڤ لە تاراوگەدا لە جێگەی جیهانە کۆنەکەی جیهانێکی نوێ لە دایک دەبێت، زۆر شت لە دەست دەدەیت زۆر شتی تر بە دەست دەهێنیت، پەنابەر بە گەیشتن بۆ وڵاتی داڵدەدەر یەکێک لە گرنگترین رەگەزەکانی شوناس کە زمانە لە دەستی دەدات، ئیدی مرۆڤ لە تاراوگەدا فێر دەبێ چۆن دونیای خۆی هەلبوەشێنێتەوەو دایبڕێژێتەوە، تاراوگەبوون بە دیوێکدا بارسوکبوونەو دەرفەتی چێکردنی دونیایەکی نوێ و خودی خۆشت پێ دەدات، کە دواجار مرۆڤ مەحکومە بە گۆرانکاری و گۆڕانکاری ووردو درشت بەسەر ژیانی پەنابەردا دێت هەر لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بیگرە بۆ کلتورو زمان وداب و نەریت و شێوازی ژیان ، هەموو گۆڕانکارییەکیش جەنگی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، مرۆڤ لە تاراوگەدا توشی سەرسامبوون دەبێت، سەرسامبوون بە پرۆسێسی تێکەڵاوبوون و خۆ گونجاندن ڕاچڵەکینێکی توندی رۆحی و دەرونییە، بونیادنانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوبوون مرۆڤ توشی شۆک دەکات.
مرۆڤ بەردەوام چاوەڕوانە لە خاک و لە نیشتیمانەکەی خۆیدا بەهاو شکۆو کەرامەتی پارێزراو بێت، ڕێز لە دونیای جیاوازییەکانی بگیرێت و ئازادی بۆ دابین بکرێت و هەست بەوە بکات نیشتیمان دەیگرێتەخۆی، نەک لە نیشتیمانەکەیدا خۆیدا هەست بە ئاوارەیی و نائارامی بکات. هەر وەک ئەوەی کە شیرکۆ بێکەس لە قەسیدەیەکیدا لە کونجی دڵنیایی دەدات و دەڵێ:
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستیی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و
عەشقم باتێ
من چیم دەویست لەوە زیاتر و
نەیدامێ؟!
بۆیە ئیتر نیوەشەوێ
دەروازەکەیم شکاند و
چوومە دەرێ بە ئێجگاری چوومە دەرێ
من چیم ئەویست، لەوە زیاتر و نەیدامێ …

دانا مەنمی